عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ڕەشهبای ژه‌هر.
کاتژمێر 11.45قەی پێش نیوه‌ڕۆی 16 – 3 – 1988، چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی جه‌نگی عێراق، گه‌یشتنه سه‌رئاسمانی شاری هه‌ڵه‌بجه. بە ڕکێت و ناپاڵم ، شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان داگرته‌وه ، بۆمبه‌کان به گه‌ڕه‌کی سه‌رادا ته‌قینه‌وه، چەند ماڵێک به‌رکه‌وت.
ئه‌و پۆله فرۆکه‌یه دەگەیشتنە سەر ئاسمان و رۆکێتەکانیان بهسهرشاردا ده‌باراند، دوای تاوێکی تر پۆلێک فرۆکه‌ی تر دههاتنەوە، بواریان نه‌ده‌دا خه‌ڵک له ژێر زه‌مین و په‌ناو پاساره‌کان بێنه ده‌ره‌وه تا ئێواره شاریان نوقمی هه‌وری ژه‌هر کرد، خه‌ڵکی شار به پێ و بهئۆتۆمۆبیل روویان ده‌کرده ده‌ره‌وه‌ی شار.
ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کانی ئێوارەکەی شار، وه‌ک ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی تۆپه‌کانی تر نه‌بوو، ( ته‌په‌ی ده‌هات ). دوکه‌ڵێکی سپی له گه‌ڕه‌کی ( پیر محه‌مه‌د، تووه وشک و خواروی شار) به‌ره‌و قوڵایی ئاسمان به‌رز ده‌بووه‌وه. دوکەڵەکە به کپی و چڕی به سه‌رشاردا ده‌نیشته‌وه، بۆنی (سیر و سێوی )لێ ده‌هات.
شار خرۆشا، خه‌ڵک لە هەموو لایەکەوە به په‌شۆکاوییه‌وه رویان کرده: عه‌نه‌ب و عه‌بابه‌یلێ و بامۆک.
جه‌سته‌ی ره‌ش داگه‌ڕاوی ژن و پیاو منداڵ له‌م لاو ئه‌ولای قه‌راغ شه‌قامه‌کان و لە ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌کان و له ناو کۆڵان و لە به‌رده‌رگای ماڵەکاندا به‌شێوه‌ی جیا جیا که‌وتبوون.
له نێوکهلوپهلی ماڵان و ئوتۆمبله وه‌ستاوه‌کان، ده‌یان و سەدان جه‌سته وشک ببوون. له رێگای نێوان باوه‌کۆچه‌ک و بامۆکدا، جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕو ماڵاتێکی زۆر و مرۆڤ لە شوێنی خۆیان وشک ببوون، به‌لادا هاتبوون. ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌و گەرەک و شەقام و کۆڵانەکانی و ده‌وروبه‌ری شار‌و هەموو رێگاکان، بۆنی ژه‌هری کیمیایی و مەرگی لێ ده‌هات.
سکرتێری گشتی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی دونیا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، ئیدانه‌ی رژێمی سه‌دامیان کرد. ئاماده‌یی خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی بریندارانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌ربڕی.
میدیای جیهان، کامێرا‌و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی جیهان، به هه‌موو جۆره‌کانی میدیای نووسراو بینرا و بیستراو ده‌یان وتار‌و ریپۆرتاژ و وێنه‌ی تراژیدیای، تاوانی ره‌شه‌بای ژه‌هری، هه‌ڵه‌بجه‌یان خسته روو. به‌ڵام یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌ندامانی وارشۆ و زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه ئیسلامییه‌کان، به هیچ جۆرێک باسی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌ی جینۆسایده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان نه‌کرد. ته‌نانه‌ت لەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام، دادگای باڵای تاونبارانی عێراق به پیلان و به‌رنامه و نه‌خشه‌ی تایبه‌ت، سه‌دام حسین و تاوانباره‌کانی رەشەبای ژەهرو ئئەنفالیان به تاوانی کۆمەڵ کوژی دوجیل له سێداره‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دام و تاوانباره بەعسییەکانی عێراق، له سه‌ر تاوانی ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه و زنجیرە کۆمەڵ کوژییەکانی کورد، سزای له سێداره‌دان نه‌یان گرێته‌وه.
بۆ که‌م کردنه‌وه و بچوکردنه‌وه‌ی تاوانی. ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفالی کورد، وەک دکۆمینتی نیودەوڵەتی، بۆ ئەوەی وەک تاوانی جینۆساید لە جیهان نەناسرێت.
سه‌رچاوه / ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال