محەمەد عەبدوڵا: ئەنفال لە ڕوانگەیەکی دیکەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشکەشە بە دوا کۆنفرانسی جینۆساید، کە لە زانکۆی سلێمانی ڕێکخرا.

ئەوان دامرکانەوە و ئازارەکانیان بیرچۆوە، با منیش لە دیوێکی دیکەوە لە ئەنفال بڕوانم.
ئەنفال چی بوو؟ کێ تاوانبارە؟ دەبێت کێ داوای لێبوردن لە کێ بکات؟
دوای ساردبوونەوە لە بەزم و هەڵپەڕکێی نەورۆز و ڕێک دوای نۆبەرەکردنی یەکەم یاپراخی گەڵامێو، ساڵانە ئەحزابی شۆڕشگێڕی ئێمە کارەساتی ئەنفالیان بیردەکەوێتەوە و بۆ ماوەی تەنیا یەک ڕۆژ دڵیان غەمگین دەبێت. ئیتر لە ساڵەکەدا یەک دوو کۆنفرانس دەبەستن و تیایدا بە جلی نوێوە هەندێک خۆیان بادەدەن و تا بەهاری داهاتوو بیریان ناکەوێتەوە. بۆ یەک جاریش لە نێوەندە ئەکادیمیەکاندا نەمدی لێکۆڵینەوەیەکی شایستە بەو مەرگەساتە ئەنجام بدرێت. بەلای منەوە لێکۆڵینەوەی شایستە، ئەوەیە بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی نوسرابێت، نەک بۆ قازانجی ئەحزاب خەمی گەورەیان کولاندنەوەی برینی قوربانییەکان بێت، تەنیا ئامانجیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاریکردن بێت بە سۆزی ئەو خەڵکە لێقەوماوە.
ئەدەبیات و مێژووی ئێمە بەردەوام کار لەسەر بە مەزڵوم دەرخستنی کارەکتەری کورد لە پێشهات و ڕووداوەکاندا دەکات، دەیانەوێت بەزەیی بەرامبەر بجوڵێنن تا لە پشتییەوە تاوان و هەڵەکانی خۆمان بشارنەوە، کورد تەنیا گەلە تا ئێستاش ناوێرێت ڕەخنە لە سەرکردەیەک بگرێت کە سەدەیەک پێش ئێستا ژیاوە، لە بەرامبەردا هەمان سەرکردە دەکاتە پاڵەوان و لە هەموو هەڵەیەک مەعسومی دەکات. ئێمە تا ئێستا، لانیکەم لە سەدوپەنجا ساڵی ڕابردوودا، هیچ سەرکردە و شۆڕش و جوڵانەوەیەکمان بچووکترین سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، ئەی چۆنە هەمان ئەو سەرکردانە بە پاڵەوان و فریادڕەس ئەژمار دەکرێن؟
ئەنفال دڕندانەترین کردەوەیە بەرامبەر خەڵکێکی بێچەک و بێدیفاع، بەڵام یەک لایەن تیایدا تاوانبارە، ئەمە نالۆژیکییە، ئەنفال دەرئەنجامی شەڕێکە چۆن دەبێت ئەم شەڕە تەنیا یەک لایەنی هەبووبێت؟ ئایا سوپای بەعس بەیانیەک لەخەو هەستا و یەکسەر کەوتە وێزەی گوندەکانی گەرمیان؟
دوازدە ساڵ بوو شۆڕشی کورد دەستی پێکردبۆوە، لەسەرەتای دەستپێکردنەوەیدا سوپای بەعس ماوەیەک بوو لە پشوودابوو، بووبووە حەلیفی یەکێتی سۆڤیەت و پڕچەک بوو، لەبەرامبەردا شۆڕشی کورد بێچەک و بێ پارە و بەژمارە چەکداری کەمبوو، ئەی بۆ هەر لە سەرەتاوە بەعس بەو توندیە لێینەدان تا دوایی نەبنە کێشە بۆی؟
لە دوای مفاوەزانی ساڵی ١٩٨٤ کە یەکێتی و حکومەتی عێراق نەیانتوانی ڕێکبکەون، وەک فواد مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکدا زۆر بەڕاشکاوی دەڵێت بە هۆی ڕازینەبوونی مام جەلالەوە بووە، کە پێیوابووە بەعس لە شەڕی ئێران عێراقدا دەڕووخێت، ئیتر ئەمان بۆ لەگەڵی ڕێکبکەون؟ لە کۆتاییدا وەفدی کورد ئاگادار دەکەنەوە و دەڵێن بڕۆن بۆخۆتان خەریکی شۆڕشی خۆتان بن، بەڵام ئەگەر بێتوو هاوکاری سوپای ئێران بکەن، ئەوا بە جۆرێک لێتاندەدەین خۆشتان بیرتان لێنەکردبێتەوە، دواتریش موکەڕەم تاڵەبانی بۆ هەمان مەبەست دەنێرنە لایان، بەڵام ئەمان پاسداری ئێرانیان گەیاندە بیرە نەوتەکانی کەرکوک و لەولاشەوە پێش سوپای ئێران کەوتن و هەڵەبجەیان ڕادەستی ئێران کرد.
ئەمە شەڕی کورد و بەعسی بردە قۆناغێکی نوێوە و هێزەکانی بەعسی ئەوەندەیتر هار کرد، بۆیە چی هێزیان بۆ کۆکرایەوە کردیان بە گژ شار و گوندەکانی کوردستاندا، لەم حاڵەتەدا هێزی پێشمەرگەی ئەحزابی کوردستان وەک لایەنێکی شەڕەکە دەبوو بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و بەرگری لە خاک و خەڵکی ڕەشوڕووت بکات، بەڵام هەر کە زانیان بەعس بەڕاستیەتی و هێزەکانی خۆی بۆ کۆکردۆتەوە، یەکسەر بە بێ بەرگری کشانەوە بۆ ناو خاکی ئێران، تەنانەت تا خۆیان دەرنەچوون نەیاندەهێشت خەڵکە بێدەرەتانەکە ڕابکات و خۆی لەو ئاگرە دەرباز بکات.
کە شەڕ هاتە گۆڕێ و چەک بوو بە زمانی زاڵ، ئیتر چاوەڕێی کاری چاکە چۆن دەکرێت، سوپایەکی دڕندەی عەقائیدی پڕ چەک و بەبیری بەعس گۆشکراو بە حەماسەتەوە دێتە مەیدانی شەڕ، بەڵام بەرامبەرەکەی بە بێ شەڕ ڕادەکات، ئەوەی بە جێدەمێنێت، گەلێکی ڕەشوڕووتی بێ دیفاعی بێ دەرەتانە، لەوەها حاڵەتێکدا پێشبینی چی دەکرێت لەو سوپا تینوی خوێنە؟
گومان لەوەدا نییە سوپای بەعس تاوانباری سەرەکی مەرگەساتی ئەنفالە، بەڵام هێزی پێشمەرگەش کە ئەو خەڵکەی کردە قوربانی دەربازبوونی خۆی، وەک ئەوان تاوانبارە و نەک جارێک سەد جار قەرزاری پوزشهێنانەوەیە.
مێژوو شەرم لە کەس ناکات و کەسیش ناپارێزێت، ئێمەش بۆ بنیادنانی داهاتوو دەبێت ئەوەندە بوێریمان هەبێت بەرەو ڕووی هەڵەکان ببینەوە، تا ئایندە لەسەر هەڵە بنیادنەنرێت.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە مێژوو بە بی سۆز بنوسینەوە، هیوادارم ئەم هەوڵەی زانکۆی سلێمانی لەسەر ڕێگە ڕاستەکە بێت، من لێکۆڵینەوەکانی ئەو کۆنفرانسەم نەخوێندۆتەوە، بەڵام گەشبین نیم بە ناوەرۆکەکانیان.
یەکێک لە سەربازەکانی ڕژێم و لەکاتی خەڵاتکردنیدا، جورئەتی ئەوەی هەیە بە ئاشکرا دەیگێڕێتەوە کە لوولە تفەنگەکەی کردۆتە دەمی ساوایەکی چەند مانگە و تەقاندوویەتی، ئەی بۆ تائێستا سەرکردەیەک، پێشمەرگەیەک لە گێڕانەوەی بیرەوەریەکانیدا دان بەو هەڵە کوشندەیەی سەرکردایەتیەکەیدا نانێت و پێ لە تاوانباری خۆی بنێت؟ زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی دیکە هێندە پرۆفیسۆری مێژوونووسیان هەیە لە ژمارە نایەن، بۆ خەڵاتکردنێک سەد و قسورێک پرۆفیسۆر بە هەڵەداوان دەچوونە نێو هۆڵەکەوە، ئەی بۆ یەکێکتان تا ئێستا بە توێژینەوەیەک، چاوپێکەوتنێک سەرکردەیەکتان ناچار نەکرد تا داوای لێبوردن لە خەڵکی کارەساتباری گەرمیان و ناوچەکانی دیکە بکات؟ ئایا بە زانیارییەکانی ئێوە لە مێژوودا شەڕێک هەبووە یەک لایەن کردبێتی و لایەنی دووەمی نەبووبێت؟
بەرزڕاگرتنی یادی ئەنفال بە دروستکردنی سەندیکا و نیقابە نابێت، وەک هەندێک برادەران خۆیانی پێوە بادەدەن، گرنگترین کار نووسینەوەی ئەو مێژووەیە کە تا ئێستاش نە سیاسی و نە چەکداری ئەو ڕۆژە و نە توێژەرێک جورئەتی ئەوەی نەبووە ڕاستی ڕووداوەکان بگێڕێتەوە.
بەهیوای نووسینەوەی مێژوو وەک خۆی..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت