ئەرکان عەبدوڵا: ململانێی ئێران و ئیسرائیل لەچەقی هاوکێشە سیاسیەکاندا.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
لەمڕۆدا جیهان لەنێو گێژاوی قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسی هەمەلایەنە تێوەگلاوە وە زیادبوونی قەیرانە سیاسی و سەربازیەکانی ئەم دوایەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیەکی گەورەی لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکردووە لە ئەگەری تێکچونی پارسەنگی هێز و نەخشەی سیاسی لەناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی ئەقسا لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، هەر لەسەرەتای ئەم ڕوداوەدا ناتانیاهۆ ڕایگەیاند وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی حەماس بەشێوەیەک دەبێت هاوکێشەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێتەوە و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
لەنێو تەم و مژاوی ڕوداوەکاندا شیکار و لێکدانەوەی جیاواز دەکرێت سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا، بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کاری سیاسی ئێران گومان لەتێوەگلانی دەکرێت، چونکە ئێران هەمیشە بۆ ڕوبوونەوەی هەر ئاڵانگاریەک لەسەر خۆیی و بەرنامە سیاسیەکانی هەوڵیداوە شەڕی بە وەکالەت بکات لەڕێگەی بەکارهێنانی گروپەجیاوازەکانی ناوچەکە، وە هاوکاریکردن و دەستگیرویی ئەم گروپانە لەوانەش حزبوڵای لوبنانی و گروپەچەکدارەکانی عێراق و سوریا و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بێکومان لەلایەک بۆ دورخستنەوەی مەترسیەکان بووە لەسەر بەرژەوەندەکانی و لەهەمان کاتدا بەکاریهێناون وەکو کارتی فشار لە بەرامبەر نەیارەکانی لەناوچەکەدا. چونکە کاربەدەستانی ئێران نکۆڵی ناکەن لەهاوکاریکردنی ئەم گروپانە هەمیشە لەڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە ئەم پەیامەیان ناردووە. بۆ نموونە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی ئەمیر علی زادە لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت؛ ( ئێمە لەبری ئەوەی تەنها ماسی بدەین بە دۆستەکانمان، یاخود فێری ماسی گرتنیان بکەین، هەوڵدەین فێری هەڵدانی قولاپی ماسی گرتنیان بکەین). بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێران ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە هێرشەکەی حەماس، بێگومان تاکو ئێستا بەڵگەیەکی ڕونیە بۆ بەشداری ڕاستەوخۆی ئێران، چونکە ئەمەش بەڕونی ئاماژەی پێکراوە لەلایەن وتەبێژی سوپاس ئیسرائیل جەنەڕاڵ دانی هاگاری و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن، لە هەمان کاتدا کاربەدەستانی باڵای ئێران هەریەک لە علی خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران بەشدار نەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بێگومان ئەوە ڕونە لای هەمووان کە ئێران و ئیسرائیل لە جەنگێکی ناڕاستەوخۆی بەردەوامدان و دەکرێت ئەم جەنگەی ئێستای ئیسرائیل و حەماس بەشێک بێت لەو جەنگە ناڕاستەوخۆییەی نێوانیان هەژماربکرێت.
پرسیارە گرنگە لێرەدا ئەوەیە ئیسرائیل بۆچی دەیەوێت ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخو پەلکێشی شەڕبکات وە بەرژەوەندی ئێران چیە لەشەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل؟ بێگومان ئێران بۆ درێژەدان بە بەرنامە سیاسیەکانی هەمیشە لە هەوڵی پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا وه نزیک بوونەوەی زیاتری نێوان ئێران و حەماس لەم ساڵانەی دوایدا دەگەڕێتەوە بۆ بێ هیوابوونی حەماس لە سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و بەتایبەتی دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا وە لەیەک نزیک بوونەوەی جیهانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵی ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوانیان و دورکەوتنەوە لەکێشەی فەڵەستین، وە لەلایەکی دیکەوە لە دەستدانی یەکێک لەهاوپەیمانە گرنگەکانی حەماس کە بریتی بوو لە ئیخوان مسلمین دوای هاتنە سەر حوکمی سیسی، ئەم ڕوداوانە هەمووی دەرفەتێکی باشی ڕەخساند بۆ نزیک بوونەوەی زیاتری نێوان ئێران و حەماس، ئێران لەڕێگەی ئەم پەیوەندیانەوە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕێگری بکات لە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەتایبەت وڵاتی سعودییە، چونکە ئێران پێیوایە کە ئەم جۆرە پەیوەندیانە دەبێتەهۆی تێکچوونی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا ئەمەش لەبەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نابێت، بۆیە هەمیشە کار لەسەر پەکخستن و دژایەتیکردنی پەیوەندیەکانی عەرەب ئیسرائیل دەکات وە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئێران لەشەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ پەکخستنی ئەم پەیوەندییەبێت
بەشێوەیەک ململانیەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب دوای ئۆپەراسیۆنی ئەقسا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێو، کاربەدەستانی ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئێران پەلکێشی ناو شەڕەکە بکەن، وە هەروەها ئەمریکا بکات بە بەشێک لە شەڕەکە بۆ دورخستنەوەی چاوی وڵاتان لەسەر جەنگی غەزە، ئەمەش لەڕێگەی پلاندانان و هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا و لەئەنجامدا حەوت فەرماندەی باڵای ئێرانی کوشت بەمەبەستی پەلکێشکردنی ئیران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ناو شەڕەگە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران بەناچاری وەڵامدانەوەی سەربازی هەبێت، گومان لەوەدانیە ئێران هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشێک نەبێت لە جەنگەکان، بەڵام ناچارکرا ئەم کارەبکات، چونکە لەژێر فشاری توندی ناوخۆیی و دەرەکیدابوو وە بەناچاری ئەم بژاردەییەی هەڵبژارد بۆ ڕێگریکردن لە شکستی سیاسی و گۆشەگیری لەنێو هاوپەیمانەکانیدا.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە