عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا فیشەک – بەشی یەکەم.

ده‌وڵه‌تی عێراق هەزاران رووداوی پڕ لەتراژیدیای لەم نیشتمانەدا بەرپا کردووە، هەر مەرگەساتێکیان رۆمانێکه‌، سیناریۆی فیلمێکه‌ تۆمار نه‌کراوه‌. کام ‏خانەوادە ئەندامێک، یاچەند ئەندامێکیان لەسێدارە نه‌دراوه‌، یا شوێن بزر نەکراوە، یا لە سەنگەری ‏ڕووبەڕووبونەوەی بەرگری له‌ خاک دواهەناسەی نەسپاردووە.‏
‏مام ڕەزا ئەحمەد قادر، یه‌کێکه‌ له‌ زیندانیانی سیاسیی و تێکۆشه‌ره‌ ماندوە نمونییه‌کان، چه‌ند ساڵێک لەمەبەر‌ به‌ده‌م ئازاری نە‌خۆشییه‌وه‌ بیری له‌ یاده‌وه‌رییه‌ کاڵ و تاڵه‌کانی ئه‌وساو زه‌مه‌نی چه‌ق به‌ستوی دوای راپەرین و ئازادی و نمایشیی درۆ و فێڵ و بێ وه‌فایی و سیناریۆی خۆپەرستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ دەکردەوە، دەیوت جاران لە کاتی ئەشکەنجەدا بە جەلادەکانم دوت: هیچ نازانم. ئێستا، نازانم رووبکەمە کوێ؟ ، بە کام دەسەڵاتدار بڵێم ؟ بۆهەموو شکۆکانی ئەم نیشتمانەتان زیندەبە چاڵ کرد؟
مام ره‌زا لە 1958، پەیوەندی کردووە بە ‏ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وە، چەندان کاری پڕ لەزەحمەت و پڕ لە مەترسی ‏ڕاپەڕاندووە. لە1975 لە ڕێگای ئیبراهیم ئەحمەدی وێنەگرەوە لەگەڕەکی شۆڕش، پەیوەندی کردووە ‏بەکۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لینینی کوردستانه‌وه‌.
تاریک و لێڵی بەیانی 17. 11. 1986 مەفرەزەیەک ئەمنی سلێمانی لەناکاو خۆیان کرد بەماڵی مام ڕەزادا، کون و قوژبنی ماڵەکەیان پشکنی بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، ‏هیچیان چنگ ناکەوێت. دوای گەڕانەوەی ئەمنەکان ئاکۆی کوڕی بەخێرایی خۆی گەیاندە کارگەی جگەرەی ‏سلێمانی بۆ ئەوەی هەواڵی ئەمنەکان بە باوکی بگەیەنێ، لەو کاتە ئەمنەکانیش گەیشینە ئەوێ، ئەمنەکان زانیان ئاکۆ بۆچی هاتووە، زۆر به‌توندی ئەشکەنجەیاندا.
مام ڕەزایان له‌ کارگه‌ دەسگیر کرد و ئەمنەکان پرسیاری (سامی ‏جەمال)یان لێکرد بوو، وتبوی: نایناسم، بەشەق و زله‌ دایان گرتەوە پێیان وتبوو: ئەى (ڕۆستەم و ‏ڕێژین و ڕۆسۆ و ڕەنج و ڕەنجدەر، لەکوێن؟‍‍‏
وتبوی: نازانم.
وتبویان: ئێستا ئێمە پێت دەڵێین.
ئه‌منه‌کان هەردوو دەست و چاوەکانی مام ڕەزایان بەست، ‏گواستیانەوە بۆ دائیرەی ئەمن، لەوێ پەڕۆکەی سەر چاویان کردەوە، لەو کاته‌دا کاک شێخ فەتاحیان ‏هێنا، دواتر کاک کاوە بەکر مەحمودیان دەسگیر کرد، پاشان هەموویان گواستەوە بۆ ئەمنی سلێمانی. ‏هەر کە گەیشتنە ناو گۆڕەپانەکەی ئەمن، ئەمنەکان بەشەق و زله‌ و کێبل مام ڕەزایان داگرتەوە، زانیاریان ‏لەپۆلی شەهید عەلی یە، لەکەرتی شەهید شیهاب.
وتیان:‍ ئێمە زانیاری تەواومان لەسەر ‏پۆلەکەتان لایە.
ڕەزا ئەحمەد ، لێپرسراوی 14مخەڕیبی، دەمانەوێ لەسەر زاری خۆت، زانیارییەکان ‏ببیستین.
مام ڕەزا نکۆڵی لەو زانیارییانە کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: کە ئه‌منه‌کان ئەوانەیان ڕوو بەڕووکردمەوە، ئازارو ‏ئەشکەنجەکانم لەبیر چوەوە بەلامەوە سەیربوو، چۆن ئەو هەموو زانیارییانە وردانەیان چنگ کەوتووە.‏ لەو کاتەدا،(س و ج) وتیان:
مام رەزا ئەو نوسراوەی لامان بوو گیراوە، تۆش وەک ئێمە بەرگەی ئەشکەنجە ناگری ڕاستیەکان وەک ئێمە بڵێ: من هیچ نازانم، ئەوانەی کە ئێوە دەیڵن، هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نی یە.
هەر چوار ‏ئەمنەکە (سەلام و فارس و حەسون و سالم) بەکێبل و شەق و زله‌ مام ره‌زایان داگرتەوەو لەهۆش خۆی چوو، کاتێ ‏بەئاگا هاتەوە، هەروازیان لێ نەدەهێنا‏
وتیان: هەموو زانیارییەکانمان لایە، دەزانین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆبونەوەتان کردووە، لەو ‏کاتەدا(ج)یان هێنایە بەردەمی وتیان:
ئەمیش هەمان زانیاری(س)ی پێ وتوین، دەمانەوێ تۆش ‏وەک (س)و(ج) ، قسەکانتان وەک یەک بێت، تۆش قسەکانی خۆتمان پێ بڵێ.
مام رەزا هەر نکۆڵی کرد.‏
سەلام هەڵچوو وتی: ئێستا بۆم هەڵواسن.‏
مام رەزایان،گەیاندیانە ژورێکی بچوک، خستیانە سەر مێزێک و ڕووتیان کرده‌وە، هەردوو دەستیان لەدواوە ‏کەلەپچە کرد، لەدواوە بەقولاپێکدا هەڵیان واسی و مێزەکەیان لەژێر قاچی لابرد، مام رەزا وای دەزانی ‏لەسێدارەی دەدەن. بەهەڵواسراوی کارەبایان لەئەندامە ناسکەکانی جەستەی دەدا، بەکێبل دایان ‏گرته‌وە، لەهۆش خۆی چوو. کاتێ به‌ئاگا هاته‌وه‌ جلی لەبەردا نەمابوو، دەستی برد بۆجلەکانی، ملازم ‏فارس یەک شەقی لەدەستی دا وتی: چاوەکانت پڕن لەنهێنی، به‌لام نایدرکێنی.
مام رەزا وتی: ئەوەی ئه‌وان دەیڵێن، هەمووی درۆی هەڵبەستراوە، من پەیوەندیم بەهیچەوە نی یە، تەنیا ‏فەرمانبەرێکی کارگەی جگەرەم.‏
دواتر مام رەزایان،گەیاندیانە ژوورێکی ئینفرادی، 4 ڕۆژ لەوێ بوو، بەدەم ئازارەوە زەمەنەکانی تەنیایی بەڕێ ‏کرد، زیاتر بڕوای بەخۆی بوو کە تا دوا هەناسەی یەک وشە نەدرکێنێ.‏