هونەر تۆفیق: بۆب، حەلقەیەکی بزر لە 31ی ئابدا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

برادەرێک گێڕایەوە، هەرکات نوێنەرەکەی سی ئای ئەی ( بۆب) بهاتایە سلێمانی ئێمە پێشوازی و پاسەوانیمان دەکرد. هاوڕێیەتیمان لەگەڵیدا پەیداکردبوو. لە کۆتا جاردا کە گەیاندمانەوە دێگەڵە، ئەوجارە باوەشی پێداکردین، گوتی دوا خواحافیزیتان لێدەکەم، چونکە چیتر نایەمەوە بۆ سلێمانی.
بە فزوڵی گەڕان بەناو ڕووداوەکان و مێژوودا ( بۆب) م دۆزیەوە کەناوی نهێنی لە کوردستاندا بە بۆب ناسراوە. ڕۆبێرت بوکەر بێیار، ئەندامێکی کارا و چالاکی سی ئای ئەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ( لوبنان و سوریا و ئێران و کوردستان ) لە ساڵی 1995 ەوە سەرپەرشتی بنکەی سی ئای ئەی دەگرێتە دەست. بۆب هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە پلانی کودەتاکردن بەسەر سەدام حسەیندا دادەنێت. لەگەڵ یەکێتی و پارتی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق لە سەلاحەدین نەخشەکە دادەڕێژێت. لەناو سوپای عێراقدا سەد سەربازێک دەدۆزنەوە ئەرکەکە جێبەجێ بکات. بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەش شەڕی ناوخۆ بەیەکێتی و پارتی ڕادەگرێت. بەڵام سی ئای ئەی و کۆنگرێس و ئیدارەکەی بیل کلینتۆن بە پرۆژەکەی قایل نابن. ڕازی نین سەدام بڕوخێنرێت. بەڵام بۆب سەرکێشانە بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکیەکان لەگەڵ کوردەکان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەدەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکەی. پارتی و بارزانی ئەو پلانە بەمەترسیدار دەزانن. بەتایبەتی پێگەی یەکێتی لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و لەجیوگرافیای کوردستان و لەگەڵ ئێرانی و تورکیادا بە بەهێز دەزانن ، بۆیە سەرکەوتنی ئەو پلانە بەلایانەوە دەکاتە بەهێزبوونی یەکێتی و کۆتایی پارتی. بۆیە پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عێراقەوە تاهیر جەلیل حەبوشەوە دەکەن. لەنەخشە و پلانەکە ئاگاداریان دەکەنەوە . بۆب بێ ئاگا لەوەی موخابەراتی عێراقی بە پلانەکەی زانیووە، بەبێ هاوکاری پارتی، لەگەڵ تاڵەبانیدا دەست بەجێبەجێکردنی دەکەن. لەسەرەتادا هێرشەکەیان سەرکەوتوو دەبێت ، سەدان سەربازی سوپای عێراقیش بەدیل دەگرن. بەڵام شکست دەهێنن لەوەی حکومەتەکەی سەدام بڕوخێنن. چونکە موخابەراتی عێراقی ئەو ئەفسەرانەی لەناو سوپادا گرتبوو کە دەبوو لەکاتی هێرشەکەدا هاوکاری ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی بکەن. پلانەکە سەرناگرێت.
لەگەڵ ئەوەدا کە سەدام لەو کردەیەی ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی توڕەدەبێت، پاداشتی بارزانی دەداتەوە بە هێرشکردنە سەر هەولێر و تەفروتوناکردنی یەکێتی و هێزە ئۆپۆزسیۆنە عیراقیەکان لە سەلاحەدین. دواتر ئێف بی ئای بۆب ( ڕۆبێرت بێیار ) بانگدەکەنەوە بۆ ئەمریکا و وەک سەرپێچیکاری فەرمانەکانی دەوڵەت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن . چیتر ناهێڵن بە ئەرکی فەرمی بگەڕێتەوە بۆ عێراق. لە ساڵی 1998 دا تاڵەبانی و بارزانی بانگ دەکەن بۆ واشنتۆن، شەڕی ناوخۆیان پێ ڕادەگرن.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت