بورهان شێخ رەئوف: نەتەوە بە چی لەناو دەچێت؟
ئەوەی سەرنجی راكێشام ئەم بابەتە بنووسم وتەی مامۆستایەكی زانكۆی یەكێك لە زانكۆكانی باشووری ئەفریقیایە کە بۆ خۆێندكارانی خوێندنی باڵا (دكتۆرا و ماجستێر و بكالۆریۆس) نووسیویەتی بە دەروازەی كۆلیجەكەوە هەڵیواسیووە، هەرچەند لای خۆمان هەر دكتۆرا و ماجستیر خوێندنی باڵایە، بەڵام ئەو بكالۆریسی بە خوێندنی باڵا داناوە.
ئەمەش دەقی وتەكانی مامۆستاکەیە: نابووتكردن و هەڵوەشانەوە و داغانكردنی هەر نەتەوە و گەلێك پێویستی بە بۆمبی ئەتۆمی و رۆكێتی دوور مەودا نیە، بەڵكو پێویستی بە نزمكردنەوە و دابەزاندنی كوالیتی خوێندن و پەروەردە و فێركردنەوە هەیە. هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە مامۆستا رێگە بە خوێندکاران بدا بە گزی و قۆپی دەربچن.
داڕمانی پەروەردە و فێركردن یەكسانە بە داڕمانی نەتەوە
لە ئاكامی ئەوەشدا نەخۆش دەمرێت لە سەردەستی ئەو پزیشكەی بە گزی لە تاقیكردنەوەكاندا دەرچووە! خانووبەرەكان دەڕوخێن لەسەردەستی ئەو ئەندازیارەی بە گزی لە تاقیكردنەوەكاندا دەرچووە! پارەو سامانەكانمان لە دەست دەدەین لەسەردەستی ئەو ژمێریارانەی بە گزی لە تاقیكردنەوەكاندا دەرچوون! مرۆڤایەتیش دەمرێت لەسەر دەستی ئەو پیاوە ئاینیانەی بە گزی لە تاقیكردنەوەكاندا دەرچوون! دادپەروەریش لەناو دەچێت لەسەردەستی دادوەرێك بەگزی لە تاقیكردنەوەكانیدا دەرچوو بێت! نەزانی و نەخوێندەواریش بڵاو دەبێتەوە لەناو نەوەكانماندا لە سەردەستی مامۆستایەك بە گزی لە تاقیكردنەوەكاندا دەرچووبێت! لەكۆتاییدا گەیشتۆتە ئەو ئاكامەی: كە داڕمانی پەروەردە و فێركردن یەكسانە بە داڕمانی نەتەوە.
بەڵی ئەو مامۆستایە گەلێك جوانی فەرمووە هەرچەندە ناوەكەشی نازانم، چونكە نەنووسرابوو، ئێمەش هەریەكەی لە لای خۆمانەوە دەتوانین دەیان پیشە و شارەزاییی بژمێرین، ئەگەر بە ساختە و فڕوفێڵ دەرچووبێتن چ كارەساتی گەورە بە سەر وڵاتدا دێنن. بەڵام لە خۆڕا نەهاتووە ساڵانێكە زۆرێك لە شارەزایان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە هاوار دەكەن گەندەڵی لە تیرۆر سامناكترە، چونكە تیرۆریستان بە كردەوە تیرۆریستییەكانیان لێرەو لەوێ دەتوانن چەند كەسێك بكەنە قوربانی، بەڵام گەندەڵكاران دەتوانن پارووی دەمی هەژارانی وڵاتێك بدزن دەتوانن گەل و نەتەوە و وڵات نابووت بكەن بە خشكەیی و بە ناوی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی و تەنانەت خوا و ئاینیشەوە.
بۆیە لە ئێستادا زۆر پێویستە بۆ حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانیش كاری لە پێشینەیان بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بێت بە مانا فراوانەكەی، چونكە تاوەكو ئەو دیاردە قێزەونە لە بەین نەبرێت، زەمینە ناڕەخسێت بۆ چاكسازی و ریفۆرمی ریشەیی.