شێرزاد شێخانی: ئەوەی پارتی دەیەوێ و نایڵێ.
لەوکاتی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندرا، پارتی کێچی کەوتە کۆڵی و زۆر ناڕەحەت بوو و هەستی بە دۆڕانێکی تەواو کرد، هەر لەو وەختەوە کەوتە بیانووگرتن وهاشوهووش بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە لەوادەی خۆیدا بە ئومێدی ئەوەی کارێک بکات چ بەفشارو چ بە سازشکردن بۆ هێزە سیاسییە عیراقییەکان بۆ ئەوەی لەم کارەساتە چاوەڕوانکراوەی داهاتوو خۆی بپارێزێ .چونکە پارتی باش دەزانێ بە لەدەستچوونی 11 کورسی کۆتا بۆ هەتا هەتا نابێتەوە بە زۆرینەی پەرلەمانی. دەزانێ گۆڕینی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر پارێزگاکان رێگری دەکات لەگەیاندنی نوێنەرەکانی لەسلێمانی و هەڵەبجە بە دەنگی دهۆک و ناوچە دوورەدەستەکانی هەولێر بۆ پەرلەمان. باش تێدەگا نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەرە ساختەچییەکانی کە سەدان هەزار کوردی تورکی و ئێرانی و سوورین چەندین کورسیتر لەدەستدەدات. بۆیە هەوڵیدا خۆی لەپرۆسەی هەڵبژاردن بدزێتەوە. چونکە ئەمجارە حەجمی حەقیقی خۆی بە تەواوی دەردەکەوێ.
لەهەمووشی گرنگتر بەلای بنەماڵەی بارزانییەوە لەدەستچوونی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتووە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە. مەسعود بارزانی زۆرباش تێگەیشتووە کە بۆ قۆناغی داهاتوو پارتی ناتوانی زۆرینەیەکی وەها بەدەستبێنێ تا سەرۆکایەتی حکومەت جاریکتر وەربگرێتەوەو بیداتەوە بە مەسرور. چونکە هەم خودی مەسرور فەشەلێکی گەورەی لەحوکمڕانییەکەی خولی یەکەمیدا بەسەر هەرێمدا هێنا، هەر لەشکستی دۆسیەی نەوتەوە تا چارەسەری قەیرانی مووچەو ئێستاش تەسلیمکردنی داهاتە نانەوتیەکان تا رەتکردنەوەی حیسابی بانکی ( هەژماری من ) کە ئەمانە بەگشتی لەدەستدانی سیادەی حکومەت و لاوازبوونی سەنگوڕەنگییەتی بەرامبەر بەغدا. ئەمە جگە لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی پارتی و حکومەتەکەی بەتایبەتیش لەم چەند مانگەدا چەندین بازاڕی گەورەی کاسبکاران لەهەوڵیر سووتێنران بەبێ ئەوەی حکومەتەکەی مەسرور جورئەتی ئەوەی هەبێ تاوانکاران ئاشکرا بکات.
با درێژەی نەدەمێ، نێچیرڤان بارزانی بە هەموو شکستی حکومەتەکانی بە درێژایی زیاتر لەبیست ساڵ حوکمڕانی وەک سەرۆکی حکومەت بەردەوام لەپۆستی سەرۆکایەتیی حکومەتدا بوو، بۆیە لەبەرامبەردا بەلای مەسعود بارزانییەوە دەبێ مەسروری کوڕیشی کە ئامادە دەکرێ بۆ جێگرتنەوەی خۆی وەکو سەرۆکی پارتی دەبێ ئەویش لانیکەم بیست ساڵێک سەرۆکایەتی حکومەتەکانی پارتی بکات. تەنانەت ئێستا مەسعود بارزانی ئامادەیە بە بیست کورسیشەوە بێتە ناو پەرلەمانی داهاتووەوە بەمەرجێک سەرۆکایەتی حکومەت بۆ مەسروری کوڕی مسۆگەر بکات. ئەوە هەموو ئاواتی مەسعود بارزانییە لەم هاشوهووشەی دەیکات جارێک بە ناوی دواخستن وجاڕیکیش بە بیانووی دیزاینی پێشوەختەو جارێکیش بە ناوی داکۆکی لەمافی پێکهاتەکان، کە ئەمانە بەگشتی هیچیان راست نین و، تەنها مەبەستی مەسعود وحزبەکەی مانەوەی مەسرورە وچش لەمافی پێکهاتەو دیزاین و دۆڕاندنی متمانەی هاوڵاتیانی کوردستان.
ئەو دەستی دەستییەی پارتیش بۆ دواخستنی پەرلەمان و ئەگەر بۆی بلوێ بە یەکجاری نەهێلێ هەڵبژاردن بکرێ، هەموو مەبەستەکەی هێشتنەوەی مەسرور بارزانییە بۆ درێژترین ماوە لەپۆستی سەرۆکی حکومەت ئەگەر بە سیفەتی کاربەرێکەریش بێت، چونکە ئەوان مەترسی ئەوەیان هەیە جارێکیتر مەسرور نەبێتەوە بە سەرۆکی حکومەت، بۆیە ئەیانەوێ زۆرترین کات لەم یۆستەدا بمێنێتەوە بە قازانجی خۆیان.
ئەمە راستی هەڵویستی پارتییە لەبەرامبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو کە نایەوێ بە ئاشکرا باسی بکات. باقی وەلسەلام ..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts