ڕێژوان دیاری: ژن لەنێوان کلتور و دین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دێر زەمانەوە هەتا ئەمڕۆ کورد خاوەنی کلتورێکی زۆر جوان و سەنگین تایبەت بە خۆی بووە، لەپاڵ ئەوەشدا کوردستان بەوە ناسراوە کە زۆربەی دینەکانی تێدا کۆبوەتەوە و لە سەرو هەموو شیانەوە دینی ئیسلام توێژێکی زۆری کۆمەڵگای پێک هێناوە، وە بێگومان ژنانی کوردیش لەم نێوەندەیا پشکی شێریان بەر دەکەوێ بۆ جێبەجێکردنی فرمانە کۆمەڵایەتی و دینییەکان.
وەک لای هەمووان ڕوونە، دینی ئیسلام بە زمانی عەرەبی و بە پێغەمبەرێکی عەرەبی بڵاوبۆتەوە قسەکە لەسەر ئەوە نیە، بێ گومان دینی ئیسلام ئاینی حەقە و ئەمڕۆ نەك تەنها لە کوردستان و وڵاتانی عەرەبی بگرە ڕۆژبەڕۆژ لە تەشەنە کردن ناوەستێ و بەردەوام لە گەشەکردنیشدا دەبێت لە هەموو جیهاندا.
بەڵام مەبەستەکە لێرە ئەوەیە ئەوەی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ لەژێر ناوی دین و بەسەر ژندا دەچەسپێ و دەبێ ژن وەک کارخانەیەک ئامادە بێت بۆ جێبەجێ کردنی سەرجەم کلتور فرمانەکان لەژێر ناوی دین جێبەجێی بکات، هەر دینێک لە هەر شوێنێک دەست بە بڵاو بوونەوە بکات بێ شک ئاوێتە بە کۆمەڵێک نەریتی ئەو ناوچەیەش دەبێ بێگومان دینی ئیسلامیش کە بە زمانی عەرەبی و لە وڵاتانی عەرەبی دەستی پێکردوە و بڵاو بوەتەوە، کۆمەڵێک خوو نەریتی تێکەڵ بەخۆی کردوە، بۆ نمونە ئەوەی ئەمڕۆ هەستی پێ دەکرێ بەجۆرێ لە جۆرەکان تێکەڵاو بە دین کراوە خەریکە بەو ئاستە بگات کە وەک فەرزێکی دینی ئیسلامی لێدەکرێ و لەژێر ناوی فەرزی دینی لەسەر ژنان دەبێ جێبەجێ بکرێ ئەویش “نیقاب کردن”ە. ئەمە لەکاتێکدایە نیقاب کردن لە دینی ئیسلام بەجۆرێ ئاماژەی پێدراوە کە سونەتێکە، واتە فەرز نیە و ژن ئازادە بە پۆشینی یاخود نە پۆشینی.
کە ئەم ڕاستییە لە ناو دینی ئیسلام زۆر بە ڕوونی دیارە، بۆچی دەبێ دوبارە ژن بخرێتەوە ژێر توندو تیژی و بەزۆرە ملێ ئەمە لە کاتێکدایە هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو جێگایە لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت کلتور گەشەی کردوە و دەناسرێتەوە بۆ دەبێ تەواوی ژنانی دنیا جێبەجێکار بن وە ئەگەر هات و ژنێک جێبەجێی نەکات بە ژنێکی بێ چاو و ڕوو لادەر لە پایە دینی و کۆمەڵایەتیەکان تەماشا بکرێ؟
خانمی جوان لەبیر نەکەی ئەوەی بەردەوامی بە تۆی ژن دەدات لە کۆمەڵگە ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی تۆیە لە تەواوی کایەکانی ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت