زەبەنگ بەهادین: پەیوەندیەکان و بەردەوامبونی ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەردون لەسەر بنەمای بەردەوامی دروست بووە لە رێگەی پەیوەندی نێوان گازەکان و لارە و فرکوینسی، لە نێو گەردوندا سروشت دروست بوە و لە نێو ئەویشدا مرۆڤ، بینەر و شیکەرە و بەدوادا چوی هەموو دیاردەکان لە ئێستادا مرۆڤە. ئەو خاڵەی هاوبەشە لە هەموو جۆرەکانی دروست بووندا پەیوەندییە، بە جۆرێک خۆی دەبینێتەوە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەردوندا لە ئاو و هەوا و ئاگر و خۆل لە گەورەترین پێکهاتەی بۆ بچوکترینی کە ئەتۆم و گەردیلە و بچوکتریش کە لەداهاتودا دەدۆزرێتەوە.
هەرچی بەردەوامی گەردون و سروشت و مرۆڤە بەستراوەتەوە بە پەیوەندی نێوان پێکهاتە کیمیای و فیزیایەکان و باێۆلۆژیەکانی نێوانیان، لە هەمان کات سروشتی ( ئالۆزی و ئاسایی ) بەرز بونەوە نزم بونەوەی سەرجەم پەیوەندییەکان، گرفتەکانی ئەم پەیوەندیانە بەندکراوە بە جۆر و کارلێکردن و پەرچە کردار لە نێو کات و شوێنی پەیوەندییەکە لەگەڵ ئامانج و ئاکامی ئەو پەیوەندییە.
لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ بەشێکە بەستراوەتەوە بە سروشتەوە و بە هەمان شێوە ژیان و بەردەوامی بەستراوەتەوە بەو پەیوەندیانەوە لە نێوان ئەو لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان لەگەڵ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، بە نمونە زۆربوونی گەرما زیاد لە پێویست دەبێتە لەناوچونی ژیان، کەم بوونی رێژەی ئۆکسجین گۆرانی دۆخی کیمیای، یان فیزیای، یان بەکترۆلۆجی ئاو و هەوا هەموو پەیوەستن بە مانەوە و بەردەوامی مرۆڤ، لێرەوە مرۆڤ تەواو تێکەڵی پەیوەندی دەبێت و دەخرێتە خانەی پێکەوە لکان بە بابەتی پەیوەندییەوە لە رێگەی سروشت و پێکهاتەکانی، پەیوەندی دەبێتە بناغەی سەرەکی ئێستا و رابردو و داهاتوی ژیانی.
پەیوەندیەکانی مرۆڤ کۆدەبێتەوە لە کایەکانی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی، هەروەها ئابوری. هەموو پەیوەندییەک لە مرۆڤدا بەستراوەتەوە بەو دۆخانەی مرۆڤەکە پێیدا تێدەپەرێت لە چوارچێوەیی کات و شوێندا، لەبەر ئەوەی کات و شوێن جێگیر نییەو بەردەوام لە گۆراندایە، لە ئەنجامدا هیچ پەیوەندییەک جێگیر نییە و بێ کۆتا نییە. بەڵکو بەردەوام لە کەم و زۆر بووندا دەبێت لە هەڵکشان و داکشاندایە و هەمیشە لە دۆخی گۆراندایە. ئەمەش پەیوەستە بە هەڵچون و داچونەکانی کە تاک پێیدا تێدەپەرێت لە نێو کات و شوێنە جیاوازەکان، بەشێک لە رێکخەری ئەم پەیوەندیانە لە ئەنجامی ئەو پشت مێشکەیە کە لە مرۆڤداچێنراوە لە ساتی لە دایک بونیەوە پاشان کەوتنە ناو کاتی ئێستاوە بە مانای مێژوو کاراکتەری سەرەکی و خولقێنەری جۆر و شێوازی پەیوەندیەکانن لە هەمان کات شوێن کاریگەری لەسەر مێژوی پەیوەندیەکە دەبێت. بە نمونە کەسێک لە کوردوستان هاورێی کەسێکە لە شوێنێکی دی دەرەوەی کوردوستان، ئەو کلتور و پاشخانە فکریەی ئەم تاکە هەیەتی جیاوازە لەگەل کەسێک لە ئەوروپا هەیەتی، هەروەها لە ئێستادا هەمان کەس لە سەدەی پێشو بیری جیاوازترە و تێروانینێکی دی هەیە بەراورد بەو کەسەی سەد ساڵ پێش ئێستا ژیاوە لە هەمان شوێن، بە مانای کات و شوێن بیرکردنەوەکان دەگۆرێن بەمەش پەیوەندیەکان گۆرانیان بەسەردا دێت.
لەوەیە بپرسین پەیوەندی جێگیر هەیە بە مانای پەیوەندیەک لەسەر ریتمێکی جێگیر بمێنێتەوە؟، بە دڵنیای نەخێر. چونکە مرۆڤ لە کات و شوێنێکدا بە دۆخێکدا دەروات کە جیاوازە لەوەی پێشوتری. ئەو بیرکردنەوەیەی کاتی پەیوەندیەکە لەو شوێنە بریاری پێدەدات بەندە بە پەیوەندیەکانی تری لە هەمان کات بە فراوان بوون و گەشەی بیرکردنەوەی لەو شوێن و کاتە و ئەو کەسانەی کارلێکردنیان دەبێت لەسەری، بە نمونە ئەم منەی ئێستا هەیە، ئەوەی دوێنێ نییە. لەبەر ئەوەی لە دوێنێوە تا ئێستا، کۆمەڵێک کار و بینین و پەیوەندی دی کارلێکردنیان لەسەر من هەبووە، بەمشێوازەش بیرکردنەوەی من گۆراوە و ئەنجامی جیاوازم لە پرسیارەکانی رابردوم دەستکەوتوە کە ئەمە وا دەکات سەر لە نوێ ریفرێش بکەمەوە بۆ پەیوەندیەکانم و لەسەر بنەما نوێیەکانی بیرکردنەوەم. لەم ساتەدا کە بیری پێدەکەمەوە بریار دەدەم بۆ شێوازی نوێێ پەیوەندیەکەم پاڵپشت بە مشتومڕی تازە بە دەستهاتو لە رێگەیەکی زاناتر، بنەما نوێکانی پەیوەندییەکانی داهاتوم پەیوەندییە پێشوترەکانم دارێژمەوە.
دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پەیوەندی نێوان دوو مرۆڤ جێگیر نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو دۆخانەی کە پێیدا تێدەپەرێت کە ئەویش بەستراوەتەوە بە ئەو بیرە جیاوازانەی کە دەستمان دەکەوێت وە ئەمیش جارێکی دەبەسترێتەوە بە پەیوەندییەکانی دیمانەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و ئابوریەوە.
ئایا دەتوانین لە هەر پەیوەندییەک تا کۆتا بەردەوام بین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە ویستی مرۆڤەکە بۆ مانەوەی ئەو پەیوەندییە کە دەبێت خۆی ئاراستەی دۆخەکان بکات بە روی مانەوە کە ئەویش مسۆگەر نییە، رەنگە تاکێک بیەوێت ئەو پەیوەندییە بمێنێتەوە، بەڵام ئەوی دی هەمان ئامانجی نەبێت، یان توانای نەبێت، یان ئاگاداری نەبێت. بۆیە پەیوەندیەکان تەنها بۆ بەردەوام بوونە و رێژەی نەگۆر نین بەستراون بە کات و شوێن و پەیوەندییەکانی دییەوە بۆ مانەوە، یان لە ناو چون. هەر پەیوەندیەکیش بۆ مانەوە کاری هاوبەشی دەوێت کە لایەنەکانی پەیوەندییەکە بتوانن لە هەمان ئاستی دیدبینی و بیرکردنەوە نزیک بنەوە تا بتوانن بنەماکانی بەردەام بووم هاوبەش بکەن، یان هیچ نەبێت بەرژەوەندی مانەوەیان هەبێت تا بتوانن بەردەوامی بدەن بە پەیوەندییەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت