نەوزادی موھەندیس: لە کوێتیش پڕۆسەی دیموکراتی بە شەرتی چەقۆیە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوێت بەڕووبەری 17818 کیلۆمەتری چوارگۆشە و ژمارەی دانیشتوانی بەپێی ئاماری ساڵی 2021 بریتیە لە 4.336.012 کەس کە تەنھا 1.391.957 کەسیان ھاوڵاتی کوێتین و ئەوانیتر بیانی و کەسانی ھاتوون بۆ کوێت. وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ لە 19. 6. 1961 وە لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێناوە, بەمەرجی ئەوەی کە ئەنجومەنێکی ئومە (پەڕلەمان ) و ڕۆژنامەی ئازاد، یان نیمچە ئازاد دابمەزرێنێت، وەک پێداویستیەکی سیستەمی حوکمڕانی مۆدێرن و دیموکراتی لە وڵاتدا. ئیدی کوێت وەک وڵاتێکی پێشەنگی کاری دیموکراتیەت لەناوچەکەدا بەھۆی ھەبوونی ئەنجومەنی ئومەوە (پەڕلەمان) کە لە 29. 1. 1963 بۆ یەکەم جار دامەزراوە و پێکدێت لە 50 ئەندامی ھەڵبژێردراو لە پێنج بازنەی ھەڵبژاردندا، لەگەڵ وەزیرانی کابینەی حکومەت (کە ژمارەیان نابێت لە 16 وەزیر زیاتر بێت بەپێی دەستوری کوێتی)و خۆڕاھێنان لەگەڵ گەمەی دیموکراتیدا لەوڵاتێکی ئەمیری میراتگری دەستوریدا، کارێکی باش و ئەرێنی بووە لە مێژووی حوکمڕانی ئال صەباحدا. لەبەرئەوەی وڵاتانی تری کەنداو لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و عومان زۆر لەدوای کوێت کەوتنە خۆ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی شورا و پەڕلەمانەکانیان، ئەویش بە مەرجی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەکان و لە ڕێگەی دەستورێکی کۆت و بەندکراو بۆ ئازادیەکان و ڕاگەیاندن و کاری سیاسی و دامەزراندنی حیزبی سیاسی و … ھتد، کە ھەموو ئەمانە سیما و شێوازی پیادەکردنی ژیانی دیموکراتین لەھەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا.
بەڵام ئەم ئەزموونەی کوێتیش بەبێ گرێ و گۆڵ نەبوە و ھیچ کات بە ئاڕاستەیەکی ڕاستودروست و ڕێک نەچۆتە پێش و نەگوزەراوە و تائێستا 11جار کاری پەڕلەمانی لەلایەن ئەمیرەکانی کوێتەوە ڕاگیراوە و ھەڵپەسێردراون بەھۆی ململانێکانی نێوان پەڕلەمان و حکومەتەکانەوە. لەلایەک بەھۆی سەرھەڵدانی ھێز و دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزاییەوە لە جۆر و شێوازی حوکمڕانی و بنەماڵەی دەسەڵاتدار و حکومەتە دامەزراوەکان لەکەسانی دەستڕۆیشتووی بنەماڵەوە و بەھۆی فراوانبوون و بڵاوبونەوەی نادادپەروەری و گەندەڵی و دواکەوتوویی کوێت و کۆمەڵگاکەیەوە بەبەراوورد بە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و سعودیەوە لەڕووی گەشە و پێشکەوتنی ئاوەدانی و تەکنەلۆجیا و سوپا و ھێزی سەربازیەوە،کە ھەموانیان بونەتە ھۆکار بۆ ئەوەی لەھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ئومەی کوێتیدا لە خولەکانی ڕابووردوودا ھێزی ئۆپۆزسۆن جگە لە 16 وەزیری حکومەت پێکدێن لە ( سەربەخۆکان 41 ئەندام + بزوتنەوەی ئیسلامی 2ئەندام + ھاوپەیمانی ئیسلامی سەلەفی 2 ئەندام +کوتلەی لیبڕاڵەکان 1 ئەندام و گردبونەوەی دادپەروەری و ئاشتی 1 ئەندام و ھاوپەیمانی ئیسلامی نیشتیمانی 1 ئەندام وکوتلەی کاری میللی 1 ئەندام ) کە بەم شێوەیە ناڕازیەکان زۆرینەی پەڕلەمان بەدەستبێنن لە ئیخوان موسلیمین و شیعەکان و ھێزە عەشایەریەکان ، ھەر ئەمەش بۆتە ھۆکاری ململانێ لەنێوان پەڕلەمان و حکومەتە جیاوازەکاندا و ھەڵوەشانەوەی حکومەت و دوبارە دامەزراندنەوەی کە ببوونە ھۆکاری ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی وگەشەنەکردنی ئابوری و بازرگانی و نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا و شەفاف بۆ خزمەتی کوێت و کوێتیەکان.
لە ھەینی 10. 5 دا و بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بەردەوامی ئەو دۆخە ناسەقامگیرە میری کوێت شێخ مشعل جابر ئال سوباحی تەمەن 83 ساڵ، لە زنجیرە بڕیارێکی ئەمیریدا، ھەریەکە لە پەڕلەمان و حکومەتی کوێتی لەکارخست و دواتر حکومەتێکی نوێی پێکھێنا و بەمەش ئیدی ڕێگەی گرت لەو کێشمەکێش و ململانێ بێزەنتیانەی نێوان پەڕلەمان و حکومەت و وەکو دەڵێت؛ ھەناسەیەکی بەبەر کوێتیەکاندا ھێنایەوە و تاکاتێکی نادیار و دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو میری کوێت بەکاردێنێت.
لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە کوێت و دیموکراتیەتەکەی بەرەو کوێ؟ ئایندە ڕوونە یان ناجێگیر و تارماییە؟
دوای ھەڵپەساردنی پەڕلەمانی کوێت، لەناو توێژی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی کوێتدا بیرۆکەی ئەوە سەریھەڵداوە کە سیستەمی حوکمڕای کوێت لە ئەمیریەوە بگۆڕێت بۆ پادشایی،چونکە میرایەتی بۆ سەردەم و قۆناغێک بوە کە کوێت بچووک بووە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و سیستەمی خێڵ و ھۆزگەرایی زاڵبوە و ھاوڵاتی و دەوڵەتی نوێ مانایەکی نەبوە، بەم شێوەیەی ئێستاش کوێت ئاوەدان و گەشەو پێشکەوتوو نەبوە و ھەرواش گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتەکان و ئاڵنگاریی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیەکانیش ئاوھا گەرم نەبوون و پڕ مەترسیش نەبوون، بۆیە پێویست بەوە دەکات کە سیستەمێکی پادشایی ھاوشێوەی ئوردون و بەحرەین پیادە بکات بۆ زیاتر سەقامیگیری لەسەر جۆری حوکمڕانی و بنەماڵەی دەسەڵاتدار.
ئەمەش پێویست بەدانانی دەستورێکی نوێگەرا دەبێت کە ھاوشێوەی دەستورە نوێکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بێت و ھەموان تیایدا ھەست بەماف و ئەرک و پێداویستی و شکۆ و کەرامەتی خۆیان بکەن و بنەماکانی ئازادی و دادپەروەری و وەمافەکانی مرۆڤ و ژنان پارێزراوبێت و دەستور حەکەم و یاساکانیش سەروەربن و کوێتیش ببێتە وڵاتێکی مۆدێرن لەڕووی گەشەو پێشکەوتنی ئابوری و بازرگانی و بەتەنھا پشت نەبەستێتە سەر داھاتی نەوت و لەوڵاتێکی ڕەیعیەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی بەرھەمھێن و خۆبژێو.
گەر ئەم ھەنگاوانە ھەڵنەنرێت زۆر دوور نیە کوێت و کوێتیەکان ببنەوە بەکۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و ھەژار لەسایەی سیستەمێکی حوکمڕانی دواکەوتوو و بنەماڵەیی بەرژەوەندپەرست و گەندەڵ و کوێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ھۆزگەرایی و ناوچەگەرایی،ھەموو ئەمانەش بەدوورنین لەدەستێوەردانی دەرەکی و ناوچەیی و وڵاتانی دراوسێی ناکۆک لەڕووی سیاسی و ئاین و مەزھەبەوە لەگەڵ کوێت و کوێتیەکاندا. ھەربۆیە پڕۆسەی دیموکراتی لەسایەی ئاوھا سیستەمێکی حوکمڕانی بنەماڵەییەوە ڕەنگە پاشەکشەی گەورە بکات و گۆڕانکاری گەورەش ڕووبدات لە کۆمەڵگای کوێتیدا.لەکاتێکدا وڵاتانی دەروپشتی کوێت لەکەنداویەکان بەرەو کرانەوەی زیاتری سیاسی و ئابوری و کەلتوری دەچن لە نمونەی سعودیە و ئیمارات و قەتەر و بەحرەین،بۆیە دەکرێت کوێتیش بەو ئاڕاستیەی ئەوان ھەنگاو بنێت بۆ ئەوەی زیاتر لەڕەوتی ڕووداوەکان دوانەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت