بەختیاری مەلا عیزەت: محەمەدی نانەوە زادە و مەرگێكی لەناكاو.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ژینی نامۆیی هەندەران هەست و بڕستی لێ بڕیم
شەو نیە بێ بیری خاك و نیشتمان سەر نێمەوە
زۆر كەڕەت لێرەو لەوێ پرسی وڵاتم لێ دەكەن
من لە شەرمی بێ وڵاتی وەختە وا بتوێمەوە
بۆچی هەر كۆیلەو هەژارو دیل و من ژێردەستە بم
چاوەڕێم رۆژێ كە مافی خۆم منیش بستێنمەوە
پۆڵای نانەوازادە
کاتژمێر حەوتوو چلوو چواردەقەی شەوی 25/ 2/ 2024 کۆچێکی لەناكاو یەخەی کەسایەتییەکی دیاری کایەی رووناکبیریی و تێکۆشەرێکی پشوودرێژی مەیدانی بەرەنگاریی و شاعیر و نووسەرێكی مەزن، کاکە پۆڵای نانەوازادەی گرت، رووەو کاروانی نەمران.
نەمر پۆڵا نانەوازادە کوری شاعیری ناوداری موکریان (مەهاباد) هاشمی نانەوە زادەیە کە زۆربەی شعرەکانی لەلاین هونەرمەندی گەورە مامۆستا مەحمەدی ماملێ کراوە بە گۆرانی. هەم خۆى و هەم باوکی تەنانەت ئەندامانی تری بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان لە مەیدانی جەنگی چارەنووسسازی گەلەکەیدا خاوەنی قوربانییەکی کەم وێنەن، بە نموونە یەكێك لە ئەستێرە گەشەکانی تری ئەم بنەماڵەيە محەمەدی نانەوازادەی نەمر بووە کەبەپێ قسەی سەید مەحەمەدی حەمیدی سەرنوسەری رۆژنامەی کوردستان کە لە ژمارەی ( 69 ) ی ڕۆژنامەکەدا 1946 بە بۆنەی شەهیدبوونی محمدی نانەوا زادە دەنووسێت دەڵێت؛ نانەوازادە لە ساڵی 1320 ( 1941 ) داخڵی حیزبی ئازادی کوردستان بوو ، هۆشەنگ تۆفیقیش ناسراو بە(جوتیار تۆفیق هەورامی)لە ژمارە 199 ی ئاڵای ئازادی ڕۆژی 10 / 12 / 1995 دا ، محمدی نانەوا زادە بە بەیەکێك لە دامەزرێنەرانی حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان دادەنێت 1938، بە قسەی عبدولرحمانی زەبیحی و ولیەم ئیگلتنیش؛ محمدی نانەوا زادە یەکێک بووە لە دامەزرێنەری کۆمەڵی ژیانەوەی کوردستان 1942 دواتر ئەندامێکی دیارو چالاکی حیزبی دیمووکراتی کوردستان بووە ئابی 1945، يەكێكیش بووە لە فەرماندە سیاسی و سەربازییەکانی کۆماری کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماردا لە 22/ 1/ 1946 فەرماندەی پۆلی سێی ناوەند بووە لە مەهاباد، دواتر لەبەر چالاکی و دڵسۆزی بۆتە معاونی سیاسی وەزارەتی هێزی کوردستان، لە رۆژی سێشەمە 16/ 7/ 1946 لە نزيك كەلى خان لە نێوان (سەقز و بانە) بە نیازی دانوستان و رێگە خۆشکردن بۆ بردنی خواردن بۆ ئەوسەربازانەی کە لە بانەو سەردەشت کە لە لایەن هێزی کوردستانەوە گەمارۆ درابوون بە فڕۆکەیەك بەرەو سەقز چووە، بەڵام بە پلانی شاهنشاهی فڕۆكەكە خرایە خوارەوەو شەهید بووە.
پۆڵا نانەوازادە لە تاراوگە لە (ستۆكهۆڵم) سوید خاوەنی قەلەندەرخانەيەك بوو بۆ کۆکردنەوەی کوردانی کوردستانی گەورە بۆ کۆروو سیمیناری سیاسی و فیکری و کایەکانی تری رووناکبیری. خەونی لەمێژینەی پۆڵای دلێر و سەربەرز رزگاری کوردستان و ئازادی گەلەکەی بوو لەو مەیدانەدا شەوو رۆژی خستبووە سەريەك بۆ كۆكردنەوەی کورد و سەرقاڵبوونیان بە دۆزی رەوای گەلەکەی، هەمیشەش لە خولیای گەڕانەوەدا بوو بۆ مەهابادی کانگای کوردایەتی کە سەرلەنوێ لە چوارچرایە كە پێشەوا قازی محەمەدی نەمر ئاڵای کوردستانی تێدا هەڵكرد، لەتەک کوردستانیانی رۆژهەلات هەمان ئاڵا هەڵبکەنەوە، بەڵام سەد مەخابن لەناكاو دڵە گەورەکەی ئەم عاشقە سەوداسەرەی كورد لە لێدان کەوت و بەرەو کاروانی نەمران و شەهيدان بەڕێکەوت .
بۆیە بۆ بەرز ڕاگرتنی گیانی پیرۆزی کاکە پۆڵای نانەوا زادە کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتی دۆزی رەوای گەلەکەی بۆیە لێرەدا بەباشی دەزانم ئەم شاکارە بەرزەی خۆی بکەمە دیاری هەم بۆ گیانی پاکی و هەم بۆ بەشداربووانی کۆڕی ماتەمینی.
سرودێک بۆ سەربەخۆیی
بۆ پێشەوە بۆ پێشەوە، بۆ ڕزگاربوون بۆ پێشەوە
بەرەو ئامانجی (( پێشەوا )) سەربەخۆبوون بۆ پێشەوە
ئەی پێشمەرگەی ژیر و جوامێر، ئەی چاونەترسانی وەك شێر
کیژ و کوڕی ئازا و دلێر، سەربەخۆبوون بۆ پێشەوە
خاکی کوردستان لەت لەتە، کوشتووبڕ دار و پەتە
هەر بۆ ئەوەی بێ دەوڵەتە، سەربەخۆبوون بۆ پێشەوە
تاکەی وڵاتی بێ ئاڵا، تاکەی لە خوێن دا شەڵاڵا
تاکەی هاوار و سکاڵا، سەربەخۆبوون بۆ پێشەوە
وەك نەتەوە من چالاکم، مێژووی کورد گەواهە پاکم
داگیرکەر نیم خاوەن خاکم، سەربەخۆبوون بۆ پێشەوە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە