هۆشیار ئەحمەدی: ڕەخنەی پیرۆز = کوفری پیرۆز!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای نزێک بە سەدەیەک لە کارکردنی کورد بە چەمک و زاراوە و قاڵب و پێکهاتەی حیزب و ڕێکخراو وەک قەوارەیەکی نوێ و مودێڕن، ئەگەر بە ڕوونی لێوردبینەوە تێدەگەین، حیزب و ڕێکخڕاوەکانیشمان زیاتر هەر بە هەوای عەشیرەت، خێڵ و دین و تەریقەت و تەکیە و خانەقا و دیوەخان کاریان کردووە.
ئەوان بەگشتی بە مێتۆدی دین و دینداری کاری پەروەردەییان کردووە و زیاتر بڕوادار (ئیماندار)ی حیزبییان لە شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخواز پێ گرینگتر و پێویستترە، بۆیە بڕواداریان زیاتر بارهێناوە تا بیڕمەند و شۆڕشگێڕی گۆڕانکار.

باوەڕ ناکەی؟!
بڕۆن لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ڕەخنەیەکی سووکەڵە لە سەرۆک و سکرتێر و دەفتەر سیاسی و ئەندام ڕێبەریی و یان سیاسەت و یان ڕاگەیێندراوی حیزبێکی کوردیمان بگرن. بزانن چۆن لێشاوی ئیماندارانی حیزبی، وەک موسڵمانانی توندڕەو بە کۆمێنتیۆشەی هەڵبژێردراو و درۆستکراو جنێوبارانت ئەکەن.
ئاخر بیانتوانیایا و ئیمکانی هەبا، ڕاست لەشیان بە گولـلەیەک سارد ئەکردیەوە. لە بەر ئەوەی ناتوانن چەکی گەرم و گولـلە بەکار بێنن، هەوڵ ئەدەن وشەگەلێ بخەنە ناو جنێوەکانین کە بتتەزێنێ، دەمکوتت بکات، زمانت سڕ کا، دەمت لە گۆ بخا و مێشکت ئیفلیج بکات تا ئێتر نەتوانێ و نەوێری ئەو کوفرە ڕەخنەیەت دووپات بکەیتەوە و بۆ کەسانی تریش ببیە عیبرەت. بۆ وێنە، ماوەیەک لەمەوبەر پرسیارم لە چەند دۆستی ڕەخنەگڕ کرد، وتم بۆ ڕەخنەیەک لە فڵان پارت یان فڵان سەرۆکی سمێڵ فش ناگرن؟! هەر هەموویان وتیان ئەو جەماعەتە بۆ ڕەخنە و گفتوگۆ نابن، ئەندامەکانیان زۆر دەمپیس و بێ حەیان، هەر باشتر وایە دەم و زمانیان لەخۆ نەکەیەوە.
بێگومان ئەوە هەموو شۆڕشگێڕان و کادر و پێشمەرگەی حیزب و ڕێکخراوەکان ناگرێتەوە. بەڵکوو لە هەق لا نادەین، زۆرینەیان ئاوان. لێرەدایە ڕەخنە پێوێستە و شۆڕشگێڕانەیە و ڕەخنەی هەڵتەکێنەر، ڕەخنەی ڕاشکاو، ڕەخنەی شۆڕشێگڕانە و پێشکەوتنخوازانە ئەبێتە (ڕەخنەی پیرۆز) و ڕەخنەش بەرامبەر ئەو توێژە زۆرینە حیزبییە ئیماندارە، ئەبێتە کوفر و ئەو کوفرەش هێندە گرینگە کە شایانی ناسناوی (کوفری پیرۆزە).
ڕەخنە لە پێکهاتەی حیزبەکان، لە بەرنامە و ئەساسنامەیان، لە شێوازی بەڕێوەبەرییان، لە لێدوان و ڕاگەیێندراو و سیاسەتەکانیان، لە دەسەڵاتخوازیی بەرپرسانی پلە یەکیان کە هەیانە 40 ساڵە لە بەرزترین پلەدایە و هیچ شوێنپەنجەیەکی جیاواز لە خەڵکی تری دیار نیە و واش دیارە ئەو پۆست و پلەیە بە مردنیش بەرنادات.
پێویستە ڕەخنەگران لە ئیماندارانی حیزبی نەترسن و ڕەخنەی کافرانە بگرن، ڕەخنەی وا، تەنیا پیرۆزیی لای، نەتەوە و نیشتیمان و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت