عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا فیشه‌ک – بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خه‌وه‌که‌ی ئاسۆ
مام رەزا دەڵێ: ئەو کاتەی لە بەشی خاسەی ئەبو غرێب زیندانی بووم، دکتۆر ئاسۆی کوڕم ‏لەئەنفالی یەک و دوو سێ و چوار لەسنوری تیپی 23ی سورداشدا مابۆوە شەهید کرابوو، هاوسەرم و منداڵەکانم ‏سەردانیان کردم لە ئه‌بوغرێب. بەڵام جلە ڕەشەکەیان لەبەغداد دەگۆڕی، بۆ ئەوەی لەزیندان بەو تراژیدیا یه‌ نەزانم.
دکتۆر ئاسۆ جگەر گۆشەو هاوڕێی خۆشەویستم بوو، لەئەبو غرێب داوام لەکاک شێخ ‏حەسەن کردبوو جوتێ کڵاشی بۆ بدورێ، ئەویش هەر دەیوت: پەلە مەکە ماوەیەکی تر ، تەواوی دەکەم. بەڵام ئەوەی ‏بەلامەوە سەیربوو، هەموو جارەکان چاوەکانی شێخ حەسەن پڕ دەبوو لەفرمێسک، ئەو دەیزانی دکتۆر ‏ئاسۆ شەهید کراوەو منیش تازە بەتەمام کڵاشی بۆ بدورم.‏
لە سەعات12ی نیوەڕۆیەکی ته‌موز بوو لەگەڵ دکتۆر علامەکی بانکی خوێندا ‏لەبەندنیخانە نوستبووم، لەخەوەکەمدا دکتۆر ئاسۆ هات بۆلام، دەستم کردە ملی، بەلامەوە سەیر بوو، ‏جەستەی سارد ساردبوو، وتم: کوڕم بۆ وا لەشت ئەوەندە ساردە.‏
وتی: باوکە دەمێکە من مردووم.‏
بەدەم گریانەوە، لەخەو ڕاپەڕیم.‏
دکتۆرەکە وتی: ئەبو ئاکۆ بۆچی وادەگریت؟
خەوەکەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش دایە پڕمەی گریان و ‏ژیر نەدەبوەوە، هیچیشی پێ نەوتم، ئەمە گومانێکی قوڵی لا دروست کردم.
چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێین، زیندانییەک ناوی قاسم بوو خەڵکی شارۆچکەی دوکان بوو وتی: کوڕە پێشمەرگەکەت ‏شەهید کراوە.‏ یەکسەر لەهۆش خۆم چووم.‏
مامۆستا عەلی مەحمود چۆخماخی بە میهرەبانییەوە، دڵنەوایی کردم، هــــــــــەموو بیر و هۆشم لای ‏ئاسۆ بوو.‏
دکتۆر ئاسۆ سنورەکەی چۆڵ نه‌کردوه‌.
دادە فاتمی دایکی شەهید دکتۆر ئاسۆ وتی: جەمال فەرەج پێشمەرگە بوو لەگه‌ڵ ئاسۆی کوڕمدا ‏وتی: لەئەنفالەکاندا، شەڕێکی سەختی نابەرامبەر بەرپابوو، لە18. 3. 1988 دا هێزی پێشمەرگە بەرەو ‏سنورەکان کشانەوە، سوپای عێراق گوندەکانی خاپورو سوتماک کرد، خەلکەکەی دەسگیرو شوین بزر ‏کرد، دکتۆر ئاسۆ بڕیاریدا وەک پارتیزانێک لەسنورەکەدا بمێنێتەوە، پێم وت: دکتۆر گیان کەس ‏لەناوچەکەدا نەماوە، سوپاو جاش هه‌موو سنورەکەمانیان کۆنترۆڵ کردووە، بەبەردەوامی ‏کێومال دەکەن، بائێمەش لێرە بڕۆین، ڕووبکەینە سەر سنووری عێراق و ئێران، بەقسەی نەکردم. ئەو لەگەل چەند پارتیزانێکی ‏تردا مانەوە، من و دوو کەسی تر ڕوومان کردە سنور.
دواتر مام ڕەزا بەقوڕگێکی پڕ لەگریانەوە، چەند ‏دڵۆپە فرمێسکێکی هەڵڕشت و ئاماژەی بەوە کرد.‏ دەمێک بوو بەدوای یەکێکا عەوداڵ بووم، گۆڕە ونە بێ ناونیشانه‌که‌ی دکتۆر ئاسۆم نیشان بدات. دوای ‏ڕاپەڕین شەهید ئەحمەد جوتیارم ناسی، ئەویش وەک من تامەزرۆ بوو بۆ سەردانی گۆڕەکەی دکتۆر ئاسۆ، پێکەوە ڕوومان کردە گوندی قۆجەبڵاخ.
شەهید جوتیار لەوێ وتی: ئێوارەی ‏‏3. 5. 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق گۆپتەپەو عەسکەریان کیمیاباران کرد، شەوی 4/5. 5. 1988 برسێتی تینی بۆ هێناین، دکتۆر ئاسۆو پارتیزانێکی تر بۆدابین کردنی خواردن ڕوویان کردە ناو ‏گوندی قۆجەبڵاخ، لەناکاو لە هەموو لایەکەوە بوو بەدەسڕێژێکی چڕوپڕ. کەس نەی دەپەرژایە سەرکەس، چوار دەورمان ‏ سوپای عێراق و گەلەجاش بوو، دواتر هاوڕێکەی دکتۆر ئاسۆ بەخێرایی گەڕایەوە بۆلامان وتی: دکتۆر ‏ئاسۆ بریندار کراوە. ئێمەش ڕوومان کردە شوێنەکەی، کاتێ گەیشتینە سەری، دەمانچەکەی لەناو ‏دەستی دابوو، دوا فیشەکی دەمانچەکەی نابوو بە ناوچەوانی خۆیه‌وه‌. دەسڕێژێکی گولە ڕانێکی بێژابوو، دەمانچەو ‏کڵاشنکۆفەکەیمان هەڵگرتەوەو تەرمەکەیمان لەوێ بەجێمان هێشت، دوای 15 ڕۆژ لەگەل پارتیزانێکی تردا، ڕوومان ‏کردە ئەو شوێنە، تەرمەکەمان بەخێرایی خستە چاڵێکەوە، گڵمان بەسەر چاڵەکەدا ڕووخاند، بۆ ئەوەی ‏شوێنەکەمان لێ تێک نەچێ، تایەیەکمان لەسەر چاڵەکە دانا.‏
مام ڕەزا دەڵێ: هەر کەگەیشتینە ئەوێ، شەهید ئەحمەد جوتیار شوێنەکەی لێ تێکچوو، پیاوێکی ‏بەتەمەنی گوندەکە وتی: گەر بۆ گۆڕە بێ نازەکەی دکتۆر ئاسۆ دەگەڕێن، وا لەوچاڵەدایە. هەر کەپوش ‏و پەڵاشەکەم لابرد، تۆزێک گڵەکەم لە سەر چاڵەکە لادا، پارچەیەک لەپشتێنەکەی دەرکەوت.
پێم وت: رۆڵە بەوەفاکەی ‏کوردستان، ئەم شەهید بوونەت پیرۆز بێت، گڵەکەم زیاتر لابرد، قەمسەڵەکەی دەرکەوت، گیرفانەکانی پڕ ‏بوو لەسەرنج و دەرزی و دەرمان، تەنیا (7) پەنجایی لە گیرفانیدا بوو. هەرئەو جلانەی لەبەردابوو، له‌ ساڵی (1985) دا ‏بەدیاری بۆم بردبوو.‏ جوتێک پێڵاوی لاستیکی لەپێدا بوو، ئێسک و پروسکەکەیمان خستە کفنێکەوە.
خوشکەکەی بە قورگێکی پر لە گریانەوە وتی: ‏کاکە ئاسۆ، کات درەنگە باپێکەوە بگەڕێینەوە بۆماڵەوە، ئاکۆو پێشمەرگەو جەماوەری شار، سلێمانییان ئازاد ‏کردووە، ئەمشەو سەردانی ژوورەکەی خۆت بکە، سەیرێکی کتێبەکانت بکەرەوە، بەیانییەکەی پێکەوە دەچین ‏بۆ سەر ئارامگاکەی ئاکۆ لە گردی شێخ محێدین، لەوێ دەست بکەنە ملی یەکتری. ئاکۆ دەمێکە بەدوای تۆدا ‏دەگەڕێ.‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت