عیماد شێخ محمود: موچەخۆر لە نێوان هەژماری من و هەژماری بانکە فیدراڵیەکاندا.
ئامانجی سەرەکی لە هەژماری من، تەنها عمولە نیە! بۆ ئەوەیە، مانگانە بە کەمتر لە 500 ملیار دینار، خەرجی موچەی پێ بەڕێ بکەن! چۆن؟
سادەترین پێناسە بۆ بانک، به واتای متمانەدێ گەر بانک و خاوەندارێتی بانکەک، ئەو خەسڵەتەی تێدا نەبوو، ئەوای سیحری ماهیەتی بانک خاڵی دەبێتەوە.
سیستەمی بانکی دیجیتاڵی چیە؟
بە هۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایی لە کەرتی بانکیدا دروست بووە لە دونیای ئەمڕۆدا، تەواوی دەوڵەتانی جیهان مامەڵەکانیان لە ڕێی ئەم سیستەمەوە ئەنجام دەدەن بە دەوڵەتە دواکەوتووەکانیشەوە، بەڵام بە بەلای ئێمەوە نوێیە ئەم سیستەمە داراییە بانکیە، ڕێی خۆش دەکات بۆ بازرگان و تەواوی بەکاربەران، مامەڵەکانیان لەڕێی گواستنەوەی هەژمارەوە ئەنجام بدەن بە بێ کاش، واتە تەنها گواستنەوەی ژمارەیە.
شارەزایانی ئەم بوارە بڕوایان وایە، پێوانەکردنی ئاستی گەشە ئابوری هەر دەوڵەتێک دەپێورێت، بە ڕێژەی بەشداربوانی دانیشتوانی بەو سیستەمە بانکیەوە،واتە گەر سەدا 70 هاوڵاتی ماستەر کارتی هەبێ، ئەوا مانای بوونی گەشەی ئابوریه بەو ڕێژەیە.
بەپێی دوا توێژینەوەی سێنتراڵ بانک، سەدا22 دانیشتوانی عێراق خاوە ماستەرکارتن، هەنگاوەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن، زوو بێت، یان درەنگ دەبێت، تەواوی دانیشتوانی جیهان خۆیان لەگەڵ ئەم سیستەمەدا ڕابێنن. داهاتوو بۆ ئەم سیستەمە بانکییە.
لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دەرکردنی ماستەر کارت، بووە بە ئەمری واقیع. خەڵک لە ئێستادا، لە دووڕیانی پێداگرێ هەژماری من و هەژماری بانکە فیدراڵیەکاندایە.
جیاوازی هەژماری من و بانکەفیدراڵیەکان چیە، کامیان بۆ ئێمە گونجاو شیاوترە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان بانکی تایبەتی و بانکی گشتیدا.
بانکی تایبەتی، یان کەسی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کەسێک، یان کۆمەڵە کەسێک، کە ئامانج لە بونیاتنانی ئەم بانکە بریتیە لە دەسکەوتی مادی لەڕێی ئاڵوگۆڕی دراوەوە، کە سەد لە سەد پێچەوانەی بانکی حوکمیە کە ئامانج لێی گەیاندنی زۆرترین کەڵک و خزمەتگوزاریە بە بەکاربەرانی دراو.
هەژماری من، لە چوارچێوەی ئەو بانکە تایبەتیە کەسییاندایە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کەسێک و بانکێکی دیاری کراو، بە هاوبەشی چوار بانکی تایبەتی دی کە بەم کارە هەستاون، کە یەک لەو بانکانە، ئێستا لەژێر پرسیارو سزادانی خەزێنەی بانکی فیدراڵی ئەمریکادایە.کاتێک موچە خۆر، موچەکەی دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە، هیچ گرەنتی نیە، ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەو هەژمارەی سڕ نەکرێتەوە، ئەو کات، تۆ مافی داواکردنەوەی بڕی ئەو پارەو سەنەدو سەرمایەت نیە، کە لەو بانکەدا بووە! بە پێچەوانەوە لە بانکە حکومی و فیدراڵیەکاندا دەوڵەت گەرەنتی دارایی لە ئەستۆ دەگرێت.
پێداگری و ئامانج لە هەماری من چیە؟
یەکەم/ یەکێک لەو گرفتانەی کە حکومەتی هەرێم پێوەی دەناڵێنێت، زۆری موچەخۆرو بری پارەی تەرخانکراوە، کە خۆی لە 943 ملیار دینار دەبینێتەوە بۆ هەر مانگێک. بە داغڵ بوونی موچەخۆر بۆ سەر هەژماری من ئەو گرفتەی نامێنێت بۆ ؟ چونکە بەشداربوو لەیەک کاتدا ناتوانێت تەواوی موچەکەی سحب بکات، تەنها دەتوانێت کەمتر لە 70٪ی ڕاکێشێت. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تر ڕەنگە موچەخۆر دەرفەتی نەبێت، یان نەیەوێت، لەو کات و مانگەدا موچەکەی ڕاکێشت، کەواتە بەم پێودانگە بێت حکومەتی هەرێم دەتوانێت بە کەمتر لە 500 ملیار دینار ئیدارەی موچە بدات.
دووەم/ بۆ هەر مانگێک کە بانکی ڕاسپێراو موچەکەت دەدات مانگانە ڕسوماتێک لە موچەکە وەردەگرێت، کە، کەمترە لە 0.50٪ کە ئەمەش بۆ پارەی تەواوی موچە خۆران نزیک یە 5 ملیار دینارێک دەکات، لە قازانجی گواستنەوەی بۆ دەستی موچە خۆر بە پێچەوانەوە، بانکە حوکمیە فیدراڵیەکان عمولە و کێشەی ڕاکێشانی پارەی کاش نیە. بێ گرفتە.
تایبەتمەندی بانکە فیدراڵیەکان بە بەراورد بە هەژماری من چیە بۆ موچە خۆر؟
یەکەم/ گرەنتی موجەکەت دەکات لە ئەگەرێ هاک، یان Blok، چونکە خاوەندارێتی دەوڵەتە نەک کەسی.
دووەم/ موچەخۆر سودمەند دەبێت لە وەرگرتنی زیاتر لە17جۆر پێشینە، کە بری پارەکان لە نێوان 100 تا 125 ملوێن دیناری عێراقیدایە.
سێیەم/ حکومەت لە بەرپرسیارێتی دوور دەخاتەوەو لە ئەگەری دروست بوونی گرفتی کاش لە هەژماری من و بانکە هاوبەشەکانی ئەم پرۆژەدا، ئەو کات دەبێت موچەخۆر داوای مافی خۆی لەو بانکانە بکات نەک حکومەت. کەواتە ڕێڕەوی بایکۆت و خۆپیشاندان ڕوو لەو بانکانە دەبن ئەو کات. کەواتە هەژماری من کیسەو باخەڵی بانک و کەسە تایبەتەکان پڕ دەکات، نەوەک موچە خۆر. ڕێگاو شێوازێکی نوێیە، بۆ دەوڵەمەنبوونی زیاتری دەست ڕۆشتووەکان، نەوەک گەرەنتی موچەی موچەخۆران.
موچەخۆر بۆ هەژماری من ڕەد دەکاتەوە، ترس و گومانەکان لە جێی خۆیدان؟
خەڵکی کوردستان ئەزمونێکی ڕەش و گوماناوی لەگەڵ بابەتی بانک و دارایی هەیە، لە بنەمادا بانک بە واتای بەخشینی متمانەدێ، هەڵسوکەوتی سیاسی و دەستڕۆشتووەکان جێی ئەو متمانە نین، هەر بۆ نمونە ساڵی1988 لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، دەستیان بۆ بڕینی بانکەکان برد، لە شەڕی ناوخۆدا بە هەمان جۆر درێخیان نەکرد، لە کاتی قەیرانی ئابوری و لە ساڵی 2014 تا2016 دەستیان بۆ پارەی بانکی بازرگانی عێراق و بەڵێندەرو وەبەرهێنە ناوخۆییەکان برد! ئەمانە لە زیهنی تاکی کوردا، دروست بووە، بە ئاسانی ناسڕێتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی موچە خۆر بە گومان و ترسەوە لەم بابەتە بڕوانێت،
خەڵک جێی خۆیەتی بپرسێت، بۆ لە سێ دەیەیی حوکمڕانیتاندا، هەوڵی بونیادی ژێرخانی دارایی و دروست کردنی بانکێکی نیشتیمانیتان نەدا، تا لە وەها ڕۆژێکدا بە فریای باری لارتان بکەوێت.
خێرە لە ئێستادا، لە ماوەی چوار مانگدا پێشکەوتووترین سیستەمی دیجیتاڵی بانکیتان هیناوە، بانکی کەسی خۆتانی پێ بونیاد دەنێن و بانکی حکومیشتان کیسە بەتاڵ کردووە.
ئابوریناس