شێرزاد شێخانی: دیبلۆماسییەتی پارتی.
رۆژانە لەمیدیاکانەوە هەواڵی دیدارەکانی سەرانی پارتی دەبینین لەگەڵ باڵوێزو نوێنەری وڵاتان کە سەردانی هەرێم دەکەن. دیدارەکانیشیان وەک دیعایەکی ئیعلامی لەلایەن پارتییەوە تەوزیفی دەکرێن و واپیشان دەدەن کە دەسەڵاتێکی زۆر مەرغووبن لەلای وڵاتانی دونیاوە. ئەوەش وای لەخەڵکی ئێمە کردووە بێئومێد بن لەگۆڕینی ئەم دەسەڵاتە بەحیساب دەوڵەتانی دونیا پشتگییریان دەکەن!.
بەدرێژایی بیست ساڵی رابردوو زۆربەی کاتەکان وەزارەتی دەرەوەی عیراق بە دەست پارتییەوە بووە، بۆیە زۆر ئاساییە وەزیرەکەیان پۆستەکەی بۆ خزمەتی حزبەکەی خۆی بەکار بێنێ و رۆڵی هەبێ لەهاندانی باڵوێزو کاربەدەستانی دەرەوە بۆ سەردانیکردنی هەرێم و بینینی سەرانی پارتی هەر لەمەسعود بارزانییەوە کە هیچ پۆستێکی حکومی نیە تا نێچیرڤان و مەسروریش. ئەو هەموو هەوڵانەش تەنها بۆ چەواشەکردنی خەرکی کوردستانە گوایە پارتی پشتگییری دەوڵەتانی دونیای هەیە!.
بۆ نموونە هەر لەمرۆژانەدا سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵوێزی فەنزوێلا کرد. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چ شتێک هەیە هەرێمی کوردستان و فەنزوێلا پێکەوە ببەستێتەوە. دڵنیام هەموو خەڵکی فەنزوێلا هەر نازانن کوردستان و عیراقیش کەوتۆتە کوێی دونیاوە. زۆربەی خەڵکی هەرێمیش نازانن مەوقیعی فەنزویلا لەسەر خەریتەی عالەم لەکوێیە!. ئیدی خێروبێری ئەو دیدارەی سەرۆکی حکومەت و باڵوێزی فەنزوێلا چیە بۆ کوردستان؟!.
زۆر ئاساییە وەزیری دەرەوەی عیراق قسە لەگەڵ باڵوێزی وڵاتێک بکات بچێتە هەولێرو دەعوەتێکی نانخواردنی بۆ سازدەکرێ. وڵاتان زۆر بە حەساسییەتەوە سەیری ئەو مەسەلانە ناکەن، باڵوێزیش هیچ زەرەر ناکات لەمجۆرە سەردانە، بەڵام ئەوان نازانن سەردانەکەیان بەچی شێوەیەک تەوزیف دەکرێ لەلایەن سەرانی پارتییەوەو چۆن خەڵکی پێ چەواشە دەکرێن.
ئێستاش بە فیعلی خەڵکێکی زۆری ساویلکەی ئەو کوردستانەمان بەو مەسەلەیە هەڵخەڵەتاون و وا دەزانن وڵاتانی دونیا زۆر پەرۆشن بێنە هەولێرو سەرانی پارتی ببینن، ئەوەش مەبەستی سەرەکی پارتییە کەوا خۆی پیشانبدات لەسەر خەریتەی عالەم نەک تەنها عیراق هێزێکی کاریگەرە!. با مەوقیفی دەوڵەتانی دونیاشمان لەبیر نەچی لەریفراندۆم کە هەموو دونیا پشتیان لەپارتی کرد، لەکاتێکدا نوێنەرە درۆزنەکانیان لەسەر تەلەفزیۆنەکان دەیانگۆت هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا پشتگییریمان دەکەن، بەڵام لەواقیعدا سەرۆکی هەرێم کورسییەکەشی لێسەنرایەوە، باقی وەلسەلام.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts