رەزا شـوان: گرنگییەکانی خەیاڵ و خەیاڵکردن بۆ منـداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ بوونی مـرۆڤ لەسەر هەسارەی زەویـدا، خەیاڵ و خەیاڵکردن هـاودەمی مـرۆڤ بووە. خەیاڵ بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەمان. هـەمـوو ئەو داهـێـنان و پێشکەوتـن و شارستانی و گۆڕانکارییە نـوێیانەی کە مـرۆڤ بەدی هـێـناون و بەدییان دەهـێـنن. لە سایەی خەیاڵـدا هـاتـوونەتەدی و دێنەدی. راستییەکانی ئەمـڕۆمان خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنـێـمانـن، خـەیـاڵ وخـەونـەکانی ئەمـڕۆشـمان، دەبـنە راسـتـیـیەکـانی سـبەیـنـێـمـان. چـونکە خەیـاڵ کـلـیـلی داهـێنانەکانە. پێکهـاتەیەکی بنەڕەتـییە لە پێکهـێـنانی داهـێنانـدا. بـۆیـە گـرنگـیدان بە خەیـاڵ پێـویستـییەکە لە هـەرە پێـویستـییە گـرنـگەکانی مـرۆڤ لە هـەر تەمەنـێکـدا بێـت.
(تایـلـۆر) دەڵـێت:”ئـەوە هـێزی خەیـاڵکـردنە کە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.
(جـان جـاک رۆسـۆ) دەڵـێـت:”جیهـانی راستی سـنووری هـەیە، بەڵام جیهـانی خەیـاڵ سـنووری نیـیە”.
ئەوە هـێزی خەیاڵە کە مـرۆڤی گەیانـدە سەر مانگ و گەڕاندییەوە بۆ سەر زەوی، هەر خەیـاڵی داهـێـنەرانەش، بـەم زووانە مـرۆڤ دەگـەیەنـێـتە سـەر هـەسـارەی مـەریـخ.
ئەوە خەیاڵە وا لە مـرۆڤ دەکات گەشبین و هـیواداربێت و بە ژیانی چەقـبەستوو قـایل نەبێـت. هـەمیـشە هـەوڵی داهـێـنانی تـازە و گـۆڕانـکاری و پـێـشکەوتـن و هـێـنانەدیی خەونەکانی بدات. خەیاڵکردن و داهـێنانیش هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە.
چەمکی خەیـاڵ، بە درێـژایی مـێژوو سەرنـجی بیـرمەنـدانی بـۆ لای خـۆی راکـێـشاوە.
بەڵام بیرمەندان و رەخنەگران و نووسەران لە پێناسەکردن و راڤەکردن و دیاریکردنی چەمکی وشەی”خەیـاڵدا، ناکـۆکـن و هـاوڕانین. بەڵام هەمـوویان لە بارەی گـرنگی خەیاڵەوە هـاوڕان. گەلێک پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی خەیاڵ کراوە. بە کورتی، وەک:
خەیاڵ بریتییە لە توانای دروستکـردنی وێنە زەینییەکان کە لە راستییەکی بەرجەستەیی و بەرکەوتوودا بوونیان نییە. لەسەر بنەمای بەشێک لە توخمە هەبووەکان. خەیاڵکردن ئـامـرازێـکی تاقـیکـردنەوە و بـیـرکـردنـەوە و چـالاکـیی داهـێـنەرانـە و شـیکـردنـەوە و پـێکەوەنـان و فـێربـوونە. خەیـاڵ بەوە ناسـراوە توانـای دروستکـردنی وێنەی بینراوی لەناو مێشکی مـرۆڤـدا هـەیە. خەیـاڵکـردن ئامـرازێـکە بـۆ چارەسەرکـردنی کـێـشەکان.
خەیاڵکـردن بەو لێهـاتووییە دەوتـرێت، کە بەبێ ئەوەی هـیچ پێدراوەیەکی دەمودەست لە هـەسـتەکانەوە بـوونی هـەبـێت. یان خەیاڵ بە لاساییکـردنەوە دروست دەبێـت. بەو شـتەی کە بـەم جـۆرە لە زەیـندا دروســت بـووە دەوتـرێـت خـەیـاڵ.
(وێـبـیستەر) دەڵـێت:”خەیاڵ توانـای دروستکـردنی وێنەیەکە لە مـێـشکـدا، دەربارەی شتێک کە نە بـیـنیـوتە و نە تاقـیـتکـردۆتەوە، واتا توانای خەیـاڵکـردنی شتی نـوێ”.
ئەوش وتـراوە کە خەیـاڵکـردن، پێکهـاتـن و شێوەگرتنی بەسەرهـاتێکە لەناو زەیـندا. لەوانەیە بەسەرهـاتەکانی رابـردوو کە بە روونی لەبیردا ماونەتەوە خوڵقـانـدێتیانەوە، یان ئـەوەی کە زەیـن دایهـێـنابـێـت. یان لـە پـێکهـێـنای وێـنـەی داهـێـنراوی جیـاواز، دەربارەی بابەتێکی دیاریکـراو، کە پەیوەنـدی بە رابردوو یا ئەمڕۆ یا بە داهاتووەوە هەیە، کە پێشتر مرۆڤ بەو بابەتەدا تێنەپەڕیوە. ئەو کەسە لە شارەزایی و لە هـزر و پێشبینی و تێگەیشتنی خۆیەوە هەڵیهـێنجانـدووە و لە مێشک و هـزریـدا گەڵاڵە بـووە.
خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پـاڵـپشـتـێکی بەهـێزە بۆ داهـێـنان و گـونجـانـدن لەگـەڵ ژینگەدا.
بە شـێوەیەکی گـشتی خەیـاڵ بـەوە پێنـاسە دەکـرێـت، کە بـریتـیـیە لە توانـای ئەقـڵی بۆ تاقـیکـردنەوە و دۆزینـەوەی تـازە و بۆ بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان و داهـێـنان.
(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیەوە وێنەیەکی زەیـنی دەنـوێـنیـت”
(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. لـۆژیـک لە (ئەلـف) ەوە بۆ (یـێ) یە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، لـۆژیـک و سـنووری نیـیە. خـەیـاڵ دەتبـاتە هـەر شـوێـنـێک کە بتـەوێـت. نە بازگـەی لێ هەیە و نە پاسپۆرتیشی دەوێت. هەر بە خەیاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیت.
(کارڵ مارکـس) دەڵـێت:”ئەو کەسەی خەیاڵی نەبێت، باڵیشی نییە”. بۆیە لەو کەسەش هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشـدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:
“راسـتی هـەمیـشە لە خەیـاڵ سـەیـرتـرە”
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت: یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێـش ئەوەی ژەنـگ بکات، خەیـاڵە. ئەوە خەیـاڵە وامان لێـدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. مـروڤ هـەیە خـەیـاڵ تـیژە، هـەیە خـەیـاڵ نـاوەنـدیـیە، هـەشـە خـەیـاڵ کـزە.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ بۆ منـداڵان:
بە وتەی خاتوو (میلانیا کلاین) خەیاڵی منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە دەستپێدەکات. کەواتە منـداڵان ژیانیان بە خەیاڵ دەستـپێدەکەن. دواتر وردە وردە دەچـنە ناو جیهـانی راستەقـینەی سەختەوە. بەڵام لوتکەی خەیاڵی منداڵان لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵییە، واتا لە قـۆنـاغی پـێش قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی. خەیـاڵی منـداڵان فـراوانە و خەیـاڵ زاڵە بەسەر بیرکـردنەوەکانیانـدا. منـداڵان کاتێک کە لە جیهـانی ئەفـسووناویی خەیـاڵـیـیاندا دەژیـن، دڵخـۆش و میهـرەبـانـن و ئاسـوودەن.
دکتۆر (سـۆزان ئەنگـیل) نووسەری کـتـێبی (منـداڵانی راسـتەقـینە: دروستکردنی واتا لە ژیـانی رۆژانەدا) دەڵـێـت:” منـداڵان لە تەمەنی دوو ساڵ و نیـودا، جیاوازی نـێوان راستی و نوانـدن دەزانـن، بەڵام لە کاتی یاریکردنـدا، دەتوانن ئەو جیاوازییە پشتگوێ بخـەن، کە بە لایـانەوە گـرنـگ نـیـیە”.
خەیاڵ و خەون بینین لەلای منـداڵان، پانتاییەکی ئازادی داهـێنانە، فەزایەکی بێ سنوور و ئاسۆیەکی فراوانە بۆ زۆرێک لە بیرۆکەکانیان و بۆ هیوا و ئاوات و ئارەزووەکانیان. هەمـوو شـتـێک کە منـداڵان نەتـوانـن لە راسـتـیـدا بەدەسـتـبهـێـن، پەنـا بـۆ خـەیـاڵ و خـەون دەبـەن بـۆ قـەرەبـووکـردنـەوەی.
خەیاڵی منداڵان، ئەو ئامرازەیە کە رێگەیان پێـدەدات لە باردۆخێ راستی و سـنوور و کات و شوێـن تێپەڕن. منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، گەشتی ئەوپەڕی جیهان دەکەن.
(س. ج. میلـبرانـت) دەڵـێت:”لە منـداڵەکـانت بـگەڕێـن، با باڵـەکانیـان تـاقی بکەنەوە. لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئەوە بەو مانـایە نییە، کە نابێـت بە ئـازادی بـفـڕن”.
شارەزایـان جـەخـت لەسەر پێـویستی پەرەپـێدانی هەسـتی خەیـاڵی منـداڵان دەکـەنەوە. تا لە منـداڵـیـیەوە، تـۆوی داهـێـنان و باڵادەستی، لە دەروون و زەیـنـیانـدا بچـێـنـن. تا لە گەورەییـدا ببـن بە کەسانـێکی سەرکەوتـوو و چـالاک لە کـۆمەڵگەکەیـاندا. چونکە خەیـاڵ کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر گەشـەکـردنی کەسـایەتـیی منـداڵان هـەیە.
خەیـاڵی منـداڵان بە دوو بە دوو قـۆنـاغـدا تێـدەپـەڕێـت:
1- خەیـاڵی وەهـمی: خەیاڵی منـداڵانی بچـووک لەم قـۆنـاغـەدا، خەیاڵـێکی کـێوییە. بە سنووردارکـردنی راستـیـیەوە، سـنووردار نەکـراوە. مـلکەچی یاساکانی لـۆژیـک نـین. لە رێگەی خەیـاڵی وەهـمـیـیەوە، ئەو ئارەزووانەیـان بەدی دەهـێـنـن، کە لە راسـتـیدا ناتـوانـن بەدەستیان بهـێـنـن. جیهـانێکی خەیـاڵی وەنەوشەیی دروستـدەکەن، کە تێـیدا هەمـوو ئارەزووەکانیان بەدی دەهـێـنن. کە لە جیهـانی راسـتیدا، هـیچ رێگەیەک نیـیە بـۆ بەدەسـتهـێـنانیـان. لەبـەردەم خـەیـاڵی فـراوانی بێ سـنووریـانـدا، هـیچ ئەسـتەم و بەربەستێک نییە. لە کورترین کاتدا، لەناو کەشـتییەکی دروستکراو لە کارتـۆن، یا بە سـواری پێـنووسـەکـانیان. دەتـوانـن بە چاونـووقـانـێک، بچـنە ســەر مانـگ یان سـەر دوورتریـن هەسارەکان و بگەڕێنـەوە. بەڵام لە راسـتـیدا ئەمەیـان پێـناکـرێـت. خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغـە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات بۆ دروستکردنی جیهـانێکی ئەفـسانەیی و ئەفـسوونـاوی و فـانتـازیی سەرنجـڕاکـێـش. لـەم قـۆنـاغـەدا منـداڵان خۆشباوەڕن. باوەڕیان بەوە هـەیە، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و بەر و هەمـوو شتەکانی تر زمـان دەزانـن. دەتـوانن بە کوردییەکی پەتی قـسەبکەن. دەتوانن، بـڕۆن و بێـن، گـوێ بگـرن، دڵخـۆشبـن، پـێکەنـن، هـەڵـپەڕن، چـاکەخـوازبـن یان خـراپەکاربن، یارمەتیـدەر و فـریـادڕەسـبـن و… هـتـد.
2- خەیـاڵی داهـێـنەرانە: لە ئەنجـامی گەشەکـردن و پـێگەیـشـتـنی دەروون و زەیـنی منـداڵانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی، منـداڵان خەیـاڵـیان ئاراسـتەی ئامـانجـێکی زانـستی دەکـەن، کە لەسەر بنەمـای وەهـم دانەنـراوە.
خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتـن لە جـیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ بەشـێکە لە چـالاکـیـیەکـانی رۆژانـەی منـداڵان. ئەگـەر شـتـێک هەبێت منداڵان تێیدا سەرکەوتووبن، ئەوا توانای خەیاڵکـردن و دروستکردنی جیهـانی تایبەتی خۆیانە. لە هەمووی گرنگتر منداڵان، خەیاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بیرۆکەی نوێـدا بەکاردەهـێنن. بۆ نمـوونە: کە سەردانی رووبـارێک دەکەن، دەکرێت بـبـێـتە هـۆی خـەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منـداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شـتە بەسـوودانـەی کە بە شـێوەیـەکی سـروشـتی یارمـەتی گـەشـەکـردنی منـداڵان دەدات. بە کـورتی و بـە چـڕی ئەمـانە بەشـێکـن لە سـوودەکـانی خەیـاڵکـردنی منـداڵان:
1- لە ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵاندا، خەیاڵ پێگە و جێگەیەکی گەوری لە چالاکییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێـک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمـای خەیـاڵ پێکهـاتـوون. خەیـاڵ بـوارێـکی گرنـگ و ورووژێنـەرە لە گەشـەکردنی منـداڵان. هـەمـوو منـداڵـێک دەرفـەتی ئـەوەی هـەیە، کـە پـەرە بە داهـێـنان و بە خـەیـاڵی بـدات.
2- منـداڵان لە رێـگەی خەیـاڵـەوە، دەتـوانـن بەسـەر بەربەســتەکانی کـات و شـوێـن و بەسەر ئەستەمـدا بازبـدەن و سـنووری هـێزەکانی خـۆیـان تێـبـپەڕێـنن و دەسـتـیان بۆ ئەوشتانە درێـژبکەن و پەرەیان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتوانـن بە دەستیان بهـێـنن.
3- منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵکردنەوە، دەتـوانـن بەسەر سەخـتییەکانی ژیانی رۆژانەدا زاڵبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێـنن. بەردەوامیش بەدوای هەموو شـتێکـدا دەگەڕێن کە تازە و بەسوودبن. بەم شێوەیە گەشەیەکی گشتگیر و تەواو و هاوسەنگ بەدەست دەهـێـنـن.
4- خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکخـسـتـنی بەشـێکی زۆری چـالاکـیـیەکـانیـانی منـداڵان. بنەمایەکیشە بۆ راهـێنانی توانا جووڵەییەکانیان و چالاکردنی چالاکـییەکانی دیکەیـان.
5- منداڵانی تەمەن شەش و هەشت و نۆ ساڵان، خەیاڵەکانیان لە بازنەی سنوورداری ژینگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانەن کە بۆیـان دەکـێشن، یان بە خەیاڵی خـۆیـان دروسـتـیان دەکەن. بۆیـە ئـارەزووی وێنەکێشان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخشان و شانۆ و ئۆپەرێت و دیالـۆگ و بابەتی تـر دەکەن.
6- منداڵان تا تەمەنی دوانزە ساڵان، دەچنە قـۆناغ و رۆڵێکی ترەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن.
7- خەیـاڵ یارمـەتی گەشـەکـردنی زانـستی (مەعـریفی) و سـۆزداریی منـداڵان دەدات. یارمەتیـان دەدات، بۆ بیـرکـردنەوە و داهـێنان و بـزوانـدنی تواناکانیان و گەشەکردنی ئارەزوو و بەهـرەکانی ژیـانیان. بۆ دۆزینـەوەی چـارەسـەری داهـێنەرانەی ناوازە بۆ کـێشەکانی رۆژانـەی ژیـانیان. یارمەتیان دەدات لە پـرۆسەی پەروەردەی سەرەتایی.
8- تـۆژینەوە جۆراجۆرەکانی زۆرێک لە پسپۆرانی پەروەردەیی منداڵان، پشتڕاستیان کـردۆتەوە، کە خەیاڵ توانای پەرەپێـدانی زیـرەکی و لـێهاتـووی و متمانە بەخۆبوونی منـداڵانی هـەیە.
9- منـداڵان لە کـاتی (یاریکـردنی خەیـاڵی) کە بە (یاریکـردنی درامی) یش ناودەبـرێت، لەگەڵ خۆیـان و لەگەڵ هـاوڕێکانیانـدا یـاری دەکەن. ئـەم یارییـە تەنیا پـشت بە خەیـاڵ دەبەستێت. لە کاتی یاریکردنـدا، زۆر قسەدەکەن. بۆیە لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیاندا، زمانیان باشتردەبێـت و وشەسازییان فـراوانـتر دەبێـت. لە پـێکهـێـنانی رسـتەدا باشـتر دەبـن. توانـای پەیـوەنـدیکـردنی کـۆمەڵایەتـیـشیان زیـادەکـات. هـەستی هـاوسـۆزیی و پەیـوەندیی هـاوڕێـتـیـیان بەهـێـزتـر و شـیرینـتر دەبێـت. بـۆ نمـوونە لە کوردەواریـدا، کچـانی بچـووکی کـورد (مـاڵـە بـاجـێـنە) دەکـەن، کە یـارییـەکی خەیـاڵی منـداڵانە. یان یـاریی (مامۆسـتا و قـوتـابیـان) یان یاریی (دکـتۆر و نەخـۆش) و… هـتد.
10- خەیـاڵ لە گەشەکردنی کەسایەتی منـداڵانـدا، یەکـێکە لە فـاکتەرە هـەرە گرنگ و چـارەنـووسسازەکان. هـانی منـداڵان دەدات بـۆ بیـرکردنەوە و بۆ داهـێنانی شتی نـوێ.
11- هـاوڕێی خەیـاڵی منـداڵان، لەپێـش چـوونە قوتـابخـانەی بنەڕەتی، لە لای منـداڵان باوە. کە هـاوڕێی خەیاڵـییان هـەیە. وەک، بووکـەڵەی باغـە و پلاسـتیک و ورچـوڵە و لە قـەدیـفە دروسـتکراو. یان پشـیلە و کەروێـشکی راسـتەقـینە. دەروونناسان جەخـت لەسەر سـوودەکانی هـاوڕێـتی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان دەکـەنەوە.
دەبینین کچـێکی بچـووک لەگەڵ بووکەشووشەکەیدا، رۆژباش دەکات و قسەی لەگەڵدا دەکات، هەڵـیدەپەڕێنێـت و دەیخەوێنـێـت وەک ئەوەی کە هـاوڕێیەکی رۆح لەبەربێـت.
12- یارییـە خەیاڵـییەکان یارمەتیی منـداڵان دەدەن، بۆ ئەوەی بە رێـگەیەکی باشتر لە جیهـانی دەوەروبەریـان بـڕوانـن و تـێـبگەن.
13- خەیـاڵ و خەیـاڵکـردن، لە ئەنجـامی بیـرکردنەوەی ئەرێـنیـدا، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن بـۆ ئـەوەی لە قـوتابخـانەدا، لە خـوێنـدنـدا سـەرکـەوتـوو و بـاڵادەسـت بـن.
14- ئـەو منـداڵانەی کە توانـای خەیـاڵکـردنیـان هـەیە، بە رێـگەیـەکی روون، بە زۆری کـنجکاویـن و حـەزی خۆدەرخسـتـنیان هـەیە، توانایەکی زیاتریان بۆ گوزارشـتکـردن لە هەستەکانیان و لە بیـرۆکەکانیان هـەیە، دەیـانەوێت ئەم توانـایـانەیان بۆ هـاوڕێکانیان و بۆ مامۆسـتاکانیـان بسـەلەمێـنن.
15- خەیـاڵکـردن گەشـبـیـنی و هـیوا و دەروون ئـاسـوودەیی، بـە منـداڵانی خـەیـاڵـکەر دەبەخـشـێت. لە میانەی خەیـاڵکـردن لە ژیـانـێکی خـۆشـتر و لە داهـاتـوویەکی باشـتر.
ئەوانە و چەندین سـوود و گرنگی تری خەیاڵ و خەیـاڵکـردن بۆ منـداڵان. گەلێ رێگە و هـۆکار و ئامـراز و کەرەستەش و بابەتی یاریکردنی جۆراوجۆر بەپێی تەمەنی منـداڵان. هـەن، دەتـوانـن یارمەتیی راهـێـنان و گەشەکـردنی خەیـاڵی منـداڵان بـدەن. کە پێـویستە دایـکان و باوکـان بۆ منـداڵەکانیان دابـینیان بکەن. هەنـدێکـیش لە دایکان و باوکان، لە خەیـاڵکـردنی خەیـاڵیی منـداڵـەکانیان نـیگەرانـن، لـەوەی کە لە شـتە راسـتیـیەکان و لە جیهانی راستییەوە دووردەکەونەوە و دەچنە ناو جیهانێکی فانتازیی دوور لە راستییەوە. بەڵام لە راستیدا گیروودەبـوونی منداڵان بە خەیاڵکردن و بـە یارییـە خـەیـاڵـیـیەکـانـەوە، ئـارامی و ئـاسـوودەیی و دڵخـۆشـیـیان پێ دەبـخـشـن و گـۆڕانکاری لە ریتـمی ژیـانیـان و لە شـێوازی بیـرکـردنەوەیـان و داهـێـنانیـان دەکـەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت