سەردەشت محەمەد: چۆن یادی هەڵەبجە بکەینەوە؟
هەڵەبجە بە برینێکی قوڵەوە بو بە سمبولی نەتەوەیەک، سی و شەش ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو هەموو ئازار و نەهامەتییانەدا کەچی ئێمە نەمانتوانی یادێکی هەڵەبجە بکەینەوە کە شایەنی ئەو هەموو قوربانیدان و ئازارەبێت.
ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە یادی هەڵەبجە یاد نییە، دەتوانین بەبێ دودڵی ئەوە ناوبنێن کولانەوەی برینی هەڵەبجەیەکان، ئێمە ڕۆژێکمان تەرخانکردووە و ناومان لێناوە یادی هەڵەبجە.
ئەوەی لەویادەدا بەدی دەکرێت ئەوەیە چۆن و بەچی شێوەیەک بتوانین هەڵبجەیەکان بخەینە گریان و چۆن جارێکی دیکە لەڕێگەی وتار و شیعر و گێڕانەوەی چیرۆکانەوە خوێ بکەینەوە بەسەر برینی ساڕێژنەبوی هەڵەبجەیەکاندا، هەوڵەکانمان بۆئەوەیە چۆن بتوانین هەستی هەڵەبجەیەکان بەجۆرێک بجوڵێنین کە بتوانین بیانگرێنین، لەکاتێکدا دوای سی و شەش ساڵ ئێدی پێویست دەکات هەڵەبجەیەکان دەبێت پێبکەن دەبێت دوای سی و شەش ساڵ ئێمە ئەو هەموو چیرۆکە تاڵ و پڕئازارانە بگۆڕین بۆ حەقیقەتێک کە نەک خەڵکی ئێستای هەڵەبجە، بەڵکو دەیان نەوەی دیکە شانازی بە هەڵەبجەبونی خۆیانەوە بکەن، دەبێت بۆ دەیان ساڵی داهاتووش هەڵەبجەیەک نەبین کە بێزار و دڵشکاوبێت.
دەکرێت بپرسین ئەمە چۆن کەی دەکرێت؟
دەبو هەر دوای ڕاپەڕین لەڕێگەی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و خزمەتکردن بە هەڵەبجەیەکان سیمای هەڵەبجە و ناخی هەڵەبجەیەکانمان پڕبکردایە لە جوانی وئاوەدانی، بە داخەوە نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو خراپتریش بەرامبەریان کرا، ئەوەی نەدەبو بکرایە کرا، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و نەبووە بۆ ئاشتکردنەوەیان،
ئێستاش حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئاوڕێکی جدی لە هەڵەبجە بداتەوە و دەتوانێت بەجۆرێک خزمەت بەهەڵەبجەیەکان بکات کە لەهەر کوێیەکی ئەم کوردستانەدا هاوڵاتییەکت بینی بیناسیەوەتە بەوەی کە بەڵێ؛ ئەوە خەڵکی هەڵەبجەیە.
حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەرلە هەرشتێک نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە هەمو پێداویستییەکانەوە لە هەڵەبجەدا بکاتەوە و بێبەرامبەر خزمەتی تەندروستی بە خەڵکی هەڵەبجە بگەیەنێت، زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بخاتە خزمەت گەنجانی هەڵەبجەوە و دامەزراندنی بێ قەید و مەرج بۆ گەنجان لە ئەولەویەتی کارەکانی بێت، بەخشینی خەڵکی هەڵەبجە لە باجی ئاو و کارەبا و ڕێگا و بان و بەشێکی زۆر لەو هەمو باجە سەپێنراوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، هەوڵدان بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی ئەو خاڵە سنوریانەی دەکەونە سنوری پارێزگاکەوە کە ئەوە خزمەتی گەورە بەخەڵک و بەتایبەت چینی کرێکار و کاسبکاری سنورەکە دەکات، پێداگیرکردن لەسەر ناچارکردنی حکومەتی عێراقی بۆ قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی خەڵکی هەڵەبجە ئەمانەو دەیان و سەدان خزمەتگوزاری دیکە کە نەک دەبێت حکومەت وەک هاوکارییەک پێشکەشی خەڵکی هەڵەبجەی بکات، بەڵکو ئەوە ئەرکێکەو دەبێت ملکەچ بێت لە بەرامبەر جێبەجێکردنیدا، بەڵام بەداخەوە ئەو مافە ڕاوایەی هەڵەبجەیەکان نەک هەر جێ بەجێ نەکراوە، بەڵکو زوڵم و نادادیەکانی حکومەتی هەرێم هیچی کەمترنییە لە کیمیاباران و ماڵوێرانی کردنی خەڵکی هەڵەبجە، ئاخر پێمناڵێن خەمی پێنەدانی مووچە و بێبەشکردنی گەنجان لە دامەزراندن و پشتگوێ خستنی هەڵەبجە لە ڕویی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە و نائومێدکردنی گەنج و پیرەژن و پیرە پیاو و ژن و کوڕ و کچی هەڵەبجەیەکان و بێبەشکردنیان لە هەمو خزمەتگوزاریەکانی دیکە چی جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ ئازار و خەمی کیمیاباران کردنیاندا.
- Latest Posts by سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts