لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
* پێش هەموو شتێک، من خوێنەر و حەزی بڕگەکانی یاساو ڕێسام، نەک دەرچوو. هەروەها هیچ پەیوەندییەکم بە هیچ حیزبێکی سیاسییەوە نیە.
* پەرتووکێک کە کۆی کۆکراوەی یاساو ڕیسای هەڵبژاردن و پەڕلەمانی هەرێمی کوردستانە، لە ئامادەکردنی بەڕێز/ عەونی بەزازە، دامناوە. دەتوانن ئێوەش سوودمەند بن لێی.
ڕۆژی 21. 2. 2024، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەروەها یەک بازنەیی و فرەبازنەیی پڕۆسەی هەڵبژاردندا. لەبریارەکەدا هاتووە کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە کەم دەکرێتەوە بۆ 100 کورسی. هەروەها لە بریارێکی دیکەی دادگاکەدا هاتووە کە کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی دەستەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێتەوە.
بریارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی عیراق لە دانیشتنەکەیدا بریتی بوو لە فرە بازنەیی لە چوار بازنە کەمتر نەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن هەموو کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. بە پێی زانیارییەکان پارێزگای هەولێر 34 کورسی و پارێزگای سلێمانی 38 کورسی و پارێزگای دهۆک 25 کورسی و پارێزگای هەڵەبجە 3 کورسی بۆ تەرخان کراوە.
تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی عیراق تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رایگهیاند؛ دهبێت وهزارهتی دارایی عیراق مانگانه پاره بۆ مووچهی ههرێمی كوردستان بنێرێت هاوشێوهی پارێزگاكانی دیكهی عیراق. هەروەها دادگاکە بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، بخرێتە سەر بانکە فیدراڵییەکان، بەوەش مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە سەر بەغدا. هاوکات دادگای فیدراڵی، هەرێمی کوردستانیشی پابەند کرد بەوەی؛ سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت.
لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکی هەرێم، لە ڕۆژیی 3. 3. 2024 بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی هەرێم، ڕۆژی 10. 6. 2024 دیاری کرد، بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان.
پاش بڕیارەکەی دادگای فیدرالی، سەرانی پارتی، هەریەک لە مەسعوود بارزانی و مەسرور بارزانی و.. هتد، توانجی ناشرینیان ئاراستە کردوو، تەنانەت پێگەی بڕیارەکەشیان ناوزەند کرد، بە پێگەی بڕیار دادگای بەعس. بەڵام ئەم قسانەی پارتی هێندە بڕی نەکرد، چوونکە لە توانای پارتیدا نەبووە و نییە کە بتوانێت ئاستی ڕێڕەوی دادگاکە وەک هەر بڕیارێکی هەرێم بگۆڕێت، بەناچاریی ملی نا بۆ ڕێزگرتن لە بڕیارەکەو تەنانەت بێشەرمانە خۆشیان هەمان دادگایان بە رێگاچارەیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان نا.
ڕۆژی یەکشەممە، 06. 05. 2024، مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد.
هەر دوای سکاڵەکەی مەسرور بارزانی، یەکێتی نیشتمانی لەڕێی شاڵاو کۆسرەتەوە تانەیدا لە سكاڵاکەی مەسرور بارزانی دا. لە داواکەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵدا ئەوە روونکراوەتەوە کە پێشکەشکردنی داواکەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم پێچەوانەی دەقی ماددەی (19/دووەم)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە 31ی ساڵی 2019ی ھەموارکراوە کە تێیدا ھاتووە: (لە بابەتەکانی پەیوەست بە کاروباری ھەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری ھەڵبژاردنەکان، نابێت لە ھیچ شوێنێکی دیکە تانە لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بدرێت).
ئەوەش خراوەتەڕوو، کاتی تۆمارکردنی داواکە پێچەوانەی دەقی ماددەی (23)ی پەیڕوی ناوخۆی دادگایە کە تیایدا ھاتووە: (دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە دیاری کردنی رۆژی ھەڵبژاردن، ناتوانرێت تانە لە ھیچ یاسایەکی ھەڵبژاردن، یان دەقێکی ھەڵبژاردن بدرێت. داواکەی بارزانیش لە کاتێکدایە تەنھا یەک مانگ ماوە بۆ رۆژی ھەڵبژاردن کە بە مەرسومێکی ھەرێمی دیاریکراوە، جگە لەوەش رێکارەکارەکانی کۆمیسیۆن و پەیڕەوەکانی تایبەت بە پرۆسەی ھەڵبژاردن پشتیان بە یاسای ھەڵبژاردنەکانی کارپێکراوی ھەرێمی کوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 83و ھاوتاکانی لە 131 و 185/ فیدراڵی/ 2023 بەستووە.
یەکێتی بە لێدوانە ئاشکراکانی، لەرێی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەوە، سووربوونی خۆیان بۆ وادەی هەڵبژاردنەکان لە کات و ساتی خۆیدا، چەندین جار دووپات کردۆتەوە. پارتی تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، نەخستۆتە سەر شانۆی سیاسی. بەردەوامی هەڵویستەکانی پارتی دەرحەق بە هەڵبژاردنەکان، ڕەیی حیزبەکان و مێدیای کوردی بە هەموو جۆرەکانی دابەش بوون بە دوو بەرەدا:
1- بەرەیەک قسە لەسەر ئەوە دەکەن؛ پارتی بەشداریی هەڵبژاردن ناکات، ڕێگریش دەکات لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەئەنجامدانی.
2- بەرەیەکی تریش دەڵێن؛ پارتی لەدوا هەنگاودا بژاردەی هەڵبژرادن پەسندەکات و ناتوانێت ڕێگری تەواو لە هەڵبژاردن بکات، چوونکە هەژمار بۆ دوا بژاردەی دادگای فیدرال دەکات، کە حەسانەی حیزبی لێ بسێنێتەوە.
زۆر لەوانەی لەڕووی یاساییەوە، کۆمەڵێک شیکاریان بۆ مەرجەکانی پارتی کردووە، هیچ کام لەوانە ئاماژەیان بەوە نەداوە، کە بتوانرێت جارێکی تر بەهەمان یاساو ڕێسا، یان فۆڕمی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، ئەنجام بدرێت، چوونکە دادگای فیدڕاڵی خاوەنی دووا بڕیارە.
بۆ خوێندنەوەی پەرتوکەکە کلیک بکەرە سەر/ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان/ عێراق
- Latest Posts by لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بۆ جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕانکاریدایە لە تورکیا.
- All Posts