شێرزاد شێخانی: هەڵبژاردن و ترسی لایەنەکان لەپارتی.
لەسەردەمی عزومەجدی حوکمی بەعس و بە تایبەتی سەردەمی صەدامی گۆڕبەگۆڕ کە رژێمەکەی زۆر بەنازوفیزەوە شانازی بەوە دەکرد چوارەم هێزی عەسکەری دونیایە. بەو هەموو چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاوی و بایۆلۆجی و ئەم هەموو فەیلەقی عەسکەری و هێزی حەڕەس جەمهوری و سەدان لیوای عەسکەری و دەیان دەزگای ئەمنی وموخابەراتی. بەم هەموو سەروەتی نەوت و هاوکارییەکانی دەوڵەمەندترین وڵاتانی خەلیج و پشتگییری زلهێزەکانی دونیاش، ئینجا پێشمەرگەی حزبەکان بە تفەنگ و بیکەیسییەک هەڵمەتیان ئەبردە سەر معەسکەراتی سوپای عیراق و زۆر جاریش چالاکی بێوێنەیان لەناو جەرگەی شارەکانی کوردستانیش ئەنجامدەدا. لەراپەڕینەکەی بەهاری 1991 یش بە خاکەناس و چەقۆ خەڵکی سادە هێرشیانکردە سەر دەزگاکانی بەعس و هەموویان راماڵیی.
سەیرە هەر ئەو حزبانەی کاتی خۆی بەم هێزە بچووکەوە رژێمێکی دیکتاتۆرییان ئەلەرزاند، ئێستا لەبەرامبەر پارتی قەدەمیان شکاوە لەکاتێکدا پارتی نە دەبابەو نە فرۆکەی جەنگی و نە چەکی کۆمەڵکوژیشی هەیە، بەڵام ناوێرن تەنانەت مەوقفێک لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵموستەمەی پارتیدا بنوێنن؟!.
زوڵمی پارتی سەرتاپای کوردستانی گرتۆتەوە. سیاسەتە هەڵەکانی گشت ناوچەکانی کوردستانی وێرانکردووە. دوژمنایەتی پارتی بۆ پارچەکانی تری کوردستان پرسی نەتەوەیی لەژێرخاک نا. کە مووچە ئەبڕێ لە ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبانەش ئەبڕێ. کە باج زیاد ئەکرێ، کادیرو ئەندامانی ئەم حزبانەش ئەگڕێتەوە. ئینجا ئەوان نەک هەر لەبەر ماڵوێرانی میللەتەکەیان، بەڵکو لەبەر خاتری ئەندامەکانیان هەقە بێنە قسەو هەڵوێستیان هەبێ. زۆرجار خەڵک باسلەوە دەکەن ئەگەر بێهەڵوێستی حزبەکانی کوردستان نەبوایە پارتیش بەمشێوەیە حوکمی دیکتاتۆرییانەی نەئەکرد. ئەمەشیان تا حەددێک راستو دروستە.
ئێستا بەرەو هەڵبژاردنێکی تازە ئەچین و هەموو حزبەکان خۆیان ئامادەکردووەو، ویستێکی جەماوەری فراوانیش هەیە بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە ببێتە ئامرازێک بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتی زوڵموزۆرداییەی پارتی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا حزبەکانی کوردستان لەو ئاستەن بتوانن بە بێ هاوکاری یەکتر ئەم دەسەڵاتەی پارتی برووخێنن؟.
هەموو لایەک باش ئەزانن رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی پێویستی بەهێزە، هەڵبەت لەم زرووفە دەولییەشدا هێز بەمانای ئەوە نایەت جارێکیتر حزبەکان روو لەشاخ بکەن ودژی دەسەلاتی پارتی شۆڕش بکەن. ئێمە مەسەلەی خۆپیشاندانیشمان تاقیکردەوە کە هیچ سوودێکی نەبوو، چونکە لەزۆنی زەرد قەدەغە بوو ، لەدەڤەری سەوزیش هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی دروست نەکرد. بۆیە تاکە رێگایەک بۆ گۆڕانکاری تەنها سندووقی هەڵبژاردنە. لێرەوە ئەبێ حزبەکان هەوڵێکی جیددی بدەن بۆ یەکخستنی هێزو خیتابی سیاسییان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. دەبێ لەئێستاوە هەموویان میساقی شەڕەف ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی لەقۆناغی داهاتوودا هاوپەیمانییەکی نیشتمانی لەناو پەرلەمانی داهاتوودا دروستبکەن بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەچنگی پارتی دەربێنن ئەمەش تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم هەمو قەیرانو کێشانەی پارتی لەماوەی 28 ساڵی حوکمڕانی تاکڕەویی بەسەر کوردستاندا هێناوە.
لەمڕۆ زووتر نیە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەتیش دەنگدەرانی هەڵبژاردن دڵنیا بکرێنەوە لە گۆڕانکاری سیستەمی حوکمڕانی کوردستان کە ئەمەش دەبێتە هاندەڕێکی کاریگەر بۆ ئەوەی هەموو خەڵک بچنە سەر سندوقەکان و واز لەبایکۆت بێنن کە هەمیشە لەخزمەتی پارتیدا بووە. لەئێستاوە هەڵمەتێکی فراوانی حزبەکانی کوردستان پێویستە بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن نەک بایکۆتکردن، ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ سووتاندنی دوایین کارتی تەزویرو ساختەچییەتی هەڵبژاردنی داهاتوو لەدەست پارتی. باقی وەلسەلام .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts