بەختیار نامیق: چیا نەوشیروان و ڕێکخەری گشتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دەمانەوێ و وەک ئامانج بۆ داهاتو ڕەسمی بکەین جیاوازە لەوەی هەیە، سیاسەت کارکردنە لەسەر ئەوەی هەیە و چۆن بتوانین کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتودا بیکەین بەوەی لە ئامانجە گشتییەکاندا دیاری کراوە، نەک ئەوەی بە خەیاڵ ڕەسمی دەکەین. لە ئێستادا قۆناغی نەوەی سەرکردەکانی شاخ دەستیپێکردوە، سەرکردە پلەیەک و دوو و سێی هەردوو قۆناغی شاخ و شار (ڕاپەڕین) چونەتە تەمەنەوە و بەرەو کۆتایی دەچن. حیزبەکان بە پێی ئەوەی هەیە لە قۆناغی گواستنەوەدان بۆ نەوەی سەرکردەکانی شاخ، ئەمەش لە پارتیدا زیاتر دەرکەوتوە و دواتر لە حسکەوە تا حیزبەکانی تر بەم قۆناغەدا تێدەپەڕن، حیزبە دەستەڵاتدارەکانیش بە تایبەت پارتی و یەکێتی ( مەسرور و بافڵ) زیاتر مامەڵە لەگەڵ نەوەی سەرکردەکانی پلە یەک تا چوار و خواروتری حیزبەکان دەکەن. ئەو سەرکردانەی کە ماون و تەمەنیان هەیە پاڵپشتی نەوەی سەرکردەکانیان دەکەن و بگرە نەوەکانیان وەک خۆیان دەخەنە بازنەی دووەمی سەرکردە پلەیەکەکانی شاخەوە، لەم نێوەندەدا پارتی و یەکێتی بەیاریکردن لەسەر هێڵی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی تائاستێک سەرکەوتو بون. بگرە گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی هێز و پەنجا بە پەنجا وڕێککەوتننامەی ستراتیژی جارێکی تر بە نەوەیەکی ترەوە دەردەکەوێت. لەم نێوەندەدا ئەگەر گۆڕان هێزی سێیەم بوبێت و کوچکەیەک بوبێت لە سێکوچکەی حیزبی باڵادەست و حکومڕانی، ئەوا لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا جیاواز دەرکەوت و بەرنامەی گوتاری شەقام و خەڵکی پێبوو، لە دەستەڵاتیشدا ئامانجی چاکسازی بو بە پلەبەندی و پرۆسەی هێواش، لەم سەردەمەدا بە هێزی مێژووی و سیاسی نەوشیروان مستەفا هەمو پرسەکان گرنگ بون، هەر لە پرسی پەرلەمان، داهات و سامانی سروشتی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و… هتدەوە، کەوتبوە ژێر فشاری گۆڕان و نەوشیروان مستەفا. لەم قۆناغەدا کە سێ سەرکردە ون بون ( مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا) قۆناغی دوەمی نەوەکانیان دەرکەوتوە ( ئەگەر چی بارزانی باوک تا ئێستا لە ژیاندایە، بەڵام ڕۆڵی داوەتە کوڕەکانی و برازاکەی)، لەم قۆناغەدا ئەگەرچی دەبو هەرێم بچوایە قۆناغی دامەزراوەییەوە و تەوریس ڕۆڵی نەبوایە، بەڵام دەرکەوت تا ئێستا کوردی باشور هەزمی ئەم پڕۆسیسە ناکات و دەچێتە قۆناغی مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدییەوە ، بە پێی واقع حیزبەکان هەمویان بەرەو ئەم مۆدیلە دەچن ، لەم نێوەندەدا بزوتنەوەی گۆڕان مەحکومە بەم مۆدێلە ، خۆ ئەگەر بیەوێ جیاوازتربێت ئەوا دەبێت بەسەدگروپەوە و گروپەکان دژایەتی یەکتردەکەن و وێران دەبێت و لە دوای کاک نەوشیروانەوە ئەمەمان بینی. خۆ ئەگەر پێشتر خەڵک و هاوڵاتی هەستی بەخاوەنداریەتی کردبێ و گۆڕانی وەک زمانحاڵی خۆی بینی بێت، ئەوا دوای کاک نەوشیروان زوڵم زیاتر بوە و گەندەڵی زیاتر بوە، بژێوی خەڵک هەر نەبووە تا دەگاتە کارەبا و موچە و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی تر .
ئێستە بۆشاییەک هەیە کە حیزبێک بتوانێ پڕی بکاتەوە و ڕابەرایەتی بکات، بەس بتوانێ پشتوانی لە مافی خەڵک بکات قبوڵ دەکرێ و بەرەی بایکۆت کە دووجار لەهەموو حیزبەکان وەک ژمارە زیاترە بەڵگەیە، هیچ حیزبێک بە جدی پشتگیری لە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی ناکات. جاران گۆڕان و نەوشیروان مستەفا هەبو، لە ئێستادا گۆڕان بەم حاڵەیەوە نەک نەیتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بێت، بەڵکو بە قۆناغێکی بێ دەنگی ترسناکدا تێپەڕی، تا ئەو ئاستەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە سفرکرایەوە. گۆڕان وەک باقی حیزبەکانی تر مەحکومە بەم مۆدێلە، سەرکردەکانی شاخ ئەگەرچی ماندون و پڕن لە خەبات و جوانی، توانای جارێکی تر بونەوە بە دەنگی شەقامیان نەماوە و ماندون و ناشتوانن ئەو مامەڵەیە لەگەڵ نەوەکانی سەرکردەکانی شاخدا بکەن کە باوکیان هاوڕێی خەباتیان بووە، دەتوانین ناوی بنێین (قۆناغی ونبونی باوک)، بە حوکمی واقعی حاڵ چیای نەوشیروان مستەفا مەحکومە بەم مۆدێلە ( بەدڵمان بێت یان نا)، چونکە گەنجن و لە خوێنی یەکەمن. خۆ ئەگەر گۆڕان خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا نەگونجێنێ و نەبێتە هێزێکی کاریگەر کە خاوەنی مێژوی نەوشیروان مستەفا و دنیایەک پڕۆژەی باشە، ئەوا نەک هەر سفر دەبێتەوە، بەڵکو وەک دکتۆر بورهان دەڵێ؛ (مێژوشی داگیر دەکرێت).
لە ئێستادا دەکرێت مۆدیلێکی تۆزێک جیاوازتر لە مۆدێلی وەلی عەهدی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تر لە پەنای خوێن و نەوەی نەوشیروان مستەفادا گروپێکی گەنج لەگەڵ ڕاوێژی بەتەمەنەکان، جارێکی تر وێنەیەکی نوێ بدەنەوە بەگۆڕان لە ناو سێکوچکەی دەستەڵاتدا، بەرگری لە مافی خەڵک و گوتاری شەقام بکەن. تا ئێستاش جومگەکانی ڕێکخستنی گۆڕان پڕە لە توانای باش، ئەوە گوتاری گۆڕانە بە قۆناغی بێدەنگیدا تێدەپەڕێ و ئەم توانایانە شاراونەتەوە و کپ بون. خۆ ئەگەر گۆڕان ببێتە گوتارێکی ڕادیکال و بەرگریکار لە مافی خەڵک، ئەوا هەزاران توانای شاراوەی گۆڕان دەردەکەونەوە. دەرئەنجام چیای نەوشیروان مستەفا ( بیەوێ یان نەیەوێ پێمان باش بێت یان نا )، مەحکومە بەم مۆدێلە و کاربکات لەسەر هێزی ڕێکخەری گشتی گۆڕان، گەر واش نەبێت ئەوا مێژوی گۆڕان و باوکیشی داگیر دەکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت