بورهان شێخ رەئوف: یادداشتی دەستگیركردن بۆ سەركردەكانی ئیسرائیل.
لەم رۆژانەدا هەواڵی دەرچوونی یادداشتی دەستگیركردن بۆ سەركردەكانی ئیسرائیل لە سەرووی هەموویانەوە بنیامین نەتانیاهو سەرۆك وەزیران و یوئاف گالانت -ی وەزیری ئاسایش لەلایەن كەریم خان داواكاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بڵاوبۆوە، ئەم بڕیارانە لە بارودۆخێكی زۆر مەترسیداردا دێت بۆ ئیسرائیل كە كاریگەریی راستەوخۆی بۆ بەرەی ناوخۆیی هەیە.
پاساوی سەرەكی بۆ دەرچواندنی ئەم یادداشتە، تۆمەتباركردنی بەرپرسەكانی ئیسرائیلە بەوەی كە ناهێڵن كۆمەكە مرۆییەکان بگاتە دەست دانیشتووانی مەدەنیی غەززە، هەروەها كاردانەوەی توندی ئیسرائیلە سەبارەت بە هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی رێككەوتنامەی جنێف ی چوارەم تایبەت بە دۆخی خەڵكی مەدەنی لە غەززە.
ئیسرائیل زۆر نیگەران و شەڵەژاوە بەم یادداشتە، چونكە ئەوە بەشێوەیەکی زمنیش بێت داننانە بەوەی ئیسرائیل تاوانباری جەنگە.
هەڕەشەكانی نەتانیاهو:
1- هەر ئەوەشە وای لە نەتانیاهو كردووە كە لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە سەكۆی (X) بنووسێت: «لە ژێر سەركردایەتی مندا ئیسرائیل بەهیچ جۆرێك قایل نابێت هەوڵەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای گومان دروست بكات لە مافی بنەڕەتیی بەرگریكردن لە خۆمان، هەروەها دەڵێت: هەڕەشەكردن لە سەرباز و كەسایەتییە گشتییەكان لە ئیسرائیل كە تاكە وڵاتی دیموكراتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و تاكە وڵاتی جووەکانە لە جیهاندا، هەڕەشەیەكی ئابڕوبەرانەیە و خۆمانی رادەست ناكەین.
2- مەترسییە زۆرەكانی ئیسرائیل لە دەرچوواندنی ئەو یادداشتانە وای لە ئیسرائیل كردووە كە هەڕەشەی هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە لە دەسەڵاتی فەلەستین بكات تا ئاستی هەرەسپێهێنان و داڕماندنی، چونكە گوشارەكانی ئەوان بۆ دادگاكە بە هۆكاری سەرەكی دەزانێت و دەڵێن: «زانیاریمان لەبەردەستدایە کە ئەوە دەسەلمێنێت، ئەمەشیان بە ئەمریكاییەكان راگەیاندووە، یەكێك لەو رێكارانەش دژبە دەسەڵاتی فەلەستین، سڕكردنی ئەو پارانەیە كە لە باجەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە كۆدەكرێتەوە بۆ فەلەستینییەكان.
ئیسرائیل زۆر نیگەران و شەڵەژاوە بەم یادداشتە، چونكە ئەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت داننانە بەوەی ئیسرائیل تاوانباری جەنگە.
هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ بەرگرتن لەم هەنگاوە، سەرەڕای ئەوەی ئێستا ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام ئەمریكا دەستەوسان نەوەستاوە لە بەرامبەر ئەم رێكارانەی دادگاکەدا، بەڵکو ئیدارەی سەرۆك بایدن دەستیانكردووە بە گوشاركردن و بەرپرسەكانی دادگاكەیان تاك بە تاك ئاگاداركردۆتەوە كە ئەو یادداشتانە دژ بە سەركردەكانی ئیسرائیل هەڵەن و واشنتۆن پشتیوانی ئەو رێكارانە ناكات.
ئەم یادداشتە مانای چییە؟
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە نوێنەرانی 123 وڵات پێكهاتووە، واتە لە حاڵەتی دەرچوونی یاداشتەكەدا بۆ سەركردەكانی ئیسرائیل، هەركەسێكیان بچێتە یەكێك لەو وڵاتانەوە دەبێت دەستبەجێ دەستگیربكرێن و رادەستی دادگاكە بكرێن، هەرچەندە ئیسرائیل ئەندامی دادگاكە نییە، بەڵام خاكە داگیركراوەكانی فەلەستین لە ساڵی 2015 -ەوە ئەندامە، بۆیە دادگاكە دەڵێت: ئەمە ئەو مافەی پێ دەدات دادگایی هەركەسێك بكات لەسەر ئەو خاكە تاوان بکات بە سەربازە ئیسرائیلییەكانیشەوە.