عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا فیشه‌ک – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەلادەکان مام رەزایان گواستیانه‌وه‌ بۆ ژوورێک (47 ) زیندانی تێدابوو، دوو سەتل لەگۆشەیەکی ژوورەکەدا ‏دانرابوون، بۆ میزو پیسایی تەنیا یەک پەنجەرەی بچوکی داخراوی تابوو.
ژوورەکە پڕ بوو لەبۆنی پیس ‏و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، زیندانەکان هەناسەیان تەنگ دەبوو، دواتر لەگەل ژوورەکەدا ڕاهاتن، بێ خۆراکی ‏و ئەشکەنجە جەستەی بێ هێز کردبوین.‏
ئەحمەد حەمەعەلی ئابڵاخی، یەکێک بوو لەو زیندانیە خاوەن هەڵوێستە خۆڕاگرانەی دەنگی زۆر خۆش ‏بوو، بەیانیان بە شیعرو سروودە بەرگرییەکانی زیندانییه‌کانی لەخەو هەڵ دەستاند، بەڕووە‌ خۆشه‌کەیەوە خەم و ئازارەکانی ‏ زیندانییەکانی دەڕەواندیەوەو ورەی زیاترى پێ دەبەخشین.
جەلال عەلی عەبدوڵا ئەندازیاری کشتوکالی بوو، ئەو ‏کاتانه‌ی جه‌لاده‌کان بۆ ژووری ئەشکەنجەیان دەبرد بەجەللادەکانی دەوت: کەی ئێوەش وەک ئێمە بەرەو ڕووی ‏ئەم فاشیستانە دەوەستنەوە.
زەمەنەکانی شەوو ڕۆژی زیندان تەواو نه‌ده‌بوو، زیندانییەکان لەبۆنەکاندا ئاهەنگیان دەگێرا، ئەمنەکان بەو ئاهەنگانەیان توشی ‏هێستریا دەبوون، بەکێبڵ دایان دەگرتنه‌وە.‏
شەوی 20. 3. 1987، 20 زیندانییان دوو دوو کەلەپچە کرد، مام ڕەزاو ئەکرەمی وەستا ‏گورونیان پێکەوە کەلەپچە کرد، لە زیندانی سلێمانییەوە گواستیانینەوە بۆ زیندانی( فەزیلییە) ‏لەبەغداد، له‌ 22. 3. 1987 هەموویانیان لەهۆڵێکەوە گواستەوە بۆ هۆڵێکی تر.‏
مام ڕەزا دەڵێ: لەو کاته‌دا دوو دشداشە لەبەر لەگەل ئەفەندییەکدا لەبەر دەرگای زیندانەکە وەستابوون، هەردووکیان بەرەو لای من هاتن، لەناکاو یەکێکیان بۆکسێکی لەبەرکەلەکەمداو وتی: انتم ‏کوردی مشرک.
لەمەوە تێگەشتم کەعەرەب نی یەو بە هەڵە تێیان گەیاندووە، ئەفەندیەکەش هەر سەیری ‏دەکردین، پێم وت: ئێمە مسوڵمانین، نوێژ دەکەین و قورئان دەخوێنین. ‏
وتی: دەتوانی قورئان بخوێنی؟
وتم: بەڵێ
دوای تاوێک بەقورئانێکەوە گەڕایەوەو من بەڕێکەوت قورئانەکەم کردەوە، سورەتی یاسین بوو، ‏بەڵام من لەبەر سورەتەکەم بە جوانی بۆ خوێندەوە. دەستی خستە سەر سەرم، ویستی ماچم بکات، وتی: ئێوەش ‏مسوڵمانن.
بەدەست ئیشارەتم بۆ کرد: تۆ خەڵکی کوێیت؟
وتی: پاکستانیم
من بەدەست و ئیشارەت تێم گەیاند: ئێمه‌ لێرە دەسگیروزیندان دەکرێین و ئه‌شکه‌نجه‌و ئیعدام دەکرێین.‏

محکمە الثورە
بەیانی 23. 3. 1987 مام رەزاو (5) زیندانییان گەیاندە محکمە الثورە.
سەرۆکی دادگا لەوێ بواری هیچ جۆرە ‏وەڵامێکی پرسیارەکانیان نەدەدان، زیندانییەکان بوریان نەبوو یەک وشە بڵێین، دوا جار سەرۆکی دادگا وتی: ئێوە تێکدەرن.‏
بەمادەی (157) بەپێی دەستوری یاسای دەوڵەتی عێراق،گوایە ئەم زیندانیانە دەستیان لەگەل بێگانەدا تێکەڵ کردوە، بۆگۆڕانکاری و ڕوخاندنی ڕژێم.‏
دوای ماوەیەک سەرۆکی دادگا زیندانییەکانی کردە دەرەوە هۆڵەکە، دواجار هەر شەشیان هێنایە ناو قەفەزی دادگاکەوەو دەقی حوکمەکەی بۆ خوێندینەوە.‏
‏1- کاوە بەکر مەحمود/ بەمادەی 157، حوکمی ئیعدام.‏
‏2- جەبار غەفور سەعید/ بەمادەی 157، حوکمی ئیعدام.‏
‏3- ڕەزا ئەحمەد قادر/ بەمادەی 157، حوکمی هەتا هەیتایی‏.
‏4- فەتاح ئەمین عەزیز( شێخ فەتاح)/ بەمادەی 157، حوکمی هەتا هەتایی‏.
‏5- یاسین محەمەد ڕەمەزان/ بەمادەی 157، حوکمی هەتا هەتایی‏.
‏6- جەزا ئیبراهیم ساڵح/ بەمادەی 157، حوکمی هەتا هەتایی.
دواتر هەرچوا حوکمە هەتا هەتایەکەیان برد بۆ بەشی حوکمی تایبەتی لەئەبو غرێب.
6 رۆژ ‏لە مجەمیدەدا مانەوە، لە 29. 3. 1987دا بەسەر جەمالۆنەکاندا دابەش کران، مام ڕەزا ‏لە جەمالۆنی(2)دا دانرا، دوای چەند ڕۆژێک داوای خوێنیان لەزیندانییەکان کرد، مام ڕەزا خوێنی ‏نەبەخشی، جەلادەکان زۆریان لێدا، بەبەردەوامی لەژێر چاودێری دابوو.‏ لە 15. 9. 1988 بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا. کە گەڕایەوە خانوەکەیان لەلایەن جاشەکانەوە ‏گیرابوو، خانەوادەکەی لەگەڕەکی بەختیاری، خۆیان حەشاردابوو.‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت