لوقمان مستەفا: دۆسێی کۆبانێ لە چاوی ڕێکخراوەکانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هیومان ڕایتس وۆچ، لە راپۆرتی ساڵانەی دا ڕایگەیاندبوو کە: حکومەتی سەرۆک تەیب ئەردۆغان بە سانسۆر و سزای زیندانیکردن، بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە سەرکوتی نەیارانی ناڕازی و نەیارانی سیاسی دەکات.
ھەر لەو ڕاپۆرتی ساڵانەیەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی تورکیا یاساکانی سانسۆری ئۆنلاین و زانیاری ناڕاست بەکاردەهێنن بۆ دەمکوتکردنی میدیای سەربەخۆ و ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازییەکان. ھەر وەھا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی فریدم هاوس (خانەی ئازادی) لە ڕاپۆرتەکانی ساڵانە یاندا سەبارەت بە کارنامەی حکومەتدا باس لەوە دەکەن کە حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کارنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەو وڵاتەی دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە، ڕەخنەگرانی حکومەت و جودابیرانی سیاسی کردووەتە ئامانج، سەربەخۆیی بەشی دادوەری لاواز و ناوەندە دیموكراتیکەکانی بێ نێوەڕۆک کردوون.
ھەروەھا هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە” حکومەت هەڵوێستی زۆر خراپەکاری بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئەنجامداوە، قەدەغەکردنی ناڕەزایەتی گشتی و زیندانیکردن و سزادانی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ڕەخنەگرانی لەلایەن دادگاکانەوە کە بە فەرمانی سیاسی کاردەکەن.
لە نوێترین ھەڵوێستیدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و پرۆژەی پشتیوانی لە دۆزی مافی مرۆڤی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە لە دۆسێی کۆبانێدا، سیاسەتمەدارانی کورد دوای دادگایییەکی ئاشکرای” سیاسی و ناڕەوا” بە تاوانی هەڵبەستراوی دژی دەوڵەت لەلایەن دادگای تورکیاوە سزا دراون.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت؛ بڕیارەکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەرپرسانی تورکیا سیستەمی دادوەری تاوانکاری وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ زیندانیکردنی سیاسەتمەداران بۆ ماوەیەکی زۆر بە تۆمەتی بێ بنەما و هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ژیانی سیاسی وەک نوێنەری هەڵبژێردراو دەدەن”.
ئەم راپۆرت و ھۆشداریانە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بە شێوەی (نەفیر عام ) ھاوڵاتیان بەتایبەت کوردانی باکور قۆڵبەست دەکات و ڕەوانەی کونجی زیندانیان دەکات، لە نوێترین حوکم و سزاکانیشیدا پێش چەن رۆژێک بوو کە دادگای تورکیا سزای 108 کەس دەدات لە دۆسێی کۆبانێدا کە هاوسەرۆکەکانی پێشووی هەدەپە ھەر یەک لە ( فیگان یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاشیش و ئەحمەد تورک ) هاوسەرۆکی شارەوانی ماردینیشی تێدان.
‏‎دادگاکە لەسەر بنەمای ئەو چالاکییانەی کە لە ڕۆژانی 6-8ی مانگی دەی ساڵی 2014 دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کران، دانراوە. دوای هێرشەکانی داعش لەو کاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە دەزگا و پارتە کوردەکانی دیکە لە تورکیا چالاکیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێگەی ناردنی هاوکاری بدات بۆ شەڕڤانەکانی کە دژی داعش شەڕیان دەکرد، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیر کران.
‏‎بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، یوکسەکداغ سزای 19 ساڵی مانەوەی لە زیندان بەسەردا سەپێندراوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە تۆمەتی” یارمەتیدان لە تێکدانی یەکڕیزی و یەکپارچەیی دەوڵەت” سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ 4 ساڵ و شەش مانگیش ساڵیش بە تۆمەتی “هاندانی ئەنجامدانی تاوان.” هەروەها چەندین تۆمەتی تری بەسەردا سەپێندراوە و لەو دۆسێیەدا سزاکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 40 ساڵ زیندانی کردن.
‏‎سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە لە زینداندایە، بەڵام تا ئێستاش یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانی تورکیا.
‏‎ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی شارەوانی ماردین بە تۆمەتی “ئەندامێتی ڕێکخراو” بە 10 ساڵ زیندانی سزادراوە بڕیارەکەی 22هەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئانکەرە بۆی هەیە گرژییە سیاسییەکانی تورکیا لە لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە دۆسێیەکی جیادا ڕووبەڕووی شیانی قەدەغەکردن بووەتەوە و لە پەرلەماندا پارتێکی تری سەر بە کوردەکان (پارتی دەم) جێگەی گیراوەتەوە، قوڵتربکاتەوە.
‏‎بڕیاری ئەم دادگایە دوا بڕیار نییە و سزادراوەکان دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن.
‏‎ئەوانەی سزادراون لەنێو 108 تۆمەتباردا بوون، لەنێویاندا کەسایەتییە باڵاکانی هەدەپە، کە بە 29 تاوانی کە بریتین لە کوشتن و زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی دەوڵەتی تورکیا تۆمەتبارکراون.
دانیشتەکەی داگای تاوانە قورسەکانی ئانکەرە ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانەبوو کە لە ڕۆژانی 6-8ی مانگی دەی ساڵی 2014 دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ کران. دوای هێرشەکانی داعش لەو کاتەدا هەدەپە و ژمارەیەک لە دەزگا و پارتە کوردەکانی دیکە لە تورکیا چالاکیان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد ڕێگەی ناردنی هاوکاری بدات بۆ شەڕڤانەکانی کە دژی داعش شەڕیان دەکرد، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیر کران.
لە کۆتاییدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت؛ دوایین هەنگاوی هەڵمەتێکی درێژخایەنی گۆشەگیری و دڕندەییە، کە دژی هەدەپەی لایەنگری مافەکانی کورد بەڕێوەدەچێت. گۆشەگیرییەکە لەلایەن حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.” واتە بە دیوێکیتردا دادگاکانی تورکیا بە سیاسی کراون و فەرمانی« کەسی »زاڵە بەسەر دەستور و یاساکانی ئەو ووڵاتەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت