دڵشاد حامید دەروێش: سپیشیزیزم speciesism – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(1)
سەرەتا
من ئاژەڵخۆرم، وەلێ ئاژەڵخۆریم دژ ناوەستێتەوە لە تەک باوەڕداریمدا بە جۆرێکی تایبەتی یەکسانیی ڕۆحلەبەرەکان، چوونکە هەستکردنم بە تاوان سزای ئاژەڵخۆرییەکەمە، ئاشکراشە ئەمجۆرەی ئاژەڵخۆر، جودایە لەوەی وایدەبینێت ئاژەڵان بۆ گەدەی ئەم درووست بوون. جیاوازی نێوان ئەم دووانە جیاوازی نێوان دوو تۆمەتبارە، یەکەمیان/ دەچێتە بەردەم دادگا و خۆی بە شایستەی ئەو سزایەیە دەزانێت کە بە سەریدا دەسەپێندرێت. دووەمیشیان/ پێیوایە ئەوەی ئەنجامیداوە تاوان نییە و ئەگەر قوربانییەک لە گۆڕێدابێت ئەوا خۆیەتی. لەمەش بترازێت، ئاژەڵخۆرییم ڕێگر نییە لەوەی بە گژ فۆرمەکانی دیکەی سپیشیزیزمدا بچمەوە، ڕەنگە گشتمان لەوەدا کۆک و تەبا بین کە فۆڕمی دڕندانەتر و توندوتیژتری سپیشیزیزم لە ئارادان، ساڵانە بەلێشاو مەیموون و بەراز و مشک و جرج و کەروێشک و پشیلە و سەگ و ئاژەڵی دیکە دەکرێنە قوربانی تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان.
هەروەتر، بڕوابوون بە یەکسانی نێوان ڕۆحلەبەرەکان واتای بەرزکردنەوەی پێگەی ئاژەڵان نییە بۆ ئاستی مرۆڤ، بەقەد ئەوەی دابەزاندنی مرۆڤە بۆ پێگەی ئاژەڵ. ئەم پێگەیەش لە پڕۆسەیەیەکی زانستی دوورودرێژدا وەرمانگرتووە. بەر لە ڕێنیسانس مرۆڤ وێنایەکی نارسیستییانەی بۆخۆی کێشابوو، وێناکە بەم چەشنەبوو: مرۆڤ لە لایەن خودایەکەوە لە باشترین شێوەدا ئافرێنراوە، هەر ئەم خودایە ئاوەزی پێبەخشیوە و لە چەقی گەدوونیشدا نیشتەجێیکردووە. سێ فیگەری مەزن مرۆڤ لەم خەوی غەفڵەتە بەئاگادێننەوە. سەرەتا نیکۆڵاس کۆپەرنیکۆس [1473- 1543] شۆڕشێکی بەسەر سیستەمی پەتڵیمۆس[Ptolemaic system]ـیدا بەرپاکرد، بەوەی سەلماندی زەوی چەقی گەردوون نییە، ئێمە نیشتەجێی هەسارەیەکین لەتەک چەندانی دیکەدا بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە. لێدانی دووەم بەزەبرتربوو، ساڵی [1859] چارلس داروین [1809- 1882] شاکاری ڕەچەڵەکی چەشنەکان[On the Origin of Species]ـی بڵاوکردەوە، ئەو سەلماندی کە مرۆڤ بەرهەمی پڕۆسەیەکی تولانیی پەرەسەندنە و ڕیشەی هاوبەشی لە تەک ئاژەڵدا هەیە. دوای دەرکردنی لە چەقی گەردوون و داماڵینی لە ڕیشە پیرۆز و ترانسێندێنتاڵەکانی، مرۆڤ تەنیا ئاوەزی بۆ مابۆوە. ئەویشی هاوڕێ لە تەک هاتنی فرۆید[1856– 1939]دا لەدەست دەچێت. ئەم دەروونشیکارە نەمساییە پێمان دەڵێت؛ ئەوەی مرۆڤ ئاراستە دەکات بریتی نییە لە هەست و ئاگایی، بەڵکو نەست و نائاگاییە. بەمچەشنە وێناکە سەراوژێر بۆوە و ئەو ڕێزە کلاسیکییەی مرۆڤ بەر لەو سێ لێدانە هەیبوو، بەتەواوەتی نایمێنێت.

(2)
سپیشیزیزم چییە؟
ساڵ ساڵی [1970]یە، سایکۆلۆجیستی بەریتانیی ڕیچارد ڕیدەر [1940 لەدایک بووە] لە بانیۆی ماڵەکەیدا ڕاکشاوە، بیر لەوە دەکاتەوە کە لە داهاتوودا دەکرێت پڕۆفیسۆرێکی بایۆلۆژی و گۆرێلایەک لەیەک بدرێن، بەڵام ئایە ئەم [مرۆڤ- گۆرێلا]یە دەبرێتە دایەنگە یانژی دەخرێتە نێو قەفەسەوە؟ لێرەوە بیری بۆ تاقیکردنەوە ئاژەڵییەکان دەچێت، ئەم تاقیکردنەوانە دوو پاساویان هەن، یەکەم ئەو پێشکەوتنە زانستییەی بەهۆی ئەم تاقیکردنەوانەوە بەدەستیان دەهێنین زیاترە لەو ئازارەی بە ئاژەڵەکانی دەگەیەنین، دووەم سوودی ئەم تاقیکردنەوانە بۆ جۆری مرۆڤ زۆرترە لەو ئازارەی ئاژەڵان لەم تاقیکردنەوانەدا دەیچێژن. ڕیدەر بەردەوامە لە بیرکردنەوە و دەپرسێت: بۆچی ئێمە لە ژێر هیچ پاساوێکدا ئامادەنین مرۆ بکەینە بابەتی ئەو تاقیکردنەوانە؟ ئەم لایەندارییە چییە کە زۆر لە کڵاسیزم classism و سێکسیزم sexism و ڕەیسیزم racismدەچێت؟ ئەو بە باشی دەیپێکێت، سپیشیزیزمە. بە هەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە کا‌غەز و پێنووسەکەی، لە ژێر ناونیشانی سپیشیزیزمدا دەست بە نووسین دەکات. نووسینەکەی لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا پیشوازی لێناکرێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر هاوڕییەکی بەناوی دەیڤید هوود و ئەم لە بڵاوکردنەوەیدا دەستگیرۆیی دەکات، ڕیدەر و هود دوو هاوڕێ و دوو ئەندامی [گرووپی ئۆکسفۆرد] بوون کە بە [ڕووەکییەکانی ئۆکسفۆرد]یش ناودێر دەکرێت. ئەم گرووپە لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابووردوودا لە لایەن چەند ڕۆشنبیرێکی ئینگلیزەوە دامەزرا، ئامانجیشی بریتیبوو لە گەڵاڵەکردنی زەمینەیەکی تیۆری بۆ مافی ئاژەڵان.
چەمکی سپیشیزیزم لەلایەن فەیلەسووفی دیاری ئوستوڕاڵی پیتەر سینگەر [1946 لەدایک بووە]ەوە هەڵدەگیرێتەوە. لە بەشی یەکەمی کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی [Animal Liberation] کە زێدەگۆیی نییە، ئەگەر بڵیین مانیفێستی تیۆری بەرگریکردنە لە مافەکانی ئاژەڵان. بەم جۆرە پێناسەی دەکات: [لایەندارییەکە یانژی هەڵوێستێکە لە بەرژەوەندی ئەو تاکانەی سەر بە جۆری خۆنی لە دژی تاکی جۆرەکانی دیکە]. کەواتە سێکسیزم بریتییە لەو جیاکارییەی لە سەر بنەواشەی جێندەر دەکرێت، ڕەیسیزمیش لەسەر بنەمای نەژاد، هەرچی سپیشیزیزمە چاو لە جۆر [species] دەبڕێت. سپیشیزیزم لە فۆڕمی جۆراجۆردا خۆی مانیفێست دەکات، لە ڕووی پلەبەندی توندوتیژبوونییەوە لە بە ئاژەڵدانانی نەرێنییانەی مرۆڤەوە دەستپێدەکات، بۆ نموونە بە مرۆڤی دەبەنگ دەڵێین؛ کەر و بە هی توڕە و تۆسن و سەرسەختیش دەڵێین؛ بەراز. بە تێبەپڕبوون بەنێو چەندان فۆڕمی دیکەدا دەگەینە ئەو تاقیکردنەوە ئاژەڵییانەی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی جوانکاری ئەنجام دەدرێن.

(3)
ڕیشە تیۆلۆجی و فەلسەفییەکانی سپیشیزیزم
سپیشیزیزم مێژوویەکی توولانی هەیە، ئایین و فەلسەفەش ڕۆڵی کارایان لە سەرڕێخستن بەردەوامی ئەم مێژووەدا هەبووە. سەرەتا با ئایینەکان بەتایبەت ئەوانەی بە ئایینە ئیبراهیمییەکان ناودێر دەکرێن وەرگرین، لە پەرتووکی پەیدابووندا هاتووە: [خودا فەرمووی: با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵ و خشۆک و گیاندارانی زەوی، هەر یەکەیان لە جۆری خۆی، جا وابوو، خودا گیانداری زەوی بە پێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی ئەمە باشە. ئینجا خودا فەرمووی: با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان درووست بکەین، لە شێوەی خۆمان. با دەسەلاتداربن لەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵ و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن. خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهینان]. لەسەر هەمان نەزم، لە سوڕەتی [التين]ـی قورئاندا هاتووە: [لقد خلقنا الإنسان في أحسن تقويم]. واتە ئێمە مرۆڤمان لە باشترین شێوەدا درووستکردووە. ئەم دوو دەقە کورد وتەنی مشتێکن لە خەروارێک، چەندان دەقی دیکە بە ئاراستەی سپیشیزیزم لە پەرتووکە پیرۆزەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا ئامادەن، پێویست ناکات هەموویان بگوازینەوە، ئەوەی سەرپێیانەش ئەم پەرتووکانە بخوێنێتەوە، لە زیاد لە جێیەکدا بەر زیاد لە فۆڕمێکی سپیشیزیزم دەکەوێت. هەرچۆنێک بێت، ئەو دەقەی تەورات کە کتێبی پیرۆزی جووەکان و مەسیحییەکانیشە، پێگەیەکی باڵا بە مرۆ دەبەخشێت، چوونکە بە گوێرەی ئەم دەقە خوداوەند لەسەر وێنەی خۆی مرۆڤ درووست دەکات، بەمەش خەڕەندێکی ئۆنتۆلۆجی دەکەوێتە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەوە، بەوەی کە مرۆڤ ڕەهەندێکی پیرۆز و ترانسێندێنتاڵ وەردەگرێت، هەڵبەت قورئان درێژە بە هەمان مرۆڤبینی تەوراتی دەدات، دەتوانین بڵیین هەردووکیان بە دەربڕینی جودا پێ لەسەر هەمان شت دادەگرن ئەویش باڵایی مرۆڤە بەسەر ئاژەڵدا بە بەهانەی ئەوەی خوداوەندێک لە وێنەی خۆی یاخود لە باشترین شێوەدا ئافراندوویەتی.
شایانی هێما بۆ کردنە ئاژەڵ پێگەیەکی باڵاتری لەو ئایین و ئایینزایانەدا هەیە کە لەسەر بنەمای دۆنادۆن [خۆی تەنگۆڕکێیە، وەلێ بە هەڵە زۆربەی نووسەر و وەرگێڕەکان ڕۆحگۆڕکێی پێدەڵێن] دامەزراون، لانی کەم لە ڕووی پراکتیکییەوە ئاژەڵان لە چێوەی ئەم ئایینانەدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی پاریزراوترن، بۆیە دەڵێم لە ڕووی پراکتیکییەوە، چوونکە فەلسەفییانە شتێکی دیکەیە، لە یەکەم نیگادا ئەو سەنگ و ئەرزشەی ئاژەڵان لە بەستێنی ئەم ئایینانەدا هەیانە وەک کردەیەکی ئەنتی سپیشیزیزم خۆی بەیان دەکات، بەڵام ئەگەر قوڵ تەماشای بابەتەکە بکەین، دەبینین لێرەشدا سپیشیزیزم بە پەنهانی ئامادەیە. چوونکە ڕێزگرتنی پەیڕەوگرانی ئەم ئایین و ئایینزایانە دواجار بەهۆی ئارایی ڕەهەندیی مرۆییە لە ئاژەڵاندا، ئەوان ئاژەڵەکان وەک قاڵبگەلێک دەبینن کە ڕۆحی مرۆڤە تاوانبار و لادەرەکانی تێدا جێگیر کراوە. بە ووشە گەلێکی دیکە، هۆی ئەم ئاژەڵدۆستییە بۆ مرۆڤبوونی ئاژەڵ دەگەڕێنەوە نەوەک بۆ ئاژەڵبوونیان. هەرچۆنێک بێت ئەمە بابەتێکی فیکرییە و لەوە کەمناکاتەوە کە لە پراکتیکدا دەگوزەرێت.
وەک لە سەرەتای ئەم پاژەدا هێمام بۆ کرد، لە پاڵ ئاییندا فەلسەفەش بە تایبەت لە سەرەتادا ڕۆڵێکی خراپ و نارێنی بینیوە، وەلێ هەر خودی فەلسەفە لە خاڵێکدا بەخۆیدا دەچێتەوە و بەیداخی مافی ئاژەڵان بەرز دەکاتەوە.
هەرچەندە ئەرستۆ [384- 322 پ.ز]ـی گەورە فەیلەسووفی یۆنان نکۆڵی لەوە نەدەکرد کە مرۆڤیش هەر ئاژەڵە، ئەو پێناسەی مرۆڤی بە ئاژەڵێکی ئاوەزمەند دەکرد. کەچی ئەمە لەکن ئەرستۆ نابێتە زەمینەیەک بۆ قسەکردن لەسەر یەکسانی و تەنانەت نزیکی مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەکتری. ڕاستییەکەی ئەم فەیلەسووفە دیدگایەکی تێلیۆلۆجی و مرۆسەنتەری [Anthropocentrism]ـی بۆ بوون هەبوو، ئەو وایدەبینی مرۆڤ هەم چەق و هەمیش دووا ئامانجی بوونە، بەمجۆرە ئێمە لەبەردەم هیرارکییەتێکداین کە لە لووتکەی هەڕەمەکەدا مرۆڤ هەیە، لەخوار ئەمەوە ئاژەڵ، ڕووەکیش لە بنکی هەڕەمەکەدایە، لەم بارەوە ئەرستۆ لە [Politics]دا دەنووسێت: [ڕووەک لە پێناو ئاژەڵدا هەیە، ئاژەڵیش لە پێناو مرۆڤدا].
بۆ ئەرستۆ، تەنانەت مرۆڤەکانیش یەکسان نین، هەندێک بە سروشت کۆیلەن، ئەوانی دیکەش سەروەر، بۆیە هەڵوێستی ئەرستۆ لەبارەی ئاژەڵەوە ڕەنگە بۆ هیچمان مایەی شۆک نەبێت. ئەم هەڵوێستەی ئەرستۆ درێژەی پێدەدرێت، تۆماس ئەکواینەس [1225- 1274] دیارترین فیگۆری فەلسەفەی کریستیانی لە سەدەکانی ناویندا، لە ژیر کاریگەری و باندۆری ئەرستۆدا کە بە [فەیلەسووف] ناودێری دەکات، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە قەدەغەکردنی کوشتن بوونەوەرەکانی دیکە دەگرێتەوە؟ ئاکویناس لە کتێبەکەیدا بە ناوی [Summa Theologica]دا دەنووسێت: [بە کارهێنانی شتێک بۆ ئەو ئامانجەی لە پێناویدا درووستکراوە تاوان نییە، ڕیزبەندی شتەکان بە جۆرێکە کە ناتەواو بۆ تەواوە…….. شتەکان، وەک ڕووەک کە تەنیا ژیانیان هەیە، هەموویان وەک یەک بۆ ئاژەڵەکانن، هەموو ئاژەڵەکانیش بۆ مرۆڤن. بۆیە نا یاسایی نییە ئەگەر مرۆ ڕووەک بۆ ئاژەڵ و ئاژەڵیش بۆخۆی بەکاربهێنێت]. لە شوێنێکی دیکەی هەمان کتێبدا دەنووسێت: [گرنگ نییە مرۆڤ چۆن مامەڵە لەتەک ئاژەڵدا دەکات، لەبەر ئەوەی خوداوەند هەموو شتێکی کردۆتە بابەتی دەسەڵاتی مرۆڤ].
دیکارت [1596- 1650] باوکی فەلسەفەی مۆدێرن، لە کتێبەکەیدا [Discourse on Method] پێداگیری لەو ڕوانگەیە دەکات کە ئاژەڵان تەنیا ئامێرن، خودبزوێنـن [Automata]، هەست بە چێژ و ئازار ناکەن، دەنگ بەرزکردنەوە و گینگڵدان و ڕاکردنیان کاتێک بە چەقۆ دەیانبڕین یاخود دارکارییان دەکەین یانژی بە ئاسنی سوورەکراو داخیان دەکەین بە قەولی دیکارت پەیوەندی بە ئازارچەشتننەوە نییە. ئەوان وەک کاتژمێر ئامێرن، ئەگەریش کردارەکانیان لە هی کاتژمێر ئاڵۆزتر بێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کاتژمێر ئامێرێکە لەلایەن مرۆڤ و ئاژەڵیش ئامێرێکە لەلایەن خوداوە چێکراوە.
ئەم دیدە، وەک دیدی زاڵ دێتە نێو ڕۆشنگەریشەوە، گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان ئیمانوئێل کانت [1724- 1804] لەو باوەڕەدابوو مرۆڤ هیچ ئەرکێکی ڕاستەوخۆی لە پەیوەندیدا بە ئاژەڵەوە لە ئەستۆ نییە، ئاژەڵان خودهۆشیار [self-conscious] نین، ئەوان تەنیا پێکاری ئامانجێکن، ئەو ئامانجەش بریتییە لە مرۆڤ. [بڕوانە: Lectures on Ethics].
دوای کانت دوو فیگۆری گرنگمان هەن، زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین پارادایمێکی نوێ سەرڕێگەدەخەن، ئەم دوو فیگۆرەش بریتین لە فەیلەسووفی ئینگلیزی جێرمی بێنسام [1748- 1832] و بایۆلۆجیست و جیۆلۆجیستی مەزنی ئینگیز چارلس داروین [1809- 1882]. پیشتر ڕەوتەنییانە باسی ڕۆڵی زۆر بە تاسیری داروینمان کرد لە گواستنەوەی نیگامان بۆ جێیەک کە مرۆڤ و ئاژەڵی لەیەکتر نزیکدەکردەوە. هەرچی بێنسامە کە دواتر لە لایەن هەندێک لەو فیگۆرانەی خودان شوێنپەنجەی دیارن لە نێو بزوتنەوەی ئاژەڵاندا هەڵدەگیرێتەوە، لە کۆتا بەشی ئەم نووسینەدا لەسەی ڕادەوەستین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت