عەتا قەرەداخی: شوێنى نالى له پرۆژه‌ى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورددا – بەشی کۆتا.
نالى له‌و هه‌ڵوێسته‌شدا زیاتر بنه‌ماكانى گوتاره‌كه‌ى به‌هێز ده‌كات‌و هه‌ر له سنوورى وشه‌دا نایهێڵێته‌وه ئه‌گه‌رچى به چه‌مكى (بارت) وشه‌ى خۆى فیكره. به‌ڵكو قووڵ ده‌بێته‌وه بۆ مانا، واته بۆ مه‌به‌ست له به‌كارهێنانى ئه‌و زمانه كاتێ ده‌ڵێت:
كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه خۆ كردییه
هه‌ر كه‌سێ نادان نه‌بێ خۆى تالیبى مه‌عنا ده‌كا
ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ئه‌و ده‌لاله‌ته بده‌ین له‌پشتى ئه‌م دوودێڕه‌وه وه‌ستاوه ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه نالى له دوو ئاستدا هه‌ست به كه‌مێتى‌و نا ئاماده‌بوون ده‌كات. ئاستى یه‌كه‌م (كه‌س به‌ئه‌لفاڤم نه‌ڵێ خۆ كوردییه) وشه‌ى (خۆ) لێره‌دا ده‌لاله‌تى جۆرێك له دڵنیا كردن هه‌ڵده‌گرێت كه ئه‌ویش دڵنیاكردنێكى نێگه‌تیڤه، چونكه ئه‌و بۆچوونه له پشتیه‌وه وه‌ستاوه كه كوردى له ئاستێكى نزمدایه‌و ده‌شێ ئه‌وانى تر بڵێن ئه‌و زمانه‌ى كه ئه‌و شیعرى پێ ده‌نووسێت له‌و ئاسته‌دا نىیه بۆكارێكى وه‌ها بشێ‌و داهێنه‌رێك به‌كارى بهێنێت. هه‌ر لێره‌وه جۆرێك له بێ به‌هاكردنى ئه‌و كاره‌ى نالى ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه بكه‌رى نادیارن‌و پێیان وایه كه ئه‌و زمانه‌ى نالى به‌كارى ده‌هێنێ بۆ شیعر نوسین زمانێكى بێ به‌هایه (چونكه كوردى)یه ئه‌وانه كێن؟ داخۆ هه‌ر كوردن، یان ئه‌و بكه‌رانه‌ن كه زمان‌و كه‌سێتى كوردیان له رابردوودا تێكشكاندووه؟ یان ده‌شێ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه كه‌سانێكى وه‌ها بوونیان نه‌بووبێت، به‌ڵام نالى له ئه‌نجامى گومان كردنیدا له سه‌ركه‌وتنى خۆى له‌كارێكى له‌و جۆره‌دا ئه‌ودێڕه فڕێ بدات، به‌واتایه‌كى تر ده‌شێ نالى خۆى له حاڵه‌تى هه‌ستكردن به‌لاوازى‌و نزمى ئاستى زمانى كوردیدا له‌وكاته‌دا له‌لاوه‌عیدا ئه‌وه دروست بووبێت كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زمانى كوردى ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ى زمانى عه‌ره‌بى‌و فارسى نىیه، ده‌شێ ئه‌م بكه‌وێته به‌رهێرش كاتێ به‌كوردى ده‌نوسێت. ئه‌مه‌ش ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه نالى له‌گه‌ڕان به‌دواى ئه‌زمووندا كوردى به‌كار هێناوه، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى بوایه، نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌و حاڵه‌ته شلۆقه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م بۆچوونه له‌به‌هاى پڕۆژه‌ى نالى كه‌م ناكاته‌وه، چونكه به‌پێى ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه كه‌سێتى داهێنه‌رانه‌ى مه‌زنتر ده‌بێت. چونكه داهێنه‌ر به‌رده‌وام به‌گومان‌و دوودڵیه‌وه ده‌ڕوانێته كرده‌ى داهێنان‌و ناتوانێت به دڵنیایى بژى‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌تى داهێناندا بكات. كه‌سییه‌تى نالى له پشتى ئه‌م شیعره‌وه، كه‌سێتىیه‌كه ناتوانێت بگات به یه‌قین. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام له ئه‌زمووندایه، له هه‌ر ئه‌زموونێكیشدا له‌به‌رامبه‌ر ترسى سه‌رنه‌كه‌وتندا ڕاده‌وه‌ستێت. نالى ده‌ترسێ ئه‌زموونى به‌كوردى نوسینى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنێت، بۆیه پێش وه‌خته ده‌ڵێ؛ من له سنوورى مه‌ئلووفى بنیادنانى شیعر نووسین ده‌رچووم، شێوازێكى نوێم به‌رهه‌م هێناوه به‌زمانى كوردى، ده‌شێ ئێوه بكه‌ونه سه‌نگه‌رى دژایه‌تى كردنمه‌وه‌و ئه‌زموونه‌كه‌م ره‌ت بكه‌نه‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى نالى ناڕاسته‌وخۆ لێى ده‌دوێ حاڵى هه‌موو ئه‌زموونێكى نوێیه، چونكه به‌رده‌وام نوێخوازى‌و تازه‌كردنه‌وه ده‌كه‌وێته به‌رهێرشى كۆنه پارێزان‌و ته‌قلیدىیه‌كان، كه‌واته هه‌ڵوێستى نالى هه‌ڵوێستى تازه گه‌رێگه كه له خه‌مى بنیادنانى ئه‌زموونى نوێدایه.
كاتى نالى له ئاستى دووه‌مدا ده‌ڵێت؛ (كه‌س به‌ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ كوردییه). ئه‌گه‌ر سه‌رنجى وشه‌ى (خۆ) بده‌ین سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌بارى یه‌كه‌مدا جگه له (خود) كه ئه‌ویش ماناى بكه‌رى دروستكه‌رى ئه‌و ئه‌زموونه‌یه، له‌هه‌مان كاتدا ئیحاى جۆرێك له دڵنیایى ده‌دات. لێره‌دا نالى جارێكى دى به بكه‌رى نادیار كه ده‌شێ ئاماده‌بونیان هه‌بێت، یان ئاماده‌بوونیان نه‌بێت‌و نالى له‌حاڵه‌تى ترس‌دا به‌رامبه‌ر به ئه‌زموونه‌كه‌ى له خه‌یاڵى خۆیدا ئه‌و بكه‌ره دژه‌ى دروست كردبێت ده‌ڵێت؛ گله‌یى ئه‌وه‌م لێ مه‌كه‌ن كه‌من له ئه‌زموونى سه‌ربه‌خۆى خۆمدا به‌ئاڕاسته‌یه‌كى جیاواز له شێوازى مه‌ئلوف ده‌نووسم. واته لێره‌دا نالى جارێك به‌هانه بۆ بوونى سه‌ربه‌خۆیى بۆ ئه‌زموونى نوێ ده‌هێنێته‌وه جارێكى دى بانگه‌شه بۆ (گه‌وره‌یى) خۆى ده‌كات كه بۆته خاوه‌نى ئه‌زموون‌و كردارى دروست كردووه، واته نالى ده‌یه‌وێت بڵێت؛ من شاعیرێكى ساده نیم، ته‌نیا له سنورى مه‌ئلوف‌و ته‌قلیدا بجوڵێم‌و به‌رهه‌م بهێنم، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بڵێ؛ من خاوه‌نى كردارم.
كردارى نوسینى ئه‌و ئه‌زموونه شیعرییه به كوردى له‌لایه‌ن منه‌وه ئه‌نجام دراوه، هه‌رلێره‌شه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه نالى ته‌نیا له‌و سنووره‌دا نامێنێته‌وه كه‌وه‌ك (ئه‌فرێندراو) لێى بڕوانرێت، به‌ڵكو نالى ده‌بێته (ئه‌فرێنده‌ر) ئه‌مه‌ش قۆناغێكه كه مرۆڤ تیایدا ده‌گات به ئاستى بوون هه‌ر ئه‌و گه‌یشتنه‌شه به‌حاڵه‌تى بوون ناوى نالى گه‌وره‌و مه‌زن كردووه‌و له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه نالى له‌دواى گه‌یشتن به (بوون) دا ده‌گه‌ڕێت.
له‌لایه‌كى تره‌وه نالى هاوشانىیه‌ك له‌نێوان (خۆ كوردییه) و (خۆ كردییه)دا پێك ده‌هێنێت كه ئه‌گه‌ر خود له به‌شى دووه‌مدا كه بكه‌رێكى كردار دروستكه‌ره كه‌سێتى كورد بوایه ئه‌وا ماناى ئه‌وه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وت كه‌كرده‌ى ئه‌و بكه‌ره له پێناوى به كوردى كردن‌دا ده‌بوو به‌شێوه‌یه‌كى گشتى. به‌ڵام لێره‌دا بكه‌رى دروستكه‌رى كردارى به‌كوردى نوسین، ته‌نیا نالى خۆیه‌تى له‌م حاڵه‌ته‌شدا (كوردى) ته‌نیا بریتىیه له ئه‌زموونى شیعر نوسینى نالى. به‌واتا لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه خودى كردار دروستكه‌ر، واته بكه‌ر نه‌بۆته كه‌سێكى نه‌ته‌وه‌یى كورد‌و به‌رهه‌مى كرداره‌كه‌ش كه به‌كوردى نوسینه، نه‌بۆته به‌رهه‌مى هه‌ست‌و هۆشیارى كورد. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ناكرێت بێ چه‌ندو چوون، ئه‌م شیعره‌ى نالى به‌گه‌وهه‌رى گوتارى مانه‌وه‌ى كورد دابنێین. ڕاسته نالى به كوردى نووسیویه‌تى‌و باسى له مه‌ئلوفیه‌تى زمانى كوردى بۆ شیعر نوسین ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ستێكى ساده‌ى كوردایه‌تیش لاى نالى ئاماده‌بوونى هه‌بووبێت، ئه‌وه نه‌گه‌یشتۆته ئاستى پێكهێنانى گوتار. هه‌ر بۆیه من واى بۆده‌چم كه نالى وه‌ك ئه‌زموونگه‌رێك كه به‌دواى نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت رێگاى له ئه‌زموونى به‌كوردى نووسین كه‌وتووه، هه‌ڵوێستیشى به‌رامبه‌ر به‌و بكه‌ره نادیاره‌ى كه گوایه له هه‌ڵوێستى دژى ئه‌زموونه‌كه‌ى ئه‌مدایه زیاتر ئه‌م ئه‌زموونه به‌هێزده‌كات. ئه‌و حاڵه‌ته‌ى كه تیایدا نالى واى نیشان ده‌دات كه‌سانێك هه‌ن دژى به‌كوردى نوسینه‌كه‌ى ئه‌من، حاڵه‌تێكه نالى به‌گومان پێى ده‌گات، یان له سنوورى خه‌یاڵدا ئه‌و حاڵه‌ته دروست ده‌كات. خۆیشى وایده‌بینێت كه ئه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌نجامى ده‌دات، ده‌رچوونه له سنوورى مه‌ئلوف‌و حاڵه‌تى باو، بۆیه گومانى ئه‌وه ده‌كات كه دژایه‌تى ده‌كرێت. به‌ڵام هیچ سیمایه‌كى ئه‌و دژایه‌تى كردنه نه له مێژووى ئه‌ده‌بى كوردیدا په‌یوه‌ست به‌و قۆناغه‌ى نالى تیا ژیاوه به‌ڵگه‌ى بۆ ده‌دۆزێته‌وه، نه له مێژووى سیاسى (میرنشینى بابانیش)دا دژایه‌تى كردنى ئه‌وانه‌ى تیا باسكراوه كه به كوردى نوسیویانه، له پێش هه‌موویانه‌وه نالى..
به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌وسه‌رده‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ته‌وه‌كانى تریش هێشتا لاواز بووه، هێنده به‌گرنگ له مه‌سه‌له‌ى به‌كارهێنانى زمان نه‌ڕوانراوه، خۆ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌كیش هه‌بووبێت ئه‌وا پێم وایه له‌وه زیاتر نه‌بووه كه هه‌ندێ كه‌س پێیان وابووبێت كه داهێنان ده‌بێت به‌زمانى ده‌سه‌ڵات بێت، زمانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ده‌بیش له‌و مێژووه‌دا زمانى عه‌ره‌بى‌و فارسى بووه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى میرنشینى بابان ناڕاسته‌وخۆ سه‌ر به ناوه‌ندێتى ده‌سه‌ڵاتى عوسمانى بووه. به‌هه‌ر حاڵ لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه ئه‌و گازه‌نده‌یه‌ى نالى به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ى كه لایان وایه زمانى كوردى بۆ داهێنانى گه‌وره نابێت، ناتوانێت ببێته به‌ڵگه‌یه‌كى به‌هێز بۆ لایه‌نگرێتى حساب كردنى به به‌رهه‌مهێنى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى، به‌ڵكو ده‌شێت ئاماده‌بوونى ئه‌زموونى نالى (له شیعرى كوردى)دا له ڕوانگه‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه وا دابنرێت كه هه‌ندێ له بنه‌ماكانى بنیادنانى ئه‌و گوتاره‌ى به‌رهه‌مهێناوه.
دیسان ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ى كه زیاتر بۆ به‌رهه‌م هێنانى گوتارى كوردى له شیعرى (نالى)دا تائێسته ده‌هێنرێته‌وه، چامه به ناوبانگه‌كه‌یه‌تى كه له‌ئاواره‌یىیه‌وه بۆ سالمى شاعیرى ده‌نێرێت و به‌گشتى پرسیار كردنه له باره‌ى سلێمانى‌و سنوورى میرنشینى بابانه‌وه له دواى هه‌ره‌سى میرنشین. نالى له‌م قه‌سیده‌یه‌دا وێڵى دواى دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامه، به‌دواى یه‌قیندا ده‌گه‌ڕێت، یه‌قینى مانه‌وه‌ى (شار) وه‌ك خۆى، یان یه‌قینى وێران بوونى هه‌موو شتێك له‌دواى ڕووخاندنى میرنشین.
نالى له قه‌سیده‌ى (قوربانى تۆزى ڕێگه‌تم ئه‌ى بادى خۆش مرور) گۆرانى بۆ رابردوویه‌ك ده‌ڵێت؛ كه له تێڕوانینى ئه‌وه‌وه رابردوویه‌كى نمونه‌یى زیندوى باڵایه‌و له خه‌یاڵى ئه‌مى شاعیردا به‌رزترین نمونه‌یه، ئه‌و نمونه‌یه‌ش میرنشینى بابانه. ڕاسته له‌ده‌ست چوونى ئه‌و میرنشینه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى سنوردارى ناوچه‌یى بووه، به‌ڵام زیانێكى گه‌وره‌بوو له‌كورد. چونكه ده‌شیا خوێن‌و ده‌مارگیرى خێڵایه‌تى(8) بڵند ببوونایه‌و بگه‌یشتنایه‌ته ئاستى گه‌یشتن به به‌رزترین ئاستى رۆح، واته رۆحى كۆمه‌ڵگه، كه ئه‌وه‌ش به‌رزترین ئاسته كه گوزارشت له ماهیه‌تى رۆحى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و عه‌قڵ بكات ده‌وڵه‌ته(9) به‌ڵام ئێمه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه میرنشینى بابان میرنشینێكى خێڵایه‌تى بووه‌و به‌وپێیه‌ش خاوه‌نى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نه‌بووه، خه‌مى نالى له‌م قه‌سیده‌یه‌دا خه‌مى هه‌ره‌سى ئه‌و میرنشینه‌یه. جا لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ نالى له‌و ڕوانگه‌یه‌وه نیگه‌رانه به‌رامبه‌ر به ڕوخاندنى میرنشین كه نوێنه‌رى كورد بووه؟ یان له‌ژێر كاریگه‌رى وه‌لائى خۆیدا بۆ میرنشین له‌و روانگه‌یه‌وه كه خۆى وه‌ك شاعیرى میرنشین بینیووه، هه‌ڵوێستى نواندووه؟ له هه‌ر بارێكیاندا بێت ده‌لاله‌تى هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رێتى نالى ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر به تێڕوانینى ئێمه له‌ڕاستىیه‌وه نزیكه ئه‌وه‌یه؛ نالى له‌به‌ر له‌ده‌ست چوونى شوێن‌و مه‌قامى خۆى به‌هۆى له‌نێو چوونى میرنشینه‌وه نیگه‌رانه.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه نالى له‌تاراوگه‌وه بۆ زێدى خۆى ده‌گرى، ئه‌مه‌ش جۆره حاڵه‌تێكه كه‌زۆربه‌ى كات پێوه‌ندىیه‌كى ئه‌نتۆلۆژیانه ده‌ورى تێدا ده‌بینێ، نه‌ك هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى. جیابوونه‌وه‌و په‌رت بوون له زێد‌و شوێنى له‌دایك بوون‌و گه‌وره‌بوون بریتىیه له جیابوونه‌وه‌و په‌رت بوون له‌مێژوو، له رابردوو، له بیره‌وه‌رىیه‌كان، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌و رابردووه‌دا خاوه‌نى یاده‌وه‌رى خۆش بێت. لێره‌وه ده‌شێ لاواندنه‌وه‌ى سلێمانى له‌لایه‌ن (نالى)یه‌وه زیاتر له ژێر كاریگه‌رى بیره‌وه‌رییه‌كانى رابردوودا بێت، له‌گه‌ڵ هه‌ست كردن به‌غوربه‌تدا، غوربه‌تى خاك‌و ئاو‌و كانى‌و چیا‌و دارستان، غه‌ریبى كه‌س‌و كار‌و براده‌رو ناسیاران، لاى نالیش غه‌ریبى كۆڕى پیاو ماقوڵان‌و میرو دیوه‌خانى میرو سه‌یران‌و سه‌فاى سلێمانى‌و ده‌ورو به‌ریه‌تى. نالى له ئه‌نجامى یه‌ك گرتنه‌وه‌ى ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ى سه‌ره‌وه‌دا، گۆرانى بۆ سلێمانى ده‌ڵێت، له دووره‌وه بست به‌بست‌و شوێن به‌شوێنى ده‌لاوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر نالى خاوه‌نى هه‌ستیارىیه‌كى نه‌ته‌وه‌یى به‌هێز بوایه له‌چاوى میرنشینى بابانه‌وه، سه‌یرى كوردى نه‌ده‌كردو هه‌ره‌سى میرنشین به‌و شێوه‌یه بێ هیواى نه‌ده‌كرد كه جارێكى تر سه‌رنه‌كاته‌وه به وڵات‌دا. راسته له ڕووى جیهانبینى شیعرییه‌وه، شاعیرێكى هێجگار داهێنه‌ر‌و مه‌زنه‌و له‌ڕیزى ئه‌و شاعیره ده‌گمه‌نانه‌یه كه توانیویه‌تى جیهانبینى گه‌ردوونى بنیادبنێ. به‌ڵام له‌ڕووى بنیادنانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یىیه‌وه، ده‌توانین بڵێین جگه له‌چه‌ند بنه‌مایه‌كى ئه‌و گوتاره، نه‌گه‌یشتۆته ئاستى فۆرمه‌له‌كردنى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى. نالى له سنورێكى ساده‌و ڕووكه‌شدا كه ئه‌ویش سنوورى هه‌سته له‌و گوتاره نزیك بۆته‌وه. دیاره گومانى تێدا نىیه كه ناشێت گوتارى كوردى به‌بێ به‌رهه‌م هێنانى فیكرى كوردى به‌رهه‌م بێت، یان ساده‌تر بڵێین به‌بێ به‌رهه‌م هێنانى جیهانبینى فیكرى به‌رهه‌م نایه‌ت. ئه‌ویش له ئه‌نجامى ئیش كردن له نێو مێژوو، كه‌لتوور‌و ره‌مزو هێماكانى كورددا یان له‌نێو فانتازیاى كوردیدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌نىیه نالى بخه‌ینه به‌رده‌م دادگایى كردنه‌وه كه بۆچى به‌وشێوه‌یه كارى نه‌كردووه گوتارى نه‌ته‌وه‌یى به‌رهه‌م بهێنێت، نه‌خێر، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان زیاتر تیشك خستنه سه‌ر ئه‌وبۆچوونه‌یه كه پێشتر‌و به ته‌واوه‌تیش له‌ساڵى (1991)دا ده‌رمان بڕیبوو كه نالى هه‌ڵگرى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردىیه كه ئه‌و گوتاره‌شمان به‌گوتارى مانه‌وه ناو بردبوو، دیاره ناكرێت كرده‌ى داهێنان‌و ئه‌زموونى داهێنانى شاعیرێكى دیارى وه‌ك نالى به‌پێى ویستى ئێمه لێك بدرێته‌وه یان ئه‌و گوتاره به‌رهه‌م بهێنرێت كه ئێمه پێمان خۆشه.
به‌هه‌رحاڵ قه‌سیده‌ى (قوربانى تۆزى ڕێگه‌تم..) نابێته به‌ڵگه‌ى سه‌لماندنى جێگا كردنه‌وه‌ى نالى له‌سنورى به‌رهه‌مهێنه‌رى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردیدا، به‌ڵكو به‌ڵگه‌ى حاڵه‌تى( نۆستالیجیا)ى شاعیره بۆ زێدى خۆى كه ئه‌وه‌ش جۆرێكه له پاشه‌كشه، یان بێ ئومێدانه سه‌یركردنى ڕووداوه‌كانه. به واتایه‌كى دى له‌حاڵه‌تى (نۆستالیجیا)دا بكه‌رێتى دروست نابێت، مه‌به‌ستمان له بكه‌رێتى دروستكردنى جووڵه‌و ڕووداوه. چونكه گوتارى نه‌ته‌وه‌یى بكه‌رێكى خاوه‌ن كردار دروستى ده‌كات به‌تایبه‌تى له‌مێژووى كورددا، چونكه به‌رهه‌مهێنان‌و بنیادنانى گوتارى كوردى به‌جۆرێك له خۆسه‌لماندن‌و لە رووداوەستان ده‌گاته ئه‌نجام. به‌ڵام له‌م قه‌سیده‌یه‌دا نالى نه‌ك ناتوانێت بكه‌رێكى خاوه‌ن كردار پێشكه‌ش بكات، به‌ڵكو حاڵه‌تى لاواندنه‌وه‌و نۆستالیجیا بۆ زێد‌و شوێنى ژیان ڕاسته‌وخۆ سیماى به‌ركارێكى به‌رهه‌مێنى ده‌قه‌كه نیشان ده‌دات، شاعیر مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ڕوانگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ده‌قه‌وه‌كه‌وه بكه‌ربێت، واته له سنورى به‌ده‌قكردنى ئه‌وه‌ى له ناخیدایه‌و به‌ده‌ستیه‌وه ده‌تلێته‌وه. جگه له‌وه ئه‌گه‌ر شاعیر پێشتر توانیبێتى بكه‌رێكى ساده‌و لاوازبێت له‌سه‌ر زێدى خۆى كاتێ له ڕووى ئه‌وانه‌دا ده‌وه‌ستێ دژى به‌كوردى نووسینن، ئه‌وا له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ئه‌و حاڵه‌ته لاوازه‌ى بكه‌رێتى له ده‌ست ده‌دات، هه‌ر ئه‌وه‌شه وه‌هاى لێ ده‌كات كه جارێكى تر نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رزێدى خۆى. چونكه دڵنیابووه كه دواى میرنشینى بابان، ئه‌میش بوونى هیچ مانایه‌كى نىیه له شار‌و شوێنه‌وارى میرنشیندا. هه‌ر لێره‌شه‌وه ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دا، نالى ئه‌گه‌ر هه‌ستێكى نیشتمانى به‌هێزى هه‌بوو بۆچى پشتى له نیشتمان كردوو جارێكى تر بۆى نه‌گه‌ڕایه‌وه؟
مه‌سه‌له‌ى كۆچ كردن‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى نالى له‌لایه‌ك ده‌شێ ببه‌سترێته‌وه به روخاندنى میرنشینى بابانه‌وه، چونكه نالى شاعیرێكى ته‌باو كۆك بووه له‌گه‌ڵ میرانى بابانداو گوتارى میرنشین‌و گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى یه‌كیان گرتۆته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه كاتێك نالى ده‌چێت بۆ حه‌ج‌و دواتر كه هه‌واڵى هه‌ره‌سى میرنشین ده‌بیستێ، ئیتر هیچ ئومێدێكى گه‌ڕانه‌وه‌ى نامێنێت. چونكه ئه‌و نموونه باڵایه‌ى كه ئه‌و ئومێدى پێ سپاردبوو، واته میرنشینى بابان، هه‌ره‌سى هێنا. ئه‌مه ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه بووه هۆى نه‌هاتنه‌وه‌ى نالى بۆ سلێمانى، ئه‌گه‌ر نالى شاعیرى میرنشین بووبێت‌و هیچ درزێك له‌نێوان گوتارى نالى‌و گوتارى میرنشیندا نه‌بووبێت، به‌ڵام لێكدانه‌وه‌یه‌كى تریش هه‌یه بۆ هۆى كۆچ كردن‌و به‌تایبه‌تیش نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى نالى بۆ سلێمانى. مامۆستا (مه‌لا كه‌ریمى موده‌ریس) ده‌ڵێت؛ نالى موریدى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بوو(10) جا ئه‌گه‌ر بتوانرێت به به‌ڵگه ئه‌وه بسه‌لمێنرێت، ئه‌وا من پێم وایه نالى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ (میرانى بابان)دا له حاڵه‌تى ناته‌بایى‌و ناڕێكى‌و هه‌ندێ جاریش ئاشت بوونه‌وه‌دا بووه، هه‌مان شێوه‌ى پێوه‌ندى نێوان مه‌ولاناخالیدى رابه‌رى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى‌و میرانى بابان. لێره‌وه نزیكییه‌ك له‌نێوان گوتارى نه‌قشبه‌ندێتى و گوتارى نه‌ته‌وه‌یى نالى له شیعردا ده‌رده‌كه‌وێت، كه هه‌رچۆن ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى مه‌یلى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو مێژوو و كه‌لتورى كوردى هه‌بووه‌و ده‌شیا گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كورد‌و گوتارى ئایینى له‌ڕێگاى ته‌قسه‌كانى ته‌سه‌وفه‌وه تێكەڵ بكات‌و نه‌قشبه‌ندێتى ببوایه‌ته پڕۆژه‌ى زیندوو كردنه‌وه‌ى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كورد‌و بنیادنانى پڕۆژه‌ى زیندوكردنه‌وه‌ى رێنسانسى رۆشنبیرى كوردى ئه‌نجام بدایه، هه‌مان شێوه گوتارى نه‌ته‌وه‌یى لاوازى نالى و رۆحى به‌ره‌و دابڕانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا هه‌بووبێت‌و، نالى لایه‌نگرى مه‌ولاناو ته‌ریقه‌ته‌كه‌ى بووبێت‌و رۆشتنیشى بۆ حه‌ج‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شى له‌ژێركاریگه‌رى هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌دا بووبێت كه مه‌ولانایان ناچارى وڵات به‌جێ هێشتن كرد‌و رێگاشیمان نه‌دا په‌یامه‌كه‌ى به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌مانه‌ى لێره‌دا باسمان كردن، ته‌نیا گریمانى بۆچوونن له‌ڕوانگه‌ى ڕوانینه شوێنى گوتارى ئه‌ده‌بى نالىیه‌وه، هه‌ر لێره‌شه‌وه زیاتر ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه نالى نه‌یتوانیووه گوتارێكى ته‌واوى نه‌ته‌وه‌یى بنیادبنێت، به‌ڵام هه‌ندێ له‌توخمه‌كانى ئه‌و گوتاره‌ى به‌رهه‌م هێناوه.
له‌كاتێكدا ده‌شێ هاوشێوه‌یه‌ك له‌نێوان كۆچ كردنى نالى‌و مه‌ولانا خالیدى رابه‌رى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیدا هه‌بێت‌و وه‌ك ئاشكراشه نالى هاوچه‌رخى سه‌رده‌مى كێشه‌و ململانێ‌و ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو ته‌ریقه‌ته‌یه. دیسان هه‌ر لێره‌وه ناكرێت واى بۆ بچین نالى له‌و كێشه‌یه‌دا بێ لایه‌ن بووبێت، به‌تایبه‌تى كاتێ مامۆستا مه‌لا كه‌ریم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت كه نالى موریدى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بووه، گه‌رچى به به‌ڵگه‌ى شیعرى ناتوانرێت ئه‌م بۆچوونه بسه‌لمێنرێت، بگره نالى له كۆمه‌ڵێ شیعردا به‌دژى سۆفى‌و ژیانى سۆفیه‌كان قسه‌ده‌كات، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
(به‌زمى هه‌ژاره، قه‌لفڕى ئه‌غیاره، ده‌ورى گوڵ
صۆفى! بڕۆ، مه‌به به‌دڕك، تۆ له ئێمه نیى!)
به‌ڵام من واى بۆ ده‌چم نالى خۆى له ئاستى میران‌و رابه‌رانى ته‌ریقه‌تدا بینیووه‌و له ئاستێكى به‌رزه‌وه سه‌یرى خواره‌وه‌ى كردووه‌و سۆفى له‌خواره‌وه بینیووه‌و خۆى له‌وان جیاكردۆته‌وه. هه‌ربۆیه به‌م جۆره له‌گه‌ڵ سۆفى ده‌دوێت، ئه‌مه‌ش جارێكى دى گوتارى ئه‌ده‌بى نالى ده‌به‌ستێته‌وه به‌گوتارى میرنشینى بابانه‌وه كه نوێنه‌رى ئه‌و میرنشینه میره‌كانن نه‌ك سۆفى ته‌ریقه‌ت‌و ره‌عیه‌تى میرنشین. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ى گرنگه لاى ئێمه ئه‌وه‌یه زۆر جار بێ لێكدانه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له به‌رهه‌مه‌كانى شاعیرێكدا راسته‌وخۆو بێهیچ دوو دڵییه‌ك نازناوى رابه‌رى شیعرى نه‌ته‌وایه‌تى‌و فیكرى نه‌ته‌وه‌یى ده‌درێته پاڵ هه‌ندێ له شاعیرانى ڕابردووى ئێمه، ئه‌وه‌ش دیاره مه‌به‌ست زیاتر گه‌وره‌كردنى ناویانه، به‌ڵام حه‌قه دڵنیابین كه ئاستى داهێنانى ئه‌و شاعیرانه ناوى بۆ دروست كردوون. ئیتر پێویست ناكات به زۆره ملێ بیانخه‌ینه هه‌ندێ سنورى تایبه‌تىیه‌وه. نالیش یه‌كێكه له‌و شاعیرانه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نالى بنیادنه‌رى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى كوردى نیه، به‌ڵكو هه‌ندێ له ڕه‌گه‌زه‌كانى گوتارى نه‌ته‌وه‌یى له شیعرى (نالى)دا ده‌دۆزێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
1-عه‌تا قه‌ره‌داغى- گوتاره‌كانى ئه‌ده‌بى كوردى- خه‌رمانه- ژماره (5) 1992 سوید.
2-هه‌مان سه‌رچاوه.
3-محمد امین زكى –خلاصه تأریخ كرد و كردستان – ترجمه محمد على عونی- القاهره 1939 ص 358 .
4-عه‌تا قه‌ره‌داغى – سه‌ره‌تایه‌كى مێژوویى له تێكشكاندنى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى كوردى و پڕۆژه‌ى دابڕان – گۆڤارى یه‌كگرتن – ژماره (16)ى ساڵى 1993 كۆپنهاگن.
5-ناجى علوش – المشروع النهچوى العربى – العدد (9) 1997 ص 104.
6-جه‌مال بابان – گۆڤارى كۆڕى زانیارى – به‌رگى (8) 1981 ل 403.
7-مه‌لا عبدالكریم ى موده‌ریس – دیوانى نالى – ل 108
8-الدكتور محمد عابد الجابرى – العصبیه والدوله ص 360
9-هیغل – العالم الشرقى – ترجمه امام عبد الفتاح امام ص 9
10-مه‌لا عه‌بدول كه‌ریم ى موده‌ریس – دیوانى نالى 31
11- سه‌رجه‌م ئه‌و دێڕه شیعرانه‌ى له‌م باسه‌دا هاتوون له دیوانى نالى ئاماده‌كردنى مامۆستا مه‌لا كه‌ریمى موده‌ریس وه‌رگیراون.