زەبەنگ بەهادین: باوەر بەکێ دەکەن؟
یەکێک لە دیاردە نامۆکان لە هەرێمی کوردوستان، بەردەوامی سیاسەتکردنی تاکە، سەرەرای شکست و دۆران و کەوتن بە ئەزمونێکی خراپی ناشرین و مێژویەکی نا سەروەرەوە. ئەم دیاردەیە لە کۆنەوە لە ناو حیزبەکانی کوردوستاندا بوونی هەیە. ئاساییە مرۆڤ لە ویستگەیەک لە ژیانی سیاسی شکست بێنێت و بتوانێت بە بەرنامەی باشتر و رێکاری گونجاوتر بێتە وە ناو بواری سیاسەت، بتوانێت وانە وەرگرێت لە کەمو کوریەکانی، یان خراپییەکانی، بەمەرجێک سنوری مرۆڤایەتی و نیشتمان پەروەری تێنەپەراندبێت. بەڵام ئەمە کاتێک دەکرێت کە مێژویەکی باش و رۆشنت هەبێت لە ئەزمونی پێشوتر، کاتێک دەبێت رابردویەکی وا گەش پێشکەشکردبێت کە شایەتیت بۆ بدرێت! لە دڵسۆزی و نیشتیمان پەروەری، مێژویەک بێت ئەگەر شکست و دۆرانیشی تێدا بێت ئاسان تیمار بکرێت و رێکبخرێتەوە.
سیاسیەکانی کوردوستان زۆرینەیان تێکەڵی دنیای حیزبایەتی و سیاسەتکردن دەبن لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی، یان لە پێناو پاراستنیان لە کۆمەڵێک لەکە و ناشرینی کە پێوەیان نوساوەو لە بنەرەتدا خۆیان هۆکاری بوون. کەمن ئەوانەی هەستی نیشتیمان پەورەوری، یان خزمەتکردن، یان دڵسۆزی و مرۆڤایەری لە قاموسی سیاسیاندا هەبێت و توانیبێتیان بەو ناسناوەوە بەردەوام بوو بن، ئەوانەی بەو شێوەین لە پاش کەوتنیان، یان ماندو بونیان، یان بێهیوا بونیان لە چاکسازی دادەنیشن و دوور دەکەونەوە لە ژیانی سیاسییان بە شێوازێکی شارستانی هەوڵی باشترکردن و خزمەتکردن دەدن، کاتێک تێدەگەن لێرە سیاسەت جگە لە فێڵ و فریودان و بەڵێنیبدرۆ چیدیکە نییە، هەرچی بەرژەوەند خوازەکان و هەلپەرستەکانە لەگەڵ لەق بوونی پردی بەرژەوەندی و چێڵسازیەکانیان دەکەونە سەنگەر گواستنەوە، یان هەڵگەرانەوە، یان دەردەکرێن و پەراویز دەخرێن. زۆرینەی ئەوانەی لە حیزبەکان شکستیان هێنا و خاوەن مێژویەکی باش نەبون، لە دووبارە سیاسەتکردنەکەیاندا خراپتر کەوتن و شکستیان دیارتر بوو.
خزمەتکردنی نیشتیمان مەرج نییە لە سیاسەتکردن بێت، هەڵگرتنەوەی کلێنسێک لەسەر شەقامەکان خستنە ناو زبڵدان خزمەتە، چاندنی نەمامێک، یان نوسینێکی بەسود و باش، یان وێنەیەک، یان هەر کارێکی خزمەتگوزاری ئەمانە خزمەتکردنن ئەگەر مرۆڤ مەبەستی بێت.
کاکی سیاسی شکستخواردو تا لە ناو حیزبەکەی بوو جگە لە راو رووت و دزی و گەندەڵی بۆ خۆی هیچ بەرهەمێکی دی نەبوو، یان کاتێک لە حیزبەکەی بوو توانا و دەسەڵاتی نەبوو لە وێدا چاکسازی و باشخوازی بکات، خێرە دوای هاتنە دەرەوە لەو حیزبە بووە فریشتە، کەسانێک بزنسمان و بە پارەی میللەت بونە سەرمایەدار چۆن دەبنە فریاد رەس، کەسانێک تا لەو حیزبە بوون موڵک و ماڵ نەما نەیکەن بە ناوی خۆیان و نەوەکانیان قاچاخ و گەندەڵی و سەرانە سەندن نەما نەیکەن، کەسانێک چوار حیزبیان کردوە و پێیان بۆ پێنجەمیش حازرە کێ برواو متمانەیان پێدەکات، کەسانێک هەرچی سامان و ژێرخاکی نیشتیمانە بەشیان کردو خواردیان چۆن دەبنە رزگار کەر، کەسانێک جاسوسی و خیانەتکاری ووڵاتیاناین هەمووی تاقیکردەوە، کەسانێک نەک جارێک دەجار تاقیکرانەوە و هەمان گەندەڵی و هەمان شکست و هەمان ئەنجامی خراپ چاوەرێی چییان لێدەکرێت.
ئەمەی لێرە دەکرێت سیاسەتکردن و حیزبایەتی نییە، بەڵکو بازرگانی و بەرژروەند خوازییە، هەر بۆیە دەبینین ئەوەی پێی لە سیاسەت گیر دەبێت لێرە واتا پێی لە پاروە چەورەکە گیر بوو تێکەڵ بە جیهانی پارە و سەرمایەو بەرژەوەندی بوو، کاتێک شکست دێنێت، یان دەردەکرێت یا پەراوێز دەخرێت ناتوانێ بە ئاسایی بژی تا ئەوپەری خۆ چەماندنەوە سەر دانەوێنێت تا لە کوچەیەکی کە یا حیزبێکی کە یا بەرماڵە سەرکردەیەک وەک کۆیلەیەک جێدەکرێتەوە و دەکەوێتە وە هوتافی قەبەو پێفرۆشتنەوەی نیشتیمان پەروەری.
بەشێکی زۆر لە نەهامەتی ئەم میللەتە نەبونی ئۆپۆزسێۆنی راستەقینەیە، ببینە ئەوانەی ئۆپۆزسێۆنن، یان لە حیزبە سەرەکیەکان دەرکراون، یان هاتونەتە دەرەوە، چونکە نەگەیشتون بە دەسەڵات لەوێ، یان لە ژێرەوە بەرژەدەندیان لەگەل دەسەڵاتداران و سەرچاوەی سامانەکایەن نادیارە یان پاشکۆی ئەوانن هێجیشیان مێژویەک و ئەزمونێکی باشیان لەگەل بزاڤی نەتەوەی کورد نییە.
سیاسەت لە کوردوستان بۆ میللەت نییە بۆ گیرفانە، بۆیە ئەوەی فێرە رۆنەکە بوو ئیدی بەو ووشکی کوڵیرە ناخوا.