گۆران هەڵەبجەیی: یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی ڕەفتار کۆلۆنیالیزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەسڵەتی داگیرکەر {کۆلۆنیال} بریتیە لە بەتاڵانبردنی هەرچی داهاتو بەروبوومی وڵاتی داگیرکراوە، واتە هەرچیەک سوودی هەبێت وەک کانزاو کانەکانی ژێرزەوی، بەروبوومی سەرزەوی و کشتوکاڵ، خاک و سەرخاک و شتی دیکەی تر کە بکەوێتە خانەی ئابووریەوە و جێگەی بایەخبێت.
دەمێک وڵاتێکی داگیرکەر وڵاتێکی دیکە یا دەڤەرێکی دیکە داگیر دەکات، پارەخەرج دەکات ،سوپا دەنێرێت، پلان دادەنێت، تەنها لەپێناوی یەک ئامانجدا، ئەویش قازانجی ماددیە. [بۆگەشتن بەو ئامانجە وڵاتی داگیرکەر هەموو ڕێگەیەک بەمەشروع دەزانێت] کە ئەمەش { مەبدەئێکی میکافیلییە}.
لەکن داگیرکەر ئەوەی نرخی نیە مرۆڤەکانی وڵاتی داگیرکراوە، حسابی ئاژەڵیان بۆدەکرێت ،مافیان دەخورێت، سوکایەتیان پێدەکرێت، زیندانی دەکرێن، دەکوژرێن، تەرۆردەکرێن.
گەر ئەم کوورتە پێناسەیە بەراورد بکەین لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا ڕێک [کاڵا بەقەد باڵا]دەبێت.
ڕەفتارو سیاسەتی ئەم دووحیزبە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە گەڵ خەڵک و خاکدا تەواو داگیرکەرانەیە. شتێک نیە وڵاتانی داگیرکەر کردبێتیان و یەکێتی و پارتی لەهەرێمی کوردستاندا نەیانکردبێت. لەو دەمەوە تا ئێستا هەرچیان کردوە تەنها یەک ئامانجی لەپشت بووە ئەویش دزی و تاڵانییە لەماڵی گشتی.
لەبەرئەوی خۆیان دەسەڵاتداری ڕەهان، هەربۆیە دزی ،داگیرکردنی شوێنە بەنرخەکان، گەندەڵی، زەوتکردن، بێکێشە ئەنجامیان داوە.خۆگەر هەر تەگەرەیەکیش هاتبێتە ڕێگەیان ئەوە لەڕێگەی هێزو هەڕەشەوە بەتەلەفۆنێک چارەسەریان کردوە.
باوەڕناکەم سەکتەرێک، بوارێک، پێگەیەک، زەویەکی بەبەها و بایەخدار، شوێنێکی ستراتیژ، زەویەکی بەپیت و بەرهەمدار مابێت و دەستی ئەم مافیایانەی پێنەگەشتبێت. ئەمانە لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتدا، بەتاڵانبردنی بەروبووم و داهاتدا، قۆرخکردنی کایە ئابوریەکاندا، چەوساندنەوە و بێ کەرامەتکردنی خەڵکەکەیدا، لە ئیستعمار ئیستعمارتر و بێبەزەیترن.
دەبینین ئەم دووحیزبە ڕەفتار ئیستعماریە بەردەوام بەبەرچاومانەوە، دەستدرێژی بۆماڵی گشتی دەکەن، دارستانی سنەوبەر دەسوتێنن و دەیکەنە پرۆژەی کۆمپانیاکانیان، گوێچەم و گردو تەپۆڵکە تێکدەدەن و دەیکەنە ئەپارتمان، زەوی کشتوکاڵی تەلبەند دەکەن و دەیکەنە شوێنی ڕابواردن،{خانوو سینەما گەڕەکی کۆن گوند} دەڕوخێنن و دەیکەنە مۆڵ و بازاڕ، گەراجی پاس و سایلۆ تێکدەدەن و دەیکەنە پرۆژەی بازرگانی، قوتابخانەی تەمەن پتر لە{60} ساڵ دەڕوخێنن و دەیکەنە گەراجی مۆڵەکەیان، تەجاوز لەسەر کۆڵان، شەقام،ڕێگای دەرەوە، یاریگا و باخچەو زەوی ڕووکن و داروبەرد دەکەن و دەیانخەنەسەر ئەملاکەکانیان. بستێ زەوی کوردستان نەماوە بۆنەوت هەڵنەکەنرابێت، شوێنی خۆش و بەرزایی و گردۆڵکە نەماوە بۆ بارەگاو نیشتەجێبوون داگیر نەکرابێت. ئەمانە هەمووی سیاسەتی داگیرکەرانەیە کە ئەم دووحیزبە پەیڕەوی دەکەن.
کەواتە ئەتککردنی شاخی گۆیژەش دەکەوێتە نێو هەمان پرۆژەی کۆلۆنیالیەوەو بەئاسانیش دەستبەرداری نابن.
کەی وازیان لەسرووشتی داگیرکەرانەیان هێنا[کە مەحاڵە]، ئەوکاتەش تەجاوازکردن لەسەر موڵک و سامانی گشی کۆتایی دێت.
هەست دەکەم لەم دۆسیەشدا کە گرنگ و بایەخدارە و پەیوەندی بەژینگەو سیمای سلیمانیەوە هەیە، خەڵکی باژێڕ و و زۆرێک لەڕووناکبیرانی شارەکە زۆر خەمساردن، ئەم ئەرکە قورسە بەتەنها کەوتوەتە سەرشانی چەند بەڕێزێک، وەک ئەوەی دانیشتوانی سلیمانی هەر ئەوچەند کەسەبن.
پاڵپشتی ئەو گرووپە ئەرکی هەمووانە، چونکە تا فشارەکان زیاتربن و بازنەی بەشداربووان فراوانتر بێت، دیارە کاریگەری لەسەر ئەو کۆمپانیا حیزبیانەی گۆیژە ئەتک دەکەن زیاتر دەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت