خەندان جەزا: هەڵەیەکی زمانەوانی لەناوونیشانی دکتۆرانامەیەکی کۆلیژی زماندا، بە ئاستی زۆرباشی باڵا پەسەندکرا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی
ڕۆژی 9. 6. 2024 لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک؛ لەچەندین واڵەوە بابەتێکم بەرچاوکەوت، کە بریتیبوو لەپێدانی پلەی (زۆرباشی باڵا)، بە تێزی دکتۆرای خوێندکارێک، بە ناوی (بێستون عادل عەلی)، لەکۆلیژی زمان – بەشی زمانی کوردی، لەزانکۆی سلێمانی؛ بە ناوونیشانی (گوتاری نەتەوەی ناسیۆنالیزمی لەبیری (خانی – حاجی)دا.
سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکە؛ پرۆفیسۆرێکی یاریدەدەرە، هاوکات یەکێکیشە لەئەندامانی لیژنەی گفتوگۆی دکتۆرانامەکە، هەروەها پێنج ئەندامی لیژنەی گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەش؛ بریتین لەچوار پرۆفیسۆر و یەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر، هەر شەشیشان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران لەئەدەبدا، کەچی لەگەل ئەوەشدا :
1- گەورەترین هەڵەی ناوەرۆک و زمانەوانی لەناو ناوونیشانەکەدا هەیە و بڕوانامەکەشیان پەسەند کردوە بە ئاستی زۆر باشی باڵا؛ ئەگەر سەرنج بدەین بڕگەی (نەتەوەی ناسیۆنالیزمی) لەو ناوونیشانەدا هەڵەیە؛ هەردوو وشەکە یەک مانایان هەیە، وشەی ناسیۆنالیزم کە لەزمانی ئینگلیزیەوە وەرگیراوە؛ بە مانای نەتەوەیی دێت، ئەگەر ئەو ڕستەیە بە تەواوەتی بکەین بە کوردی ئەکاتە (گوتاری نەتەوەی نەتەوەیی لەبیری (خانی – حاجی)دا) !
2- لەبواری توێژینەوەی زانستیدا؛ پێویستە بابەتێک دیاریبکریت بۆ توێژینەوە؛ تازە بێت و توێژەر بە ماندووبوونی خۆی بەرهەمی هێنابێت؛ لەڕابردوودا لەسەر ئەو بابەتە چەندین نامەی ئەکادیمی و توێژینەوە و وتار بڵاوکراوەتەوە، بۆ نموونە دکتۆرانامەی دووەمی ڕەوانشاد دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ؛ کە بە زمانی ڕووسی لەسەر (ئەحمەدی خانی) بوو؛ ناوونیشانەکەی بەم جۆرە بوو؛ (ئەحمەدی خانی 1650 – 1707 شاعیر و بیرمەند، فەیلەسوف و سۆفی) و کراویشە بە کوردی و بڵاوکراوەتەوە، جێی ئاماژەیە دکتۆر عیزەدین لەم تێزی دکتۆرایەیدا، بە توێژینەوەیەکی زانستیی ورد؛ سەلماندویەتی کە (ئەحمەدی خانی)، بیرمەند و فەیلەسوفێکی بواری بەرهەمهێنانی بیروباوەڕی ناسیۆنالیزمیی کوردیە، ئیتر چ پێویست ئەکات توێژەرێکی تر هەمان بابەت دووبارە بکاتەوە، بە بێ گۆرانگاری لەتەوەری سەرەکی توێژینەوەکەدا. پێویست بوو بابەت و ناوونیشانێکی تری تازە، ئاراستەی ئەو خوێندکارە بکرایە، ئەم ڕەخنەیە زیاتر بەرۆکی مامۆستای سەرپەرشتیار و لیژنەی دیاریکردنی بابەتەکانی نامەی ماستەر و دکتۆرا ئەگرێتەوە؛ ئەگەر زانکۆ ئەم لیژنەیەی هەبێت!.
3- بۆ ئەوەی خوێندکارە بەڕێزەکە بتوانێت تێزی دکتۆراکە؛ لەڕووی قەبارە و ژمارەی لاپەڕە و کۆی ژمارەی بەکارهێنانی سەرچاوەی پێویست بە ئاسانی جێبەجێبکات؛ هەمان بابەت بۆ یەک مەبەست و بۆ دوو شاعیر تەرخانکردوە، دیارە ئەمەش کارئاسانی تیایە بۆ مامۆستای سەرپەرشتیار، تێزی لەو جۆرە مەگەر لەو زانکۆیانەدا ئامادەکرا بێت؛ کە ئاستی زانستی و ئەکادیمیان زۆر نزم و دانپیانەنراو بێت، ئەکرا ناوونیشانی تێزەکە بەم جۆرە بووایە؛ (گوتاری نەتەوەیی لەئەدەبی کلاسیکی کوردیدا – بەراوورد لەنێوان بیری (خانی – حاجی قادر)دا)، یان (گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی لەشیعری کلاسیکی کوردیدا – لە ئەحمەدی خانیەوە بۆ حاجی قادری کۆیی)، یان هەمان ناوونیشانی خۆی، بەڵام پاش لابردنی یەکێک لەو دوو وشە دووبارەبووەوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت