بەیان ئیبراھیم: سیستەمەکانی جیھان و جەھەنمەکانی ژن.
بەگشتی دەکرێ بۆنەکان و یادەکان جۆرێک بن لە ماکیاجکردن بۆ شاردنەوەی دیوە گوناھەکانی کەیسێک، بەگشتی سیستەمەکانی جیھان کاریان لەسەر دابڕانی ئینسان کردوە لەسەر دوو ئاست؛ ئاستی سایکۆلۆجی و فیسیۆلۆجی، ھەر مرۆڤێک ھەر گیاندارێک حاڵەتی فسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی ھەیە. بەشێکی حاڵەتی دەروونیە و بەشێکی حاڵەتی بایەلۆجی، پێداویستی ژیانە. ئەم ئاستانە لە ھەموو گیاندارەکاندا ھەیە، بەتایبەت مێیینە لەسەر ئاستی مێینەش شیردەرەکانە، بە تایبەت ئەو گیاندارانەی کە کۆمەڵایەتین. لەم نێوەندەدا مرۆڤ کائینێکی تەواو کۆمەڵایەتیە، مرۆڤ یەکێکە لەو گیاندارانەی پێویستی بەحاڵەتی سایکۆلۆجی و ژینگەیەکی ھێمن ھەیە، مرۆڤ یەکێکە لەو کائینانەی کە پێوێستی بە هاوسەنگی ھەردوو حاڵەتەکە ھەیە، لەبەر ئەوەی ھەم کائینی شیردەری تیادایە وەک مێینە، ھەم کائینێکی کۆمەڵایەتییە. ئالێرەوە ئەگەر سەیری سیستەمەکانی دنیا بکەین تا دەگاتە سیستەمە ئایدۆلۆژییەکان گشتیان لەسەر بەرژەوەندی جوگرافیاکەی دیاریکراوە، یاخود ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەو پێناوە ھەموو شتێکیان کردوە. لە ئێستادا ژن لە دنیادا نەک ھەر نەگەیشتۆتە مافەکانی، بەڵکوو لە جۆرێک لە جۆرەکان بۆتە کاڵا بەدەست سیستەمەکانەوە، واتا ئەگەر بەراوردێک بکەین کە ئەم سیستەمانە چۆن دژی یەکن، ھەریەکە جۆرە جەھەنمێکیان بۆ ژن خوڵقاندوە، ئەو دنیای ئەوی دی بەجەھەنم ناو دەبات بۆ ژن بۆ ئەوەی ژنان زیاتر ڕوبکەنە جیھانەکەی خۆی. جیھانی ئەم لاش، جیھانەکەی تر بەناشیرین وێنا دەکات.
لە ھەردوو جیھانە ئایدۆلۆژییەکە چ ئایینی و ئایدۆلۆژی یاخود سەرمایەدارییەکە، لەوە دەچێ لەسەر ئاستێکی زۆر سادە لە ھەردوولایان ماف ھەبێت. بەڵام وەکو ئەوەی کە مێ بەشێک بێت لە بەڕێوەبردن یاخود نیوەی کۆمەڵگا بێت نەگەیشتوە بەھەموو مافەکان. لە ھەر دوو جیھانەکە دوو جەھەنم ھەیە بۆ سوتاندنی مافەکانی ژن، یانی دەکرێ بڵێی ژنێک لە ئەفغانستان کە بەرد باران دەکرێ لە زۆر ڕووەوە مافی زیاتر بێت لە ژنێک کە لە ئەمریکا دەژی،یاخود ژنێک کرابێت بەکاڵا لەناو سیستەمی سەرمایەداری، بە مانایەکی تر ژن لە ژینگەی ئەفغانیدا دەچەوسێتەوە لەبەر ئەوەی مافەکانی نیە و ناهێڵن بچێتە دەرەوە، پێچەوانەکەی لە سیستەمی ئایدۆلۆژیاکان و سەرمایەداریدا ژن دەهێنێتە دەرێ و ناو بازاڕ، بەڵام دیسانەوە بە وێنەی هەمان جەهەنمی ئەفغانی دەیکات بەکاڵایەکی تەواو و بێبەها بە ناوی ئازادی ژنەوە.
وە لە ئێستادا ئەو حاڵەتە ڕووی کردۆتە کوردستان، کچە گەنجەکان بەناوی مۆدێلەوە دەکرێنە کاڵا، بەڵام لەو سەرەوە ھیچ مافێکیان نابێت و دەبینی بەکاڵا كردنی ژن چۆتە ھەموو کون و قوژبنێک و ھەموو بەرگی کاڵایەک، ئەگەر دیوێکی ژن بریتی بێت لەوەی کە ژن خۆی جوانە و خۆی پێداویستی ژیانە، دیوەکەی تری بریتیە لە چەوسانەوەی ماف، بۆیە دەکرێ وردتر قسە لەسەر ئەم دۆسیەیە بکرێ یاخود ھەڵکۆڵینی بۆ بکرێ، بۆ ئەوەی بزانی کە ئایا ژن لەو دوو دنیایەدا لە ناو ئایدۆلۆژیستەکان بەمانای چی دێت، یان بریتیە لە حەزێ بۆ جەستە، یاخود بریتیە لە جۆرێک بەرژەوەندیگەرایی، یان ببێتە کاڵایەک لەو جیھانەی کە خۆی ھەیەتی. بۆیە لە ھەردوو دنیاکەدا لە ناو ھەموو ئایدۆلۆژییەکانی دنیا بەوەی کە تا ئێستاش پێی دەوترێ خۆرئاوا و خۆرھەڵات بە ھەردووکیانەوە نەیان توانیوە ژن بگەیەنە ئاستی پێوێستی مافەکانیان، خۆ دەکرێ ھەوڵی سەرەتایی ھەبێت، دەکرێ ژن لەناو پەرلەمان بوونی ھەبێت، ژن بڕیاردەر بێت، ژن کۆمەڵێک شتێک بێت. ئەوە گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ژن دەبێت تایبەتمەندی خۆی ھەبێت، کە ئەم حاڵەتە بۆ ماف تەنها نوخبەیەکە لە ژن، نوخبەکەی تری ئەو جیھانە سەرماییەدارەیە کە ژن دەکاتە کاڵای بەرھەم ھێنان، جیاکردنەوەی حاڵەتی فسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی حاڵەتێکە کە ئینسان دادەبڕێت لە ھەموو شتێک. دەکرێ لە جیھانە سەرماییەدارەکانەوە سەیر بکەین، کە چۆن ئیش لە سەر حاڵەتی دەروونی و جەستەیی تێکدانی هاوسەنگی سایکۆلۆجی و فیسۆلۆجی ژن دەکرێ، چ ئەزمەیەکی گەورەی بۆ مێینە یاخود کائینی شیردەر بەمانای ئەوینداری و عاتفی دروست کردوە، بە شێوەیەک کە ژنەکان ببنە مۆدێلست و یاخود بچنە سەر ستێجی سەرمایەداری جیھان لە ڕێی جەستەیانەوە بتوانن بگەنە ئەو حاڵەتە فیسولۆجییەی کە ھەیە. بەڵام ئەی حاڵەتە سایکۆلۆجیەکە کە پێویستی مرۆڤە، ئەوا دەکات ئەو ژینگە لە بارە دروست نابێت بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو کارە بکات، بۆیە دەبینن دواجار ئەوانەی بەتایبەت لە کۆمەڵگا داخراوەکان کە کلتوور تائێستاش زاڵە بەسەر مرۆڤدا و نەیتگەرایی حکوم دەکات، ھاوردە کردنی ھەندێ مۆدێلی بە بازار کردن کە ھاوردە کراوە بۆ کوردستان، جەستەی ژن بۆ سەر ستێجی بەرژەوەندی خوازی و ستێجی دۆلار بەتایبەت دەبات. ئەوە وا دەکات ئیتر ئینسان بەھای کۆمەڵاییەتی یاخود بەھای سایکۆلۆجی لەدەست بدات، بۆیە دەبینین دواجار ھەموو ئەو کچە مۆدێلیستانە توشی کێشەی زۆر دەروونی دەبن، دەکرێ لە یادی ھەشتی مارس و ھەموو یادەکانی تریشدا قسە لە سەر ئەوە بکرێ، کە ئایا ئینسان بەڕەگەزی نێرو مێ وە، گەیشتۆتە ئاسیتێک کە خاوەنی مافی خۆی بێت. یاخود بەتایبەت کەسێک لە سەر ئاستی مێینە چاودێری فسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی بکرێ بۆ ئەوەی بتوانی وەک مرۆڤ بژی، ھیچ ھەڕەشەیەکی سیستەمی سەرمایەداری یاخود ئاینی و ئایدۆلۆژی لەسەر نەبێت، دەکرێ قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا ڕێگە چارە لای ژنان خۆیانە؟ وە دەتوانن شۆڕشی ھۆشیاری بکەن یاخود شۆڕشی ( نا) بۆ سەر ستێجی دۆلار، ( نا)بۆ سەر ستێجی ھەموو ئایدۆلۆژییەکان، ئەمە ڕەتکردەنەوەیان بێت، زۆریان لە ڕێگەی ئیکۆنۆمیەوە کار لەسەر ئەم ستەیجانە دەکەن، دەکرێ ئەوە بکەن. ئەمەش بەو مانایە نیە کە تۆ دژی مۆدێل بیت، نەخێر مۆدێل گۆڕانکاری پێویستی ژیانە، قۆناغەکانی ژیانە، بەڵام بەمەرجێک بەھای مرۆڤایەتی تیادا ون نەبێت، دەست بخەیتە سەر بەھای مرۆڤەکان جیاکردنەوەی حاڵەتی سایکۆلۆجی لە فسیۆلۆجی، ئەویش بەو ماناییە نیە کە بێیت لە دیدی نەریتگەراییەوە قسەی لەسەر بکەی، نا بەڵکوو لە دیدی مرۆڤ گەراییەوە سەیری ئەم حاڵەت و پرسانە بکەی، دواجار گوناهی گەورە و تاوانباری سەرەکی جیهانە جەهەنمییەکانن کە ژن دادەبڕن لە حاڵەتی سایکۆلۆجی و بەهای مرۆڤ بون و دەبێتە کائینێکی ڕوتی فەسلەجی و بەها یەکسان دەبێت بە بەهای جەستەیی نەک مرۆڤ بونەکەی.