زەبەنگ بەهادین: سوشیال میدیا و شاخی گوێژەو کۆمپانیای قەیوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لە سوشیال میدیای کوردی دەبینرێت تێکدانی رێرەوی بیرکردنەوە و بریاردانە، سەرچاوەکەی، یان چاو لێکەری، یان رکابەرایەتی سیاسی و حیزبی، یان گەمژاندن و لە بیر بردنەوە.
ئەمرۆ قسەی بلۆگەرێک لە ووتەی فەیلەسوفێک زیاتر تەشەنە دەکات و دەنگدانەوەی دەبێت، نواندنی مۆدێلێک لە سەد سیمیناری زانستی زیاتر بینەری هەیە، هەلسوکەوتێکی نەشیاو تێکدەر زیاتر خەڵک رادەکێشێت و لاسایی دەکرێتەوە تری تیکتۆکەرێک جەماوەری زۆرتری هەیە وەک لە بابەتێکی مێژوی، یان فکری. فەرمانی لەفەو مامە ڤاندام و بلە غەمبار، چۆنیان بوێت کۆمەڵگا ئاراستە دەکەن و کەس نییە بڵێ بۆ وا دەکەن.
بابەتێک کە ئەمرۆ سوشیال میدیای سەرقاڵ کردوە هەموی دوای کەوتوە بێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەبەر دەستا بێت، ئاخۆ ئەم دوا کەوتنەوە و دەنگ بەرزکردنەوەیە لەبەرژەوەندی خەڵکە، یان لە زیانیان. برینی دوو شاخ لە بەرزایەکانی سڵیمانی لە سۆشیال میدیا بۆتە باسی رۆژ بە بێ ئەوەی بزانین ئایا سودەکانی ئەم پرۆژەیە چین بۆ خەڵک و زیانەکانی چین. شاخێک دەبرێت کە کردنی بە سەوزایی کارێکی قورسە، وە لە ئێستادا هیچ سودێکی دارایی و گەشتو گوزاری لێ دەست ناکەوێت لە سایەی سەری دەسەڵاتەوە. راستە سیمای شاری سلێمانی بە شاخی گۆیژەوە جوانە و بەشێکە لەکلتوری شارەکە، بەڵام ئایا ئەم دوو شاخە دەرکەوتنیان چەندە و بونیان، یان نەبونیان چ سودێکی هەیە؟ لە بری ئەوە دەکرێتە پرۆژەیەکی نیشتەجێبون کە دەتوانرێت بەشێکی زۆری سەوزای لێ بەرهەم بهێنرێت لە هەمان کات کۆمەڵێک بازار و شوێنی کار دابین دەکات. هەروەها جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە دەستی کار بەردەست دەکات بۆ کۆمەڵێک خەڵکی زۆر و بازار دەبوژێنێتەوە، لە هەمان کات پارەی ژێر زەمینەکان دەخاتەوە ناو بازار کە لە لایەن بازرگان و دەوڵەمەندەکان حەشار دراوە. چونکە خەڵکی فەقیر لەم پرۆژەیە خانوی بۆ ناکرێت، مەگەر تەنها بتوانێ کاری تێدا بکات و هەلی کاری بۆ بە دەست بێت. لە هەمان کات کۆمپانیەکە کۆمەڵێک رێگاو بان دروست دەکات کە رەنگە حکومەت بە ساڵانێکی زۆر نەتوانێ ئەم رێگایانە بکاتەوە لە کاتێکدا شار پرکردوە لە ئۆتۆمبیل و خنکانی هاتوچۆ لە زۆرینەی شویێنەکان دەبینرێت.
من ناڵێم ئەم پرۆژەیە باشە، یان خراپە! بەڵام دەبێت بریاردان لەسەر بنیات نانی پرۆژەیەکی وا لە لایەن کەسانی ئەکادیمی و شارەزا بێت لێکۆڵینەوە و وردەکاری تەواو بکرێت بۆ پرۆژەکە ئەو کات بریار بدەین ئاخۆ باشە یان خراپە.
سوشیال میدیا بۆتە بەشێکی بەلارێدا بردن لە سەرجەم سێکتەرەکان باشیان لێکردینە خراپ و خراپیان لێکردینە باش. کاتێک وورد دەبیتەوە دەبینی لە پشتی پەردەی ئەم سوشیال میدیایە هەزارەها پەیجەوانی سێبەر و کەسانی بەرژەوەند خواز و حیزبی گەندەڵ و لایەنی رکابەری نا تەندروست هەیە، ئێمەش ئاسان دەکەوینە دوایان تا وامان لێدێت وەک تووتی چیان ووت دەیڵێینەوە بیری خۆمان لە کار دەکەوێت و باش و خراپمان بۆ لێک جیا ناکرێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت