دکتۆر کامه‌ران محه‌مه‌د: مێژوونووسیی نوام چۆمسکی و پرسی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوام چۆمسکی (1928- 2024) فه‌یله‌سوف، زانای زانستی زمان، مێژوونووس، ڕه‌خنه‌گر، چالاکوانی سیاسی و… تاد، بەشێوەیەکی فراوان کارەکانی لە بوارەکانی زمانناسیی و ئیپستمۆلۆجیا و چالاکیی سیاسی و… تاد، چڕده‌بنه‌وه‌. بەڵام پشکدارییەکانی لە مێژوونووسییدا، بەتایبەت شیکارییەکانی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و پەیکەری هێزە جیهانییەکان، بە هەمان شێوە گرنگن. بۆیە هەوڵدەدەم بە کورتی هەڵوێستەیەک لەسەر (بەرهەمە مێژووییەکان) ی و (تایبەتمەندییە مێژوونووسییەکەی) و (کورد لە دیدی ئه‌ودا) بکه‌م.

بەرهەمە مێژووییەکان
ئاشکرایه‌ به‌هۆی ته‌مه‌ندرێژی ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌وه‌، لیستی به‌رهه‌مه‌کانی دوورودرێژبێت، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ مێژووییه‌کانی ده‌که‌ین و ده‌توانین به‌مشێوه‌یه‌ ئاماژه‌یان بۆ بکه‌ین:
1) (هەژموون یان مانەوە: هەوڵی ئەمریکا بۆ باڵادەستی جیهانی 2003)، ئەم کتێبە بەوردی تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بەو پێیەی کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەژموون بەسەر جیهاندا، هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات. لەوێدا چۆمسکی زەمینەی مێژوویی بۆ دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەخاتە ڕوو، هاوکات تیشک دەخاتە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ هەژموونخوازیی.
2) (ساڵی 501: داگیرکاریی بەردەوامە 1993)، چۆمسکی له‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌یدا لە میراتی کۆلۆنیالیزم هەر لە هاتنی کۆلۆمبۆس بۆ ئەمریکا لە ساڵی 1492 تا سەردەمی مۆدێرن ورد دەبێتەوە و پێیوایە شێوازەکانی ئیستغلالکردن و هەژموون کە لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمدا دامەزراون، تا ئێستاش بەردەوامن. ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرێتییە بەردەوامەکانی سیاسەت و هەڵسوکەوتە کۆلۆنیالیزمییەکانی خۆرئاوا لەسەر باشووری جیهان.
3) (پەیوەندی واشنتۆن و فاشیزمی جیهانی سێیەم 1979)، ئەم کتێبەی بە هاوبەشی لەگەڵ (ئێدوارد ئێس هێرمان) نووسیووه‌، تێیدا ڕۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ڕژێمە تاکڕەوەکان لە جیهانی سێیەمدا ئاشکرا دەکات. شیکارییەکی مێژوویی ورد دەربارەی پشتگیرییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سیستمە دیکتاتۆرییەکان پێشکەش دەکات، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، کە چۆن ئەم پەیوەندییانە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژیی و ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن.
4) (سێگۆشەی چارەنووس: ئەمریکا و ئیسرائیل و فەلەستینییەکان 1983)، ئەم کتێبە لە پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لەسەر فەلەستینییەکان دەکۆڵێتەوە. چۆمسکی لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ململانێکان ورد دەبێتەوە و ڕەخنە لە ڕۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانە سیاسی و سەربازییە بەردەوامەکانی بۆ ئیسرائیل دەگرێت.
5) (تێگەیشتن لە دەسەڵات 2002)، ئەم بەرھەمە بریتییە لە کۆمەڵێک دەق و سیمینار و بابەتی مێژوویی جۆراوجۆر، کە پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوە و جوڵەی دەسەڵاتی ئەمریکاوە هەیە. لێرەدا کۆمەڵە بۆچوونێکی وردی چۆمسکی دەربارەی ڕووداو و ڕەوتە مێژووییە جیاوازەکان پێشکەش دەکات، کە بە بەشداریی و گفتوگۆی فراوانی ئامادەبووان دەوڵەمەند کراوە.
6) (ڕێگریکردن لە دیموکراسی 1991)، ئەم کتێبە ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی جەنگی سارد و دوای جەنگی سارد دەگرێت، لەوێدا گفتوگۆی ئەوە دەکات، کە زۆرجار سیاسەتەکانی ئەمریکا (دیموکراسی) و (مافەکانی مرۆڤ) لە بەرژەوەندی پاراستنی هه‌ژموونی جیهانی خۆی تێکدەدەن. چۆمسکی چەندەها نموونەی مێژوویی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتینەوە تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەلماندنی ئەم خاڵانە دێنێتەوە.

مێژوونووسیی چۆمسکی:
چۆمسکی ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ک زانایه‌کی بواری زانستی زمان، یان ڕه‌خنه‌گر، یان فه‌یله‌سوف ناسراوه‌، هێنده‌ وه‌ک مێژوونووس ناوی ده‌رنه‌کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناتوانێت له‌ پشکدارییه‌ مێژووییه‌کانی ئه‌و که‌ ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌ و تیۆره‌ زانستیییه‌کانی به‌هێزتر ‌کردووه‌، که‌م بکاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ کورتی هه‌وڵده‌ده‌ین گرنگترین مه‌شخه‌ڵه‌ مێژوونووسییه‌کانی ئه‌و بخه‌ینه‌ڕوو:
1) شیکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ پەیکەری دەسەڵاتەکان: ئەو لە کتێبی (هەژموون یان مانەوە)دا لە پاڵنەرەکانی پشت دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە هەریەک لە وڵاتانی وەک ڤێتنام، عێراق و ئەفغانستان دەکۆڵێتەوە و پێیوایە ئەم کردەوانە بەهۆی خواستی پاراستن و فراوانکردنی هەژموونی ئەمریکاوەیە نەک هۆکار گەلێکی مرۆیی ڕاستەقینە.
2) تەرکیزکردن لەسەر دەنگە پەراوێزخراوەکان: ئەو لە کتێبی (ساڵی 501، داگیرکاریی بەردەوامە) سەکۆیەک بۆ دەنگی گەلانی کۆلۆنیاڵکراو فەراهەم دەکات، دیدگایەک پێشکەش دەکات، کە زۆرجار لە گێڕانەوەی مێژوویی باودا لابراوە! چۆمسکی تیشک دەخاتە سەر کاریگەرێتییە بەردەوامەکانی کۆلۆنیالیزم لەسەر دانیشتوانی ڕەسەن و خەباتە بەردەوامەکانیان لەپێناو بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دادپەروەرییدا.
3) میتۆدی ئەزموونیی و پشت بەستن بە بەڵگەنامەکان: چۆمسکی بەوردیی پشتگیریی لە ئارگیومێنتەکانی دەکات، ئەویش بە ئاماژەکردنێکی بەرفراوان بۆ سەرچاوە بنەڕەتییەکان و بەڵگەنامەکانی حکومەت و سەرچاوە لاوەکییە باوەڕپێکراوەکان. لە کتێبی (پەیوەندی واشنتۆن و فاشیزمی جیهانی سێیەم)دا، پشتگیرییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ڕژێمە سەرکوتکەرەکان بە بەڵگەنامە ورد و گرنگه‌کانەوە دەخاتەڕوو.
4) ڕەخنە لە پڕوپاگەندە و میدیا: ئەو لە بەرهەمی (ڕەزامەندی دروستکردن)، بە هاوبەشی لەگەڵ (ئێدوارد ئێس هێرمان)، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات، کە چۆن میدیا لە چوارچێوەی ئەو سنووردارکردنانەدا کاردەکات، کە لەلایەن بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا و حکومەتەکانەوە بۆ درووستکردنی ڕەزامەندی گشتی دانراون. چۆمسکی توێژینەوەی باری مێژوویی وەک ڕووماڵکردنی میدیایی جەنگی ڤێتنام بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی نیشانی بدات، کە چۆن زانیارییەکان بۆ خزمەتکردنی پەیکەرەکانی دەسەڵات دەستکاریی دەکرێن و یارییان پێوە دەکرێت.
5) فرە میتۆدیی: چۆمسکی تێڕوانینی زانستە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵناسییەکان لەگه‌ڵ شیکارییە مێژووییەکانیدا تێکەڵ دەکات. لە کتێبی (رێگریکردن لە دیموکراسی)دا، لە پاڵنەرە ئابوورییەکانی پشت کردەوە سیاسییەکان دەکۆڵێتەوە، هاوکات بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان و تیۆرییە ئابوورییەکانەوە دەبەستێتەوە.
6) ڕوانگەی ئاکاریی: چۆمسکی لە تەواوی بەرهەمەکانیدا جەخت لەسەر ناوەرۆکە ئاکارییەکانی ڕووداو و سیاسەتە مێژووییەکان دەکاتەوە. ئەو بەرگری لە دادپەروەریی و مافی مرۆڤ دەکات، زۆرجار تیشک دەخاتە سەر شکستی ئاکارییانەی گەلانی زلهێز. بۆ نموونه‌ لە کتێبی (سێگۆشەی چارەنووس)دا پێیوایه‌ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ستەم و مەرگەساتییان بۆ فەلەستینییەکان زیاتر کردووە، بۆیە داوای سیاسەتێکی ئاکاریی و هاوسەنگتر دەکات.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین پشکدارییەکانی نوام چۆمسکی لە مێژوونووسییدا بە ڕەخنەی توند لە بونیادەکانی دەسەڵات و هێز و گرنگیدان بە دەنگە پەراوێزخراوەکان و فرە میتۆدیی و میتۆدی ئەزموونیی و ڕەچاوکردنی ڕوانگە ئاکارییەکان جیادەکرێتەوە. بەرهەمەکانی ئاڵنگاری گێڕانەوە باوەکان دەکەن و خوێنەران هان دەدەن، کە بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەگەڵ پرسە مێژوویی و هاوچەرخەکاندا مامەڵە بکەن. ئه‌و لە ڕێگەی بەڵگەنامە وردەکانی و ئارگیومێنتە قایلکەرەکانیەوە، تێڕوانینێکی قووڵ لەبارەی جوڵەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و کاریگەرییە جیهانییەکانی پێشکەش دەکات، بانگەشە بۆ جیهانێکی دادپەروەرتر و مرۆڤانەتر دەکات.

کورد لە بەرهەمەکانی چۆمسکیدا
لە کاتێکدا چۆمسکی کتێبێکی تایبەت بە کوردی نەنووسیوە، بەڵام لە چەندین نووسین و چاوپێکەوتنیدا باسی بارودۆخی کوردی کردووە. لێرەدا به‌ کورتی چەند سەرچاوەیەک دەخەینەڕوو:
1) (دەسەڵاتی ئەمریکی و ماندارینە نوێیەکان 1969): لەم کتێبەدا چۆمسکی باس لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕەنگدانەوەکانی لەسەر ململانێ جیهانییە جیاوازەکان دەکات، لەوانەش دۆخی مەرگەساتباریی کورد.
2) (سێگۆشەی چارەنووس: ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان 1983): هەرچەندە بە پلەی یەکەم لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام ئەم کتێبە دەست دەخاتە سەر ئەو جموجۆڵە ناوچەییە فراوانترەی کە کاریگەری لەسەر کورد هەیە.
3) دەوڵەتانی شکستخواردوو: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دەستدرێژیکردنە سەر دیموکراسی 2006): چۆمسکی باس لە ڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەت و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکات، لەوانەش (پەراوێزخستنی کورد).
4) (ساڵی 501 : داگیرکاریی بەردەوامە 1993): چۆمسکی له‌م کتێبه‌دا به‌وپه‌ڕی ڕاشکاوییه‌وه‌ و به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ چه‌رچل سه‌رۆک وه‌زیرانی ئینگلته‌ره‌ ده‌گرێت، کاتێ که‌ باسی (کورد) و (ئه‌فغان) ده‌کات، له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و ده‌ڵێت: چه‌رچل پێیوابووه‌ ئه‌م دوو میلله‌ته‌ دڕنده‌ن و ناتوانن بچنه‌ نێو ژیانی شارستانێتییه‌وه‌، بۆیه‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌ گاز له‌ناوببرێن!
5) چاوپێکه‌وتن و وتارەکان: چۆمسکی زۆر چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و وتاری نووسیوه، تیایدا ڕاسته‌وخۆ باسی له پرسی کورد کردووە. بۆ نموونە لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا ڕاگەیاندنە کوردی و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان، ئەو بەردەوام تیشکی خستۆتە سەر گرنگیی پشتیوانیکردن لە مافەکانی کورد.

کورد لە دیدی چۆمسکییدا
چۆمسکی لە چەندەھا بەرهەم و چاوپێکەوتنەکانیدا بە ڕاشکاویی هاوسۆزی خۆی بۆ پرسهی ڕەوای کورد دەربڕیوە، زۆرجاریش ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە گرتووە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتە سته‌مکارانه‌ی لە دژیان پەیڕەوی لێدەکەن.
لێره‌دا دەتوانین لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بە تێڕوانینی چۆمسکی بەرامبەر بە کورد بکەین:
1) داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد: چۆمسکی داکۆکیکارێکی بەهێز بووە لە مافەکانی کورد و جەختی لە مافی چارەنووسی ئه‌وان کردووەتەوە و ڕەخنەی لەو ڕێوشوێن و سیاسەتە ستەمکارانە گرتووە، کە لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانەوە بەرامبەریان گیراوەتەبەر. ئەو خەباتی کوردی وەک پرسێکی گرنگی مافی مرۆڤ بینیوه‌.
2) ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەت: چۆمسکی ڕەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی تورکیا دژ به‌ دانیشتوانی کورد گرتووە، بەتایبەت لە چوارچێوەی چالاکییە سەربازییەکان دژ بە پێکهاتە کوردییەکان و سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد. هاوکات له‌ چه‌نده‌ها شوێن و بۆنه‌دا بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە بارودۆخی ناهەمواری کورد شەرمەزار کردووه‌.
3) پشتگیریکردنی بزووتنەوە کوردییەکان: چۆمسکی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان دەربڕیوە، بەتایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەوانەی کە لەو کەوتوونەتەوە، چونکە بە بەشێک لە خەباتێکی فراوانتر بۆ دادپەروەری و ئۆتۆنۆمی داناوه‌. هەروەها دانی بە سروشتی ئاڵۆزی ئەم بزووتنەوەیانەدا دەنا، بەڵام جەختی لەسەر ڕەوایەتی داواکارییەکانیان بۆ ماف و دانپێدانان دەکردەوە.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین تێڕوانینی نوام چۆمسکی بۆ کورد، ڕەگ و ڕیشەی لە ڕەخنە ڕیشەییەکانی لە دەسەڵاتی دەوڵەت و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤدا قوڵ ڕۆچووە. ئەو خەباتی کورد بە خەباتێکی ڕەوا و گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس و دادپەروەری دادەنێت. هەرچەندە تا ئێستا یەک کتێبی تایبه‌تی بۆ پرسی کورد تەرخان نەکردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت