موتەلیب سەعید عومەر: ڕاپەڕین لە ئەزموون و ناسنامەوە بۆ دروشم و گوتار.
لەگەڵ زەمینەی ڕاپەڕین و هاتنە خوارەوەی هێزی کورد بەناوی بەرەی کوردستانی بەپشتیوانی ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا هێڵی 34 و 36 بۆ پارێزگاریکردن لەدژی هێزی ئاسمانی عێراق، دوای کۆڕە و دەرفەت و باردوخێکی گونجاو بۆ حیزبەکانی کوردستان ڕەخساند، ئەگەرچی بەهۆکاری گەمارۆی ئابووری سەر عێراق و کوردستانی باشوور لەبارودۆخێکی ناهەمواری کۆمەڵایەتی و ئابووری دەژیا، لەوقۆناغەدا بەرەی کوردستانی وەک یەکەمین تاقیکردنەوەی مێژوویی بە پشتیوانی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئیدارەیەکی نوێی بەڕێوەبرد.
دەکرێ بڵێن لەدوای ڕاپەڕین بەهۆی یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان کوردستان لە 19/ 5/ 1992 دوای ململانێی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتدار ڕێکەوتن لەسەر ئیدارە دانی نیوە بەنیوە جێبەجێ کرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لەهەڵکشانی گرژییەکان سەرەتا بەگوتاری ڕاگەیاندن دواتر گوتاری دژ بەیەک و ناو زڕاندن لەتیڤی و ڕۆژنامەکانیانەوە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی کوردستانی کەوتە قۆناغێکی دژوارەوە.
لەوەختێکدا کورد لەبەردەم قۆناغێکی سەخت و ئەزموونێکی نوێی سیاسی و ئیداریدا تێدەپەڕی سەرەتاکانی گرانی و ناهەمواری سیاسی و خراپی ئیدارەدان لەهەستیارترین قۆناغی مێژوویدا خۆی بینییەوە کەبەشەڕی ناوخۆ دەست پێکرد.
لەو هەلومەرجەدا گەلی کورد وێڕای ئەوەی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوودا بوو خاوەنی گوتارو هەستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی بوو ، بەڵام حیزبی کوردی لەململانێی سیاسی و بیری قۆرخکردن سامان و داهاتی کوردستان بوو.
هەڵمەتی ڕاپەڕین و کارەساتی کۆڕەو گەورەترین سەرمایەو دەستکەوتی نەتەوەی کورد بوو لەکوردستانی باشوور هەر ڕاپەڕین و کۆڕەو لەسەرئاستی نێو دەوڵەتی، و نەتەوەیی مەسەلەی کوردی بەدونیا ناساند لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا دەگوزەرا لەهەمانکاتدا لەبەردەم قۆناغێکی تری هەڵسانەوەدا بوو، قۆناغێک کە ئاوەدانی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستان دەست پێ دەکات، بەڵام بەبڕواو ئیرادەیەکی بەهێزی میللی و نەتەوەیی، کاتێک کورد لەم بەشەی باشوور لەنێو ئەم بارە سەختەدا ململانێ دەکات لەبن دەستی ناحەزانی دەوڵەتانی ئقلیمی عێراق، تورکیا، ئێران گرفتارە بەچەندین کێشەی ئەمنی و مرۆیی لەو لاوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ململانێی و شەڕدا لەلایەکی تر بەدەست گەمارۆی ئابووری جیهانیەوە دووچار بووە.
لەوسۆنگەوە ڕاپەڕین بە کۆدەنگ و پشتیوانی تەواوی خەڵکی کوردستان بەتوێژە جیاوازەکان جۆش درا هەستو بیری حیزب و سەرۆک خێڵ و جوتیار و ئەندازیار و دەوڵەمەند و گەدا و شوان و مامۆستا و پزیشک بەیەک هەست و بیری نیشتمانی، نەتەوەیی دەچێتە سەنگەری ڕزگاری و بانگی ئازادی کورد بوون دەدات بە گوێو بەرچاو دونیا، دەنگو هاواری مرۆڤی کورد دەچێتە قۆناغێکی نوێی ناساندن بۆ دروست بوونی ئەزموونێکی نوێ کەخۆی ئیدارەی خۆی بەڕێوە ببات، نەتەوەیەک بەم بیرە نەتەوەییە گیانبازی و بەرخودان دەکات لەنێو ڕایگشتی ناوخۆی عێراق و نێو دەوڵەتیدا کارتێکراو دەنگدانەوە دروست دەکات لەو وێستگە زێڕینەوە پەرۆش وخەم و هاواری خەڵکی کوردستان هەست و سەرنجی دەوڵەتانی زلهێزی دونیا بەئاگادێنێ، بەتایبەتی وێنەو دیمەنە خەمناکەکانی کۆڕەو دەبێتە دەستکەوتێکی مێژوویی، بڕیاری ژمارە 688 ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان دەبێتە هۆکارو پاڵنەری دروست بوونی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەڵام دوایی سەرهڵدانی شەڕی ناوخۆو ململانێی دوو حیزبی دەسەڵاتدار و درێژە کێشانی بیری ناوچەگەری خێڵەکی دەبێتە کۆسپگەلێک لەبەردەم بوژاندنەوەی ژێر خانی ئابووری کوردستان، داخستنی کارگە حکومیەکان لەلایەن دەسەڵاتی کوردەوە دەبێتە یەکێک لەئاکارو بیری ئەم مۆدێلە، لەبری برەودان بەکەرتێ پیشەسازی و بەگەڕ خستنەوەی کارگەکان، ئاوەدانکردنەوەی دێهات کۆچی پێچەوانە لەلادێوە بۆشار و کۆچڕەوی گەنجان بەرەو هەندەران دەست پێ دەکات لەجیاتی برەودان بەکەرتی تەندروستی و پەروەردە، دیاردەی ئاودیوکردنو تاڵانکاری، گومرک و بارگرانی لەسەرخەڵک زیاد دەکات لەوێوە سەختی ژیان و کاڵبونەوەی ئینتمای نەتەوەیی، متمانە نەبوون بەحوکمداری ئیدارەی کوردی سەر هەڵدەدات، قەیرانی ئابووری و بێکاری زیاد دەکات لەبیر خوێندن خەمی نان پەیداکردن لەهەموو بوارێکی ترو خەمێکی تر دەبێت خەمی تاکی کورد بەهەزاران مێرد منداڵ و گەنج دەسبەرداری خوێندن دەبێت ڕوو لە مەعیشەت و پشت لەماف و خەونو ئاواتەکانی دەکات.
لێرەوە بەهۆکاری نادروستی حوکمداری کورد و ناشەفافی ئیدارەدان دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینو کۆڕە ساڵ لەدوای ساڵ لەبەین دەچێت دیارترین هۆکاریش لاواز بوون و ملەچ بوونی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیە بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق و تورکیا و ئێران، سەرباری درێژەدان بەناڕوونی سیاسیەت نەوتی و نادیاری داهاتەکەی قەرزدا بوونی حکومەت لەهەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەم ئاماژەو کاردانەوەیەکی بەرچاوی ئەو قۆناغە شکستخواردووە، جیاواز لە لەدەستدانی بەشێک لەخاکی کوردستان بەهۆکاری سەرەڕۆی و ململانێی سیاسی و ڕاگەیاندنی ڕاپرسی دەربارەی سەربەخۆیی لەناهەموارترین بارودۆخی سیاسیو ئابووری دا.
ئێستاش کەئیدارەی کوردی لەکوردستان باشوور لەقۆناغی ئەزمونی دوای ڕاپەڕینەوە بچوک بۆتەوە بۆ ئیدارەی شارو ناوچەیی، گوتاری دژ بەیەکی حیزبەکان ئەستەنگ و هۆکارێکی ترە بۆ لاواز بوونی قەوارەی کورد نەمانی متمانەی ئەم دەسەڵاتە بەدەوڵەتانی دونیا، لێرەوە ڕاپەڕین تەنیا بەدروشم وگوتاری حەماسی لەسەر زەمینێکی واقیع دەبێتە خەون و یادەوەری و باسکردن لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین.