دڵشاد حامید دەروێش: ئایشمان لە کوردستان.
ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی کە لە دواساڵەکانی تەمەنیدا پیاوە نەخۆشەکەی پێدەگوترا، لە جەنگی ساڵی [1877-1878]ـدا تووشی شکستێکی کەمەرشکێن هات و ڕووبەرێکی بەرفراوانی هەرێمەکەی کەوتە ژێر دەستی ڕووسیاوە. دواهەمین سووڵتانی عوسمانی واتە سوڵتان عەبدولحەمید ئەرمەنییەکانی بە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆڕان و گلانە دەزانی، لەبەر ئەوەی ئەرمەنەکان بەهۆی مەسیحیبوونیانەوە لایەنگیری ڕووسەکان بوون، هەندێکیشیان لە سووپای ڕووسیادا دژ بە عوسمانییەکان دەجەنگان. سوڵتان کەڵکەڵەی تۆڵەسەندنەوە ئارامی لێبڕیبوو، بە چاوبڕین لەم ئامانجە و بە پاساو و بەهانەی بۆڕدانی سوپای ڕووسیا لە ساڵی [1891]ـدا لە هۆز و تیرە کوردەکان سوارەکانی حەمیدییەی چێکرد و دەستڕۆییەکی فراوانییشی پێدان، بە جۆرێک وەک دەگێڕنەوە ئەرزش و سەنگیان بۆ کەس دانەناوە و چییان خواستبێ بێ سڵەمینەوە کردوویانە. بەهۆی سوارەکانی حەمیدییەوە سوڵتان عەبدولحەمید پێگەیەکی باڵای لە نێو کورداندا بۆ خۆی دەستەبەر کرد و نازنای [باڤێ کوردا]، واتە باوکی کوردانی لێنرا. ئەمە لە کاتێکدا بە هۆی شەڕ و کوشتارەکانییەوە، ئەرمەن و ئەوانی دیکەدا بە سوڵتانی سوور، یانژی سوڵتانی خوێنڕێژ ناودێر دەکرا.
لە ساڵی [1894]ـدا ئەرمەنەکانی دەورووبەری شاری مووش، ڕەتیانکردەوە باج و سەرانە بە دەرەبەگ و ئاغا و دەستڕۆیشتووە کوردەکان بدەن. پەرچەکرداری دەوڵەت بێبەزەییانە بوو، لە ماوەیەکی کەمدا چەندان هەزاری بە ژن و منداڵ و پیرەوە لێکوشتن. هەر لەو سەروبەندەدا ئەرمەنەکان لە ئیستەنبوڵ و زۆرێک لە ناوچە کوردییەکان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک کۆکوژی و قڕکردن بوونەوە. کە بەداخەوە سوارەکانی حەمیدییە ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا هەبوو. هەموو ئەوەی ڕوویاندا بەشێکی بەسەرهاتەکەیە، شەپۆلێکی بەگوژمتر لە سەردەمی [تورکە لاوەکاندا] سەرڕێکەوت، لە [24. 4. 1915]ـدا زیاد لە دوو سەد و پەنجا ئەرمەنی کە خاوەن باندۆر و شوێنپەنجەی حاشاهەڵنەگربوون لە بوارەکانی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا لە ئەستەنبوڵەوە ڕاپێچی ئەنقەرە کران و لەوێندەر کۆکوژ کران. دوای فەوتکردنی فیگۆر و پایەدارانی ئەرمەن، کەوتنە گیانی ئەرمەنە رەش و ڕووتەکە. لە شەپۆلی دووەمی ئەرمەنۆسایددا دیسان سوارەکانی حەمیدییە بە قەبارەی خۆی بەشدار بوو، بەگوێرەی هەندێک ئامار کوشتاری سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید سێسەد هەزاری تێپەڕاند، هی تورکەلاوەکانیش کە لە ساڵی [1908]ـدا کۆدێتایان بەسەر سوڵتاندا کرد و ڕەشمەی دەسەڵاتیان کەوتە دەست، یەک ملیۆن و نیو بوو، ئەوانەشی وڵاتبەدەر کران و بە جیهاندا پەڕاگەندە بوون، خۆی لە هەشت سەد هەزار دا.
مەبەستی ئەم نووسینە گواستنەوەی کتومتی ئەوە نییە کە لەسەردەستی کورد بەسەر ئەرمەنەکاندا هێنراوە. بەقەد ئەوەی هەوڵێکی ڕەخنەییە بە ئاراستەی پرسیار دانان لەسەر ئەو تێکستە کوردیانەی لە پەیوەندیدا بە پرسی ئەرمەنۆسایدەوە هاتوونەتەدەر، بەدەر لە بارگاویبوونی ئەم تێکستانە بە کەشێکی سۆزەکییانەی ئەوتۆ کە ئاستەمە تێیدا گفتوگۆیەکی عەقڵانی سەرپێ بکەوێت، زۆرێک لەم تێکستانە بۆ بێتاوان نیشاندانی کورد، ئەم دوو ئارگومێنتانەیان ڕاستەوخۆ هەندێک جاریش ژێرەوانکێ و ناڕاستەوخۆ لە هەناوگرتووە:
یەکەم/ ژمارەیەک کورد داڵدەی هەندێک ئەرمەنیان داوە و لە پڕۆســـــەی قڕکردنەکەدا پاراستوویانن.
دووەم/ کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، خۆ بەخۆ هیچیان نەکردووە، ئەوان تەنیا فەرمانە میرییەکانیان جێبەجێکردووە.
ئێمە لەم نووسینەدا شوێن ئەم دوو خاڵە دەکەوین، سەرەتا دەست و پەنجە لەتەک خاڵی یەکەمدا نەرمدەکەین، لە خاڵی یەکەمدا دوو هەڵەی لۆژیکی ئامادەن، ئەوانیش بریتین لە هەڵەی لۆژیکی بەدوایدا نایەت و هەڵەی داڕشتن:
1- بەدواییدا نایەت IT Does Not Follow
ئەم هەڵەیە کاتێک ڕوودەدات ڕایەڵ و پەیوەندی لە نێوان پێشەکی یاخود پیشـــــــــــــــەکییەکان [Premises] و دەرەجـــــــــــام [Conclusion]ـدا نامێنێت. بۆ نموونە [A] بە هاوژینەکەی بڵێت: [تۆ هاوسەری منیت، بۆیە دەبێت ئەوە بکەیت کە پێتی دەڵێم]، یاخود[ئاسمان شینە، دەریاش شینە، کەواتە ئاسمان بریتییە لە دەریا]. خاڵی یەکەم پێمان دەڵێت: [ژمارەیەک لە کوردەکان ژیانی ئەرمەنەکانیان پاراستووە، کەواتە نــــاکرێت کورد بە ئەرمەنۆساید تۆمەتبار بکــرێت]. ئەوەی کەمەکێک دەرگیری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بووبێت لە یەکەم نیگادا بۆیدەردەکەوێت دەرەنجامی [بێتاوانی کورد لە ئەرمەنۆسایدا] بە دڵنیاییەوە بە دوای پێشەکی [بوونی کوردانێک کە ژیانی چەندان ئەرمەنییان پاراستووە] نایەت. تاکە دەرەنجامێک دوای ئەو پیشەکییە بکەوێت ئەوەیە هەندێک لە کوردەکان نەک هەر تەنیا بەشدار نەبوون، بەڵکو هەڵوێستێکی جوامێرانەشیان نواندووە و سەرەڕای مەترسییەکان، ژیانی چەندان ئەرمەنییان پاراستووە. کەواتە لەسۆنگەی ئەوەی وتمان دەبێت ئەم ئاگومێنتە بەم چەشنە دابڕێژرێتەوە: [ژمارەیەک لە کوردەکان ژیانی ئەرمەنەکانیان پاراستووە، کەواتە هەموو کوردەکان لە ئەرمەنۆسایدا بەشدار نەبوون].
2- هەڵەی داڕشتن Fallacy Of Composition
ئەم هەڵەیە وەختێ ڕوودەدات کەسێک وا دادەنێت ئەوەی لە پەیوەندیدا بە تاکەکان و بەشەکانەوە ڕاستە، بۆ گشتیش ڕاستە، بەبێ ئەوەی ئەم بازدانە لە هەندەکەوە بۆ هەمەک پشت بە بەهانەیەکی لۆژیکی ببەستێت. بۆ نموونە [هەموو بەشەکانی ئەم ئامێرە سووکەڵەن، کەواتە ئەم ئامێرە سووکەڵەیە] یاخود [پڵنگ لە مرۆڤ زیاتر گۆشت دەخوات، کەواتە پڵنگەکان لە مرۆڤەکان زیاتر گۆشت دەخۆن]. یانژی [ئەم مامۆستایەی زانکۆ زیرەکە، کەواتە مامۆستایانی زانکۆ زیرەکن]. ئەم هەڵەیە لە خاڵی یەکەمدا ئارایی هەیە، چوونکە بوونی ژمارەیەک کورد کە گیانی ئەرمەنەکانیان ڕزگارکردووە بووەتە بەهانە و بیانوو و هەنجەت بۆ بێتاوانکردنی میللەتێک. کەواتە خاسیەتێک، جوامێرییەک کە لە ژمارەیەکی کەمی کوردا هەبووە، دراوەتە پاڵ نەتەوەیەک. نووسەرانی کورد دەبوو لەودیو تاسە و کەڵکەڵە ناسیۆنالیستییەکانیانەوە بنووسن و شتەکان وەک ئەوەی هەن بگوازنەوە، چوونکە ئەگەر ژمارەی ئەم ڕزگارکەرانە زۆر بوونایە بۆچی لە شارێکی وەکو بەدلیسدا لە هەژدە هەزار ئەرمەنی سێسەد بۆ چوارسەد ژن و منداڵ مانەوە؟ بۆ لە ئەرزڕوومدا لە کۆی بیست و پێنج هەزار تەنیا دووسەد کەسێک قوتاریان بوو؟ لە هەنتەشی ئەو هەموو قارەمانەدا بۆچی لە موشدا کە نزیکەی بیست و پێنج هەزار ئەرمەن لێدەژیا، تاقیان لێدەرنەچوو؟!
پاساوی دووەم ئەوەیە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپاسییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، دەیانەوێ بڵێن ئەوەی کردوویانە بە خواست و ویسی خۆیان نەبووە، بەڵکو بەفەرمانی میری جوڵاونەتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە هیچ نەبوون جگە لە پێکارێک[الوسيلة] یاخود ئامرازێک [أداة] بەدەست دەسەڵاتدارانەوە. لەم بەستێنەدا توێژەرێک نووسیویەتی: […. ئەو کوردانەی لەو قەسابخانەیەدا بەشداربوون، تەنها کەرەستە و ئامێری دەستی دەوڵەت بوون و هیچ وەختێ کورد وەک میللەت بەشداری نەکردووە …….].[محەمەد ساڵح تۆفیق، جینۆسایدی ئەرمەن و ڕۆڵی کورد تییدا]. یەکێکی دیکە جەخی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە: [….. نابێت ئەوەش لەسەر کورد تۆماربکرێت وەک هەندێک کۆلکە نووسەر کردویانە، چوونکە لە ڕاستیدا ئەوە سوپایەکی سەر بەحکومەت بووە و فەرمانی حکومەتی جێبەجێکردووە و نەیتوانیوە لە بڕیاری حکومەت دەرچێت، ئەوانیش وەک هێزی پۆلیس و سوپا وابوون و هیچ کات نوێنەری گەلی کورد نەبوون].[ئارام مەجید شەمێرانی، کورد و ئەرمەن و بێتاوانی کورد لە جینۆسایدی ئەرمەندا] هەروەتر لە لاپەڕە [١٤٥]ـی کتێبی مێژووی نوێ و هاوچەرخی پۆلی دوازدەهەمی ئامادەیی وێژەییدا کە مەنهەجە و خوێندنەوەی ناچارییە بۆ هەموو ئەو قوتابییانەی لە لقی وێژەیی دەخوێنن، هاتووە: [سوارەی حەمیدییە لە کوشتاری بە کۆمەڵی گەلی ئەرمەن داڕۆڵێکی خراپی بینی، ئەو کوشتارەی لەساڵی ١٨٩٤ز وە دەستی پێکردو بەسەدان هەزار ئەرمەنی تێدا کوژرا. ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ڕاستە بەشێک لەدەرەبەگ و سەرەک خێڵ و پیاوە ئایینییەکان لە ڕیزەکانی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە دا کۆببوونەوەو لەکوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەندا بەشداریان کردبوو، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگیرێ کە ئەمانە بەشێک بوون لەدام و دەزگا سوپایی و ئیدارییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید و بەفەرمانی دەوڵەتیش دەجووڵانەوە].
بیانووی ئەم توێژەر و نووسەرانە و هاوڕاو ئاو بیرەکانیان ئەوەکــــــــــــــــــەی ئەدۆلـــــــــــــــــــف ئایـــــشــمان [Adolph Eichmann]مان بیر دەهێنێتەوە. ئایشمان لە ساڵی [١٩٠٦]لە شاری [سولينگين]ـی ئەڵمانیا لە دایکبووە، هەر زوو بهەڤڕا لەتەک ئەندامانی خێزانەکەی چووەتە نەمسا، لەوێندەر خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات، دواتر لە ئەندازیاری میکانیکدا دەست بە مەشق دەکات، وەلێ تەواوی ناکات. لە ساڵی [١٩٣٢ز] بە هاندانی یەکێک لە خزمەکانی پەیوەندی بە پارتی نازییەوە دەکات و بە درێژایی چەندان ساڵ بە هیرارکییەتی سەربازی و کارگێڕیی نازییەکاندا هەڵدەزنێ تاوەکو دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕایخی سێیەم. ئایشمان ناوێکی لکاوە بە هۆڵۆکۆست[Holocaust]ـەوە، کارە سەرەکییەکەی گواستنەوەی جووەکان بوو لە سەرانسەری قەڵەمڕەوی ڕایخی سێیەمەوە بۆ کامپەکانی قەڵاچۆکردن. دوای داڕمانی نازیزمیش، ئایشمان لە ئەرجەنتین گیرسایەوە و بە ناوێکی دیکەوە بۆ ماوەیەک توانی درێژەی بە ژیانی خۆی بدات تاوەکو لە ساڵی (١٩٦٠)ـدا لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لە لایەن دەزگای مۆسادەوە قۆڵبەست کراو و بەبێ ڕەزامەندی ئەرجەنتین هێنرایە ئیسرائیل، پاش دادگایی کردنی لە ساڵی [١٩٦٢ز]دا لە سێدارە دەدرێت.
خانمە فیلۆسۆفی[ئەڵمانی – ئەمەریکی] بە ڕەگەز جوو هانا ئارێنت [Hannah Arendt] گرێبەستێک لەتەک ڕۆژنامەی نیوۆرکەردا واژوو دەکات، بەگوێرەی گرێبەستەکە ئارێنت دەبوو ئامادەی دادگاییکردنەکەی ئایشمان بێت و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی لەبارەی دادگایکردنەکەوە بە زنجیرە بڵاوبکاتەوە، دواتر ئارێنت ئەم ڕاپۆرتانە لە کتێبێکدا بەناوی بە ناونیشانی (ئایشمان لە ئۆرشەلیم، ڕاپۆرتێک لە بارەی پوچێتی خراپەکاری- Eichmann in Jerusalem: A Report on the Banality of Evil) سەرەتا بە زوانی ئینگلیزی لە ساڵی [١٩٦٣ز]دا و پاشان بە ئەڵمانی لە ساڵی [١٩٦٤ز]دا بڵاوکردەوە.
ئەوەی زیاد لەهەر شتێکی دیکە سەرنجی ئارێنت کەمەندکێش دەکات پێداگیری بەردەوامی ئایشمانە لەسەر ئەوەی کە ئەو تەنیا ئەرکی سەرشانی خۆی ڕاپەڕاندووە، ملی بۆ یاسا و ڕێساکان کەچ کردووە و فەرمانەکانی بنپێ نەخستون و پایەماڵی نەکردون. هەروەتر جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە بە هیچ جۆرێک ڕقی لە جووەکان نەبووە، هەرگیزیش نەیویستووە کەسێک بکوژێت، خۆی واتەنی ئەو دڕندەیە نییە کە باسی دەکەن. بە بۆچوونی ئارێنت گەرچی ئایشمان بە قوڵی بەشداربوو لەوەی پێیدەگوترا چارەسەری کۆتایی [Final Solution] کە بریتی بوو لە قڕکردنی جووەکان، کەچی هیچ نییەتێکی تاوانکاری نەبوو، ڕاستییەکەی ئایشمان تەنیا پێکارێک بوو، پێکاری جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فوهرەر. دوا ڕستەکانی ئایشمان ئەمانە بوون: [ئەوە مەرامی من نەبووە خەڵکی بکوژم، قڕکردنەکە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی بوو، سوورم کەسەر ئەوەی تاوانی من ئەوەیە گوێڕایەڵێکی باشی فەرمانەکان بووم … نها من وەک قوربانییەکان قوربانیم]. کەواتە ئێمە لە بەردەم کەسێکداین کە خراپەی کردووە بەبێ ئەوەی خراپ بێت. بە دەربڕینێکی دیکە، خراپەیەک هەیە ڕیشەکانی ناچنەوە نێو دوونیای ناوەکی ئەو کەسەی کردوویەتی. ئارێنت ئەمەی ناوناوە پوچێتی خراپەکاری [Banality of Evil]. ئەو لە کۆتاییەکانی [ئایشمان لە ئۆرشەلیم]ـدا ڕستە بەناوبانگەکەی خۆی دەنووسێت: […… ئێمە هەرچی بکەین ناتوانین لە ناخی ئایشماندا نییەتێکی دۆزەخی قوڵ یاخود شەیتانی بدۆزینەوە….].
هەرچەندە قسەکردن لە بارەی سوژەی ئایشمانییەوە لە دەرەوەی سیستەمێکی تۆتالیتاردا بێ کێشە نییە، بەڵام ئێمە هەر دەپرسین ئایە دەکرێت وەکچلۆن [ئایشمان]مان تەنیا بە پێکاری جێبەجێکردنی فەرمانەکانی فوهرەر دانا، ئاوهاش کوردانی نێو ڕێزەکانی سوارەی حەمیدییە بە ئامرازی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سوڵتان و بڕیاربەدەستان لە قەڵەم بدەین و لە هەموو ویستێکی تاوانکاری و بەدکاری دایانبماڵین؟ هەڵبەت بە دڵنیاییەوە بۆ بەشێک لە کوردانی نێو ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە قڕکردنی ئەرمەن و کەمە ئایینی و ئایینزاییەکانی دیکە، تەنیا جێبەجێکردنی فەرمان بووە، بەڵام ئەمە لە بەرپرسیارێتی قوتاریان ناکات، بە بڕوای هانا ئارێنت هەرچەندە ئایشمان لە پێکارێک زیاتر نەبوو، بەڵام هەر تاوانبارە، نەک لەبەر ئەوەی کە خودان سروشتێکی خراپە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بووەتە پێچکەیەک لە ماشینە گەورە و ئاڵۆزەکەی نازیزمدا، ئەمە لە کاتیکدا دەیتوانی بڕیارێکی ئازایانە دژ بە سیستەمی نازی بدات. بە درێژ کردنەوەی هەمان لۆژیک دەڵێین دانانی کوردانی نێو فەوجەکانی سوارەکانی حەمیدییە بە پێکار، ئەوان لە پەرپرسیارێتی قوتار ناکات، چوونکە دەکرا بەشێک نەبن لەو کوشتارەدا. زیاتر لەمە، ناتوانرێت هەموو کوردانی نێو فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە بە پێکارێک یانژی بە ئامرازێک دابنێین. چوونکە بۆ بەشێکیان جینۆسایدی ئەرمەن بەر لەوەی جێبەجێکردنی فەرمانی میری بێت، بەر لەوەی پاراستنی ئەو ناوچەیە بێت کە ئەرمەن بە ئەرمینیای ڕۆژئاڤا و ئێمەش بە کوردستانی باکور ناوزەدی دەکەین، بەر لەوەی هەر شتێکی دیکە بێت، جینۆسایدی ئەرمەن بۆ ئەوان جیهاد بووە. بە بێ بیرۆکەی جیهاد و سووننی بوونی کورد، نە لە بەشداری کورد لە قڕکردنی ئەرمەنەکاندا تێدەگەین، نە دەشتوانین ڕاڤەی ئەوە بکەین بۆچی لە پاڵ ئەرمەنەکاندا کوردانی ئێزدیی و عەلەوی لەسەر دەستی سوارەکانی حەمیدییە کە زۆرینەیان کورد بوون، دووچاری کوشتن و شاربەدەرکردن بوون.
ژێدەرەکان
1- الدكتور كمال مظهر احمد, كردستان في سنوات الحرب العالمية الاولى, ط3, دار الفارابي – دار آراس للطباغة والنشر, 2013.
2- حنة ارندت, ايخمان في القدس تقرير عن تفاهة الشر, ترجمة: ا. نادرة السنوسي, تقديم: د. على عبود الحمداوي, ابن النديم للنسر والتوزيع – دار الروافد الثقافية- ناشرون, ط1, 2014, الجزائر- لبنان.
3- رشيد العلوي, الفلسفة بصيغة المؤنث, الشرط الإنساني ومشكلة الشر, مؤسسة هنداوي سي اي سي, 2017.
4- Arnold J. Toynbee, Armenian Atrocities: the Murder of a Nation with a Speech delivered by Lord Bryce, London- New York, 1915.
5- محەمەد ساڵح تۆفیق، جینۆسایدی ئەرمەن و ڕۆڵی کورد تییدا، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، ٢٠٢٠.
6- ئارام مەجید شەمێرانی، کورد و ئەرمەن و بێتاوانی کورد لە جینۆسایدی ئەرمەن، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی هێمن، ٢٠١٤.