چراخان حەمە عەزیز: چۆن لەڕێگەی فەلسەفەو ژیانی سۆکراتەوە، مرۆڤ جارێکی تر خودی خۆی بنیات بنێتەووە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
* سۆکرات وەکو قوربانی یەکەمی مرۆڤایەتی، بەڵام کۆتا قوربانی نا کەگوزارشت لە ئازایەتی و ئازادی و هۆشیاری بکات.
* ڕێگایی سەرکەوتن بەکۆمەڵیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ سەرکەووتن بەتەنیا نیشانەی هۆشیاری و ئازادی و ئازایەتییە.
* هیچ کات لەو ڕێگایە مەترسە کەبەتەنیا دەستت پێیکردووە، چونکە ئەگەر سەرکەوتنێک هەبێت تەنیا موڵکی خۆتەو بەس.
(سۆکرات)وەکو جەنگاوەرێک کەسیمبوولەکانی ئازایەتی و ئازادی و ڕەخنەیی و دادپەروەری و مەعریفی و ئارامی و بووێری و مۆڕاڵی و ئاگایی مرۆڤگەرایی و… هتاد، بوو. هەروەها یەکێکبوو لەوانەی بەتەنیا ڕێگاکەی دەستپێکرد، بەڵام بەو ماناییە دەستی پێنەکرد کەگوزارشت لەسەرکەووتن بکات لەدیدی ئەوانیتر، یان کەسانیتر ببنە پاڵپشت و پارێزگار لێیی، لەبەر ئەو هۆکارەش نا ببێتە خاوەنیان و خاوەنداریان بکات، لەبەر ئەو هۆکارەش نا دوای گەیشتن بەشوێنێک شوێنی کەسێکیتر داگیربکات.
چونکە، سۆکرات خۆی بەنەزان دەبینی و درکی نەزانی خۆشی کردبوو، بەڵام ئەوەی بۆ سۆکرات گرفت بوو درکنەکردنی نەزانی تاکەکانی (ئەسینابوو) لەنەزانینیاندا. سۆکرات دەبێژێت؛ (تاکە حیکمەتی ڕاستەقینە لەوەدایە کەبزانیت هیچ نازانێت)، چونکە درکردنی نەزانین جۆرێکە لەزانین لەخوددا، تەنیا مرۆڤی هۆشیار دەتوانێت درکی نەزانی خۆی بکات.
سۆکرات لەڕێگایی (دیالۆگ و پرسیار)ەوە، دەیوویست تاکەکانی (ئەسینا) درک بەنەزانی خۆیان بکەن،گوێ لەخۆیان بگرن و لەخۆیاندا ورد ببنەوەو، جۆرێک لەزانین لەخۆیاندا بدۆزنەوە کەهەیانبوو.
هەرچەندە لەدواتردا سۆکرات بەهۆی ئەو جۆرە لە ڕەفتارو شێوازو گومانەی کە بەهۆی پرسیارەوە لای تاکەکان دروستی کردبوو، بڕیاردەدرێ کەژەهرخوارد بکرێت گەرواز لەوکارانەی نەهێنێت، بەڵام سۆکرات ئەمەڕەت دەکاتەوەو ژەهرەکە وەک شانازییەک دەبینێت و دەیخواتەووە.
سۆکرات یەکێک بوو لەوانەی چاوی لەهیچ پێگەیەک نەبوو، بەڵام کاتێک مرۆڤ چاووی لەپێگەیەک بوو چاوو و بیری بۆ زۆر پێگەی تردەچێت،
ئەوەی وای لەسۆکرات کرد کەبەم جۆرەبێت، ئەوەبوو سۆکرات خۆی ناسیبوو.
سۆکرات دەبێژێت؛(خۆت بناسە)
سۆکرات لەخۆناسینی خۆیەوە بیروباوەڕەکانیشی ناسیبوو،کاتێک تاکیش خۆی دەناسێت هیچکات پێگەو پۆستێک یاخود ڕاکردن بۆ دەستکەوتنی دەسەڵاتێک ناکاتە سیمبوولێک بۆ ناسینی خۆی.
مرۆڤ کاتێک هەمیشە کارکردی جەنگ دەبێت و ڕێگایی نامرۆڤانە دەگرێتەبەر بۆ پێگەو پۆستێک کاتێک خۆی ناناسێت لەبەرئەو هۆکارەش دەیهەوێت بەهۆی ئەو ئامرازانەوە خۆی بناسێنێت.
سۆکرات ویستی پێمان بڵێت؛ لەخۆ ناسینتەوە دەتوانین بیرو باوەڕەکانیشت بناسیت، بەو هۆیەشەوە بەرگریان لێبکەیت لەهەنبەر کەسانی دیکەدا. سوکرات لەخۆناسینی خۆیەوە خاوەنداریەتی خۆی دەکرد، هەر لەبەر ئەوەش بوو هەوڵی ئەوەی نەدەدا سامانێک، هێزێک، پێگەیەک لەوانیتر وەربگرێت و بەهۆیەوە خۆی پێبناسێنێت. بەڵام دەگونجێت مرۆڤ لەو بەهاییەی خۆی بەخۆی دەدات لەلایەن کەسانی دیکەووە بەهایی دروستی خۆی پشتڕاست بکاتەووە، چونکە مرۆڤ لەئێستادا کارکردی ئەوەیە لەدوایی ناسینی خۆیەوە لەوانی دیکە بڕوانێت بۆ ئەوەی لەناسینی خۆی دڵنیاببێتەووە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ بەبێ هیچ پرەنسیبێک بەها بدات بەخۆی، ئەوا دەشتوانێت بەبێ هیچ پرەنسیپێک بەها بدات بەکەسانی تریش، لەبەرئەو هۆکارەش بەهایی خۆی و کەسانی دیکەش بەهەڵە نیشاندات.
کەسێکی لەم جۆرە دەست دەکات بە بەهای نەرێنی تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە هەیە. ئەگەر مرۆڤ کاردانەوەی نەرێنی لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت، وەک گۆشەگیرکردنی خۆی، ئازاردانی کەسانی تر، یان وەرگرتنی شتەکان لە کەسانی تر، ڕەخنەگرانە و خۆبەزلزانین، ڕاگرتنی هەست و حوکمدانی نەرێنی بەرامبەر بە کەسانی تر، ئەوا ئاشکرایە کە بەهایەکی ئەوتۆی نابێت بۆ کەسانی دیکە.
مرۆڤ هەموو هەوڵێکی بۆخۆناسینی خۆیەتی.کاتێکیش لەناخی خۆیدا ئەو ناسینەی بەدینەهێناوە،هەمیشە ئامرازەکانی تر دەکات بەهێماو نیشانەیەک بۆ ناسینی خۆی.
هەرکاتێک تاکێک متمانەی بەخۆی و دواتر بیروڕاکانی هەبێت بێهەڵووێست نابێت لەئەنجامدانیاندا گەرچی دۆخەکانش چەندەش وێرانبن، لانی کەم گەرهیچ کارێکیش نەکات نیشانەیەک ئاماژەیەک لەدوای خۆیەووە بۆ بیروباوەڕەکانی جێدەهێڵێت. کەواتە لەبەرەنگاری گوزارشت کردن لە بیروبارەکانماندا هێزو دەسەڵاتمان پێویست نییە، جگەلەو توانایەیی خۆناسینمان پێمان دەبەخشن.
دەبێت لەسۆکراتەووە ئەوە فێرببین
ژیان تەنیا بریتی نییە لەتەنیا تێپەراندنی کاتەکانمان یاخود بێدەنگی و بێ هەڵووێستی و خۆ ڕادەستکردن و خۆخۆری و دەسەڵاتگەرایی. بەڵکو ژیان بریتییە لە فیداکاری و بەرەنگاری و بەرخودان و جیاوازی و تاکایەتی.
سۆکرات پێمان دەڵێت؛ گرنگ نییە لەچی دۆخێکدایت و کێ هاوخەم و هاوبیرو پاڵپشتتە، ئەوەی بەبەهایەو جێگایی بایەخە کۆڵنەدانتە لەپێناو ئەوەی کەباوەڕت پێیەتی. هەروەها هێندێ جار جۆرێک لەشتەکان مانایی پۆزەتڤیان هەیە، بەڵام دەکرێ لەپرۆسێسدا بۆ جۆرێکیتر بخرێنە کار کەمانایی حەقیقی خۆیان لەدەستبدەن، بۆ نموونە/ شۆردن تەنیا بۆ مەبەستێک ئەنجام نادرێت کەتەنیا بریتی بێت لەپاک بوونەوە بۆ نموونە پاکبوونەوەی جەستە، یاخود تەنیا گوزارشت بێت لەنەمانی پیسیی، بەڵکو شۆرین جۆری زۆرە.
نموونە/ هەندێ جار لەپێناو پۆستێکدا مێشکت دەشۆردرێت، هەندێ جاریش شۆرین بۆ بڵاوبوونەوەی پیسییە دەکرێ، پیسیەکانیش بریتی بن لە کۆیلایەتی و ناڕەوایەتی و کووشتن و درۆ و دووڕووی و دزی و… هتاد. برێک جاریش هێندە پیس دەشۆرێت کە توانایی بینین و بیستن و گووتن یشی نامێنێت.
یاخود لەپێناو چەند وشەیەک کەسایەتیت دەگۆڕێت، لەپێناو ناڕەوایەتیەک کە ئەنجامی دەدەیت، دەتکەن بەخاوەنی شوێنێک. هەندێ جاریش پێویست ناکات چەندان کیلۆمەتر ببڕیت بۆئەوەی کارێکت دەستبکەوێت، دەتوانیت تەنیا لەشوێنی خۆت چەندین کارت هەبێت بەبێ ئەوەی پسپۆڕیت هەبێت،پێویست ناکا ماڵت بفرۆشی تەنیا ئەوەندە بەسە هۆشی خۆتیان پێ بفرۆشیت.
سۆکرات کاتێک کە دەبێژێت؛ ئەی مرۆڤ خۆت بناسە. ئەم گۆتەیەی سۆکرات تەنها لە چوارچێوەی خۆناسین و بەدەستهێنانی زانیاریدا نامێنێتەوە. بەڵکو ڕوانگەی ئاکاری و خۆئاگاداری و ئاگاییش وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانیەتی. تۆ پێویستە خۆت بی، نەک وەک “کۆ” یاخود گشتێتی. خۆت خۆت دروستبکە و هەوڵمەدە کەسانی تر تۆ دروستبکەن. چونکە ئەوان کاتێ تۆ دروستدەکەن، ئەوا بوونێکی کۆپی و سەقەت دێننە ناو کۆمەڵگاوە. بونێک کە ئەوانی تر دروستیان کردووە هەرگیز جێگای پەسندی نابێ.
بەگوێرەی سوکرات، تۆ ئەو کاتە مرۆڤی کە خاوەنی خۆتی. خاوەنی هزر و ئاکاری خۆتی. هەروەها سۆکرات پێمان دەڵێت؛ تاکە یەک کەسیش دەتوانێت
شۆڕشی گەورە بەرپابکات و کاریگەری گەورە جێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی هێزو دەسەڵاتی لەئەوانی ترەوە بۆ بێت. چونکە گەورەترین هێزی و دەسەڵاتی مرۆڤ بریتییە لەو دەسەڵاتەی خۆی لەئاگاییەوە دەستی دەخات.
هیچ کات کارو پۆستێک قبوڵ مەکە کەشکۆی لەشکۆی خۆت باڵاتربێت بۆئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆتی تیادا وننەکرێت. بۆچی دەبێت دەسەڵات و هێز بۆ ئێمە لەبیرو باوەڕو شکۆمەندی و لایەنی ئاکاریمان باڵاترو بەهادارتر بێت! مەگەر کامیان بۆمرۆڤ زیاتر دەمێنێتەوەو هێزی بەردەوامی پێدەدات و دەیناسێنێت.
لەکۆتایدا دەبێژم؛ خۆتبە تەنانەت کەپێوویستی کرد بێ ئەوانیش بیت. وەبەئاگابە خۆت لەدەست نەدەیت، چونکە لەئیستادا هەموو مرۆڤ ئامێرو ئامرازەکان کارکردی ئەوەن لەخۆتت بکەن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە