ئارام قزلەری: یەکێتی، خۆی هۆکاری لاواز بون و شکستەکانیەتی؟ یاخود لایەنەکانی ترو ناحەزەکانی؟
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وە لە بری زیاتر خۆ پتەو کردن و چونە ناو جەماوەرەوە، یاخود گوێبیست و پێژنیارو داواکاری خەڵکی بە ئەمەک و بیرمەندو دڵسۆزەکان بن، بەداخەوە پشتگوێیان خستن و یەکێتی نەیتوانی سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕەشیدانە پەیڕەو بکات و دڵی یەکێتیەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زیاتر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ببێتە هێزی یەکەمی گۆرەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان.
دەتوانین باسی چەن هۆکارێک بکەین کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدراوە؛
1- هەڵەیەکی گەوری یەکێتی ئەوە بوو کە شەهیدانیان کرد بە دوو بەشەوە، ئەویش؛ شەهیدی سەرکردەو شەهیدی ئاسایی. کە ئەمە خۆی لەخۆیدا ئەو پەڕی بێ ڕێزی کردن بوو بە خوێنی پیرۆزی شەهیدان، ئێستا سەرکردە شەهیدەکان لە ژیاندا بونایە ناڕازی دەبون لەو ڕەفتارو سیاسەتە هەڵەیەی کە کراوە لە نێوان شەهیدان و خانەوادەکانیاندا.
پاشان هەستان بە دروستکردنی کۆمەڵێک خانوی شاهانە لەگەرەکی توی مەلیک بۆ شەهیدە سەرکردەکان و دابین کردنی بڕێک موچەی خەیاڵی شەهیدانەو و بەخشینی کۆمڵێک ئیمتیازاتی تر.
تۆ بڵێی شەهیدانی سەرکردە لە فەزایەکی ترەوە دابەزیبن و ڕۆڵەی فەقیرو هەژاریش لە وڵاتێکی ترەوە بە بارمتە هێنرابنە کوردستان و گیانی خۆیان بەخشی بێت.
2- گەورە ترین گورز بۆ یەکێتی چونی خوا لیخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بوو بۆ بەغدای پایتەخت و بون بە سەرۆکی کۆمار. وردە وردە یەکێتی بێکەسی و بێ گەورەیی تیادا بەدی دەکراو، بەرپرسانی باڵای یەکێتیش بە فرسەتیان دەزانی هەر خەریکی خۆدەولەەند کردن و کوتلەو کوتلە کاری بون تا ئەو کاتەی کار گەشتە ئەوەی دژایەتی مام بکەن و لە سکرتێری گشتی لای بەرن، بەلام پلانەکەیان سەرکەوتو نەبوو.
3- هۆکارێکی تر! لە خۆگۆڕان و خۆدەوەڵەمەند کردنی زۆربەی زۆرینەی بەرپرسەکان بوو لە حیزب و حکومەت و پەرلەماندا و دانانی خەڵکانی نەشیاو لە حکومەت و پەرلەمان و جومگە هەستیارەکانی یەکێتدا و لێ نەپرسینەو سزادانیان لەسەر دزی گەندڵی کەمتەر خەمیەکانیان. کە تەنها هەر لە هەڵپەی داگیر کردنی زەوی و ، کرینی ڤێلاو، باخ و ، ئوتومبێلی، گرا نبەهادا بون بۆ خۆیان و منداڵ نەوەکانیان. ئەوەندەی لە خەمی خۆ دەوڵەمەند کردنیاندا بون، هەرگیز بیریان لە یەکێتی و مێژوی ئەو حیزبەو خوێنی شەهیدە نەمرەکانی نەکردەوە.
4- هۆکارێکی تر! نیشتە جێبونی زۆربەی ئەو بەرپرسانەی کەرکوک و خانەقین و هەولێرو گەرمیان و… هتد. بوو لەناو شاری سلێمانیدا و چۆڵکردن و پشتگوێ خستنی ناوچەکانی خۆیان و هاوڕێ و هەڤاڵەکانیان و جەماوەری تێکۆشەری ئەو شارو شارۆچکانە. ئەویش تەنها لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و خۆشگوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان ناوچەکانی خۆیان چۆڵکرد بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەوە زیانێکی گەورە بە یەکێتی دۆزی گەلەکەمان دەگەیەنێت. هەر بەوەشەوە نەوەستانەوە هەموو هێزو تواناشیان خستە گەر لەشاری سلێمانیدا زۆربەی زۆریان بون خاوەنی دەیان ملیون دۆلارو چەندین خانو، ڤێلاو شوقەو، باڵەخانەی بەرزو ، چەندین باخی شاهانە لە سیتەک و مێرگەپان و، تەنانەت بە هەمان شێوی سلێمانیش چیان کردوە لە ناوچەکانی خۆشیان دوبارەیان کردۆتەوە بێ ئەوەی لێشی بژین و کاری سیاسی تیادا بکەن. ئەمەشی بۆیان کراوە زۆربەی بە داهاتی یەکێتی و ئیدارەی گشتی بوە لە سەر خوێنی پیرۆزی شەهیدان و قوربانی و خەباتی ئەو تێکۆشەرانەی کە ئێستا پشت گوێخراون.
5- هۆکارێکی تر! سەرکردەو بەرپرسەکان زۆربەیان دەستیان تێکەڵ کردو بون بە شەریک لەگەڵ زۆربەی بازرگانەکان و وەبەرهێنەرەکانی شارو شارۆچکەکاندا و زۆربەی زۆربەی زۆریان ئەگەر خۆیان خاوەنی باڵەخانەو بازارەکان و سیتیەکان نەبن! زۆر بە دڵنیایەوە پشکی ژێریان هەیە لە هەموو پرۆژەکاندا. نەک هەر خۆیان، بەڵکو مناڵەکانیشیان بە هەمان شێوەی خۆیان بونە بازرگان و خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆر با کەسیشیان باسی بەڵگە نەکەن و خەڵک بەگێل و نەفام نەزانن ئەوە ڕاستیەو خۆشیان لە هەموان باشتر دەزانن کە چەند سود مەند بون و خاوەنی چەند باڵەخانەو کۆمپانیاو سەروەت و سامانی زەبەلاحن.
6- هۆکارێکی تر، جیا بونەوەی ڕەوان شاد کاک نەوشیروان مستەفا بوو بەناوی گۆرانەوە لەگەل کۆمەلێک سەرکردەی تر، ئەوەش ئەنجامەکەی بوو ئەویش هەموی کرد بەقوربانی بەرژەوەندی کورەکانی و دەوڵەمەند بونی چەند سەرکردەیەکی دەورو بەری کە ئەوانیش زۆربەیان تا توانیان خواردیان بردیان و دزیان، کە ئەوەش بوە هۆی ئەوەی کە یەکێتی توشی جیابونەوەو لێکترازان و شکستێکی تر ببێتەوە.
7- هۆکارێکی تر، پاشان کاک دکتۆر بەرهەم هەمان سیناریۆی دوبارە کردەوە لەگەل کۆمەڵێک کەسی تردا لە یەکێتی جیا بونەوەو ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت کردیان و گوتیان لەسەر یەکێتی! دواتر موعەزەز موکەڕەم ئەوانیش گەرانەوە ناو یەکێتی و هەر هەمویان بە پلەی وەزیرو پلەی باڵای حیزبەوە وەرگیرانەوە لە تێکۆشەرە ڕاستەقینەکانی ناو یەکێتی زیاتر ڕێزیان لێگیرا.
8- شێتیان کردین هەتا کۆنگرەی چوار بەسترا، وتمان یەکێتی نوێ دەبێتەوەو گەشە دەکات رزگارمان دەبێت لەدەست گەندەڵی خۆ بەخۆیی، بینیمان دوبارە خراپتر بۆوەو بارو دۆخەکە و کێشە کەوتە نێوان بەڕێزان شێخ لاهورو بافڵ تاڵەبانیەوە! ئەوەش لێکترازانێکی تری دروست کردەوە.
9- دواتر کۆنگرەی پێنچ بەستراو بانگەشەی ئەوەیاندا بە گوێماندا کە تێکدەران و گێرە شێوێنەکان دەرکران و یەکێتی دەکەوێتەوە سەر ڕێگە ڕاستە قینەکەی خۆی. ئێستا یەکێتی بەناو یەک بڕیارەو هیچ گرفتێکی نەماوە بۆتەوە هێزێکی تۆکمەی بەهێزی گۆڕەپانەکەو چیتر ئەوەی لە ڕابردودا ڕوی داوە دوبارە نابێتەوە ئەویش بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەی یەکێتیەکان چاوەڕوانیان دەکرد وا دەرنەچوو، بەڵکو ئەگەر بلێین لە سەردەمی پێشتردا کەسوکاری شەهیدان و، پێشمەرگە دێرینەکان و، زیندانیانی سیاسی و، رێکخستە دێرینەکان و، کادرەکان رێزیان زیاتر لێ دەگیراو حسابیان بۆ دەکرا وەک ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین.
لە پێشتردا هەر نەبێ ئۆرگانەکان و هەندێک لە بەرپرسانی حیزب دەسەلاتدار بون و دەیانتوانی هەندێ کێشەو گرفتی حیزب و ئەندامان و هاولاتیان و خانەوادەی شەهیدان چارە سەر بکەن.
لەوەتەی سەرۆک بافڵ بۆتە سەرۆکی یەکێتی! نە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، نە سەرکردایەتی، تەنانەت نە سەرکردە دێرنەکانیش، نە فەرماندە دێرینەکان و نەهیچ ئۆرگان و کادرێک دەسەڵاتی نەماوەو تەنانەت ناشتوانن سەرۆک بافڵ ببینن، گەر چەندین مانگ لە چاوەڕوانیشدا بن مەگەر بەمەرحەمەتی جەنابی کاک شالاو تا دلی نەرم ببێت و چاوپێکەوتنیان بۆ ساز بکات.
جگە لەو بەرپرسە سەربازی و ئەمنیانەی سەرۆک خۆی مەبەستێتی بیان بینێ، یاخود دەبێت بە سوتفە لەسەر شەقامەکان وەک ( خدری زیندە ) بیبینیت و سەرنج و گلەییەکانتی پێ بلێت، یاخود سەرۆک شەو بێتە خەوت و چاوت پێی بکەوێت ئەوەی مەبەستە بتەوێت پێی بلێیت.
ئەو ئەگەرانەش تەنها خەیاڵە پڵاوە و هیچی تر قسەیەک باوە لە ناو کوردا کە شتێک پێی نەگەیت پێ دەڵێن بەسەری باوکت بە خەویش نایبینی ئێستا سەرۆک وای لێهاتوە.
کۆمەڵێک سەرکردەی دێرینی بەڕێزیش هەن کە بەناو ئەنجومەی باڵای بەرژەوەندیەکانی یەکێتی ناو دەبرێن! بەڵام ئەوانیش هیچ دەسەڵاتێکیان نیەو تەنانەت قسەو بچونەکانیشیان حسابی بۆ ناکرێت، بەڵکو تەنها وەک پەیکەرێکی بێ رۆح سەیر دەکرێن بۆخۆیان باش دەژین و وەک هەولێریان دەڵێن ( هیچ عەیبێکیان نیە لە گۆڕێ ).
واتە بەکورتی و بە پوختی زۆربەی زۆری بەرپرسانی دێرین و نوێ لەناو یەکێتیدا لەمحاویلەوە لای سەرۆک کوژاونەتەوەو ، خوا هەڵناگرێت ئەوانیش بێدەنگیان هەڵبژاردوەو دەستیان گرتوە بە کڵاوەکانیانەوە دیارە ژێر کڵاوەکانیان پڕە لە پرۆژەی بازرگانی و داهات و موڵکی نا شەرعی لە سەر حسابی یەکێتی و هاوڵاتیانی کوردستان، بۆیە ئەوانیش وا بێدەنگ و بێ هەڵوێستن سەری خۆیان کز کردوە. کەواتە ئیتر ئێمە بۆ گلەیی لە لایەنەکانی ترو نەیارانی یەکێتی بکەین، ئەوەی بۆتە هۆکاری لاواز بون و شکست و دروست بونی کەلێن لەناو ڕیزەکانی یەکێتیداو دورکەوتنەوەی تێکۆشەرانی و هاوڵاتیان و دەنگدەرەکانی.
هۆکاری سەرەکی تەنها بەرپرسەکانی و سیاسەتی هەڵەی حیزبەکە خۆی و جێبەجێ نەکردنی ئەو پەیڕەو پرۆگرامەی بووە کە بەردەوام نەبوە لەسەری و کاری پێ نەکردوە کە تەنها بوە بە حیبر لەسەر کاغەز، بۆیە تاوانبارو خەتاکار هەر یەکێتی و زۆرێک لە بەرپرسە نابەر پرسەکانی بوە.