سەركۆ یونس: توندوتیژی ئابوری دژ بە مووچەخۆران.
توندوتیژی ئابوری، بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابورییەکانی کەسێک، بەسەپاندن و سنووردارکردن و بەکارهێنان، یان لەناوبردنیان. ئەم شێوازانە لەخۆ دەگرێت ( سەرچاوەکانی پارە، نەبوونی خۆراک، گواستنەوە و نیشتەجێبوون)
خراپ بەکارهێنانی ئابوری لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی خراپ بەکارهێنان ڕوودەدات. خراپ بەکارهێنانی ئابوری بە گشتی و دەستەبەسەرداگرتنی مووچە و قووتی هاونیشتیمانیان بەتایبەتی چینی مووچەخۆر و فەرمانبەران. جۆرێكە لەجۆرەكانی توندوتیژی ئابوری و دارایی.
دەرئەنجامی كێشەو قەیرانەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، وا نزیك دەبینەوە لە دوو مانگ، مووچەخۆرو فەرمانبەرانی هەرێم مووچەكانیان وەرنەگرتووە. بارودۆخی ئابوری و بژێوی دوو لەسەر سێ ێ هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە.
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەغدا، بە نیشتیمانیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەك پارێزگاكانی تری عێراق و كێشەكەی زیاتر قووڵكردووەتەوە و حكومەتی هەرێم هێشتا بەو بڕیارە ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە و زیاتر جەخت لە پرۆژەی (هەژماری من) دەكاتەوە كە مووچەی پێ بدرێت، بەڵام ئەوەی کە تێبینی دەکرێت دابەشنەکردنی مووچە، فشارێک بێت بۆ ڕازیکردنی بەغدا بە پڕۆژەی هەژماری من.
لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە، بەغدا داوای لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی كرد و حكومەتی هەرێم جگە لە لیستی مووچەخۆرانی سەربازی، سەرجەم لیستەكانی ناردوو و دوای ووردبینیكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بەغدا بڕی (608) ملیار دیناری خستووەتە سەر حسابی حكومەتی هەرێم لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی. ئەمە لەكاتێكدا بەپێی ووتەی وەزیری دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆی مانگانە لەنێوان (300 بۆ 350 ) ملیار دیناردایە.
ڕاگرتن و دەستەبەسەرداگرتنی مووچەو قووتی خەڵكی، بەیەكێك لە جۆرەكانی توندوتیژی ئابوری دادەنرێت كە دەستەڵاتداران پەیڕەوی دەكەن بەئامانجی سەركوتكردنی مووچەخۆران، بەڵام بەداخەوە ئەوەی حكومەتی هەرێم دەیكات ستەمکردنە لە هاونیشتمانیانی كورد زمان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەنیشینانی شارستانی و سەربازی و كەمئەندامان و… هتد.
بابەتی خۆراگری و ئارامگرتنی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم، لەدەرەوەی ئەم قەیرانەدایە. پێمانوایە دەستكردەو قابیلی چارەسەركردنە. لەلایەكی ترەوە باروگوزەرانی مووچەخۆرو فەرمانبەران لەوپەرێ خراپیدایە و هیچ جۆرە داهاتێكی بەردەستی بەدەستەوە نەماوە، كە لەم مانگی ڕەمەزانەدا سەرەڕای ئەوەی خواستی بەكاربەر بەرز و زۆرە، بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ڕۆژانەیان.
دەرئەنجامی دابەشنەكردنی مووچە، بەداتای وەزارەتی دارایی هەرێم، کە خۆی دەبینێتەوە زیاتر لە (900) ملیار دیناری مانگانە. سەرجەم كایەكانی ژیان و بازاڕو بازرگانی و پێدانەوەی قیست و قەرزەكان وەستاون. بەبێ داتا و بەچاوی سەر، دەردەكەوێت جومگەكانی ئابوری لەهەرێمدا بەرەو ئیفلیج بوون دەڕۆن.
نائومێدی و بێ هیوایی خەڵك و مووچەخۆران، لەئێستاو داهاتویان زۆر بووە و ئەوەی خەمی یەكەم و كۆتایی مووچەخۆرو هاوڵاتیانە، تەنها مووچەیە.
* ئابوریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts