نەوزادی موھەندیس: قۆناغی پۆست مرۆڤایەتی Post humanism چەمک و ئامانجەکانی.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکی
مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەسەرەتای دروستبوونی ژان و ئاوەدانی لەسەر ئەم گۆی زەویە، ھەمیشە مرۆڤ وەک پێشکەوتووترین بونەوەر و باڵاترین لەسیما و ڕوخسار و ژیریدا لێیڕوانراوە و بۆتە پنتی سەرەکی و تەوەری بنەڕەتی لە ھەموو پلان و زانست و قۆناغەکانی پێشکەوتن و گۆڕانی کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکاندا. ھەرچەندە لەسەرەتاشەوە وەک دەوترێت لەنێوان مرۆڤە سەرەتاییەکان و ھەندێ گیانەوەردا تەنھا تاڵە موویەک ھەبوە وەکو جیاوازی. بەڵام دواتر مرۆڤ بۆتە ئەو مرۆڤەی ئێستا ھەیەو بەھۆی عەقڵ و ژیرییەوە بۆتە دەمڕاست و ڕابەری ژیان و گوزەرانی سەر ئەم ئەستێرەیە. بەڵام لەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستاماندا و بەتایبەتی لەسەدەی بیست ویەکدا و بەھۆی پێشکەوتنە سەرسوڕھێنەرە تەکنەلۆجیایەکانەوە مرۆڤ کەوتۆتە بەر لێشاوی ھەژموون و گۆڕانکاری داھێنانەکان و ڕەنگە ئیدی قۆناغی ناوەندێتی بیر و ئەندێشە و عەقڵ و ھێزی مرۆڤ ئەو گرنگی و درەوشانەوەی نەمێنێ و قۆناغی دوای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بێتە گۆڕێ و لە ئێستادا بە پراکتیکی ئەو قۆناغە سەریھەڵداوە و دەستیپێکردوە.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە چەمکی قۆناغی دوای مرۆڤایەتی Post humanism و ئامانجەکانی و ئایندەی مرۆڤایەتی لەخوارەوە شرۆڤەی ئەو بابەتە دەکەین وەک بابەتێکی جێگەی گرنگی و تێڕامان و بیرکردنەوە بۆ خۆگونجاندنی مرۆڤ لەگەڵ ئەو قۆناغە نوێیەدا.

چەمک و پێناسەی پۆست مرۆڤایەتی Transhumanism یان Post humanism
زۆر جاران ئاماژەی پێدەدرێت بە(( >H یان H+ )) و بریتیە لە بزوتنەوەیەکی فکری و فەلسەفی کە بانگەشە دەکات بۆ بەکارھێنانی زانستەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکان، بە شێوەیەکی گشتی بۆ چەسپاندنی توانا عەقڵی و فکرییەکانی مرۆڤ و توانای بەرگەگرتنیشی و تەنانەت ڕەتکردنەوە و دەستبردن بۆ ئەو سیفاتانەی مرۆڤ کە نەخوازراون وەکو گەمژەیی، ئێش و ئازار و نەخۆشی و پیربوون و تەنانەت ڕزگاربوون لە مردنیش.
مرۆڤایەتی بەگشتی لەبەردەم گۆڕانکاری و پەڕینەوەدایە لە بنچینەی زاست و چوون بۆ ناو ئاسۆیەکەوە کە پێشتر پێی ڕانەھاتووە، جا لەو کاتەوەی کە زانستە پزیشکییەکان سەریانھەڵداوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ھەڵدەستێت بە کردارەکانی ( چارەسەر و چاککردنەوە) ی ئەندامە نەخۆشەکان و لەکارکەوتوەکان، بەڵام لەمڕۆدا ئەو زانستە پزیشکیە لەھەوڵدایە بۆ باشترکردنی کاری ئەندامەکان تا ئەو پەڕی کە بتوانرێت، ھەربۆیە مرۆڤایەتی لەبەردەم قۆناێکی نێونەتەوەیی و جیھانی نوێدایە کە لە یەک کاتدا سەرنجڕاکێش و مەترسیداریشە، ھەربۆیە پرسیارگەلێک دێنە پێشەوە کە لەوپەڕی مەترسیداریدایە: لەنموونەی، ئایا پێگەی مرۆڤ لە سروشتدا چییە؟ ئەی پەیوەندی بەگەردوونەوە چییە؟ ئەی دەسەڵاتی مرۆڤ چیە بەسەر مرۆڤایەتیا جا لەسەر ئاستی زانستی، یا ڕەوشتی، یان ڕۆحی، یان سیاسی، یان ئابوری، یان کۆمەڵایەتیدا بێت؟
لەم بارەیەوە فەیلەسوفی سویدی نیک بۆسترۆم Nick Bostrom دەڵێت: ڕۆژێک دێت کە توانای بەرزکردنەوەی توانا عەقڵی و جەستەیی و ویژدانی و ڕۆحیەکانمان زۆر لەمەی ئێستامان گەورەتر دەبن، ئیدی ئەو کاتە لە منداڵی مرۆڤایەتی دەردەچین ( ھاوسەرگیری – لەدایکبون- قۆناغەکانی گەشەکردن-لاوازی- مردن) بۆئەوەی بچینە قۆناغی لەدایکبوونی سەردەمی پۆست مرۆڤایەتیەوە، جا ئەو سەردەمە زۆر نزیک بۆتەوە، ئایا ئێمەی مرۆڤی ئەم سەردەمە خۆمان ئامادەکردوە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی مرۆڤی سەردەمی ئایندە؟

قۆناغی پۆست مرۆڤایەتی و کێشەی بەھاکان لە زانستە مرۆڤایەتیەکاندا:
جیھانی ئەمڕۆمان تەقینەوەیەکی زانیاری و ئەلکترۆنی و پێشکەوتنێکی بایۆ-تەکنەلۆجی بەخۆیەوە دەبینێت لە مێژووی زانستەکاندا،کە زەنگی کۆتایھاتنی سەدەی مرۆڤایەتی و مرۆڤی ژیر دەدات. بەھەمان شێوە مژدەی دەستپێکی قۆناغی (پۆست مرۆڤایەتی) دەدات و لەگەڵ خۆشیدا پێشبینی قۆناغی ( پۆست مرۆڤ) یشی ھەڵگرتوە. ئەوەی ئاشکرایە کە پێشکەوتنە یەک لەدوایەکەکانی بواری بایۆلۆجیا و تەکنەلۆجیای ژمارەیی و زانیاریەکان، ھەروەھا زانستەکانی ژیری دروستکراو، ھەروەھا گۆڕانکاریەکانی ئێستاش لە سیستەمە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانیشدا، دەبنە ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشە و قەیرانەکان کە کاریگەرییان زۆر توند دەبێت لەسەر فەلسەفە و زانستە مرۆڤایەتیەکان بەتایبەتی، چونکە ھەموانیان واڕاھاتوون کە مرۆڤی ژیر پنت و تەوەری سەرەکی بێت لە توێژینەوە و ئەزمونەکان و ڕێبازەکانیاندا.
خەتوخاڵ و ڕەنگی، ئەو قۆناغە تادێت گەورەتر و تۆختر دەبێت و بەخێرایی لەئاسۆدا دەردەکەوێت، بەھۆکاری پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجیای خێرا و سەرسوڕھێنەرەوە،کە لەھەمووکات زیاتر جێگەی تێڕامانە،کە بۆتە ھۆی مایەی دوودڵی لای زۆرێک لەزاناکان و پیاوانی ئاینی و فەیلوسەفەکان دەربارەی ئایندەی مرۆڤ و ڕادەی کاریگەری پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان لە دەرئەنجامی توێژینەوە زۆر و ھەمەجۆرەکان، کە بێ گومان لێکەوتەی دەبێت لەگەڵ گوزەران و ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
زۆرێک لە بیرمەند و زاناکان لە کەرتی زانستە مرۆڤایەتیەکاندا لە ڕۆژئاوا ھەست بە دوودڵی دەکەن بەرامبەر دۆخی ئەو زانستانە لەبەرامبەر بەرەوپێشچوونی خێراو و ڕاماڵەر کە وادیارە ھیچ شتێک بەری پێناگرێت، وڵاتان لە ئێستادا ڕویانکردۆتە وەبەرھێنان لە تەکنەلۆجیا پێشکەوتوەکاندا و دوورکەوتونەتەوە لە گرنگیدان بەو زانستانە و ھەروەھا دوورخستنەوەی لەو بابەتانەی کە کێشەوگرفت دروستدەکەن لەئەنجامی بەکارھێنانی زۆرێک لەو تەکنەلۆجیایانەدا،کە گرنگترینیان بریتیە لە قەیرانی بەھاکان ،وەک بەھا ڕەوشتی و پەروەردەییەکان و بەھا کۆمەڵایەتیەکان،بەھا جوانکاریەکان ( جوانی بەمانا کلاسیکیەکەی،جوانی پێدراو و سروشتی، نەک جوانی دروستکراو و دەستکردەکان)، لەگەڵ کۆمەڵێک بەھای تر کە بونەتە پایەی گرنگی ڕاوەستانی بناغەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەگەڵ شوناسی جۆری مرۆڤایەتی.
ئا لەم بابەتەدا باس لە چەمکێکی نوێ دەکەین کە خۆی سەپاندۆتە سەر قۆناغی ئایندە کە قۆناغی پۆست مرۆڤایەتی و مرۆڤە،کە بیرمەندەکان بڕوایان وایە کە کاراکتەری سەرەکی بریتییە لە جۆرێکی تر لە مرۆڤ،کە لە داھێنان و دوستکردنی خودی مرۆڤ خۆیەتی. کە لە سێ تەوەردا گەنگەشەی بابەتەکە دەکەین:

1- چەمک و مێژووی سەرھەڵدانی
کارێکی سەخت و دژوارە کە بتوانرێت بەووردی چەمکی پۆست مرۆڤایەتی پێناسەبکرێت بەھۆی تازەیی چەمکەکەوە، وتێپەڕاندنی ھەموو پسپۆڕیەکان لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی ژینگەیی بایۆ-تەکنەلۆجیا و سینەما و فەلسەفەی جێبەجێکاری و سیاسەت و ئابوری و… ھتد.لە بوارە زانستی و مەعریفیەکانی تردا. ھەروەھا بەھۆی پێکداچوونی نێوان زاراوەکان کە بەپێی بەرنامە دەچێتە چوارچێوەی ( پۆست مرۆڤایەتی ) یان ( دوای بەشەریەت) یان (( مرۆڤایەتی دواتر)) وەک Post Humanism ـــ Meta Humanism ـــTrans Humanism.. لەگەڵ ئەو ھەموو تێکچڕژان و سەرھەڵدانی زاراوانە و بواری جێبەجێکردنیان، بەڵام یەکێک لە ئاماژە سەرەکیەکانی ئەو چەمکە بریتیە لە خواستی گەورە بۆ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بۆ باشترکردنی سیفاتەکانی جۆری مرۆڤ و مەرجەکانی بوونی خود.
جا چەمکی پۆست مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی ڕیشەیی ھەموو ئەو ھەڵوێست و گوتارانە ڕەتدەکاتەوە کە پارێزگاریان لە ڕەگەزی مرۆڤی دەکردەوە،کە دەوترا مرۆڤ ھەژموونی بەسەر ھەموو شێوەکانی ژیاندا ھەیە، ھەموو ئەو گومانانەشی کەنارخست کە دەربارەی جیاوازی مرۆڤ لەھەموو بەشەکانی سروشت جیادەکردەوە بەو پێیەی مرۆڤ پنتی سەرەکی و خاڵی تەوەرەییە لە گەردووندا. ئەو گوتارانە ھەموو پەیوەندیی سنوورەکانی نێوان دووانەکانی (( عەقڵ/ جەستە، مرۆڤ /سروشت، مرۆڤ/ئاژەڵ، مرۆڤ/ئامێر)) ی پساند کە کرۆکی گوتاری تازەگەری پێکدەھێنا، جا پێشکەوتنەکان ھەموو کات توانای خۆگونجاندنی داوە بە بونەوەرە زیندوەکان کە بتوانن بە شێوەیەکی باشتر بمێننەوە، ڕەنگە تێکەڵکردنی سیفاتە میکانیکی و مرۆڤییەکان ببنە ھۆی وەدیھێنانی جۆرێک لە بونەوەرەکان کە توانای گەورەتریان ھەبێت بۆ مانەوە و ڕەنگە مرۆڤیش بەپێی ئەو کێرڤە لە بیرکردنەوە، بەئاڕاستەی دروستکردنی جستە بن بۆ قۆناغی داھاتوو لە پێشکەوتن و گەشەی مرۆڤ.
جا ھەروەکو گوتارەکانی دوایینەکان/ پۆستەکان ( پۆست مۆدێرنێتە، پۆست دروستبوون، پۆست ژنانە، پۆست داگیرکاری و ئیستیعماری و… ھتد). ئەم گوتارە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە سەریھەڵداـ کە لە نەوەدەکاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، بەشێوەیەک کە نزیبونەوە لە نێوان نانۆ-تەکنەلۆجیا Nano-technology و بایۆ- تەکنەلۆجیا Bio-technology و زانیاریەکان informatics و زانستە زایارییەکان cognitive sciences کە کورتکراوەکەی NBIC بۆنەیەکی گرنگ بوو بۆ سەرھەڵدانی گوتاری پۆست مرۆڤایەتی. وەک بوارێکی بەردەستی نوێ، بەو سیفەتەی ئاڕاستەیەکی ڕەخنەییە بۆ گوتارە گێڕانەوە گەورەکان و گوتارە نوێگەراییەکان( سەدەی ڕۆشنگەری) کە بەڵێنەکانی خۆی بەجێنەگەیاند کە گرنگترینیان بریتی بوو لە وەدیھێنای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن، سەرەتای قۆناغێکی نوێش بوو کە بەپێی ئەوە مرۆڤ کەناردەخرێت و دوور دەخرێتەوە لەناوەند بەپێی چەمکە کلاسیکیەکەی. جا بەپێی ئەو وێناکردنە قۆناغی (پۆست مرۆڤایەتی) دادەنرێت بە دابڕانێکی مێژوویی و زانیاری لەگەڵ قۆناغی مرۆڤبوون و خواستی مرۆڤایەتیدا Humanism بەشێوەیەک ڕەگەزی مرۆڤی لەبەردەم سەکۆی مەعریفییەکی نوێدایە کە وێنەی نەبوە لە مێژووی جۆری مرۆڤدا. کە تیایدا لە قۆناغی مرۆڤی ژیرەوە دەگوازرێتەوە Homosapien بۆ قۆناغی مرۆڤی ئالی Technosapien. بەشێوەیەک ئەم مرۆڤەی ئێستا زەمەن بەسەریدا بازیداوە، ھەربۆیە بژاردە لەدەست خۆیاندایە لە نێوان، یان بەخۆشی خۆیان بچنە لای داینۆێۆرەکان وەک جۆرەکان کە لە قۆناغێکدا باڵادەستی زەوی بوون. بەڵام زەمان لەناویبردوون، یان ڕازیبوون بە گۆڕانیان لە مرۆڤی ژیرەوە بۆ مرۆڤی ئالی Technosapien و پارێزگاری لە ھەڵوێستەکانیان بکەن کە خەڵک بەئاڕاستەی پۆست مرۆڤایەتین. لەکاتێکدا ئەو تەکنەلۆجیایە بەکاردێنن بۆ پتەوکردن و فراوان بوونی توانا مرۆڤایەتیەکان، وەکو مۆبایل و ئنتەرنێت و ئەندامە دروستکراوە پزیشیەکان و… ھتد. ڕەنگە مرۆڤ خواستی ئەوەشی ھەبێت کە خۆی ببێتە وەدیھێنەر/ ببێتە مرۆڤ- خواوەند HOMO- DEUS..
بەڵام لەبەرامبەر گوتاری دابڕان ئەوا کەسانێکیش ھەن کە پۆست مرۆڤایەتی دادەنێن بە گواستنەوە بۆ سەدەیەک کە مرۆڤ تیایدا خەونە وەدینەھاتووەکانی وەدیدێنێت، وەکو نەمری،گەنجی ھەمیشەیی، زاڵبوون بەسەر دۆخی تەندروستی خراپدا، زاڵبوون بەسەر ھەموو ئەو شتانەی کە دەبنە ھۆی تێکدانی ئارامی ژیان و لەکۆتاییدا خەونەکەی گەلگامیش دێتە دی لە نەمری و مانەوە بۆ ھەتاھەتاییە بە زیندووی. جا ئەو ئەگەرە سەختە لەمڕۆدا – بەلایانەوە- بۆتە کارێکی گەورە بەھۆی بونەوەرانێکەوە کە زیاد لە پێویست زیرەکن، لەوبارەیەوە زانای کۆمپیوتەر و نووسەر و بانگەشەکاری یەکەمی ئەمریکی بۆ سەدەی پۆست مرۆڤایەتی ڕای کیرزویل Ray Kurzweil دەنوسێت: ( سەدەی بیست و یەک جیاواز دەبێت بەشێوەیەک کە ڕەگەزی مرۆڤ جیاوازدەبێت، چونکە ڕەگەزی مرۆڤ بەیارمەتی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەرەکان کە درستیکردوون دەتوانێت ھەموو کێشە دێرینەکان ھەبوو بەدرێژایی مێژوو چارەسەر بکات، وەکو: ھەژاری، ڕەنگە خواست و ئارەزووەکان، توانای گۆڕینی سروشتی مردنیشی ھەبێت لە ئایندەدا دوای بونەوەرە زیندووەکان).

ئامانجی پۆست مرۆڤایەتی
جا بیرۆکەی پۆست مرۆڤایەتی ئامانجی ھێنانەکایەی جیھانێکە کە تیایدا جیاوازیەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر نەمێنێت و سنورێکیش دابنێت بۆ ھەژمونی مرۆڤ و وەھمەکانی زاڵبوونی مرۆڤ، بەمانای ھەڵوەشانەوەی ناوەندێتی مرۆڤ لەسەر ھەموو ئاستەکان.
لەم ڕوانگەیەوە زاراوەی ((پۆست مرۆڤایەتی)) بەکاردێت وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو وتەیەی کە ئامانجی تێپەڕاندنی سنوورە سروشتیەکانە کە مرۆڤ جوڵەی پێدەکات. بە تێپەڕاندنی توانا بایۆلۆجی و عەقڵیەکانی، بەھۆی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانەوە، بەتایبەتیش لە بواری زیرەکی دەستکردا.
بەڵام بەلای فەیلەسوفی سویدی نیک پۆسترۆم Nick Bostrom وە پۆست مرۆڤایەتی، بریتیە لەو ئاڕاستە فکری و ڕۆشنبیریەی کە بڕوای بە توانای پشتبەستن بە عەقڵی ئالی ھەیە بۆ گەشەپێدانی توانا و لێھاتوویە مرۆڤییەکان و دیراسەکردنی مەترسیە جیاوازەکانی تەکنەلۆجیا لەسەر دۆخی مرۆڤ و گۆڕینی، ئەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و دروستکردنی ئایندەیەکی جێگرەوە بۆ مرڤایەتی لەسەر بنچینەی دوو ڕاستی:
1- ویستی عەقڵانی لە پێشخستنی دۆخی مرۆڤ بەڕیشەیی لە ڕێگەی دۆزینەوەی تەکنەلۆجیا پێشکەوتوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پیربوون و کێشەکانی،و پاڵنانی توانا فکری و ھەستکردنەکان و دەروونیەکانی مرۆڤ بەرەو ئەوپەڕی سنوور.
2- پشتبەستن بە تەکنەلۆجیاکان کە بەشدارن لە تێپەڕاندنی ڕێگرییەکان کە دەبنە ھۆی وەدینەھاتنی ژیانی ئایندە بۆ مرۆڤ.

مێژووی سەرھەڵدانی پۆست مرۆڤایەتی:
لە ڕووی مێژووییەوە، بەلای زانای فیزیاوی ئەمریکی میشۆ کاکۆ Michio Kaku خەتوخاڵ و سیمای (پۆست مرۆڤایەتی) دەستی بە دروستبوون کردووە لەگەڵ کۆتایھاتنی سەدەی بیستدا، لەکاتێکدا زانست گەیشتە دوا قۆناغی، بەشێوەیەک نھێنی ( گەردیلە و گەردی ژیان و کۆمپیوتەری) داھێنا. بەو سێ دۆزینەوە سەرەکیە کە بەھۆیانەوە شۆڕشی بڕ quantum و شۆڕشی DNA و شۆڕشی کۆمپیوتەر و لەدوایشدا گەیشتنی بە یاسا سەرەکیەکان بۆ مادە و ژیان و کۆمپوتەر. جا ئەو قۆناغە پاڵەوانێتیەی زانست بەرەو کۆتایی دەچێت، بەشێوەیەک سەدەی زانست کۆتایی ھات و سیمای سەدەیەکی نوێ وەدەرکەوت کە بریتیە لە سەدەی پۆست مرۆڤایەتی، یان سیپورگ (مرۆڤی ئالی).
لەلایەکی ترەوە مێژووی بەکارھێنانی زاراوەی پۆست مرۆڤایەتی لەلایەن زانای زیندەوەرزانی ئینگلیزیەوە، جۆلیان ھێکسلی Julian Huxley دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1957کە وتارێکی بەناونیشانی (پۆست مرۆڤایەتی) بڵاَوکردەوە، بەو شێوەیە باسیکردوە کە بریتیە لە ( پڕۆسەیەکی باشکردنی دۆخی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی گۆڕینی دۆخی کۆمەڵایەتی و ِۆشنبیرییەوە )، جا مێژوونوسان وایدەبینن کە زاراوەکە لە چوارچێوەی بیردۆزەی ئەدەبیەوە لەدایکبووە،بەدیاریکراویش لە ڕێگەی وتارێکی بەناوبانگ کە بڵاوکراوەتەوە لەساڵی 1977 لەلایەن ڕەخنەگری ئەمریکی بە ڕەچەڵەک میسری ئیھاب حسن ( برۆنیپیۆس:بەرەو ڕۆشنبیری پۆست مرۆڤایەتی ؟) کە باسی لە زەرورەتی تێگەیشتنی دەکرد بۆ ئەو گۆڕانکاریانە کە کاریگەری دەخەنە سەر شێوە و سروشتی خودی مرۆڤایەتی بەکاریگەری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە.
ھەندێک کەسی تریش وایدەبینن کە دەرکەوتنی چەمکی (پۆست مرۆڤایەتی) بەو ئاماژانەی ئێستا کە لەبەردەستدان دەگەڕێتەوەبۆ ساڵی 1999،کاتێک فەیلەسوفی ئەڵمانی سەردەمی، پیتەر سلۆتیردایک Peter Sloterdijk دایبڕی بەسەر ڕەوتێکی فکری کە دادەمەزرێت بۆ چەمکی نوێی مرۆڤ کە لەداھێنانی مرۆڤ خۆیەتی.
ھەندێک کەسی تر وایدەبینن کە چەمکی پۆست مرۆڤایەتی بەڕەچاوکردنی گرنگی قۆناغەکەش و مەترسیەکانی لە ئێستادا، کۆمەڵەی جیھانی بۆ (پۆست مرۆڤایەتی ) دامەزراوە کە بەیانی دامەزراندنەکەی لە 4. 3. 2002 دا بڵاوکرایەوە و ژمارەیەک لە بیرمەندان واژۆیان کردوە.کۆمەڵێک لە بنەما لەخۆدەگرێت لەوانە: (بڕوابوونی تەواوەتی بە بێ توانایی مرۆڤ، بڕوابوون بە تواناکان بۆ تێپەڕاندنی کێشەی بایۆلۆجی و دەروونی و فکری مرۆڤ، لەپاڵ توانابوون لەسەر جڵەوگیرکردنی تواناکانی خود و تێپەڕاندنیان و گەیشتن بە باشترکردنی ئاستی گوزەران، لەگەڵ بڕوابوون بە تواناکانی گەیشتن بە سەرکەوتنی کەم وێنە بەواتای ئەوەی کە مرۆڤ باڵا بکات بۆ حاڵەتی (پۆست مرۆڤایەتی) یان سیپۆرگ.

2- لە ناوەندێتی مرۆڤەوە بۆ ناوەندێتی سیپۆرگ
لەسەرەتای دروستبوونی ژیان لەسەر ئەم گۆی زەویە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی ژیر، ھەمووکات بە پنتی گۆڕانکاریەکان دانراوە و ناوەندی ھەموو پێشکەوتن و داھێنان و گەشەی کۆمەڵگاکان بوە و ھەموو بونەوەرانی تر لە فەلەک و خولگەی مرۆڤدا سوڕاونەتەوە. لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەی و فراونبوونی کرمەڵگاکانی و فراونبوونی ڕووبەری چالاکیەکانی مرۆڤ و ھەمەجۆربوونی پێداویستیەکانی ژیانیش بەپێی قۆناغ و سەدە و سەردەمە جیاوازەکان ،مرۆڤ توانیویەتی لەڕێگەی زانست و زانیاریەکان و ژیری خۆیەوە پەی بە نھێنییەکانی سروشت و ژینگەی دەوروبەری خۆی بەرێت و بیانخاتە خزمەتی گەشەو پێشکەوتنی خۆیەوە و ھەژموونی خۆی بەسەرھەمواندا بسەپێنێت. مرۆڤ لە دۆزینەوەی داھێنانەکانی خۆی لەھەموو بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و یاسا و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئەدەب و… ھتد. بەردەوام بوە و لەم سەدەی بیست و بیست ویەکەدا گەیشتۆتە ترۆپک و لوتکەی داھێنانەکانی لە داھێنای مرۆڤی ئالی و کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکان و ھۆکارەکانی پەیوەندی وکەشتیە جەنگی و گەردونی و بۆشاییەکان و مانگە دەستکردەکان و ئاشکراکردنی نھێنی ئەتۆم و ترشی دی ئێن ئەی و ئەوانی تریش. تەنانەت مرۆڤ توانیویەتی بەبێ بەریەکەوتنی جەستەیی نێر ومێ فۆتۆکۆپی گیاندارانی و ئاژەڵان بکاتەوە بەنمووتەی مەڕی دۆلی لەساڵی 1996داو دواتر گوتەیەکی بەناوبانگ بڵاوبۆوە کە (ئەمڕۆ مەڕەکە سبەینێ شوانەکەی) و ڕۆبۆتە زیرەکەکانیش لەگەلێک ئیشوکار و چالاکی مرۆڤدا بەشداری پێبکات.
بەم شێوەیە لە ئێستادا ھێواش ھێواش خەریکە مرۆڤی زیرەک جێگەی خۆی چۆڵدەکات بۆ مرۆڤی ئالی (ئەلیکترۆنی / سیپۆرگ) و بەمەش ناوەندێتی مرۆڤی ژیری کلاسیکی و سەردەمەکانی ڕابوردوو جێگەی خۆی چۆڵدەکات بۆ مرۆڤی ئالی.کەبەم قۆناغە دەوترێت پۆست مرۆڤایەتی و ئیدی لەڕێگەی ئەم مرۆڤە ئالیەوە ڕەنگە ھەموو خەون و خواستە وەدینەھاتوەکانی مرۆڤی ژیر وەدیبێت لە نەمانی نەخۆشیەکان و ھەژاری و ھەستونەستە شاراوەکان و تەنانەت ھەوڵی نەھێشتنی مردن وبەزیندوو ھێشتنەوەی مرۆڤەکانیش بدرێت و نەمری مرۆڤ وەدیبێت. بەمەش ئیدی سەردەم و سەدەیەکی نوێ دێتە کایەوە کە ھەموو بەھا و بنەما زانستە مرۆڤایەتیەکان و بیروباوەڕە ئاینیەکان و چەمکە کۆمەڵایەتیە پیرۆزەکان نامێنن و سەدەیەکی نوێ دێتە کایەوە کە مرۆڤ بۆ خۆی دەبێتە خوڵقێنەری ھەموو شتەکان و مرۆڤ چیدی وەکو دروستکراوێک نامێنێتەوە. ھەوڵەکان بەئاڕاستەی فۆتۆکۆپی مرۆڤن Homo Conatusکە ئەمەش بۆخۆی بازدانێکی گەورەی زانستی و پزیشکیە و دەکرێت وەک داھێنان و پێشکەوتن لێی بڕوانرێت و دەشێت ببێتە مەترسیەکی گەورەش بۆ ئایندە،جا ھەر کات ئەوە وەدیھات ئیدی دەکرێت مرۆڤی ئالی لەڕێگەی ترشی دی ئێن ئەیەوە دەستکاری ھەموو سیفاتەکانی مرۆڤ بکرێت لە جوانی و باڵا و ڕەنگ و تواناکانی و دواتریش گۆڕینی ڕەگەزی بەویستی کەسەکان خۆیان.
بۆیە بەلای زۆرێک لە فەیلوسوفە نوێکان و سەردەمی ڕۆشنگەری وایدەبینن چیدی مرۆڤ نە سەرکردەو نە ڕابەری ژیانە و لە ئەنجامی شۆڕشە یەک لەدوایەکەکانی زانستەوە بڕوایان وایە کە ھیچ جیاوازیەک نیە نەک لەگەڵ مرۆڤی تردا بەڵکو ھیچ جیاوازیەکیش نیە لەگەڵ بونەوەرانی تردا،ئەوان بەلایانەوە مرۆڤ بۆخۆی بونەوەرێکی مادیە و ئامانج و پاڵنەرێکی مادی ھەیە و لەدەرەوەی ئەوانە ئیدی ھیچ شتێک مانایەکی دی نیە. لەو زانایەنەش ھەریەک لە زانای زیندەوەرزانی بەریتانی ڕیشارد دوکنز Richard Dawkins و و زانای ئەنپرۆپۆلۆجی ھۆڵەندی بەربارە نوسکی Barbara Noske و مامۆستای زانکۆی برنستۆن ئالان ڕایان Alan Ryan بڕوایان وایە کە مرۆڤ جۆری سێیەمە لە جۆرەکای شامپازی و داوای پێکەوەنانی کۆمەڵەیەکی ھاوبەشیان کرد کە ھەریەکە لە مرۆڤ و شامپازی –غۆریلا-ئۆرانج ئوتج لەخۆبگرێت و بەڵگەنامەیەک ھاوشێوەی بەڵگەنامەی مافەکانی مرۆڤیان دەرکرد بەناوی (بەڵگەنامەی مەیمونی باڵا) .
بەھۆی ئەو ھەموو پێشکەوتنە گەورانەوە لە جیناتی مرۆڤدا دەکرێت بۆ ئەوەی مرۆڤێکی نوێ نیوە مرۆڤ و نیوە ئالی بێتە کایەوە کە زۆر جیاواز بێت لە مرۆڤی ژیر و ئەو بۆشاییە نەھێڵێت لەنێوان مادە و ژیان لەنێوان بێ گیان و ئەندامێتیدا و تێکەڵاوکردنی مرۆڤ و ئامێر، بۆ دروستکردنی بونەوەرێکی نوێ Cyborg کە ناودەبرێت بە ( پۆست مرۆڤ) .

سیپۆرگ چییە و کەی سەریھەڵدا ؟
زاراوەی سیپۆرگ لەلایەن زانای گەردوونی ئەمریکی مانفرد کلاینزەوە داھێنرا،کە کورتکراوەی (cybernetic organism) کە بەمانای بونەوەرێکی زیندووی تێکەڵاو لە ئامێر و ئەندامی زیندوو دێت.
یان زانای کۆمەڵناسی فەڕەنسی داڤید لۆ برتۆن پێناسەی کردووە بە ( پاشماوەی مرۆڤ کە نۆژەنکراوەتەوە بە ئاگادارکەرەوە و پاتری و ئامێری ووردی مایکرۆبی کە جێگەی ئەرکە فسیۆلۆجیەکان یان ئەو ئەندامانەی کە بەشێوەیەکی تەواو کارناکەن دەگرێتەوە ).
بەپێی ئەم پێناسەیە بێت ئەوا سەردەمی (پۆست مرۆڤ )، جۆرە مرۆڤێکی تیادایە کە لە ڕۆبۆتەکان دەچن و ڕۆبۆتەکانیش لاسایی مرۆڤ دەکەنەوە،ھەروەھا سەردەمەکە دەبێتە سەردەمی بوونی ئەندامانی نابایۆلۆجی plant کە دەچێنرێت لە بونەوەرە زیندوەکان و ڕیشاڵە بایۆلۆجیەکاندا کە جێدەکرێتەوە لە ماکینەی بونەوەرە ئالیەکاندا و لەنێو وایەر و گەیەنەر وبورغوو وگێڕەکانیدا. ئەم پێناسەیەش ئەوەیە کە لە مانیڤیستۆی فۆکۆیامادا دەبینرێت دەربارەی (مردنی مرۆڤ ).
گەلێک لە زانا و ئەکادیمی تریش پشتیوانی ئەو بیرۆکانە دەکەن و پێشبینی داھاتوویەکی لەوشێوەیەیان کردوە، وەکو ھەریەکە لە فیراند فرانشیسکا Ferrando Francesca و دۆنا ھاراوی Donna Haraway کە ڕاوبۆچوونی جیاوازی ھەیە بۆ چەمکی (جێندەر / ڕەگەزی) نێوان نێر و مێ.پێی وایە کە ژنان شیاوترن بۆ ژیان لە سەردەمی ژمارەییدا و جیھانی دوای جێندەر.
گۆڕینی مرۆڤ بۆ سیپۆرگ ئاڕاستەی وەدیھاتنی دەرکەوتووە،و نیل ھاربیسۆن Neil Harbisson دادەنرێت بەیەکەم سیپۆرگ کە بەیاسا دانیپیادانراوە.بەشێوەیەک ئامێرێکی ھەوایی لە کەلەی سەریدا چێنراوە کە توانای تێپەڕاندنی ئەو کەمئەندامیەی ھەیە کە لەمنداڵیەوە تووشی بووە((کوێری ڕەنگەکان ) کە ڕێگەی بینینی ھەموو ڕەنگەکانی لێگرتبوو،بەمەش بووە مرۆڤێکی تێکەڵاو لە مرۆڤ و ئامێری بەتوانا و پێشکەوتوو خاوەن توانای گەورە. ڕەنگە تاساڵی 2050 ژمارەیەکی زۆر لەو جۆرە مرۆڤ-ئامێرە ببینین کە مامەڵەی تەواو لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەکات بەشێوەیەکی بەتواناتر و زیرەکانەتر و بەھێزتریش لەھەموو ڕووەکانی جەستەیی و بیرکردنەوە و دەروونی و سۆز و خۆشەویستی و… ھتد.

3- پۆست مرۆڤ و قەیرانی بەھاکان
لەم سەردەمی پۆست مرۆڤیەدا، ڕەنگە زۆرێک لە بەھا کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی و ئاینی و پیرۆزەکان ونبکرێن، و ئیدی مرۆڤی سیپۆرگ ئەو مرۆڤە ژیرە کلاسیکیە نەمێنێت لە گوتار و کردار و ھەڵسوکەوت و سۆز و مامەڵەکردنیدا. بەھۆی ئەوەی کە لەلایەن کۆمپانیای گەورەکانەوە کردار و پڕۆسەی فۆتۆکۆپیکردنی مرۆڤەکان و پێشخستنیان دەبرێتبەڕێوە و ئیدی مرۆڤە لەبەرگیراوەکان وەک مرۆڤی ئاسایی مافەکانی خۆی لەدەست خۆیدا نیە و بڕیار و بەرژەوەندیەکانی لەلایەن کۆمپانیا دروستکەرەکانەوە دەبێت و مامەڵەیان پێوەدەکرێت وئیدی ئەو مرۆڤە تێکەڵاوانە ئازادی و شکۆ و کەرامەت و سۆز و خۆشەویستی خۆیان لەدەستدەدەن و ھەست و نەستە مرۆڤایەتیەکانیان و پەیوەندیەکان و ئاڵوگۆڕەکانیان نەرمونیانی جارانی نامێنێت و زیاتر ڕەقتر و سەختر دەبن لەنێوان یەکدیدا.
لەلایەکی ترەوە مرۆڤە لەبەرگیراوەکان، جیا لەمرۆڤی ژیر بەبێ بەریەکەوتن و پەیوەندی نێر ومێ دێنە بوون، بەمانایەکی تر لە ژینگەیەکی خێزانی دایک و باوکدا لەدایک نابن و کەشوھەوایەکی خێزانی گەرموگوڕیش بەخۆیانەوە نابینن و ئیدی ئەمە مەترسیە گەورەکەیە لەسەر خێزان و تاک و کۆمەڵگا و لێکدابڕان و شێواندنی کۆمەڵگا و خێزانەکان سەرھەڵدەدەن.
جا شۆڕشی بایۆ-تەکنەلۆجیەکان بەمەشەوە ناوەستن کە دەستکاری جیناتی مرۆڤ و نەخشەکانی بکەن ، بەڵکو ھەنگاو بەرەو شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی دەنێت کە تیایدا مرۆڤەکان بەرەو شاخێکی نوێ لە کۆمەڵگا زۆر زیرەکەکان ھەنگاو دەنێت،کە ئەوەی پێی دەوترێت ( کۆمەڵگا زانیاریەکان )یش تێدەپەڕێنێت و ئەوە دەردەکەوێت کە پێی دەوترێت (کۆمەڵگای دوا زانیارییەکان )، زۆرێک لە بیرمەندەکانیش وای بۆدەچن کە مرۆڤ لەم کۆمەڵگا دوای زانیاریانەدا وردە وردە جیادەبێتەوە لە چواردەورە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی سروشتیەکەی، ئیدی پەیوەندیەکان ساردتر و ڕەقتر دەبن و نەرمونیانی جارانیان نامێنێت.
لەکۆتاییدا، قۆناغ و سەردەمی پۆست مرۆڤایەتی قۆناغێکی نوێیە لە کاروانی گەشەو باڵاکردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا و ئەم سەردەم و فۆناغەش وەکو ھەموو سەردەمانی پێشخۆی ڕەنگە ڕۆژێک ببێتە ڕابووردوو، ئەم قۆناغە چەندە گەشەو پێشکەوتنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی پیشان دەدات لەڕووی داھێنانە نوێ و سەرسوڕھێنەرەکانیەوە لە ( زیرەکی دەستکرد و بایۆ-تەکنەلۆجی وھۆکارەکانی پەیوەندی زیرەک و… ھتد.). ئەوەندەش مەترسی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتوە لە شێواندنی کۆمەڵگاکان و خێزانەکان و ھەڵوەشاندنەوەیان و تێکچوونی سلوک و مامەڵە و گوتار و کرداری مرۆڤەکان و ساردبونەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان بەھۆی کەمبونەوە و کاڵبوونەوەی ڕۆڵ و ھەژموونی مرۆڤی ژیر کە لە ڕابووردوودا پنت و ناوەندی ھەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان بوە، لەلایەکی تریشەوە بەھۆی زیابدوونی ھەژموونی مرۆڤی ھەجین /تێکەڵاو (مرۆڤ-ئامێر/ سیپۆرگ )کە گەلێک جیاوازی جەستەیی و توانا و ژیری و زیرەکی ھەیە لەگەڵ مرۆڤی ئاسایدا و تەنانەت ڕەنگە لە ئایندەدا بببێتە جێگرەوەی مرۆڤی ژیر و سیپۆرگ ببێتە پنت و ناوەندی ڕووادو و گۆڕانکاریەکان و ھەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر ھەموواندا لە ژینگە و بونەوەران و… ھتد.
ھەر لەم ڕوانگەیەشەوە سەردەمەکە زۆر جیاواز دەبێت لەسەردەمانی پێش خۆی و ھەموو بەھا مرۆڤایتیەکان لە ئازادی و شکۆ و کەرامەت و خۆشەویستی و سۆزداری و ھەست و نەستەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت و سیپۆرگ دەبێتە ئامێرێکی بێ دایک و باوک و دەبێتە کۆیلە و ژێر دەستەی مامەڵە و بەرژەوەندییە ئابوری و بازرگانیەکانی کۆمپانیاکانی خاوەن زانیاری و مەعریفی و ئەلیکترۆنیەکان. ئیدی مرۆڤی سیپۆرگ دادەماڵرێت لەھەموو بەھا و ڕەوشت و ئاکارێکی مرۆڤانە.ھەرچەندە ھەندێک کەس پێشبینی سەردەمی دوای پۆست مرۆڤایەتیش دەکەن کە بریتیە لە سەردەمی دوای زانیاری کە تیایدا ئیدی مرۆڤ وەک مرۆڤ نامێنێت و دەبێتە ڕۆبۆتێکی زۆر زیرەکی کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و کۆمپیوتەرە زیرەکان و بەرنامەی پێشوەختە ئامادەکراوەکان و ئیدی مرۆڤی ژیر ڕەنگە ھەر بەناو بمێنێت و سەردەمەکەی بەتەواوەتی کۆتایی پێبێت. ھەربۆیە شوناس و پێناسی مرۆڤ و مرۆڤایەتی گۆڕانی گەورەیان بەسەردا دێت کە زۆر جیاواز دەبێت لە چەمک و تێگەیشتنە کلاسیکیەکانی ڕابووردوو.ھەربۆیەشە مرۆڤی سیپۆرگ بەدوای ئەو خەون وخەیاڵە لەمێژینەی مرۆڤایەتیدا دەگەڕێت کە بریتیە لەمانەوەی ھەتاھەتایی بەزیندوویی و نەمری. بەبێ ئەزیەت و کێشە و گرفت و نەخۆشی و سەختییەکانی ژیان و گوزەران.
ھەربۆیە گەرەکە مرۆڤەکان ڕێگەبگرن لەو سەردەمی ھیچوپوچییە کە ھیچ نرخ و بەھایەک بۆ ئاکار و ڕەوشت و بنەما و بیرباوەڕە مرۆڤایەتیەکان و بنەما زانستی و زانیارییە مرۆڤایەتیەکان ناھێڵنەوە و سەردەم و جیھان دەبێتە جیھانی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد و پێشکەوتنی بایۆ-تەکنەلۆجی و ئەوانی تر و ئیدی مانایەک بۆ ژیان و مرۆڤ و مرۆڤبوون نامێنێتەوە. بەو ھیوایەی کە بتوانرێت داھێنان و دەستپێشخەری و دۆزینەوە و پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیاییەکان لەخزمەتی زیاتری مرۆڤ و مرۆڤایەتیدا بن نەک بە ئامانج گرتنی و لەناوبردنی مرۆڤ و ھەموو بەھا کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیە جوان و باڵاکان.

سەرچاوەکان:
.١https://www.noonpost.com
.٢https://aleph.edinum.org
.٣https://ar.wikipedia.org

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت