پشتیوان جەمال: شکست بەدوای شکست، خراپترینیش لەئارادایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لەبەردەم شکستێکدا وەستاوینەوە، لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، هیچ دەمێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چارەنووسی نادیار و مەترسی هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە. شکستێک بەتەنها دارایی نا، بەڵکو سیاسی و ئیداری ئاڕامکردنی هەموو ئەو پایە ئەساسیانەی کەکوردی باشوری وەک نیمچەدەوڵەتێک وێنادەکرد، لەناوخۆو دونیای دەرەوەدا، چەکوشی دادگای فیدڕای هەرچی”ڕیسی” کورد هەیە کردیەوە” خوری” خەریکە ئەوەی پێی دەڵێن: دۆزی کورد لەعێراق بەتەواوی نەمێنێت. دەبێ چاوەڕێی هەڕەشەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیش بین کەپنتی کۆتایی مانەوەی هەرێمە لە عێراقدا.
دەرئەنجامی لێکترازانی ناوخۆ و نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕاست و ڕوون، کوردی گەیاندە ئەم ڕۆژە و لە هیچ یەک لەڕووداوە کارەسات بارەکانی” کمیاباران و ئەنفال و ڕاپەڕین” دەرسی وەرنەگرت. نەسودیشی لەدان پێدانی دەستوری بوونی هەرێم وەرگرت، لەدوای ساڵی 2005، کورد وەک ستاتۆ لەچوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ دانی پێدانراوە، دەیتوانی چەندین هەنگاوبنێت بۆئەوەی چارەنووسی بەم ڕۆژگارە نەگات:
یەکەم/ لە 30 ساڵی رابردوودا خاوەن دەستوری خۆمان باین، ئێستا کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی حوکمڕانیدا بوو. هەم خەڵک و هەم دەسەڵات سنورەکانی خۆیان دەزانی و دەستیوەردان کەمتر دەبوو، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆیدرا، ململانێی حزب شکستی پێ هێنا، هیچیان نەیانتوانی تەنازول بۆیەکتربکەن، تا ناکۆیەکەیان قوڵترکردەوەو هەوڵی نووسینەوەی دەستوریش لەباربرا.
دووەم/ هەبوونی نەوت لە هەرێم لەم جوغرافیا داخراوەدا باشترین چانس بوو بۆ کود، تا هەرێم بکەنە نیشتیمانی کۆمپانیا جیهانیەکانی بەرهەم هێنانی نەوت. دەرفەتێک بوو بۆدروستکردنی لۆبیکردنی هەرێم لەپاڵ قازانجی ماددی زامنی پارێزراویشمان دەبوو، هەرکەس بیەوێت بچێتە هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکان، دەبێ لەدەرگای ئاوبووریەوە بچێتە ژوورەوە ،بەڵام کورد ئەوەی نەکرد، بەپێچەوانەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان 2017 تاکلایەنە ڕوویکردە کۆمپانیای ڕووسەکان و، نەیتوانی هاوسەنگی لەنێوانیان ڕابگرێت.
سێیەم/ دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵی و نادادپەروەریەی کە لەناوخۆدا هەیە، قەتیسکردنی ئازادی و کەم کردنەوەو دەستگرتنی ڕۆڵی هەرسێ دەزگای چاودێری پەرلەمان و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری داریی. ئەمەنە هیچیان نەیانتوانی وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان ببین لەبنەبڕکردنی گەندەڵی، ڕۆژ دوای ڕۆژ گەندەڵکاران دەوڵەمەندو دەوڵەمەند تربوون و چینی هەژار زیاتر بوو، دەرئەنجامی خراپی ئەمانە بووە هۆی بێ ئینتماکردنی هاوڵاتیان بۆخاک و نیشتیمانەکەیان، هیچ کات نەتوانرا هاوڵاتی سەنتەربێت، بەڵکو تەنها حزب سەنتەربووە، لەناوحزبیشدا کارەکتەرە بەهێزەکان. حکومەت کارێکی بەخەڵک کرد، خەڵک تەمەنای سەدام بکات، یاخود دڵخۆشبێت بەو قەرارانەی لەبەغدا دەردەچن بۆ لەقاڵبدانی. ئەمانەش هەموویان پێچەوانەی دروستبوونی سیاسەتی سەقامگیری هەرێمبوون، دەنگی ناڕەزایی زۆربەی هاوڵاتیان لەشێوەی سکاڵاو واژوو کۆکردنەوە بردنیان بۆ بەغدا. پاساویاندا بەدەستەوە تاوەکو پڕۆسەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی خێراتر بکات.
کورد حاڵی حازر جگە لەوەی لەلایەن بەغداوە خەریکە دەخنکێندرێت، پشتگیری نێو دەوڵەتیشی لاوازبووە، ململانێی سیاسی و نەبوونی ئیدارەیەکی پەسەند کوردی گەیاندە ئەم قۆناغە، کە لەدۆخی دوای ڕیفرادۆم دەچێت. ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نابیندرێت، پشت بەستن بەوەی گوایە ئەمریکا ناڕازیە لەبڕیارەکانی بەغدا، ئەمە تەنها قسەیەو هەنگاوی کرداری نین، یەک کاتژمێریش قەرارەکانی دادگای فیدڕاڵی ڕاناگرێت، سەرکردایەتی کورد لە گوێ پێ نەدانی نامەکەی” تەلەرسن”ەوە ئەم ڕۆژگارەی ئێستای دروستکرد، ئومێد هەڵ چنین لەسەری وەک دەڵێن: خۆ داپۆشین بەجلی ئەمریکا هەمیشە ڕووتی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت