دڵشاد حامید دەروێش: کێشەی خراپە – بەشی یەکەم.
خراپە و جۆرەکانی
زیاد لە دوو هەزار ساڵە ڕۆژئاوا بەردەوام سەرقاڵی کێشەی خراپە [The problem of evil] بووە، هەر لە چرکەساتی گەڵاڵەبوونییەوە تاوەکو هەنووکە وەک پرسێکی فەلسەفی و یەزدانناسی [theology] پڕبایەخ دەست و پەنجەی لەتەکدا نەرم کراوە. ئەم دەرگیربوونەی ڕۆژئاوا بە جۆرێکە تەنیا لە نێوان [1960] بۆ [1990] دەوروبەری [4200] توێژینەوە لەبارەی پرسی خراپەوە هاتوونەتەدەرەوە. تەنانەت خۆدان لەم پرسە هەر لە ئاستی دەستەبژێردا نەماوەتەوە، لی ستروبێڵ [Lee Strobel] لە پەرتووکە ناودارەکەیدا [The case of the faith] ڕاپرسییەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو، ڕاپرسییەکە خۆی لەم پرسیارەدا دەبینییەوە، ئەگەر بۆت بلوێت تەنیا یەک پرسیار ئاراستەی خودا بکەیت، پرسیارەکە چی دەبێت؟ لە ڕاپرسییەکەدا پرسیاری [بۆچی ئازار و ناڵین لەم جیهانەدا هەن] بە ڕێژەی لە سەدا حەڤدە پلەی یەکەمی گرتبوو. ئەم سەرقاڵبوونەی لە یۆنانەوە دێت و بە ناو سەدە تاریکەکان و سەردەمی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری و مۆدێرنەدا تێدەپەڕێت و بە ئێستا دەگات، بە دڵنیاییەوە بۆ داهاتووش درێژ دەبێتەوە، چوونکە وەک فەیلەسووفی ئەمەریکی ڕۆناڵد ناش [Ronald Nash] لە شوێنێکی کتێبەکەیدا [Faith and Reason] هێمای بۆ دەکات، گەورەترین ئاڵانگاری لە بەردەم باوەڕبوون بەخودا لە ڕابردوو و ئیستا و داهاتووشدا تەنیا کێشەی خراپەیە.
ئێستا با نیگا بۆ لای خۆمان بگوازینەوە، هەرچەندە ئێمەی کورد لەوان زیاتر گرفتاری خراپەین، کەچی زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێم تەنانەت لەسەر ئاستی دەستەبژێری ڕۆشنبیریش توخنی کێشەی خراپە نەکەوتووین، ڕاستییەکەی ئەمە بۆخۆی پرسیارێکە، بۆچی ئەو هەموو بیماری و بەڵا و نەهامەتییەی لە کورتماوە و درێژماوەدا بەسەر ئەم نەتەوەیەدا هاتوون وا ناکەن ئێمە بەم گرفتەوە خەریک بین. بە بڕوای من دوو هۆکار ئامادەن، هۆکاری یەکەم ئەو گورزەیە ئیسلام بە تایبەت لەو فۆرمەیدا کە نها فۆرمی باڵادەستە، لە ئاوەزی داوە، بە جۆرێک هەرچی کونجکۆڵی و بوێریی و توانستی بیرکردنەوەیە لێی سەندۆتەوە. بەدەر لەمە، هۆیەکی دیکەی ئەم پشتتێکردنە ئەوەیە تاکی کورد تاکی نێو گوتاری مافەکان نییە، گوتاری باڵادەستی ئێرە گوتاری ئەرکەکانە نەوەک مافەکان، لەم بۆتە جوگرافییەدا ئایین و نەتەوە و نیشتمان و ئەوانی دیکە تەنیا ئەرکدارمان دەکەن، حاشاهەڵنەگرە تاکی نیشتەجێی نێو گوتاری مافەکان، هەست بە بوونی خراپە ناکات. دیسان جەخت دەکەمەوە کیشەی خراپە دەستلێنەدراوە، هەڵبەت بەو واتایە نا هیچی لەبارەوە نەنووسراوە، ئێمە چەند توێژەر و نووسەرێکمان هەن کەم تا زۆر خۆیان لە قەرەی کێشەی خراپە داوە، بەڵام زۆرینەیان بە ئاوەزێکی ئالوودە و بارگاوی بە چەندان کەڵکەڵەی ئایینی دەرگیری پرسەکە بوون، ئەمەش لە نووسینەکانیاندا کە زۆربەی گواستنەوەی لایەندارانەی بەشێکە لەو میراتەی لە پەیوەندیدا بەم کێشەیەوە لە ڕۆژئاوا کەڵەکە بووە، بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە.
لەبارەی چییەتی خراپەوە، هەندێک زاراوە هەن ئاسان تێیان دەگەین، وەلێ ئاستەمە پێناسەیان بکەین، بۆ نموونە وشەی گەمە [Game] لە کن فەیلەسووفی نەمسایی لودفيگ ڤتگنشتاین [Ludwig Wittgenstein]، هەرچەندە بە ئاسانی دەتوانین [گەمە] لە کردە و ڕووداوەکانی دیکە جیابکەینەوە، بەڵام زەحمەتە بتوانین بە دابڕاوی لە هەر شتێکی دیکە پێناسەی بکەین، هەمان شت بۆ خراپەش ڕاستە، چەندان پێناسە خراونەتە ڕوو، بەڵام هەریەکەیان بگری کەمووکوڕی خۆی هەیە، بۆیە لە بری پێناسە دەتوانین کۆمەڵێک نموونەی خراپە ڕیز بکەین، هەر لە کارەساتە سروشتییەکانەوە بیگرە تاوەکو دەرد و درم و نەخۆشییە زۆر و زەوەندەکان و تاوانە جۆراو جۆرەکانی مرۆڤ دەرهەق بە یەکتری.
خراپە بە چاوبڕین لە بنەواشەی جودا پۆلێنبەندی کراوە، یەکێ لەو بنەواشانە بریتییە لەوەی ئایە دەستی مرۆڤی تێدایە یاخود نا، لەم گۆشەیەوە خراپەکان بۆ خراپەی سروشتی [Natural Evil] و خراپەی ئاکاری [Moral Evil] پۆلێن دەبن. خراپەی سروشتی پەیوەندی بە ویستی ئازادی بکەرە ئاکارییەکانەوە[Moral Agents] نییە، زەمین لەرزە و زریان و ئاگرکەوتنەوە و بورکان و نەخۆشی و چەندانی دیکە نموونەی ئەم جۆرە خراپەن. هەرچی خراپەی ئاکارییە، تێکڕای ئەو خراپانە دەگرێتەوە کە زادەی خراپ پراوەکردنی ویستی ئازادی بکەرە ئاکارییەکانن وەک ئادەمکوژی و لاقەکردن و دزی و درۆکردن و چەندانی دیکە. جۆن هێک [John Hick] لە کتێبەکەیدا بەناوی خراپە و خوداوەندی ئەڤین [Evil and God of Love] ئەم دوو جۆرەی خراپە زۆر بە سادەیی بەوە لە یەکتری جودا دەکاتەوە کە خراپەی ئاکاری لە ئێمەی مرۆڤەوە دەردەچێت، بەڵام خراپەی سروشتی سەربەخۆ لە کردەی مرۆڤ ڕوودەدەن. ئەم دابەشکردنەی خراپە بۆ سروشتی و مۆڕاڵی بێئەنداز گرنگە، وەک دواتر بۆمانڕووندەبێتەوە ئەگەر باوەڕداران سەرکەوتوو بن لە پاساودانەدەست و بەهانە هێنانەوە بۆ خراپەی ئاکاری، ئەوا بە تەواوی لەم ڕووەوە سەبارەت بە خراپەی سروشتی شکستیان هێناوە، بەوەی خۆیان لە باسکردنی بواردووە، یانژی کەوتوونەتە پوچبێژی و هەندێک پاساوی پڕ بەپێستی واتای وشەکە بێواتایان ڕیز کردووە. دکتۆر [سامي عامري] لە شوێنێکی کتێبەکەیدا [مشكلة الشر ووجود الله، الرد على ابرز شبهات الملاحدة] بێشەرمانە دەنووسێت: [زەمین لەرزە و بورکانەکان لەو شوێنانەدا ڕوودەدەن کە مرۆڤ و ئاژەڵی لێنین]، ئەمە لە کاتێکدا داتاکان پێمان دەڵێن تەنیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە [600.000] منداڵ و گەنج و پیر تەنیا بە زەمین لەرزە مردوون. بێواتاتر لەمە، پێکەوە گرێدانی وشکەساڵی و زەمینلەرزە و لافاو و کارەساتە سروشتییەکانی دیکەیە بە گومڕایی و گوناهەوە، بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتەوە کە هەموو کارەساتە سروشتیی و مرۆییەکان بە گومـڕایی و گوناهی مرۆڤ و دواتریش توڕەبوونی خوداوەندەوە گرێدەدات، ڕۆژئاوا لەم ڕووەوە هەنگاوی مەزنی ناوە، لە بەرواری [1]ـی نۆڤەمبەری ساڵی [1755]ـدا زەمین لەرزەیەکی بەگوڕ شاری لشبۆنە دەهەژێنێت، جگە لەو گەڕەکەی خراپەکاری تیدا دەکرا، بە نزیکەیی تەواوی ئەم شارە باوەڕدارنشینەی کاول کرد، ئەم کارەساتە لە لایەن زۆرێک لە فەیلەسووفان و هزرمەندانەوە بە مەبەستی دەمکوتکردنی ئەو باوەڕدارانەی کارەساتە سروشتییەکانیان بە سزای خوداوەند ڕاڤە دەکرد، هەڵگیرایەوە. دەکرێت لەمەدا پەنجە بۆ گەورە فەیلەسوفی فەڕەنسی ڤۆڵتێر ڕابکیشین، ئەو دوای کارەساتەکە هۆنراوەیەکی کاریگەی بۆ داناوە، چوار ساڵ دواتریش لە شاکاری [کاندید]ـدا وەک پاساوێک لە دژی پڕۆژە تیۆدیسییەکەی لایبنتز کەڵکی لێ وەرگرتووە.
زۆربەی ئەوانەی لە کایەی خراپەدا نووسیویانە، باسیان لە جۆرێک خراپە کردووە بە ناوی خراپەی بێفەڕ [Gratuitous]، ووشەی [Gratuitous]ـی ئینگلیزی کۆمەڵێ واتا دەگەیەنێت، لەوانە بە خۆڕایی، مفت، بێهۆ، بێبەرانبەر و چەندانی دیکە، لەم بەستێنەی ئێمەدا وشەی بێفەڕ کتوومت واتاکەی بە دەستەوە دەدات. خراپەی بێفەڕ ئەو خراپەیە چاو لە بەدیهێنانی ئامانجێکی چاک نابڕێت، ولیام ڕۆ [William Rowe] بەو خراپە پێناسەی دەکات کە چاکەیەکی بە قەد خۆی یاخود زیاتر بەدوای خۆیدا ناهێنێت، مردنی منداڵان بە نەخۆشی یانژی لە برساندا دەچنە ژێر چەتری ئەم ناونیشانەوە. لەپاڵ خراپەی بێفەڕدا خراپەگەلێکی بەفەڕ هەن، ئەمانە لە خودی خۆیاندا خراپەن، بەڵام لە ڕاژەی ئامانجێکی باڵادان، ڕەنگە توڕەبوونی دایبابان لە زارۆکەکانیان بە مەبەستی تەمبێکردن و ئاراستەکردنیان بە ڕێگەیەکی دروستدا باشترین نموونە بێت. هەڵبەت هزرمەند و فەیلەسووف و توێژەران خراپەی بەفەڕیشیان بەر ڕووناکی داوە، بەڵام وەک دواتر بۆمان دەردەکەوێت ئەوە خراپەی بێفەڕە دەبێتە بەردە خڕەی نێو دیواری باوەڕبوون بەو خودایەی لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا وێنا کراوە.
جگە لەم چوار جۆرە، باس لە هەندێک جۆری دیکە کراوە، لەوانە خراپەی میتافیزیکی و خراپەی قەدەخەکراو و خراپەی سایکۆلۆجی. فەیلەسوفی ئەڵمانی گۆتفرید لایبنتز لە شاکارەکەیدا بە ناوی [Theodicy] باس لە سێ جۆری خراپە دەکات، میتافیزیکی و فیزیکی و مۆڕاڵی، خراپەی مۆڕاڵی یاخود ئاکاریمان باسکرد، خراپەی فیزیکیش کتومت ئەوەیە ئێمە بە خراپەی سروشتی ناودێرمان کردووە، سەبارەت بە خراپەی میتافیزیکی، بە بڕوای لایبنیتز و شوێنپێهەڵگرانی تەنیا خودا تەواوکۆیە، ئەمەش خۆ بەخۆ واتای ئەوە دەگەیەنێت ناتەواوییەکی میتافیزیکی بە ناچاری لە هەموو ئافرێندراوەکانیدا ئامادەیە، چوونکە ئەگەر وا نەبێت جیاوازی نێوان ئافرێنەر و ئافرێنراو نامێنێت. خراپە قەدەخەکراوەکان ئەوانەن ئەندامانی جڤاتێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا لەسەر قەدەخەکردنی ڕێکدەکەون، واتە ئەم کردانە لە خودی خۆیاندا خراپە نین، وەلێ بە هۆی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییەوە کەوڵی خراپەیان بە بەردا کراوە. مەبەستمان لە خراپە سایکۆلۆگییەکانیش ترس و خەمۆکی و ئەوانی دیکەن.
ماوەتەوە بڵێم زۆرجار خراپەیەک بهەڤڕا لەتەک خراپەکانی دیکە دەتوانێت کاریگەری و باندۆر هەبێت. با نموونەی تووشبوون بە فایرۆسی کۆرۆنا بهێنینەوە. لە یەکەم نیگادا وادەردەکەوێت تەنیا خراپەیەکی سروشتییە، وەلێ بە قوڵبوونەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە سێ جۆری خراپە ئاراییان هەیە. یەکەم خراپەی میتافیزیکی، ئەم خراپەیە لە بەستێنی نموونەکەی ئێمەدا قابیلییەتی جەستەی ئێمە بۆ نەخۆشکەوتن. دووەم خراپەی سروشتی، ئەمەیان بریتییە لەو فایرۆسەی دێتە نێو جەستەمانەوە. سێیەم ئاکاری، کە خۆی لە خۆنەپاراستن و نەبەستنی دەمامک و بنپێخستنی ڕێنماییە تەندروستییەکاندا دەبینێتەوە.
ئایە خراپە بوونێکی دەرەکییانەی هـەیـــە؟
هێڵێکی تیۆلۆجی و فەلسەفیی کە لە ڕووی ڕیشەدۆزییەوە ئاخێزگەکەی ئایینی هیندۆسییە، بە درێژایی مێژوو نکۆڵی لە بوونی ئۆبژەکتیڤانەی خراپە کردووە و بە چــــەوتەوێنە و شتێکی ســـــۆبژەکتیــــڤی داناوە. سپینۆزا و ماری بەیکەر ئیدی و ئیمیلی کیدی و ئەرنست هۆڵمز دیارترینی ئەو فەیلەسووف و نووسەرانەن لەسەر ئەم هێڵە کاریان کردووە. ئاشکرایە بیرکردنەوەی فەلسەفی سپینۆزا پانتیزمییانەیە، پانتیزم [Pantheism] لە هەردوو وشەی یۆنانی [pan] و [Theos] پێکهاتووە، یەکەمیان بەواتای [هەموو] دێت و دووەمیشیان واتای [خودا]دەگەیەنێت، پێکەوەش دەبنە [خودا هەمووە] یانژی [هەموو خودایە]. پانتیزم ڕەوتێکی تیۆلۆگی و فەلسەفییەیە خودا بە هەموو شتێک دادەنێت، هەبووەکان لە بوونی خودا جودا ناکاتەوە. بۆ سپینۆزا، ئەوەی هەیە لە نێو خودا یانژی لە نێو جەوهەردایە، ئەگەر خراپە ئۆبژەکتیڤانە هەبێت، بەناچاری دەبێت بڵێین خراپە بەشێکە لە بوونی خودا، ئەمەش ناکۆکە لەتەک ئەوەی خودا جوانترین و بەهێزترین و چاکترین هەبووە. بۆیە نابێت لە نێو ئەم چنینە فەلسەفییەی سپینۆزادا خراپە بوونێکی ئۆبژێکتیڤانە و دەرەکی هەبێت، بەو واتایەی پێویستە خراپە تەنیا لە پەیوەندیدا بە مرۆڤەوە خۆی گەڵاڵە بکات. سپینۆزا لە [Short Treatise on God]دا جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە دەکاتەوە و دەنووسێت: [هەندێک شت لە تێگەیشتنی ئێمەدا هەن نەک لە سروشتدا، ئەمانە دروستکراوی خۆمانن …… هەموو پەیوەندییەکان ….. دەچنە ئەم خانەیەوە. بەمانە دەڵێین شتە ئاوەزییەکانـ(Entia Rationis)، نها پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا چاکە و خراپە سەر بە(Entia Rationis)ـن یان سەربە شتە ڕاستەقینەکانـ(Entia Realia)ـن. بەو پێیەی چاکە و خراپە تەنها پەیوەندین، بێگومانە دەبێ لە نێو (Entia Rationis)کاندا دایان بنێین؛ چونکە هەرگیز ناڵێین شتێک باشە تەنها بە ئاماژەدان بە شتێکی تر نەبێت کە ئەوەندە باش نییە. . .]. چەند دێڕێک دواتر جارێکی دووپاتی دەکاتەوە و دەبێژێت:[هەموو ئەو شتانەی لە سروشتدان، یان شتن یان کردارن. ئێستا چاکە و خراپە نە شتن و نە کردارن. بۆیە چاکە و خراپە لە سروشتدا بوونیان نییە]. کەواتە شتەکان لە خودای خۆیاندا باش یان خراپ نین، چاکەیەک خراپەیە وەختایەک ڕێگری لە چاکەیەکی مەزنتر دەکات، بە پێچەوانەشەوە خراپەیەک چاکەیە ئەگەر هاتوو بووە لەمپەر لەبەردەم خراپەیەکی گەورەتردا، بە بی بەراورد کردنی بە کەسێکی خراپ، هەرگیز ناکرێت کەسێک بە چاکە پەسن بکەین. ڕاستییەکەی نەک تەنیا لە کن سپینۆزا، بەڵکو لە چێوەی هەموو ئەو بزوتنەوانەی بڕوایان بە پانتیزم هەیە، شوێنێک بۆ چاکە وخراپەی دەرەکی نییە، گیرسانەوە بە بیرۆکەی ڕێژەییبوون و زەینیبوونی خراپە، یەکێکە لە دەرەنجامەکانی وەرگرتنی پانتیزم. سەردەمی نوێ [The New Age] کە بزاوتێکی ڕۆحانییە و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت. چوونکە پانتیزم یەکێک بوو لە کۆڵەکە هزرییەکانی، ئەمانیش نکۆڵییان لە چاکە و خراپەی رەها دەکرد. ئەوەتا یەکێک لە فیگۆرە دیارەکانی بەناوی [دایڤد سبانجلر] لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی] The Revelation, The birth of a new age] دەڵێت ئاکاری ئەم بزوتنەوەیە: [لەسەر بنەمای … دوانەیی تێگەی جاکە و خراپە بونیاد نەنراوە].
بە هەمان شێوەی سپینۆزا، ماری بەیکەر ئیدی و ئیمیلی کیدی و ئەرنست هۆڵمز و چەندانی دیکە خراپە وەک ڕاستییەکی دەرەکی نابینن؛ ماری بەیکەر ئیدی [1821- 1910] دامەزرێنەری زانستی مەسیحی [Christian Science]، لە کتێبی [miscellaneous writings]ـدا دەبێژێت: [خاڵی بنجی لە زانستی مەسیحیدا ئەوەیە ئەستوو، خراپە- لە نێویدا ناهاڕمۆنیی و گوناهـ و نەخۆشی و مەرگ- ڕاست نین]. ئیمیلی کیدی [1848- 1941]ـش شوێن پێی ماری بەیکەر ئیدی هەڵدەگرێت و دەنووسێت: [ئازار و نەخۆشی و نەداری و بەساڵاچوون و مەرگ دەسەڵاتیان بە سەرمدا نییە، چوونکە ڕاست نین]. [بڕوانە: Lessons in Truth: A Course of Twelve Lessons in Practical Christianity]. بەهەمان شێوە، نووسەری ئەمەریکی ئەرنست هۆڵمز [1887- 1960] پەیوەندییەکی تەنگاتەنگ لە نێوان زانین و خراپەدا چێ دەکات، لە کتێبەکەیدا [What Religious Science Teaches: A New Thought Primer] بانگەشەی ئەوە دەکات خراپە بوونێکی ڕاستەقینەی نییە و نەزانین بەرهەمی دەهێنێت.
بە بڕوای بنووسی ئەم دێڕانە ئەم بۆچوونە بەرەو شوێنێکی سامناکمان دەبات، ئەگەر خراپە چەوتەوێنە بێت بۆچی بەرسڤی بدەینەوە؟ بۆ شەوان دەرگای ماڵەکانمان دابخەین؟ بۆچی پشتێنی سەلامەتی ببەستین؟ بۆ ڕێگری لەو زارۆکە بکەین بەتەمایە دەست بۆ ئاگرێ بەرێ؟ بۆ بچینە لای دکتۆر ئەگەر نەخۆشی پێچوێنە بێت؟ خودی ماری بەیکەر ئیدی ماوەیەک لە ژێر چاودێری پزیشکی چڕدا ژیاوە، چەندان ددانی هەڵکێشاون، چاویلکەی لە چاو کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەم نهیلیزمە شوێنێکی لەبارە بۆ ونکردن و شاردنەوەی بەرپرسیارێتی، ئاخر لەم ڕەوتەدا وشەکانی تاوانبار و قوربانی واتاکانی خۆیان لە دەست دەدەن، دێوانەییە ئادەمکوژی و دزی و لاقەکردن بە پێچوێنە بزانیت، کەچی لەو لاشەوە بکەرانی قوڵبەست بکەیت و ڕاپێچی دادگایان بکەیت. لەوەش بترازێت چەوتەوێنەی خراپەش هەر خراپەیە، ئەگەر هەووکردنی دەماری ددانەکانمان چەوتەوێنەش بێت، دواجار ئێمە بە ئازارەکەیەوە گینگڵ دەخۆین. ئیتر لەم شوێنەوە لە جیاتی خراپە، سەروکارمان لەتەک کێشەی چەوتەوێنەی خراپەدا دەبێت، واتە لەبری ئەوەی بڵێین بۆچی خراپە هەیە، ئەوکات دەڵیین، بۆچی پێچوێنەی خراپە بوونی هەیە؟ بۆ خودا لە ناوی نابات؟ مەگەر لە ناوبردنی پێچوێنەی شتێک ئاسانتر و سادەتر نییە لە لەناوبردنی خودی شتەکە؟ هەموو ئەوانەی باسمان کرد دەمانگەیەنێتە ئەوەی بڵێین ڕەتکردنەوەی ڕیشەی ئۆنتۆلۆژی جگە لەوەی چەندان پارادۆکسی لە هەناوگرتووە، دەشمانخاتە بەردەم کۆمەڵێ ئەنجامگیری ترسناکەوە.