دڵشاد حامید دەروێش: کێشەی خراپە – بەشی دووەم.
لە کوێدا خراپە دەبێتە کێشە؟
بوونی خراپە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بوونی خراپە و بوونی کێشەی خراپە دوو شتی جیاوازن، ئەو خراپەیەی ئۆبژەکتیڤانە لە دەرەوەڕا ئامادەیە، لە هەموو کۆنتێکستەکاندا ناتوانین بە کێشە لە قەڵەمی بدەین، بۆ خودا ناباوەڕێک [Atheism] خراپە کێشەیەکی لۆژیکیی [Logical Problem] نییە، ئەو بڕوای بە بوونی خودا نییە، چوونکە وەک دواتر ڕوونی دەکەینەوە، خراپە وەک گرفتێکی لۆژیکی زادەی کۆکردنەوەی خراپە و خودایە بەو خەسڵەتانەی ئایینە ئیبراهیمییەکان پاڵ خودای دەدەن. بوونی خراپە لە ڕەوتی خودا ناباوەڕیدا نەک هەر بۆ گرفتێکی لۆژیکی سەرناکێشێت، بەڵکو دەبێتە بەڵگەیەکی بەهێزیش دژی بوونی خودا. مایکڵ ڕوس لە دیبەیتەکەیدا لەتەک بانگخوازی کریستییانی فزیل رانا [Fazzale Rana] ئاماژە بەوە دەکات لەبەر یەک هۆکار بڕوا بەخودا ناهێنێت، هۆکارەکەش بوونی خراپەیە. هەروەها لە دیبەیتێکدا لەتەک ولیام لین کریگ، فەیلەسووفی ئەمەریکی مایکڵ تولی دەڵێت: ئارگومێنتی سەرەکی خودا ناباوەڕی بریتییە لە خراپە. بە هەمان شێوە خودا ناباوەڕی بەڕیتانی ستیڤن لاو [Stephen Law] لە دیبەیتەکەیدا لە تەک کریگدا، هێما بۆ ئەوە دەکات بە تەنیا بوونی خراپە بۆ نکۆڵیکردن لە خودا، کافییە. خراپە لە خوداباوەڕیدا [Theism] و تایبەت لە فۆڕمی یەکتاپەرستی [Monotheism]دا بە زەقی دەبێتە کێشە، [Monotheism] لە پێشگری [mono] بەواتای [یەک] و وشەی [theos] بەواتای [خودا] پێکهاتووە. لە یەزدانناسیشدا یەکتاپەرستی زۆر بەسادەیی باوەڕهێنانە بە تاکە خودایەک، تاکە ئافرێنەرێک، تاکە پەرستراوێک؛ بڕوادارییە بە ڕاستیی پڕۆپۆزیشنی نازانستی [تاکە خودایەک هەیە].
یەکتاپەرستە ئەرسۆدۆکسەکان سێ خەسڵەتەن بە خوداوە دەلکێنن، کیشەی خراپەیش دەرهاویشتەی بارکردنی خودایە بەم سێ خەسڵەتە:
1- خودا زانای ڕەهــــــــــــــــایە [Omniscience].
2- خـــــــــودا توانامەندی ڕەهایە [Omnipotent].
3- خودا چاکەخوازی ڕەهایە [Omnibenevolent].
کەواتە پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژییانەی کێشەی خراپە بڕوادارییە بە بوونی خودایەکی زانا و توانامەند و چاکەخوازی ڕەها، هەڵگرتن و لادانی هەرکام لەم خەسڵەتانە، دەبێتە هۆی نەمانی کێشەی خراپە، چوونکە بوونی خودایەک کە بەڕەهایی زانا یاخود توانامەند یانژی چاکەخواز نییە، بە بێ ئەوەی بمانخاتە نێو پارادۆکسێکی لۆژیکییەوە، دەتوانین لەتەک بوونی خراپەدا کۆیبکەینەوە، هەروەتر بوونی خراپە نابێتە بەڵگەی نەبوونی خودایەکی لەم چەشنە. کەواتە نکۆڵیکردن لە کەماڵیی یەزدان، ڕێگەیەکی قوتاربوونە لە کێشەی خراپە، بۆیە بە پێجەوانەی ئۆگەستین و ئەکوایناس و کاڵڤنەوە، نووسەرە نوێیەکان بە لێدان لە کەماڵیی خودا و سنووردارکردنی زانایی و توانامەندی و چاکەخوازییەکەی پاساو بۆ خراپە دەهیننەوە. دیارترینی ئەو نووسەرانەی کێشەی خراپە بە دەستکاریکردنی وێنا کڵاسیکییەکەی خوداوەند چارەسەر دەکات هاڕۆڵد کۆشنەرە [1935ز لەدایک بووە]. ئەم حاخامە لە کتێبەکەیدا بە ناونیشــــــــانی: [[When Bad Things Happen to Good People بانگەشەی ئەوە دەکات ڕاستە خودا بە ڕەهایی چاکەخوازە، وەلێ توانامەندی ڕەها نییە. هەڵبەت سنوورداێتی و ڕەهانەبوونی خودا لە زیاد لە دەقێکی ئایینیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوەتا لە پەرتووکی پەیدابووندا هاتووە: [یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی درووستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو، ئیتر یەزدان فەرمووی مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەڕووی زەوی درووستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چوونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە درووستم کردوون]. لەم دەقەدا خودا زانای ڕەها نییە، ئەو پیشبینی ئەو هەموو خراپەکارییەی نەکردووە، لەو ئەندازیارە دەچێت پەی بە وردەکاریی و خاڵە لاوازەکانی تەلارەکەی نەبردووە، بۆیە بڕیاری خاپوورکردنی دەدات. لەتەک ئەمەدا، خودا لەم دەقەدا توانامەندی ڕەهاش نییە، چوونکە لە لە سڕینەوەی خراپەکاریی و بەدکارییدا نشوستی هێناوە، جگە لە ژێرەو ژوورکردنی جیهان، هیچی دیکەی لە دەست نایەت. سەبارەت بە چاکەخوازی ڕەهاش، بە دڵنیاییەوە لە چیرۆکی تۆفان و چەندان چیرۆکی دیکەدا، خوداوەند نەک چاکەخواز نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژە، هەر کە تووڕە دەبێت، هەمووان بە تاوانبار و بێتاوانەوە، بە ژن و پیاوەوە، بە پیر و لاو و منداڵی نێو لانکەوە، لە نێودەبات، کورد واتەنی تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت.
پێشمەرجێکی دیکەی کێشەی خراپە ئامادەگیی دیدێکی ئۆبژەکتیڤانەیە بۆ چاکە و خراپە، بۆ ستەم و دادپەروەری. لە دیالۆگی یوتیفرۆنی ئەفڵاتۆندا سۆکرات پرسیارێکی بێئەنداز گرنگ دەوروژێنێت، پرسیارەکە ئەمەیە؛ ئایە کردەکان تەقوان لەبەر ئەوەی خودا ئەو کردانەی خۆشدەوێت، یانژی خودا ئەو کردانەی خۆشدەوێن، چوونکە لە خودای خۆیاندا تەقوان. ئەگەر ئەم پرسیارە بخەینە نێو بەستێنی باسەکەی خۆمانەوە دەڵێین: ئایە کارەکانمان دادپەروەرانەن لەبەر ئەوەی خوداوەند پەسەندیان دەکات، یان خودا پەسەندیان دەکات، چوونکە دادپەروەرن، دەتوانین سادەتر ئەم پرسیارە بخەینە ڕوو، ئایە کردەکان خودی خۆیان بە شێوەیەکی دەرەکی و ئۆبژەکتیڤانە دادپەروەرن، یانژی ویستی یەزدان خەسڵەتی دادپەروەرییان بەسەردا دەبڕێت؟ لە حاڵەتی یەکەمدا دادپەروەری شتێکە لەدەرەوەی ویستی خوداوەند، بەڵام لە دووەمدا دادپەروەری لە خودی خوداوەندەوە دەردەچێت. لێرەدا ناتوانین ئەندێشەی نادادپەروەربوونی خودا بکەین. جوونکە وەک ووتمان، دادپەرەری بوونی دەرەکییانە و ئۆبژەکتیڤانەی خۆی لە دەست دەدات. کەواتە بۆ ئەوەی خراپە ببێتە کێشە دەبێت ئەم سێ مەرجە بهەڤرا هەبن:
یەکەم/ یەکتاپەرستی، وەک پیشتر ڕوونمان کردەوە، لە بەستێنی خوداناباوەڕیدا خراپە نابێتە کێشە، جگە لە یەکتاپەرستیش لە فۆرمەکانی دیکەی خوداباوەڕیشدا زەحمەتە خراپە بە کێشە لەقەڵەم بدەین.
دووەم/ بوونی خوداوەندێک بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەر سێ خەسڵەتی زانایی ڕەها و توانامەندی ڕەها و چاکەخوازی ڕەها لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
سێیەم/ بڕوابوون بە بوونی ئۆبژەکتیڤانەی چاکە و خراپە، دادپەروەری و ستەم، جوانی و ناشرینی سەربەخۆ لە ویستی خودا.
کێشەی لۆژیکیی خراپە
فەیلەسووفی مەزنی سکۆتلەندی دایڤد هیوم لە [dialogues concerning natural religion]دا دەنووسێت: [پرسیارە لەمێژەکەی ئەپیکۆر تاوەکو ئێستا هەر بێ وەڵامە: ئایە خودا دەیەوێت خراپە لەنێوبەرێت بەڵام ناتوانێت؟ کەواتە بێدەسەڵاتە. ئایە دەتوانێت، بەڵام نایەوێت؟ کەواتە کیناوییە. ئایە دەیەوێت و دەشتوانێت؟ کەواتە خراپە لە کوێوە دێت؟] وەک دەردەکەوێت هیۆم پارادۆکسێک دەداتە پاڵ ئۆپیکۆر، ئەم پارادۆکسە کە لە فەلسەفەدا بە [پارادۆکسی ئۆپیکۆر] دەناسرێت، بە شێوەی جۆراوجۆر خراوەتە ڕوو، بەڵام لە هەموویاندا پەی بەو ناتەبایی و دژیەکییە دەبەین کە بوونی خراپە بۆ خودایەکی خێرخواز و توانامەندی درووست دەکات. کەواتە کۆکردنەوەی بوونی خراپە لەتەک هەندێک بەیانکردن [statement]دا هەڵەیەکی لۆجیکی چێ دەکات، هەڵەکە بریتییە لە هەڵەی ناتەبایی [Inconsistency]، بۆ نموونە کە دەڵێم: [هەموو هەڤاڵەکانم ڕۆیشتن بۆ هەندەران] و [هەندێک لە هەڤاڵەکانم لە کوردستانن] من کەوتوومەتە نێو هەڵەی ناتەباییەوە. ئاخر نابێت ئەم دوو بەیانکردنە هەردووکیان ڕاســــــت بن. جـــــــــۆن لیزلی ماکی J. L. Mackie لە کتێبی [EVIL AND OMNIPOTENCE] دا دەنووسێت: [کێشەکە لە سادەترین شێوەیدا بریتییە لەمە: خودا توانامەندی ڕەهایە، خودا چاکەخوازی ڕەهایە، وێڕای ئەمە خراپە هەیە،وادەردەکەویت دژیەکی لە نێوان ئەم سێ گریمانەیەدا هەیە، ئەگەر دووانیان ڕاست بن، سێیەمیان هەڵەیە]. کەواتە کرۆکی کێشەکە بریتییە لە دژیەکی نێوان ئەم بانگەشانەی ڕیزیان دەکەین:
1) خودا توانامەندی ڕەهایە.
2) خودا خێرخوازی ڕەهایە.
3) خراپە هەیە.
شایانی هێما بۆ کردنە لە دیدی ماکییەوە، بۆ ئەوەی خاڵەکانی [1 و2 و3] ناتەبا بن، پێویستە دوو گریمانەیان بۆ زیاد بکەین؛
یەکەمیان/ پەیوەستە بە خەسڵەتی خێرخوازیییەوە و دووەمیشیان/ بە توانامەندیییەوە، گریمانەی یەکەم بریتییە لەوەی هەبوویەک خێرخوازی ڕەها بێت، هەوڵی نەهێشتنی خراپە دەدات؛ دووەمیش هەبوویەکی خاوەن توانامەندی ڕەها، دەتوانێت هەموو شتێک بکات. ماکی باوەڕی وایە ئەم پێنج خاڵە:
1- خودا هەیە.
2- خودا توانامەندی ڕەهایە.
3- هەبوویەک خاوەن توانامەندی ڕەها بێت، هەموو شتێک دەکات.
4- خودا خێرخوازی ڕەهایە.
5- هەبوویەک خێرخوازی ڕەها بێت، بە گوێرەی توانا هەوڵی نەهێشتنی خراپە دەدات.
خاڵی شەشەم بەدوای خۆیاندا دەهێنن کە بریتییە لە:
6- خراپە بوونی نییە.
بەڵام بە دڵنیاییەوە خاڵی [6] هەڵەیە. کەواتە دژیەکی دەکەوێتە نێوان خاڵەکانەوە. هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی ئەم دژیەکییە بە دوو ئاراستەدا ڕۆیشتوون، یەکەمیان یەکێک لە خاڵەکان لادەبات، ئاراستەکەی دیکەش دژیەکییەکە بە زیادکردنی خاڵێکی دیکە ناهێڵێت. لە ئاراستەی یەکەمدا هاڕۆڵد کۆشنەرمان هەیە، پێشتر باسمان کرد کە کۆشنەر بڕوای بە توانامەندی ڕەهای خوداوەند نییە، لە دیدگای وییەوە خودا دەیەوێت کۆتایی بە خراپە بهێنێت، بەڵام ناتوانێت. ئاراستەی دووەم بە تێخزاندنی مەرجی نەبووی هۆیەک تەباییەک لەنێوان خاڵەکاندا چێدەکەن. ڕوونتر، بوونی خوایەکی توانامەند و خێرخواز لەتەک بوونی شەڕدا دژیەک نییە ئەگەر هۆیەک ئارابێت. بۆ نموونە کەسێک ئازاری زارۆکی ناسیاوێکت دەدات، ناسیاوەکەت ئاگادارە، دەسەڵات و خواستی ڕێگریشی هەیە، بەڵام ڕێگری ناکات؛ هەڵوێستی ناسیاوەکەت جێی پلار و تانووت نییە ئەگەر کەسە ئازاردەرەکە پزیشک بێت و بە نیازی چارەسەری نەخۆشییەکەی ئازاری منداڵەکە بدات. بە پێچەوانەوە، ئەگەر پزیشک نەبێت، حەقتە گومان لە چاکی یاخود توانای ناسیاوەکەت بکەیت، چوونکە ڕێگەپێدانەکەی پاڵپشت بە هۆیەک نییە. بابزانین بۆچی خودا ڕێگە دەدات هەر دە چرکە و منداڵێک لە برساندا بمرێت؟ یاخود بۆچی خودا بەتەنگی چوار سەد هەزار منداڵی خوار پێنج ساڵەوە نایات کە ساڵانە توشی شێرپەنجە دەبن؟ وەڵامەکان زۆر و زەوەندن، ئێمە لێرەدا تەنیا بۆچوونەکانی فەیلەسووفی ئەمەریکی ئیلڤین پلانتینجا Alvin Carl Plantinga بەسەر دەکەینەوە. بەر لەوەی باسی هۆکارەکە بکەم، پێم باشە سەرپێیانە بۆچوونێکی پلانتینجا لەبارەی دژیەکی نێوان خاڵەکانی [1و2و3] بخەمە ڕوو. پلانتینجا لەو بڕوایەدایە کە لایەنگرانی کێشەی خراپە لە سەلماندنی دژیەکییەکەدا شکستیان هێناوە. وەک باسمان کرد ماکی پەی بە کەلێنێک بردبوو، بۆیە دوو گریمانەی بۆ خاڵەکانی [1و2و3] زیاد کرد. پلانتینجاش وەک ماکی پەی بە بوونی کەلێنێک دەبات، وەلێ کەلێنێکی پڕنەکراوە، لە دیدی وییەوە لایەنگرانی کێشەی خراپە نەک تەنیا نەیانتوانیوە دژیەکییەکە بسەلمێنن، بەڵکو لە داهاتووشدا ئاستەمە دژیەکییەک بخرێتە ڕوو. هاوڕا لەتەک پلانتینجا و توێژەرگەلێکی دیکەدا، منیش پێموایە ئەگەر بە وردی سەرنجی گریمانەکان بکەین، دژیەکییەکی ڕاشکاو لە نێوانیاندا نابینین. سەرهەڵدانی دژیەکی پێویستی بە زیادکردنی گریمانەیەکی لەم شێوەیەیە کە ئێمە بە ناوی گریمانەی [س]ـی لێدەنێین: خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها بەهانەیەکی بۆ ڕێگەدان بە خراپە نییە. بەڵام پرسیارێک لێرەدا قوتدەبێتەوە، ئایە دەتوانین گریمانەی [س] بەسەر بڕواداراندا بسەپێنین؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، ناتوانین بڕواداران ناچار بکەین بەوەی بڕوا بە گریمانەیەکی لەو جۆرە بهێنن. بە کورتی لە پێواری گریمانەی [س]دا دژیەکییەک لە گۆڕێدا نییە، ناشتوانین وەک گریمانەکانی بوونی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها، ئەم گریمانەیە بەسەر بڕواداراندا بسەپێنین. پاش سەلماندنی شکستی لایەنگرانی کێشەی خراپە لە دۆزینەوەی هەر جۆرە دژیەکییەکدا، بە پێشکەشکردنی هۆیەک پلانتینجا لە قۆناغی بەرگرییەوە پێدەنێتە نێو قۆناغی هێرشبردنەوە، هۆیەکەش لای پلانتینجا ئازادی ویستە. من دەتوانم چاکە و خراپە بکەم، من ئازادم، ئەگەر خودا وای کردبا تەنیا چاکە بکەم، ئەوا ئازاد نەدەبووم. واتە لەنێوبردنی خراپە بۆ نەهێشتنی ئازادی ویست کە چاکەیەکی مەزنترە، سەری دەکیشا. کەواتە دژیەکی نێوان خاڵەکانی [1 و 2 و 3] بە زیادکردنی خاڵێکی لەم چەشنە نامێنێت: ئاستەمە خودا جیهانێکی خاڵی لە خراپە بئافرێنێت و ویستی ئازادیشی تێدابێت. وەکچلۆن خودا ناتوانێت سێگۆشەیەکی چوارلا، یانژی چوارلایەکی خڕ چێبکات، بەهەمان شێوە ناتوانێت جیهانێک بئافرێنێت هەم ویستی ئازادی تێدابێت، هەمیش لە خراپە خاڵی بێت. بەم واتایە لای پلانتینجا مرۆڤەکان ئازادن، مادام ئازادن بەرپرسیارن، بۆ چاکە پاداشت و بۆ خراپەش سزا هەیە.
لەم بەستینەدا ماکی بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش و تاڕادەیەکیش مشتومڕهەڵگر پێشکەس دەکات و دەنووسێت: [ئەگەر خوداوەند توانستی ئافراندنی کەسانێکی هەبێت کە بە ویستی ئازادانەی خۆیان هەندێک جار پەسەندی چاکە دەکەن و هەندێک جاری دیکە خراپە، بۆچی نەیتوانی مــــرۆڤێک درووســــــتبکات کە هەمیشە چـــاکە هەڵبژێرێت؟] [EVIL AND OMNIPOTENCE]. ڕەنگە ڕەوتەنیانە بڵێین بۆچوونەکەی ماکی دژیەکی لە هەناو دەگرێت، چوونکە پێشوەختە هەڵبژاردنی چاکە بڕیاری لێدراوە، بۆیە باسکردنی ئازادی ویست لەم تەرزە بیرکردنەوەیەدا بێواتایە. جگە لەوەش تێزەکەی ماکی لێدانە لە زۆر چەمک و تێگەی دیکە، بۆ نموونە ناتوانین سوپاسگوزاری کەسێک بین کە ناچارە چاکە بکات، ئەسڵەن خودی چاکە لەم پانتاییە فیکریەدا بەتاڵ و بۆش دەردەکەوێت. هەموو ئەمانە ڕاستن، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر ورد سەرنجی تێزەکەی ماکی بدەین، بۆمان دەردەکەوێت دەرگا بەسەر ڕەخنەکارییەک بێئەنداز گرنگدا دەکاتەوە. ئاشکرایە ئایینە ئیبراهیمییەکان وێنای بەهەشتیان وەک شوێنێکی خاڵی لە خراپە کێشاوە، ئەمەش واتای ئازاد نەبوونی بەهەشتییان دەگەیەنێت. ئەگەریش ئەم دیدە قبوڵ نەکەین و ویستی ئازاد ببەخشینە بەهەشتییەکان، ئەوکات پەیوەندی نێوان ئازادی ویست و بوونی خراپە دەپچڕێنین، ئیتر خودا دەبێت بتوانێت خراپە لەنێوببات بەبێ ئەوەی ئازادی وییستمان لێ بسەنێتەوە. بەمجۆرە ڕیسەکەی پلانتینجا و تیکڕای هاوبۆچوونانی دەبێتەوە بە خوری، چوونکە پێشتر ڕوونمانکردەوە پلانتینجا دەیوت ئاستەمە جیهانێکی خاڵی لە خراپە ڕۆبنرێت و تێیدا مرۆڤەکانیش خودان ویستی ئازاد بن. سەرباری ئەم کەلێنە، دەپرسین ئەی کارەسات و دەرد و نەخۆشی و بەڵا سروشتییەکان لە کوێی بەگریکردنەکانی پلانتینجادان؟ پیشتر جیاوازیمان لە نیوان دوو جۆر خراپەدا کرد، ئاکاری و سروشتی، خراپەی ئاکاری زادەی ویستی ئازادی بکەرێکە، هەرچی خراپەی سروشتییە، زۆر بە سادەیی زادەی سروشتە، مرۆکوژی نمونەی خراپەی ئاکارییە و بوومەلەرزە ماڵوێرانکەرەکانیش هی خراپەی سروشتی. دژیەکییە لۆژیکییەکە لە پەیوەندیدا بە خراپەی سروشتییەوە،بەم جۆرەیە:-
س: خوایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها هەیە.
ج: خراپەی سروشتی بوونی هەیە.
پلانتینجا دژیەکی نیوان [س] و [ج] بە زیادکردنی خاڵی [ب] ناهێڵێت:-
ب: خراپەی سروشتی زادەی ویستی ئازادی بکەرە نامرۆییەکانن.
پلانتینجا دەیهەوێت بڵێت کوشتن و لاقەکردن و لافاو و بوومەلەرزە و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان هەموویان زادەی ویستی ئازادن، لە پشت کوشتن و لاقەکردنەوە ویستی بکەرێکی مرۆیی و لە پشت لافاو و بوومەلەرزە و نەخۆشییەکاند ویستی بکەرێکی نامرۆیی وەک شەیتان ئامادەیە. واتە پلانتینجا چارەسەری کیشەی خراپەی ئاکاری درێژدەکاتەوە و بەسەر خراپەی سروشتیشدا دەیسەپینێت، بۆ ئەوەی ئەمەشی بۆ بچێتە سەر، دێت دەستکاری تێگەی خراپەی سروشتی دەکات و لەتەک خراپەی ئاکاریدا هاوشوناسی دەکات. بۆیە من وەک خامەبەدەستێکی خاکەرا وایدەبینم پلانتینجا لەم ڕووەوە هیچی نەکردووە، چارەسەرێکی بۆ خراپەی ئاکاری دۆزیوەتەوە، لەبری ئەوەی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی خراپەی سروشتیش بکاتەوە، هاتووە خراپەی سروشتی کردووە بە خراپەی ئاکاری تاوەکو لە ژێر چەتری چارەسەری خراپەی ئاکاریدا، چارەسەری کێشەی خراپەی سروشتیش بکات.