عەتا قەرەداخی: شوێنى نالى له پرۆژه‌ى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورددا – بەشی یەکەم.
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شیعرى شاعیرێكى گه‌وره‌ى وه‌ك (نالى) كارێكى هه‌روا ئاسان نىیه، له‌كاتێكدا به‌رهه‌مى(نالى) له ئاستێكى به‌رزى داهێناندایهو جیهانبینى شیعرى (نالى) گه‌لێك له‌وه فراوانتر‌و هه‌مه‌لایه‌نتره كه بتوانرێت ته‌نیا له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه بخوێندرێته‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى شێوازى قورس‌و بنیادى كلاسیكانهى تێروته‌سه‌ل له هونه‌ره‌كانى شیعرى كلاسیكى عه‌ره‌بى و فارسى كه ئه‌وه‌ش كرده‌ى گه‌یشتنى به‌دۆزینه‌وه‌ى ئاستى ده‌لالى، یان به‌شێوه‌یه‌كى تر زمانى ئه‌ودیوى ده‌قى ئاڵۆزتر كردووه. یه‌كه‌مین هه‌نگاویش بۆ دۆزینه‌وه‌ى پرسیارى (نالى) له‌سه‌ر بنه‌ماى گه‌یشتن به‌خوێندنه‌وه‌ى زمانى ئه‌ودیوى ده‌قه‌كانیه‌وه ده‌گاته ئه‌نجام. واته خاڵى یه‌كه‌م بۆ دۆزینه‌وه‌ى پرسیارى (نالى)و چۆنیه‌تى ئاڕاسته‌كردنى له دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاته زمانیهكانى ده‌قه‌كانییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.
دیاره ئاخاوتن له‌سه‌ر تێكڕاى ئه‌زموونى (شیعرى نالى) كارێكى گرانه‌و ده‌قى (نالى) زیاتر له خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌ت و سیماى ده‌قى زیندووه كه سنورى تاك رهههندىو تاك جیهانبینى ده‌به‌زێنێت. ئاستى داهێنانى نالى له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه تواناى بنیادنانى ساختمانێكى زمانى قه‌شه‌نگى هه‌بووه. به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و مهدلولانهى كه ئه‌و پێكهاته زمانییه هه‌ڵیده‌گرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و جیهانبینىیه گهردونىیهى كه له‌پشتى ده‌قه‌كانى (نالى) یه‌وه راوه‌ستاوه. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره مه‌عریفیانه‌ى كه له هه‌ر ده‌قێكدا به‌رز ده‌كرێنه‌وه.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ى لایه‌نێك له‌به‌رهه‌مى شیعرى (نالى) بدوێم كه پێشتر چه‌ند جارێك پێم له‌سه‌ر داگرتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه لە دوای ئەحمەدی خانی، (نالى)م به بنیادنه‌رى گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى داناوه(1). له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ده‌رباره‌ى بنه‌ماكانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى له‌به‌رهه‌مى شیعرى (نالى)دا بدوێم. هه‌روه‌ها رووه پۆزهتیفو نێگهتیفهكانى كاركردنى نالى له‌و بواره‌دا بخه‌مه به‌رده‌م تێڕامان‌و لێكدانه‌وه‌و ئه‌نجامیش له‌میانه‌ى جیهانبینی شیعرییه‌وه شوێنى نالى له‌و پانتایىیهدا ده‌ست نیشان بکەم.
گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى له‌ڕاستیدا گوتارێكى سیاسىیه، به‌ڵام له‌مێژوو و كه‌لتورى كوردیدا شێواندنى بارى سروشتى گهشهكردنو به‌ره‌و پێشه‌وه چوون، وه‌هاى كردووه كه دیارده كۆمهڵایهتىو كهلتورىو روناكبیرییهكانیش له‌بارى سروشتى خۆیاندا نه‌بن. هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆكارێك كه شیعر به‌گه‌لێك بابه‌تى تر باربكرێتو ببێته پانتاییه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ى مێژوو و سیاسهتو كۆمه‌ڵناسى، ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌ركى ئیسەتیكىو مه‌عریفى. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه گوتارى مانه‌وه‌ى كورد كه گوتارێكى سیاسىیه له سنورى شیعردا، بۆ یه‌كه‌مجار له كه‌لتورى كوردیدا سهرههڵدهداتو ده‌رده‌كه‌وێت. گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى ههستو هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى فۆرمه‌له دهبێتو له گه‌وهه‌ردا بریتىیه له پرۆژه‌ى هێشتنه‌وه‌ى كه‌سێتى كوردى له لهناوچوونو تێكشكاندنى ته‌واوه‌تى(2)، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م گوتاره سه‌ربارى ئه‌وه‌ى رۆحى پاراستنى له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه ئیحاى به‌ره‌و بزاڤ‌و رابوون‌و خۆ دروست كردنه‌وه‌ش هه‌ڵده‌گرێت. واته سه‌ربارى سیما‌و خهسڵهتیخود پاراستن، جۆرێك له‌پرۆژه‌ى دژوهستانیش پێشنیار ده‌كات كه ئه‌ویش دیدێكى ئاییندهخوازى ههڵدهگرێتو ئاماژه‌ى گه‌یشتن به‌ئاستى بوون له‌داهاتوودا هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌شه كه واى كردووه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌م گوتاره له پانتایى مێژوودا ئیش دهكاتو حاڵه‌ته مه‌ئلوفه‌كان ده‌دوێنێ، هێشتا جۆرێك له ئهزمونگهرێتى له‌خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌و له‌هه‌مان كاتدا مامه‌ڵه كردنیشى له‌گەڵ مێژوودا جۆرێك له خهیاڵو ئه‌ندێشه‌ى بنیادنانى یۆتۆپیا هه‌ڵبگریت. یۆتۆپیایه‌ك كه مه‌وداى بوون تیایدا فراوان‌و پرسیاریش له‌بوون ره‌هه‌ندى بینینش سه‌ربارى مانه‌وه‌ى گه‌وهه‌رى ئه‌م گوتاره له جوغزێكى داخراودا ئه‌م تاك بینین ره‌ت بكاته‌وه. گوتارى (مانه‌وه) بووەتە جیهانبینى به‌شێكى زۆرى شیعرى كوردى، کە ئه‌وەش وه‌ك وتمان بارى سیاسى‌و مێژوویى سەپاندوویەتی.
قۆناغى مێژوویى ژیانى نالى
نالى له نێوان ساڵى (1880-1856)دا ژیاوه (3). قۆناغى سه‌ره‌تاو لاوێتى ژیانى تا به‌جێ هێشتنى وڵات له سلێمانى‌و ده‌وروبه‌ریدا به‌سه‌ربردووه. له‌ڕووى مێژوویىیهوه ته‌مه‌نى نالى ده‌كه‌وێته قۆناغى كۆتایى فه‌رمانڕوایی میرنشینى بابانه‌وه. وه‌ك ئاشكرایه میرنشینى بابان بریتى بووه له فهرمانِرهوایىیهكى سنوردارى ناوچه‌یى كه بهرههمىقۆناغێكى دیارى كراوى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردهوارىیه. كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى له‌ڕووى نه‌شونماو به‌ره‌و پێش چوونه‌وه تا ئه‌و قۆناغه گه‌یشتۆته ئاستى دروستكردنى میرنشین، له‌كاتێكدا له گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى گه‌شه ئاسایدا كۆمه‌ڵگه ده‌گات به ڕۆحى ره‌هاى كۆمه‌ڵگا كه ئه‌ویش بریتىیه له ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى له‌دواى رووخاندنى ده‌وڵه‌تى میده‌وه تا سه‌رده‌مى نالى توانیوویه‌تى بگاته ئاستى پێكهێنانى دامه‌زراوى میرنشین كه ده‌توانین بڵێین بریتىیه له ئاستێكى دیارى كراوى گه‌شه‌ى خێلأ. دروست بوونى میرنشین له برى ده‌وڵه‌ت ماناى بوونى جۆرێك له تێك چوون له گه‌شه‌ى سروشتى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌دا.
لێره‌دا ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه ههستو هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى له‌سه‌ر وه‌ختى (میرنشینى بابان)دا یان هه‌رنه‌بووه یان ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت زۆر لاواز بووه‌و ته‌نیا له سنورى كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و هێزو ده‌وڵه‌تانه‌ى كه ویستوویانه میرنشین داگیربكه‌ن زیاتر نه‌بووه. واته هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى له‌سه‌ر وه‌ختى (میرنشینى بابان)دا ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت ئه‌وا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وئاسته‌ى كه ببێته رۆح‌و مۆتیڤى جوڵاندنى میرنشین‌و له‌سه‌ربنه‌ماى ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وه‌یىیه كاربكات وه‌ك پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى‌و كهسىیهتى نه‌ته‌وه‌یى خۆى نمایش بكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه میرنشینى بابان له‌گه‌لأ ئه‌وه‌شدا كه له میرنشینه كوردىیهكانى تر گه‌شه سه‌ندوو تربووه. به‌ڵام هێشتا ئیداره‌یه‌كى ناوخۆ بووه‌و ناوچه‌یه‌كى جوگرافى دیاریكراوى له كوردستان به‌ڕێوه‌بردووه. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى پێناسه بكرێت كه په‌یڕه‌وى هیچ سنوورێكى ده‌ستكرد ناكات له كوردستاندا و به‌سه‌ر هه‌موو سنوره‌كانى پێوه‌ندى خێڵایهتىو كۆمهڵایهتىو ئایینى‌و مه‌زهه‌بیدا ده‌په‌ڕێته‌وه، ئه‌وا گوتارى میرنشینى بابان بریتى بووه له‌و گوتاره سیاسیه‌ى كهتهنیا له سنورى جوگرافىو ئیدارى خودى میرنشین خۆیدا بوونى هه‌بووه‌و نه‌یتوانیووه بپه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى میرنشین. به‌واتا گوتارى میرنشینى بابان نه‌بۆته گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى. له‌ڕاستیدا پێویسته ئه‌وه‌ش بدركێنین كاتێ عه‌ره‌ب باس له گوتارى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌بى ده‌كه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كى خاوه‌ن ناسنامه‌ى مێژوویى‌و كه‌لتوورى هه‌یه بۆى بگه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ئاماده‌بوونه خه‌سڵه‌ته‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان دیارى بكه‌ن كه‌ئه‌و بنه‌ما ئاماده‌ش بریتىیه له كه‌لتورى ئیسلامى‌و فیكرى نه‌ته‌وه‌یى عه‌ره‌ب كه به‌رهه‌مى فیكرى‌و عه‌قڵى چه‌ندین بیرمه‌ندى گه‌وره‌ى وه‌ك فارابىو غهزالىو ئیبن روشد ئیبن خه‌لدون‌و…. تاد، به‌ڵام به گوێره‌ى كورد ئه‌و ئاماده بوونه مێژوویى‌و كهلتوورییهى رابردووى نىیه بۆیه زیاتر هه‌رده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بوارى شیعر كه دیار ترین ره‌گه‌زى كه‌لتوورییه له مێژووى كورددا كه كورد كردویه‌تى بهپانتایىیهك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى بیر‌و بۆچونه‌كانى له‌نێو ئه‌وانه‌شدا بۆبهرجهستهكردنى ههستو هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى.
نالى هاوته‌مه‌نى نیوسه‌ده‌ى كۆتایى میرنشینى بابان بووه، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌ر هه‌ڵده‌دات، داخۆ شیعرى نالى چه‌ندێ په‌یوه‌ستى ژیانى سیاسى ئه‌و میرنشینه بووه؟ ئایا گوتارى سیاسى میرنشین‌و گوتارى ئه‌ده‌بى نالى یه‌كیان گرتووه؟ یان ئایا گوتارى مانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ی كورد له جیهانبینى شیعرى (نالى)دا له گوتارى سیاسى میرنشین تێپه‌ڕى كردووه‌و گه‌یشتبێته ئاستى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد؟ ئایا گوتارى شیعرى نالى به ئاڕاسته‌ى ناوه‌ندێتى فه‌رمانڕه‌وایى میرنشین‌و له‌وێشه‌وه به ئاڕاسته‌ى ناوه‌ندێتى فه‌رمانڕه‌وایى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى بووه یان خاوه‌نى خهسڵهتو كه‌سێتى سه‌ربه‌خۆى خۆى بووه؟ له‌دواى هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ش ده‌پرسین ئایا گوتارى نالى پاشكۆى سیاسهتو عهقڵیهتو ستراتیژى میرنشینى بابان بووه یان میرنشین له‌سه‌ر رۆحىگوتارى نالى رۆیشتووه؟ پێش ئه‌وه‌ى له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌و زنجیره پرسیاره‌ى سه‌ره‌وه بڕۆمِ پێم باشه گوتارى مانه‌وه‌ى كورد بناسێنم، گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى بریتىیه له هه‌وڵدانى كورد بۆ هێشتنه‌وه‌ى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كورد‌و كاركردن بۆبه‌ره‌و بڵند كردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى كوردى له‌ڕووى نزیك كردنه‌وه‌ى له رۆحى ره‌هاى كۆمه‌ڵگه واته ده‌وڵه‌ت. شان به‌شانى بنیادنانى پرۆژه‌ى بیناكردنه‌وه‌ى كه‌سێتى تێكشكاوى كوردى‌و هه‌وڵدانى بۆ گه‌یاندنى كورد به‌مێژوو.
تا ئێسته له مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا راوبۆچوونى باو ئه‌وه‌یه كه ئه‌حمه‌دى خانى یه‌كه‌مین شاعیرى كورده له‌ڕووى مێژوویىیهوه كه سه‌ره‌تاى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بنیاد ناوه، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه‌ى كه بۆ سه‌لماندنى ئه‌م بۆچوونه ده‌هێنرێته‌وه زیاتر مایه‌ى لێدوان‌و گفتوگۆ له‌سه‌ركردنن، ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دى خانى (1650-1706) له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌وتووى ئه‌وروپیدا بژیایه ده‌شیا دركاندنى رایه‌كى له‌وجۆره به‌رامبه‌ر به‌جیهانبینی شیعرى بێ چه‌ندو چون وه‌ربگیرایه، به‌ڵام هه‌رئاوا ئاسان نیه كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتووى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ى وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كه هیچ بنه‌مایه‌كى پیشه‌سازى ده‌رنه‌كه‌وتووه دەرکەوتنی بۆچوونی نەتەوەیی پەیوەست بە قۆناگە مێژووییەکەو ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی لەو کاتەدا تەنیا وەکو ئاستی پەرەسەندنی هەست و هوشیاری تاکەکەسی دەستەبژێر لێکدەدرێتەوە. ئەحمەدی خانی وەکو پیاوێكى ئایینى‌و له‌هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ست به یاسا‌و ده‌ستورو په‌یامى فكرى ئیسلامییه‌وه‌و لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگای کوردیی ئەو کاتەدا گوتاری نەتەوەیی بونیاد بنێت مایەی لەسەر وەستانە، کە لەو مێژووەدا بابەتی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم لە ئەوروپاش نەبووبووە گوتاریکی خاوەن شوناس. ده‌شێ هه‌ستیارى مرۆڤ پێش قۆناغى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌و هه‌ستیارى كۆمه‌ڵایه‌تى بكه‌وێت، به‌ڵام دیسان ئهوپێشكهوتنهى (هه‌ست) دوو سه‌ده پێش مێژوو بکەوێت ئاسایی نیەو جێگای پرسیاری قوڵە.
مه‌به‌ستمان له‌ناو هێنانى ئه‌حمه‌دى خانى لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه ناشێت هه‌روا به‌ئاسانى ده‌رباره‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له‌به‌رهه‌مى شیعرى ئه‌ودا بڕیاربدهینو بەڵام بینینی بنەمای گوتارێک كهپێوهندى بهكوردو كرمانجو بارى ژیانى كورده‌وه هه‌یه، ئەگەرچی بەس نەبێت بۆ ئه‌وه‌ى جیهانبینى شیعرى خانى ناسنامه‌ى شیعرى نه‌ته‌وه‌یى تەواو وه‌ربگرێت، بەڵام ناشکرێت ئەوە بە سەرەتایەکی گرنگ دانەنرێ. ده‌شێ خانى مهمو زینى كردبێته به‌هانه بۆ گوزارشتکردن له ژیانى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و سنوره جوگرافیایه‌ى كه ژیانى تێدا گوزه‌راندووه ئەوەش پەیوەندی بە ژیانى سیاسى‌و مێژوویى كوردەوە هەبووە لەو قۆناغەدا. بەڵام ئەو پرسیارەش سەرهەڵدەدات ئەگەر خانى له‌سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌یه‌مدا گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بونیاد نا بۆچى له‌دواى خۆیه‌وه ئه‌و گوتاره به‌رده‌وام نه‌بوو؟ له ئێسته‌دا كه ئێمه باسى بوون یان نه‌بوونى ئه‌و گوتاره لاى نالى ده‌كه‌ین ده‌زانین ماوه‌ى نێوان ژیانى ئه‌ده‌بى خانىو نالى نزیكه‌ى سه‌ده‌و نیوێكه.
ئێمه پێشتر ده‌رباره‌ى یه‌كه‌مین هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه بۆ یادوه‌رى كوردى دواینو گوتمان باباتاهیرى هه‌مه‌دانى (930ز-1010ز) یه‌كه‌مین شاعیرى كورده كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ به‌كارهێنانى رهمزو هێماو ده‌لاله‌ته‌كانى ئایینى زه‌رده‌شتى (4) ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى بونى جۆرێك له هه‌ستكردنه به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ى ڕابردوو. رابردووى كه‌سێتى كوردى ، ده‌شێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌كارهێنانى هێماو ده‌لاله‌ته ئایینیه‌كانى كۆنترین ئایینى نه‌ته‌وه به‌ڵگه‌ى بونى جۆرێك له‌هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى بێت، به‌ڵام بوونى هه‌ستێكى ساده‌ى نه‌ته‌وه‌یى له ئاستى تاكه كهسو له‌پانتایى شیعریشدا كه‌شیعر زیاتر به‌رهه‌مى خهیالأو ئه‌ندێشه‌و خه‌ونه‌و ناشێت وه‌ك گوتار قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت چونكه كاتێ باسى گوتار ده‌كه‌ین به‌واتا ده‌بێ بنه‌ماكانى پرۆژه‌یه‌ك بۆ فۆرمه‌له‌بوونى ئه‌و گوتاره ئاماده‌بوونى هه‌بێت. بنه‌ماى پڕۆژه‌یه‌كى له‌و جۆره‌ش نهلاى بابا تاهیرو نهلاى ئه‌حمه‌دى خانى نابینرێت.