دڵشاد حامید دەروێش: کێشەی خراپە – بەشی سێییەم.
کێشەی بورهانیی خراپە
لە کێشەی لۆژیکیی خراپەدا، سەروکارمان لەتەک ئاشکراکردنی ناتەباییەکی لۆژیکیدا هەبوو، ناتەباییەکە دەرەنجامی کۆکردنەوەی بوونی خراپە و خودایەکە بە خەسڵەتەکانی زانایی ڕەها و توانامەندیی ڕەها و خێرخوازیی ڕەهاوە. لە کێشەی بورهانیی خراپەدا ناتەباییەکی لۆژیکی لە گۆڕێدا نییە، بەڵکو قسەوباسێکە لەسەر دانان و لەقەلەمدان و هەژمارکردنی تێکڕای جۆرەکانی خراپە، بەتایبەت ئەوانەی دەچنە ژێر چەتری خراپەی بێهودەوە، وەک بەڵگەیەکی دیکەی نەبوونی خودا. ئەندێشەی منداڵێک بکە کە لەنێو باخچەیەکدا بە تەنیا ڕێدەکات، تۆی بینەر گریمانەی ئامادەیی باوکی منداڵەکە لەو دەوروبەرە دەکەیت، بەڵام منداڵەکە باخچەکە تێدەپەڕێنێت و ڕوەو شەقامێکی مەترسیدار دەچێت. دەرنەکەوتنی باوکەکە لە دۆخێکی وەها مەترسیدادا، دەبێتە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری ئەو ڕاستییەی کە زارۆکەکە لە لایەن باوکییەوە چاودێری ناکرێت. بە هەمان شێوە بوونی خراپە لە جیهاندا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە لایەن خودایەکی زانای ڕەها و خودان توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەهاوە چاودێری ناکرێین. بە کورتی بوونی خراپە لەم بەستێنەی بەرباسدانی خراپەدا، دەبێتە بەڵگەیەکی بەهێز لەسەر نەبوونی خودا، لانی کەم ئەو خودایەی کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. ولیام ڕۆ [William Roe] و پۆل درابر[Paul Draper] دوو ناوی لکاون بە گرفتی بورهانیی خراپەوە، سەرەتا با ئارگومێنتە ناودارەکەی ڕۆ وەرگرین.
1- هەندێک ئازار و بەدبەختی هەن کە هەبوویەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها بە بی ئەوەی چاکەیەکی مەزنتر لە نێوببات، یاخود بە بی ئەوەی خراپەیەکی وەک خۆی یانژی لەخۆی خراپتر بهێنێتە ئاراوە، دەتوانێت ڕێگرییان لێبکات.
2- هەبوویەکی زانای ڕەها و خێرخوازی ڕەها ڕێگە لەو ئازار و بەدبەختییانە دەگرێت کە دەتوانێت، مادام ڕێگرتنەکە نابێتە هۆی لەنێوبردنی چاکەیەکی مەزنتر یانژی نابێتە هۆی ڕێگەدان بە خراپەیەکی وەک خۆی یانژی لەخۆی خراپتر.
٣- کەواتە هەبوویەکی زانای ڕەها و خودان توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها بوونی نییە. ]بڕوانە: William L. Rowe, The Problem of Evil and Some Varieties of Atheism ].
ئارگۆمێنتەکەی ولیام ڕۆ لە دوو پێشەکی و دەرەنجامێک پێکهاتووە، پێشەکی یەکەم پێیدەوترێت پێشەکی ئیمپریکی، پێشەکی دووەمیش بە پێشەکی لاهوتی ناودێر کراوە. پێشەکی یەکەم بانگەشەی بوونی خراپە گەلێکی بێهودە دەکات، خراپەی بێهودە بریتییە لەو خراپەیەی کە خودا بەبێ ئەوەی چاکەیەکی مەزنتر لەنێوببات، یاخود خراپەیەکی وەک خۆی یانژی لەخۆی خراپتر بهێنێتە ئاراوە، دەتوانێت ڕێگەی لێبگرێت. ولیام ڕۆ دوو نموونە بۆ خراپەی بێهودە باسدەکات، بامبی The case of Bambi و سوThe case of Sue، یەکەمیان زادەی ئەندێشەسازی ڕۆیە و دووەمیشیان کەیسێکی ڕاستەقینەیە. بامبی بێچوە ئاسکێکی خنجیلانەیە بە تەنیا لە لێرەوارێکدا دەژی، لێرەوار گڕدەگرێت و بامنی بەخراپی دەسووتێت، چەندان ڕۆژ بە ئازاری سوتاوییەوە دەتلێتەوە و گینگڵ دەدات، لە کۆتایشدا دەتۆپێت. هەرچی [سو]ـە کیژێکی بچکۆلانەی ویلایەتی میشیگن ئەمەریکا بوو، لە سەری ساڵی [1986]ـدا لەلایەن هاوڕێیەکی باوکییەوە دڕندانە لاقە دەکرێت و بە درێژایی شەو ئەشکەنجە دەدرێت، سپێدە بە خنکاوی دەیدۆزنەوە. دەپرسین بۆچی خودا ڕێگری لەم دوو حاڵەتە و چەندان حاڵەتی دیکەی هاوشێوە ناکات؟ بۆچی بامبی دەستبەجێ نەمرد؟ یاخود لاقەکردن و ئەشکەنجەدانی سوو بۆ کێ بە چاکە دەشکێتەوە؟ ئێمە هۆیەک، پاساوێک، بیانوویەک، دیوێکی چاکە لەم دوو نمونەیەدا نابینین. شایانی هێما بۆ کردنە، ڕەوتێک هەیە پێیوایە ئاوەزی مرۆڤ زۆرجار دەستی بەم پاساو و هۆ و بیانووانە ڕاناگات، چوونکە زانایی و دانایی خودا بە هی مرۆڤ بەراورد ناکرێت، وەک لە پەیمانی نوێدا بە دیاریکراوی لە [11- 13- 34]ـی ڕۆمادا هاتووە: [ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی ووردبوونەوەیە]، ئەم ڕەوتە [Skeptical theism]ـی پێدەڵێن. با بە نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە، ئەو منداڵەی بەزۆر دژی ئاوڵە یاخود ئیفلیجی دەکوترێت، وادەزانێت دایبابی خراپن، چوونکە ئەمیان لە بەرانبەر خراپەی دکتۆرەکاندا نەپاراستووە، بۆچوونی منداڵەکە لە بارەی دایبابییەوە زادەی نەبینینی ئەو پاساوەیە کە دایک و باوکی خستووەتە بەرەی دکتۆرەکانەوە. هەڵبەت چەندان نموونەی هاوشێوە لە لایەن باوەڕدارانەوە بۆ لێدان لە ئاوەز ڕیزکراون. من پێموایە ئەمە ڕاکێشانی بابەتەکەیە بۆ جێیەک ئاستەمە گفتوگۆیەکی سەنگینی تێدا سەرڕێگە بخرێت، چوونکە ئەگەر پێمان وابوو مرۆڤ سەر لە کاری خودا دەرناکات، ئیتر واتایەک بۆ قسەکردن لە بارەی خراپەوە نامێنێتەوە. لەوەش بترازێت، ئەگەر هۆیەک بۆ تلانەوە و گینگڵدانی بامبی یانژی بۆ لاقەکردن و ئەشکەنجەدانی سوو هەبێت، بۆچی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها لێمانی دەشارێتەوە؟ مەگەر مافی خۆمان نییە بیزانین؟ هیچ نەبێت بۆ ئەوەی بەرگەی بگرین.
پێشەکی دووەم یاخود پێشەکی لاهوتی کە بریتی بوو لە :[ هەبوویەکی زانای ڕەها و خێرخوازی ڕەها ڕێگە لەو ئازار و بەدبەختییانە دەگرێت کە دەتوانێت، مادام ڕێگرتنەکە نابێتە هۆی لەنێوبردنی چاکەیەکی مەزنتر یانژی نابێتە هۆی ڕێگەدان بە خراپەیەکی وەک خۆی یانژی لەخۆی خراپتر]، قسەوباسێکی ئەوتۆ هەڵناگرێت، زۆر بە کورتی پێمان دەڵێت بوونی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها، لەتەک بوونی خراپەی بێهودەدا دژ دەوەستێتەوە. ئەگەر خودایەکی لەو چەشنە هەبێت، ئەوا نابێت خراپەی بێهودە هەبێت. بەکورتی ولیام ڕۆ لە پێشەکی یەکەمدا بانگەشەی بوونی خراپەگەلێکی بێهودەی وەک حاڵەتی بامبی و سوو دەکات، لە پێشەکی دووەمیشدا دەیەوێت دژیەکی نیوان بوونی خراپەی بێهودە لەتەک بوونی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەهادا دەربخات، لە کۆتایشدا ئەنجامگیری نەبوونی خودایەک کە هەڵگر و کۆکەرەوەی ئەو سێ خەسڵەتە بێت لە خۆیدا، دەکات.
پاوڵ دراپر لە توێژینەوە گرنگەکەیدا بە ناونیشانی [Pain and pleasure: An evidential problem for theists] گریمانەیەک بەناوی گریمانەی بێباکی [Hypothesis of Indiffrence] دادەهێنێت، بەگوێرەی گریمانەی بێباکی دۆخ و گوزەرانی بوونەوەرەکانی سەر زەوی زادەی کردەی هەبوویەکی نامـرۆیی [non- Human] نییە. بە دەربڕینێکی دیکە، خۆشی و ناخۆشی، ئازار و چێژ لە لایەن هەبوویەکەوە بۆ نموونە لەلایەن خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەهاوە دابەش نەکراوە. زۆر بە سادەیی گەردوون بێباکە، ئاوەزێک لە پشت دابەشکردنی ئازار و چێژەوە نییە. گریمانەی بێباکی دراپر شانۆیی بەدحاڵیبوونی ئەلبێر کامۆمان بیردەهێنێتەوە،کوڕێک دوای مەرگی باوکی، دایک و خوشکەکەی بە ئامانجی داهاتوویەکی باش، جێدەهێڵێت. دایک و خوشک فندقێک دادەنێن، چوونکە داهاتەکەی بەشی بژێوییان ناکات، میوانانی زەنگینی فندقەکەیان دەکوژن. کوڕەکە دوای ساڵانێکی دوور و درێژ بۆ ئاخێزگەکەی دەگەڕێتەوە، بەڵام شوناسی خۆی ئاشکرا ناکات، ئەمەش دەیکاتە قوربانییەکی دیکەی، یانژی ڕاستتر دواهەمین قوربانی دایک و خوشکەکەی. کاراکتەرێکی شانۆنامەکە پیرە خزمەتکارێکە کە هەر لەسەرەتاوە دێتە نێو شانۆکەوە، گەرچی هەموو تراژیدیاکە بە بەرچاوییەوە ڕوودەدات، بەڵام پیرە خزمەتکار هیچ ناڵێت، دەست وەرنادات، هەڵوێستێک وەرناگرێت. هەڵبەت بەدحاڵیبوون بە یەکێک لە هەرە ڕەمزیترین شانۆنامەکانی کامۆ لەقەڵەم دەدرێت. لە کن زۆرێک لە ڕەخنەگران و لێکۆلەرانی ئەدەبی بێدەنگی پیرە خزمەتکار، بێدەنگی گەردوونە، بێباکی پیرە خزمەتکار، بیباکی گەردوونە. پرسیارێک لێرەدا قوتدەبێتەوە، بۆچی گریمانەی بێباکی لەتەک خوداباوەڕیدا دژ دەوەستێتەوە؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە، ئەگەر بوونێکی زانای ڕەها و توامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها هەبا، دەبوو مرۆڤە خراپەخوازەکان لە چاکەخوازەکان بەدبەختتر بوونایە، بەڵام لە واقیعدا وانییە. لە یادمە بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19لە چین ئیسلامییەکانی خستە دۆخێکی هسترییەوە، لەو سەروبەندەدا زۆربەیان ڤایرۆسەکەیان بە سەربازی خودا هەژمار کرد، دوای ماوەیەک گەیشتە کوردستانیش، یەکەم قوربانی کۆڤید 19مەلایەک بوو. بە کورتی دراپر ناراستەوخۆ بەڵگەیەک لەبارەی نەبوونی خودایەکی زانای رەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها لەڕێی گریمانەی بێباکییەوە سەرپی دەخات.