سەردەشت محەمەد: ڕوداوەکانی، دوای چونەوەی ئەردۆگان.
بۆ ئێمەی هاوڵاتی هیچ گرنگ نەبو، ئەگەر ئەردۆگان سەردانەکەی بۆ سلێمانی یاخود بۆ هەولێر بایە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ڕووداوەکانی دوای چونەوەی ئەردۆگانە.
سیاسەتەکانی ئەردۆگان، بەرامبەر بەئێمەی کورد هێندە ڕوونە، پێش ئەوەی سەردانی کوردستان بکات، دەزانین چی دەکات و چیی دەوێت، وەک چۆن لەم سەردانەیدا زانیمان ئەردوگان بە کۆمەڵێک داواکاری و پرسی دووبارە و هاتووە و ئەوەی خۆی دەوێت، لە پرسی ئاو و پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان و پەرەپێدانی بازرگانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و بەغداد ، دەیەوێت لە داهاتوودا جێ بەجێیان بکات، دەزانین هەمو ئەوانە نەک سودێکی ئەو تۆ بەکورد ناگەیەنن، بەڵکو بەشێک لە داواکاریەکانی بەتایبەت لەپرسی پەکەکەدا زیانی گەورە بە کورد دەگەیەنێت.
لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو ڕودا و لێکەوتانەن کە دوای چونەوەی ئەردۆگان یش، تاماوەیەکی دیکەش بەسەر دۆخی هەرێمی کوردستانەوە ئاسەواریان دەمێنێت.
ئەردۆگان، لە کاتێکدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە دۆخی سیاسی هەرێم دۆخێکی ناجێگیر و شڵەشاوە و بەتایبەت پرسی بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتودا کەوابڕیارە مانگی شەش ئەنجام بدرێت، ئەم پرسە ناکۆکیەکانی نێوان هەردو هێزە باڵادەستەکەی هەرێمی قوڵتر کردۆتەوە و لەسەر ئاستی خوارەوەش دەمانبینی ئەندامان و لایەنگرانی هەردوو پارتەکە چۆن لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە، ڕوبەڕوی یەکدی دەبونەوە.
هاتنی ئەردۆگان و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیکرا هێندەی دیکە ناکۆکیەکانی قوڵتر کردۆتەوە و سەرنج و کۆمێنتەکانی لایەنگرانی هەردولا تادێت توندتردەبن و دەربڕینەکان بەرامبەر بەیەکدی زبرتر بووە، کە ئەمە یەکێکە لەو دەرئەنجامەخراپانەی کە دوای سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ کوردستان و بەتایبەت بۆ هەولێر هەستی پێدەکەین و دەیبینین.
توندبونەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان لایەنگرانی هەردوو پارتە باڵادەستەکە و دابەشبونی شەقامی کوردی بەگشتی بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا پێماندەڵێت: ئێمەی کورد هێندە لاواز و بێ کەسین، کە دوژمنەکانمان نەک بە پەلامار و موشەک باران، بەڵکو دەتوانن بەیەک سەردان جیاوازی و ناکۆکییەکانی نێوانمان قوڵتر بکەنەوە، کە ئەمە بۆ ئەردۆگان گەورەترین دەستکەوتە، ئەگەرچی لە هەمو ئەو پرسانەی دیکدا کەبۆی هاتبوو قازانجێکی ئەوتۆی دەست نەکەوتبێت، تەنها لە قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی ئێمەدا دەتوانێت بڵێت: سەردانەکەم بۆ کوردستان، پڕدەستکەوت ترین سەردان بووە، چونکە هەمو ئەو پیلانانەی کە ئەردۆگان و کۆی نەیارەکانی دیکەی ئێمەی کورد دایدەڕێژن، سەرئەنجام بۆ لەناوبردن و لاوازبونی ئێمەیە، کەوابو هاتنێکی ئەردۆگان کە میللەتێک بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەشبکات، چۆن ناتوانێت ناوی لێ نەنێت سەردانێکی پڕ لە دەستکەوت.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts