عەتا قەرەداخی: شوێنى نالى له پرۆژه‌ى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورددا – بەشی دووەم.
ئه‌م تاقمه مومتازه كه‌وا خاصهیى شاهن
ئاشوبى دڵى مه‌مله‌كه‌ت‌و قه‌لبى سوپاهن.
گه‌رچى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ى له دیوانى (نالى)دا بۆ ئه‌م به‌یته كراوه، جۆرێكى تره‌و وشه‌ى ئاشوب‌و قه‌لب وه‌ها لێكدراونه‌ته‌وه كه ته‌نیا ماناى ڕووكه‌شیان وه‌رگیراوه ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه وشه، یان دێڕه‌كه به‌جیاو به‌بێ دۆزینه‌وه‌ى ده‌لاله‌ته‌كانى له سیاقى ده‌قه‌كه‌دا وه‌رگیراون. به‌ڵام لێكدانه‌وه‌ى دروستى ده‌لاله‌تى ئه‌م قه‌سیده‌یه ئه‌وه‌یه كه نالى له خه‌یاڵدا، یان به‌خه‌ون یۆتۆپیایه‌ك دروست دهكاتو ئه‌و یۆتۆپیایهش مه‌مله‌كه‌تى بابانه ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ش سوپایه‌كى دلێرى له گهنجو لاوان پێویسته تاپارێزراو بێت. ئه‌و سوپایه‌ش له‌ده‌ورى میر كۆده‌بنه‌وه‌و مه‌مله‌كه‌ت ده‌پارێزن ده‌سته‌ى ئه‌حمه‌د پاشا ده‌سته‌ى چاپووكى ئه‌و سوپایه‌ن كه گڕوكڵپهى ناو جه‌رگه‌ى مهملهكهتنو هه‌ر خۆشیان هێزى بزوێنه‌رى سه‌رجه‌م سوپاى میرنشینى بابانن. واته ئه‌و یۆتۆپیایهى كه نالى به‌خه‌یاڵا دروستى كردووه، به‌پێى ئهولێكدانهوانهى كه گوایه نالى له‌سه‌رده‌مى ئه‌حمه‌د پاشادا له سلێمانى نه‌ماوه‌و دواى ئه‌وه‌ى كه ساڵى 1839 ئه‌حمه‌د پاشا بۆته میرى بابان‌و له‌م باره‌یه‌وه مامۆستا جه‌مال بابان ده‌ڵێت: ئه‌حمه‌د پاشا گه‌وره‌ترین كوڕى سلێمان پاشا بوو ساڵى 1839 جێگاى باوكى گرته‌وه. ئه‌م میره میرێكى لێهاتووو مه‌ردبوو، جۆرێك له‌دڵا ڕه‌قى تێدا بوو، ئاره‌زووى دروستكردنى سوپایه‌كى رێك‌و پێكى هه‌بوو كه به نوێترین شێوه پڕچه‌كى بكات.(6)
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى نالى له‌و قه‌سیده‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات بریتىیه له خه‌ون، یان به‌رهه‌مى خه‌یاڵا كه ئه‌وه‌ش لهگەڵا مێژوودا لێك ده‌دات، به‌ڵام ده‌لاله‌تى قوڵى ئه‌و قه‌سیده‌یه له سنورى ئه‌و یۆتۆپیایه‌دا ده‌دۆزێته‌وه كه سنووره نادیاره‌كانى له‌و دیوى سنوورى داخراو ناسراوى مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د پاشاوه‌یه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین سه‌ربارى بوونى به‌ڵگه‌یه‌كى مێژوویى بۆ سه‌لماندنى بوونى ئه‌و سوپایه له‌سه‌ر وه‌ختى ئه‌حمه‌د پاشادا، به‌ڵام ناشێت بڕوا به‌وه بهێنین كه میرنشینێكى خێڵایه‌تى كوردى له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مدا ده‌سته‌یه‌كى وا نمونه‌یى له سوپا هه‌بووبێت، دیسان ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى زیاتر به‌هێزكردنى خه‌یاڵه ئهفسونگهریىیهكهى (نالى) یه بۆ بنیادنانى یۆتۆپیایه‌ك كه جێگاى خه‌ونه مه‌ودا قووڵه‌كانى ئه‌وى داهێنه‌رى تێدا ببێته‌وه.
ده‌شێ له‌پشتى ئه‌م قه‌سیده‌وه جۆرێك له‌هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى هه‌بێت، به‌ڵام به لێكدانه‌وه‌ى ئێمه ئه‌مه ته‌نیا له‌و ڕوانگه‌وه‌یه كه ئێمه خۆمان تا ئێسته وامان له میرنشینى بابان روانیووه كه هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورده. خۆ ئه‌گه‌ر ئێسته به‌وردى سه‌یر بكه‌ین‌و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى پێشتر گوتمان كه گوتارى میرنشین گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد نىیه. به‌ڵكو گوتارى خێڵایه‌تى كوردىیه كه له قۆناغێكدا توانیویه‌تى میرنشین دروست بكات. نالى له دوو ڕوانگه‌وه یۆتۆپیاى بابان دروست ده‌كات، پاسه‌وانه‌كانى ئه‌حمه‌د پاشاش وه‌ك سوپایه‌كى نمونه‌یى وه‌سف ده‌كات.
یه‌كه‌میان/ له‌و ڕوانگه‌وه‌یه كه گوتارى نالى هاوشانى گوتارى میرنشینى بابانه نالیش وا ده‌ڕوانێ كه بابان به‌رزترین ئاستى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى دروستى كردووه. واته له تێڕوانینى (نالى)یه‌وه میرنشینى بابان نمونه‌ى باڵاى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى كورده‌و ده‌بێ ئه‌میش له‌گه‌ڵیدابێت.
ئالێره‌وه ماهیه‌تى گوتارى نالى له مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تى ئاشكرا ده‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له چاوى دهسهڵاتو ستراتیژى میرنشینه‌وه كورد ده‌بینێ بۆیه رۆحى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى به‌ئه‌ندازه‌ى رۆحى گه‌شه سهندوى میرنشینى بابانه، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه نالى نه‌یتوانیوه گوتارێكى نه‌ته‌وه‌یى مه‌ودا فراوانتر له گوتارى سیاسى میرنشینى بابان دروست بكات، هه‌ر لێره‌شه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه گوتارى سیاسى میرنشین نهخشهِ ڕێژى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى ده‌كات كه ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ى رێنسانسى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه بڕوانین‌و شێوازى گه‌شه‌ى كۆمهڵایهتىو به‌و پێیه‌ش گه‌شه‌ى فیكرى‌و رووناكبیرى سروشتى بێت ده‌بێ گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى سنوورى گوتارى سنوورتهسكى میرنشینى بابانى تێك بشكاندایهو بپهڕییایهتهوه بۆ هه‌موو جوگرافیاى نه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كى تره‌وه نالى كه وێنه‌یه‌كى یۆتۆپیایانهى پاسه‌وانه‌كانى ئه‌حمه‌د پاشا ده‌كێشێت ده‌شێ هیچ مۆتیڤێكى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى بوونى نهبێتو نالى وه‌ك به‌شێك له ئیداره‌ى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى لهمیرنشینى بابان بڕوانێت‌و هه‌ر كارێكى په‌سه‌ندو هه‌ر دیمهنێكى سوپایى به‌هێز له سنورى میرنشینى (بابان)دا بهشانو شكۆى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی بزانێت‌و میریش به‌و جێنشینه دڵسۆزه بزانێت كه وه‌ڵامى خۆى بۆ ناوه‌ندى (فه‌رمانڕه‌وایى) به‌جوانى جێ به‌جێ ده‌كات. لێره‌دا مه‌به‌ستمان كه‌مكردنه‌وه‌ى تێڕوانینى نالى نىیه، چونكه ده‌شیا نالى له‌م ڕوانگهیهشیانهوه بنیادى پڕۆژه‌ى پێكهێنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى بنایه كه ئه‌میان جێ ده‌هێڵین بۆ دوایىو جارێكى تر بۆى ده‌گه‌ڕێمه‌وه به‌تایبه‌تى كه باسى هۆى كۆچ كردنى نالى‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى بكرێت.
یه‌كێك له‌شیعره دیاره‌كانى نالى كه تائێسته ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر (نالى)یان نووسیووه جگه له گیوى موكریانى ئه‌وانى تر به به‌ڵگه‌ى هه‌ستى كوردایه‌تى نالى ده‌زانن. من پێم باشه له‌میانه‌ى خوێندنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌وه ئه‌و بڕیاره بده‌ین. نه‌ك به بوونى وشه‌ى كورد‌و كوردى ئیتر وه‌ها تێبگه‌ین ئه‌وه نالى گوتارى مانه‌وه‌ى كوردى بنیادناوه. هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه بۆچوونه‌كه‌ى گیو مایه‌ى قسه له‌سه‌ركردنه. چونكه ناكرێت تۆ وه‌ك پێویست داواى شتێك له شاعیر بكه‌یت كه له‌ڕووى گه‌شه‌ى كۆمهڵایهتىیهوه، كۆمه‌ڵگه نه‌گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته. له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه بهراودكردنى نالى له‌و قۆناغه‌دا له‌ڕووى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه بهشاعیرانى فارس‌و عه‌ره‌ب كارێكى نادروسته، چونكه هه‌ریه‌كه له‌و نه‌ته‌وانه مێژوویه‌كى ئاماده‌و كه‌لتورێكى ئاماده‌ى پێشتریان هه‌بووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ى نالى ئه‌و زه‌مینه ئاماده‌یه بوونى نه‌بووه.
نالى ده‌ڵێت:
ته‌بعى شهككر بارى من، كوردى ئه‌گه‌ر ئینشا ده‌كا
ئیمتحانى خۆیه مه‌قصودى له (عمدا) واده‌كا
یا له مه‌یدانى فه‌صاحه‌تدا به میپلى شهه سوار
بێ ته‌ئه‌ممول به‌و هه‌موو نه‌وعه زوبانى ڕاده‌كا
كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كردییه
هه‌ر كه‌سێ نادان نه‌بێ خۆى تالبى مه‌عنا ده‌كا
بێته حوجره‌م پارچه پارچه‌ى موسوه‌ده‌م بكرێ به‌ڕۆح
هه‌ركه‌سێ كوتاڵ‌و پارچه‌ى بێ به‌ده‌ڵ سه‌ودا ده‌كا
شیعرى خه‌ڵقى كه‌ى ده‌گاته شیعرى من بۆ نازكى؟!
كه‌ى لهدیققهتدا په‌تك ده‌عوا له‌گه‌ڵ هه‌ودا ده‌كا؟!)
نالى لێره‌دا به‌یانى ئه‌وه ده‌كات كه ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى هه‌یه به كوردى شیعر بنووسێت. لێره‌شدا یان ئه‌وه‌تا نالى له‌پێش ئه‌م شیعره‌دا شیعرى به كوردى نهنوسیووهو ئه‌مه یه‌كه‌م ئهزموونیهتى، یان خودى ئه‌م شیعره وه‌ڵامه وه‌ك له دیوانى (نالى) دا هاتووه(7) بۆ كه‌سانێك ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان له نالى گرتووه كه به‌كوردى شیعر ده‌نووسێ. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه‌یان هێندهگرنگ نىیه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌و جیهانبینىیهیه كه له‌پشتى ده‌قه‌وه وه‌ستاوه.
ڕاسته‌و خودى بكه‌ر له‌شیعره‌كه‌دا كه خودى (نالى) یه له كاردانه‌وه‌یه‌كدا هه‌ڵوێستى خۆى دهردهبڕێتو ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش دوو ئاڕاسته‌ى هه‌یه كه له ئه‌نجامدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه. یه‌كێك وه‌سف كردنى تواناى خۆیه‌تى كه چۆن یارى نێوان زمانه‌كان دهكاتو له‌و بواره‌شدا زمانى كوردى كه‌تا ئه‌وكاته جگه له شێوازى فۆلكلۆرى شیعرى نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته باڵایه‌ى به‌كارهێنانى كه نالى به‌كارى هێناوه به‌تایبه‌تى كه نالى شێوازى شیعرى لێره‌دا مه‌به‌ست عه‌روزو هونه‌ره‌كانى تر‌ى شیعرى عهرهبىو فارسىیه له كوردیدا به‌كارده‌هێنێت كه ئه‌وه‌ش خاڵێكى لاوازه له ڕوِوى گوتارى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
ئاڕاسته‌ى دووه‌م وه‌سف كردنى تواناى داهێنانى خۆیه‌تى كه لهپڕۆسهیهكى به‌راوردكاریدا به‌رهه‌مى خۆى له لووتكه‌دا ده‌بینێت كاتێ به‌راوردى ده‌كات به به‌رهه‌مى شاعیرانى تر، ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ش هه‌ر له‌پێناوى سه‌لماندنى شاه سوارى خۆیدایه له‌بوارى (داهێنان)دا، به‌ڵام ده‌شێ واى لێك بده‌ینه‌وه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆشایىیهكى مێژوویى‌و كه‌لتوورى له‌پشتى ئه‌و بۆچوونه‌ى (نالى)یه‌وه دهردهكهوێتو ڕاستیهكهشى ئه‌وه‌یه؛ كه‌پێش ئه‌و له‌مێژووى كوردا پانتاییه‌كى گه‌وره‌ى بێكردار له‌ڕووى داهێنانو بگره نووسینیشه‌وه هه‌بووه، بۆیه نالى وه‌ك یه‌كه‌م كه‌سى داهێنه‌ر به‌یانى شۆڕشه‌كه‌ى خۆى ده‌كات كه له نووسینى شیعردا گه‌وهه‌رى بهیانكردنهكهى نالیش هه‌ڵوێستى كه‌سێكه كه ده‌یه‌وێت رۆڵى خۆى له مێژوویه‌كى بێكردار وه‌ك بكه‌رێكى خاوه‌ن كردارى ڕووداو دروست كه‌ر نیشان بدات. هه‌ر لێره‌وه گرنگى رۆڵى نالى ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌مێژووى ئێمه‌دا ده‌یه‌وێت له رێگاى داهێنانه‌وه به‌زمانى كوردى له پانتایىیهكدا كه بكه‌رى تیا دروست نه‌بووه ئه‌م خۆى ببێته بكه‌ر. دیاره ئه‌وه‌ش ته‌نیا بریتى نىیه له‌كارێكى تاكه كهسىو چیتر له‌دوایه‌وه هیچ هه‌نگاوێكى تر نه‌نرێت. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه نالى له‌و شۆڕشه‌یدا بنه‌ماى پڕۆژه‌یه‌ك داده‌نێت كه ده‌توانین بڵێین هه‌نگاوى یه‌كه‌مه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ زمانى نه‌ته‌وه با نالى ئه‌و هه‌نگاوه‌شى له‌ژێر كاریگه‌رى مۆتیڤى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیشدا نهنابێتو سه‌رچاوه‌كه‌ى بریتىبێ له گه‌ڕانی خودێكى داهێنه‌ر به‌دواى ئه‌زموونى نوێ‌دا نالى له هه‌ڵوێستى ئهزموونگهرانهى داهێنانى شیعریدا رێگاى له‌وه كه‌وتبێت عهروزى عهرهبىو شێوازى شیعرى فارسى به‌زمانى كوردى له نووسینى شیعردا به‌كار بهێنێت، به‌ڵام ئه‌نجام هه‌ر به‌وه ده‌گات كه نالى زمانى نه‌ته‌وایه‌تى ده‌كات به‌زمانى شیعر. چونكه یه‌كێك له توخمه‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى بریتىیه له زمان. به‌ڵام نالى ئینقلابێك به‌سه‌ر شێوازى شیعرى كوردى پێشتردا ده‌كات كه بهكێشى په‌نجه، یان فۆلكلۆرى كوردى بوو ئه‌وه‌ش لهگاتاكانهوه وه‌رگیراوه كه رهسهنایهتیهكى كوردى هه‌یه.