فەتاح تەنیا: میدیای كوردی لە ئاست ناساندنى تاوانی ئەنفالدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەبوونی میدیایەکی کوردی لە چوار دەیە پێشتر کە خواستە نەتەوەییەكان و تاوانی ئەنفال وەک خۆی بگوازێتەوە، بووە هۆی ئەوەی ڕژێمی بەعس لە ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکانی بەغداوە، ڕاستییەکان پێچەوانە بكاتەوە بۆ گەلانی عێراق، هەر بۆیە (لەتیف نەسیف جاسم ئەلدولەیمی)(1941 – 2021) سەرکردەی ڕژێمی بەعسی بوو، کە بەرپرسی دەنگوڕەنگی میدیای ئەوکاتی عێراق بوو، هەواڵەکانی ناجوامێرانە بە پێچەوانە باس دەکرد و ڕاستییەکانیان بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵانی عێراق دەشاردەوە. ڕژێمی بەعس بەڕێی دەیان ڕاپۆرت و هەواڵی چەواشەکارانەی بڵاودەكردەوە، ئەمەش وای دەكرد هێرشێکی هەمەلایەنە بۆسەر کوردی بڕەخسێنێ. بەهۆی نەبوونی میدیا، بزاڤی کوردی، هەوڵی ئەدا دەنگی خۆی لە ڕێی ڕۆژنامە و میدیای دەرەوە بگوازێتەوە، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدان؛ ڕەنگە ئەگەر لەوکاتەدا کورد لە كاتی تاوانی ئەنفالدا میدیا و دەنگێکی بەهێزی هەبوایە، لانیکەم بڕێک لە پیلانەکانی ڕژێمی بەعسی پووچەڵ بکردایەوەو ڕووی ڕاستییەکانی وەدەرخستایە کە بووە هۆی دەركردنی فەرمانی ئەنفال لە باشووری كوردستان. پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێت هەرچەند ڕاگەیاندن گرنگە، بەڵام بە تەنیا بە هانای کورد ناگات و لە کۆتاییدا چارەنووسساز نیە؛ ئەگەرچی بەهاوکاریی ڕاگەیاندن ڕاستییەکان ناشاردرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندیی نێوان زلهێزەکان لە ئارادا بێت، کۆمەڵکوژیی کوردان پشتگوێ دەخرێت، دەكرێت میدیا تاكەكانی كۆمەڵگەكەی بە نەهامەتییەكانی ئاشنا بكات، لەسەروو هەمووشیانەوە تاوانەكانی ئەنفال.
میدیای کوردی نابێ بەشوێن حەزەکانی کۆمەڵگەدا بڕوات و بە تێڕوانینی خەڵک هەنگاو بنێت، میدیاگەلێک لەبری ڕاهێنانی تاکی وریا و بیرمەند، بە حەز و خواستی کۆمەڵگا پەخش دەکەن، لەکاتێکدا پێویستە پڕۆگرامی میدیای کوردی کۆمەڵگە ڕاچڵەکێنێت و بەخەبەری بێنێت، تاکی کورد بداتە بەر ڕەخنەی توند و ڕیشەیی، بەرپرسیارەتی ساز بکات و بیخاتە سەر هێڵی بیرکردنەوە،بەداخەوە میدیای کوردی هێشتا نەگەیشتۆتە وەها چاخ و قۆناغێک. كە پرسە هەنووكەییەكان كاری لە پێشینەی بێت.
دەبێت دەزگای میدیایی شەڕی مانەوەی نەتەوەیی بكات و لە ئەو لەویەتی كارەكانی بێت، بەرامبەر بە نەیارەكانی شەڕی دەروونیی پەیڕەو بكات، هەروەها كاری بەرهەمهێنانی دەیان بەرهەمی میدیایی پێوەندیدار بە گەلی کورد بڵاوبكاتەوە ، هەر بۆیە کەسانێک کە شارەزایییان لە ناخ و ئازار و کلتووری ئەم گەلەدا نییە، دەیان بەرهەمی میدیایی لە شەڕی پێشمەرگە و سوپای ڕژێمی بەعسدا بەرهەم هێناوە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە کوردیان وەک چەتەوڕێگر ناساندووە، نەریت‌خواز و دواکەوتوو نمایش کردووە. لەکاتێکدا کە مێژووی کورد پڕیەتی لە ئازایەتی و نەبەزین، و پاراستنی بەهاكان بە شێوەیەكی گشتی.
ناكرێت میدیا پرسی ئەنفال بۆ بەرژەوەندی میدیا و دامەزراوەكەی بەكاربهێنێت، دەكرێت میدیا لە خزمەتی گشتی و ناساندنی پرسی تاوانی ئەنفالدا بێت.
ئەرکی راستەقینەی میدیا ئەوەیە کە ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی وەرگر بگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر سەبارەت بە تاوانی ئەنفال، بۆ زانینی زانیاری نەزانراو، شرۆڤەو شیکردنەوە بۆ هەموو پرسەكان بکات، تاكو باشتر وەرگر تێبگات و بیربکاتەوە و بریار بدات، هەر بۆیە میدیای كوردی ئەوەندە شارەزا نییە، بتوانێت گەمە نهێنییەكان سەبارەت بە تاوانی ئەنفال ئاشكرا بكات، چونكە تاكی سیاسی كورد خۆشی ناناسێت، تاكو سنووری جوگرافی خۆی تێدەپەڕینێت، بەم شێوەیە ناتوانین بگەین بە حەقیقەتی ناساندنی تاوانی ئەنفال.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت