بەهرۆز جەعفەر: جیهان و جەمسەرگیریی: دابەشبونی هێز بەسەر هێزە مامناوەندییەکاندا.
جەمسەرگیریی بە شێوەیەکی گشتی یەکێک لەم سێ فۆرمە وەردەگرێت: یەک جەمسەری (کە تێیدا دەوڵەتێکی زلهێزلەمسەر تا ئەوسەری جیهان بەهێزترینە و هەژموونی تەواوەتی هەیە)، دوو جەمسەری (کە دوو دەوڵەتی زلهێز نزیکەی ئاستی یەکسان بەهێزن)، وە فرە جەمسەری (کە تێیدا دەسەڵات لە نێوان زیاتر لە چەند دەوڵەتێکدا دابەشبوە لە جیهاندا). هەندێک پێوەرەکانی هێز دەبەستن بە ئاستی بەرزی ئابوریی و هێزی سەربازییەوە، هەندێک دەیبەستن بە کەلتورو توانا تەکنەلۆژییەکانی دەوڵەتەوە، هەشە ئاستی خەرجی سەربازیی دەکاتە پێوەر. لەگەڵ ئەمانەشدا، لەمدواییە وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران “جەواد زەریفی” وا خۆی دەبینێ کە تێزێکی تازەی هەیە بە ناوی ” جیهانی بێ جەمسەر”، ئەوەش دەبەستێ بە بوونی جیهانێک لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد-AI و زیاتربوونی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە. بەڵام زۆر پێش زەریفی کەسانی وەک “ڕیچارد هاس- Richard Haas لە ساڵی (2008) دا باسی جیهان بە بێ جەمسەریان کردوە.
ڕیچارد هاس، سەرۆکی کارمەندی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕاوێژکاری باڵای کۆمپانیای سەنتەرڤیۆ پارتنەرز، پێشتر وەک بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسەت بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (2001 بۆ 2003) کاری کردووە، هەروەها نێردەی تایبەتی سەرۆک جۆرج بوش بووە لە ئیرلەندای باکوور و ماوەیەکیش ڕێکخەری کاروباری ئەفگانستان بوو. دوای ڕیچاردیش لە “ڕۆىیرت مانین-Robert Manning” لە ئەتڵەنتیک کەونسڵ لە ساڵی (2009) بەدەم باسی سەرهەڵدانی هێزە ناوەنجییەکانی وەک هیند و یابان و بەرازیل و فەڕەنسا و ڕووسیا و باشوری کۆریا و کەنداو… تادواییەوە باسی جیهانێکی بێ جەمسەر دەکات (کە هێشتا مێژوو ئەزموونی نەکردوە).
قسەی سەرەکی ئەوەیە، جیهان ببێتە فرەجەمسەر یان بێ جەمسەر، زۆربەی بیرکەرەوەکان کۆکن لەوەی ڕۆڵی هێزە ناوەنجییەکان زیاتر بوەو زیاتر دەبێ. بۆ ئەم مەبەستە دەستم بە ئامادەکردنی کتێبێک کردوە بۆ یەکێک لەبڵاوکەرەوە زانستییە- جیهانییەکان کە ڕەنگە ناونیشانەکەی بەدیاریکراوی ئەمە بێ: ” ئایندەی جەمسەرگیریی جیهانی و داینامیکییەتی دابەشبوونی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەریەککەوتنی سیستەمی نوێی هەرێمایەتی و جیهانی”.
لە ساڵی (1991 تا 2021) ماوەی سێ دەیە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی بێ چەندوچوون و بێ هاوتای جیهانی کردوە. بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە مانشێتەکان، بیروبۆچوونی ڕاوێژکارە جیهانییەکان، دیبەیتەکان کردویانە بە مۆدێڵ و باسی گۆڕان لە “جەمسەرگیریی جیهانی” دەکەن. هەندێک دەڵێن؛ هەڵکشانی هەژموونی چین دیفاکتۆیەو سیستەمی تاک جەمسەریی بەرەو نەمانە، هەندێک دەڵێن؛ جیهانی فرەجەمسەریی کەوتۆتە سبەینێ یان دوو سبەی و دەیبینین.
ئەمە یەکێک لە هۆیەکانی، دابەشبوونی هێزە بەسەر ناوچەکانی دیکەدا. فۆڕن ئەفایەرز داتایەک دەخاتە ڕوو، کە لە ساڵی (1950) پشکی ئابووری جیهانی کە لەلایەن واشنتۆن و مۆسکۆ و دوو بلۆکی هاوپەیمانییەکەیانەوە کۆنترۆڵکرابوو، ئەوکاتە ئەو دوو بلۆکە لەسەدا 88ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی کۆنترۆڵ کردبوو.! لە (2023) دا ئەم دوو زلهێزە تەنها لەسەدا 57ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێکدەهێنن. ئەمەش مانای وایە ئەو دەستەڵاتە لە شوێنی دیکەدا بڵاوبووەتەوە، کە لە زلهێزەکان دوورکەوتووەتەوە بەرەو چەندین هێزی ناوەندیی بەتوانا و داینامیکی چوە کە یارمەتیدەر دەبن بۆ داڕشتنی ژینگەی نێودەوڵەتی لە دەیەکانی داهاتوودا.
بە ئاشکرا لە سەردەمی دوو جەمسەریی و جەنگی ساردیشدا، ئەوە دیاربوو هەندێ لە هێزە خۆسەپێنە-بێتامەکانی جیهان و ڕۆژهەڵات سوودیان لەو ناکۆکییەی نێوان دوو جەمسەرە جیهانییەکە وەرگرت. ئێستاش بەهەمان شێوە هێزە مامناوەندییەکانی وەک سعودییە و ئیمارات و تورکیا و قەتەر و ئێران و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاریکەریی سەرەکیین و، بە ئاستی جیا-جیا سودیان لە شکانی لەنگەری سیستەمی نێودەوڵەتی وەرگرتوەو، بێ گەڕانەوە بۆ زلهێز، ئەسپی خۆیان لەناوچەکەو جیهاندا تاودەدەن. باشترین نموونە؛ هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی بایدنە بۆ پێدانی گەرەنتی ئەمنی بە سعودیە، کە پاڵنەرەکەی پەرەسەندنی کاریگەریی چینە لە کەنداودا، ئەمە تەنها نمونەیەکی دیاری ئەم ئاریشەیەیە.