کاوسێن بابەکر: بێدەنگی مانای ڕازیبوون نیە!
کاتێ کۆمەڵگایەک بەقەیرانیکی سیاسی ئابوریدا دەگوزەرێ، بەشێوەی جیاجیا ناڕەزایی دەردەبڕێ، نوسین، قسەکردن لەمیدیاو ماسمیدیاکاندا، مانگرتن، تادەگاتە خۆپێشاندانی مەدەنیانە. هەموو ئەوانەش لە ناو چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانە و بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامێکی ئەقڵانیە بەپێی یاساو دەستوری ووڵاتەکە ئەگەر هەبێ، چونکە ئەو مافەمەدەنی و سیاسیانە لەیاساو دەستورو جاڕنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا پارێزراوە هەروەک لەهەریمی کوردستانیشدا کەتائێستا دەستور نیە بەڵام یاسای ژمارە11ی ساڵی 2010 ڕێکخستنی خۆپێشاندانمان هەیە، هەر لەساڵی 1946وەش بەبڕیاری ژمارە ٥٩،د-١لە 14ی1946، ماف وئازادیەکان جێگیر کراون، هەروەها لەجاڕی گەردونی مافی مرۆڤ لەمادەی 19 دا بەڕاشکاوی پێداگری لەسەر ماف و ئازادیەکان دەکات.
بەڵام کەناڕەزاییەکان دەردەبڕدرێن و دەگاتە خۆپێشاندان لەسەر داواکاریەکان حکومەت، وەڵام دەداتەوە، ئێستا ڕۆژانە ئەم هەواڵانە لە سەتەلایتەکاندا دەبینین لە ووڵاتە ئەوروپیەکان و تورکیاو، ئەمریکاو. سەرۆک و وەزیرەکان دێنەسەرخەت و کێشەکان چارەسەر دەکەن. ئەوەی لە هەرێمەکەی ئێمە زۆر نامۆیە چەند ساڵە مامۆستایان وفەرمانبەران خۆپێشاندان دەکەن لەسەر قوتی منداڵەکانیان کەچی کەسمان نەبینی بەرپرسیارەتی هەڵگرێ و چارەسەری کێشەکان بکاو ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە یان وەڵامیکی ئەقڵانیان پێبداتەوە یان دەست لەکاربکێشێتەوە! ڕەنگە بێدەنگی بەشێک لەجەماوەر بە ڕازی بوون لەقەڵەم بدەن! بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە بەهیچ شێوەیەک وانیە، ڕاستە تاڕدەیەک خەڵکی کوردستان ئەو دەستکەوتانەی دوای سەدان سال بە خەبات و فرمێسک وخوێن بەدەستی هێناون نایەوێ لەدەستیان بداتەوە و قەوارەی هەرێم لەناو بچێ یان بەرتەسکی بکەنەوە، ئەوەش ڕاستە سڵیش لەتوندوتیژی دەکەنەوە هیچ نەبێ لە زۆنی زەرد، بەڵام بێدەنگیەکە هی وەڕەسبوونە لەدەستەڵات، بێهیواییەکی کوشندە لەهەناوی خەڵکدا پەنگیخواردۆتەوە، زانایەک دەڵێ توڕەبوونی جەماوەر ئەوکاتە زۆر ترسناکە کە گوێ بەهیچ ناداو فشەی بە هەموو شتێک دێ و بەگاڵتەو لاقرتێوە قسە لە سیاسەت و کاروباری حکومەت دەکات، ڕێک ئێستا هەست دەکەم گەیشتوینە ئەم دۆخە. دەناکێ هەیە دەیان مووچەی لێبڕابێ، بە بەرچاویشیەوە داهاتی ووڵاتەکەی بدزرێ و تەخشان پەخشان بکرێ و گەندەڵی پەنگ بخواتەوەو هیچ خزمەتگوزاریش لە شاروگوندەکانی نەبینێ ماڵ و منداڵیشی موحتاج بن و سەربەرداتەوەو دەنگ نەکات! ئەی هەر ئەو خەڵکە نەبوو ڕاپەڕینی ئازاری 91ی بەرپاکردوو سڵی لەگووللـەو فڕۆکەو سارۆخی دڕەندەترین ڕژێم نەکردەووەو دەیان شەهیدی داو ڕژێمی لەکەمترین ماوەدا ڕاماڵی کەجگە لەچەند مەفرەزەیەکی یەکێتی هیچ پێشمەرگەیەک لەمەیدانەکەدا نەبوو، ئینجا جەماوەری ڕاپەڕی و فەرمووی ئەو سەرکردانەی کرد لەشاخ بێنە خوار. بۆیە تاکات درەنگ نەبووە ڕێز لەداخوازیەکانی مامۆستایان و موچەخۆران بگرن بائەو بێدەنگیە نەتەقێتەوە، ئەو دەم بڕواناکەم کەس خۆزگە بەحاڵتان بخوازێ.