نەوزادی موھەندیس: ئەبو سوفیانی ئیسلام و ئەبو سوفیانەکانی کوردایەتی!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( 1 )
پێشەکی حەزدەکەم کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئیسلام و بەتایبەتیش یەکێک لە کەسایەتیە دیار و بەناوبانگەکانی و ڕۆڵ و کاریگەریە مەزنەکەی کە پیاوماقوڵێکی قوڕەیش و مەکە بوە و دواتر دێینە سەر مەبەستی سەرەکی نوسینەکەمان.
ئاشکرایە ئاینی پیرۆزی ئیسلام سەرەتا لەشاری مەکە سەریھەڵدا دوای ھاتنەخوارەوە وەحی بۆ پەیامبەر و ئیدی دەستکرا بە بانگەواز بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینە تازەکە و ڕاکێشانی کەسانی دڵسۆز و بەئەمەک لە ھەوو چین و توێژەکان بە سەرۆک خێڵ و پیاو ماقوڵ و سەرمایەدار و ھەژار و بێ دەرەتانەکان و تەنانەت بەندەکانیش لەناو مەکە و لەدەرودروبەریشدا. سەرەتا بەنھێی و دواتریش دوای ئیسلامبوونی عومەری کوڕی خەتاب بانگەوازەکە بوە ئاشکرا. ئیدی کاری ڕێکخستن و بانگەوازکردنی ئەو ئاینە نوێیە بەردەوام بوو.لەبەرامبەریشدا ململانێ و دژایەتیکردنی ئەم بیر و بانگەوازە نوێیە دەستیپێکرد، سەرەتا لە خزمە نزیکەکانی پەیامبەر و دەستڕۆیشتوو و پیاوماقوڵ و سەرمایەدار و سەرۆک خێڵ و بنەماڵەکانەوە.
بەشێوەیەک لەماوەی 13 ساڵی بانگەوازدا لەشار مەکە بەھەموو جۆرەکای بەربەرەکانی کەوتنە دژایەتیکردنی ئیسلام و پەیامبەر و مسوڵمانان و ھەموو ھێز و توانای ماڵی و مرۆیی خۆیانیان خەرج کرد لەو پێناوەدا و جۆرەھا سزا و چەوساندنەوە و لێدان و بەندکردن و مامەڵەی توندوتیژە و گەمارۆی ئابوری و خێزانی و خزمانەشیان سەپاندە سەر پەیامبەر و ھاوەڵانی و دەرکردن و لێدان و بەردبارانکردن و ھەڕەشلێکردن و …ھتد. بەڵام بانگەوازەکەی بەردەوامبوو و توانی لەماوەی ئەو 13 ساڵەدا تەنھا 60 پیاو و ژن ببنە مسوڵمان و باوەڕ بە پەیامبەر بھێنن.کە ژمارەیەکی زۆر کەم بوو لەماو ماوە دوورودرێژەدا. ئەمە ئاماژە بۆ گەورەیی بەھێزی دەسەڵاتی نەیارەکانی ئیسلام و ھێز و تونایان و دەستڕۆیشتویان لەناو شاری مەکەدا دەکات.
جا یەکێک لەناو ھەموانیان دڕندانەتر و فێڵبازانەتر و زیرەکانەتر دژایەتی پەیامبەر و ئیسلامی دەکرد کە دەمڕاست و بەھێز و خاوەن کاروانی بازرگانی ھاوینە وزستانەی مەکەییەکان بوو. ئەویش کەسایەتی ((ێخر کوڕی حەرب کوڕە ئومەیە)) ناسراوبە (ئەبوسوفیان)) بوو کە ئامۆزای پەیامبەر بوو وھاوسەرەکەشی ((ھندی کچی عوتبە)) بوو کە ئەویش وەک ژنێک ڕۆڵی گەورەی ھەبوو لەدژایەتیکردنی پەیامبەر و ئیسلام و دواتریش شەھیدکردنی حەمزەی مامی پەیامبەر لەجەنگی ئوحددا بەدەستی وەحشی بەندەکەی.
دوای ئەوەی ھاوەڵان ھەندێکیان بەزۆر و لەترساندا بە دوو بۆ سێ وەجبە سەری خۆیان ھەڵگرت و شار و وڵاتیان بەجێھێشت و کۆچیان کرد بۆ وڵاتی حەبەشە و دواتریش ئەوانی تر ڕوەو شاری یەسریب ((شاری مەدینە))کۆچیان کرد دوای ئەوەی خەڵکی مەدینە بەڵێنی پشتگیری و پشتیوانیاندا بە پەیامبەر و ھاوەڵانی و بەیعەتیان پێدا. لەکۆتاییدا پەیامبەر و ھاوڕێی ڕاستگۆی ئەبوبەکری ێدیق شاری مەکەیان بەنابەدڵی و ناچاری بەجێھێشت بۆ شاری مەدینە.بەمەش سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەکاری بانگەواز ھاتە دی.
ئەوەبوو جەنگی بەدری گەورە و ئوحد و خەندەق ودەیان شەڕی گەورە و بچووکی تر ڕوویاندا لەنێوان مسوڵمانان و کافراندا و ئەبوسوفیان سەرکردەی کافران بوو لەھەردوو جەنگی ئوحود و خەندەقدا کە گەمارۆی شاری مەدینەیاندا. دوای 8 ساڵ لە کۆچی پەیامبەر بۆ مەدینە و سەرکەوتن و گەورەبوون و بەھێزبوون و زیاد بوونی ژمارەی جەنگاوەرانی ئیسلام،بڕیاردرا بە فەتحکردنی مەکە و سەپاندنی ئاینی ئیسلام بەسەر دانیشتوان و خەڵکەکەیدا.
ئەوەبوو لە ساڵی 8 یەمی کۆچیدا ئەوە ڕوویدا و سوپایەکی 10ھەزار کەسی ئیسلام بە ڕابەرایەتی پەیامبەر چوونە ناو شاری مەکە و فەتحیان کرد و ئیدی وەک دەوترێت زۆرینەی جزیرەی عەرەب بوونە ئیسلام و کافران ھیچ بوارێکیان نەما بۆ خۆدزینەوە و خۆلادان لە ئیسلام بوون. بەمەش پەیامبەر و ھاوەڵانی دوای 21 ساڵ توانیان سەرکەوتن بەدەستبھێنن.
دوای گرتنی شاری مەکە و ڕووخاندنی بتەکان و پاکردنەوەی شارەکە لێیان و ئەوەی بە ئاشتی ئیسلام بوو ئیسلام بوو، ئەوەی ھەڵھات ھەڵھات و ئەوەشی بەرگریشی کرد کوژران.دواتر بانگەواز کرا بۆ ئەوەی زیاتر خوێن نەڕژێت و بە ئاشتی و سەلامەتی شارەکە تەسلیم بێت، پەیامبەر بانگەوازی کرد ئەوەی دەچێتە ماڵی خودا و کەعبەوە سەلامەتە و کەس دەستی بۆ نابات. پێش ڕۆژێک لە فەتحی شاری مەکە (( عەباس))ی مامی پەیامبەر ھاتە لای پەیامبەر و پێشتریش قەناعەتی بە ئەبوسوفیان ھێنابوو کە ببێتە ئیسلام،ھەرچەندە نابەدڵ بوو بەڵام ھیچ چارێکیش نەبوو،ھەربۆیە دوای 21 ساڵ لە ھاتنی ئیسلام و فراوان بوون و بەھێزبوونی بوە ئیسلام و بڕوای بە پەیامبەر و ئیسلام ھێنا،بەڵام لەو کاتەشدا فرت و فێڵ و زیرەکی خۆی لەدەستنەدا و وتی ئەی پەیامبەر من کەسایەتیەکی بەناو و ناوبانگم و حەزدەکەم ئیسلام بونەکەم سادە و ساکار نەبێت و بەھێندەی کەسایەتی و دەسەڵاتم گەورە بێت بۆ ئەوەی ھەمووان بەڕێزەوە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن. ئەویش وتی چیت دەوێت، وتی بانگەواز بکەن و بڵێن ئەوکەسەشی دەچێتە ماڵی ئەبوسوفیانیشەوە سەلامەتە و کەس دەستی بۆ نابات.پەیامبەریش قوبوڵی کرد بۆئەوەی ھەرچی زووتر ھەیە شارەکە و خەڵکەکەشی پارێزراوبن و بارودۆخەکەی جێگیر بێتەوە،دواتر وتیشی کوڕە گەورەکەم (معاویە) کە خوێندەوارە بکەیتە نوسەری وەحی خۆت و لەنزیکتەوە بێت پەیامبەر بە دووربینی خۆی بۆ کەسایەتی و نفوزی ئەبو سوفیان ئەویشی قبوڵ کرد و دواتر پەیامبەر ئەبوسوفیانی کردە والی ((نەجران))، ئەویش دواتر بووە ھاوەڵێکی دڵسۆزی ئیسلام و لە ھەردوو جەنگی حونەین و تائیفدا بەشدایرکردوو لەشەڕی تائیفدا چاوێکی لەدەستدا و لە شەڕی یەرموکیشدا چاوەکەی تری لەدەستدا و بەکوێری و لەتەمەنی 88ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

( 2 )
بەم شێوەیە ئەبوسوفیان ماوەی 23 ساڵی ڕێک دژایەتی توندی ئیسلام و وپەیامبەر و ھاوەڵانی کرد و ماڵ و توانا و سەروەت و سامانی خۆی خەرجکرد بۆئەوەی شکستی بە پەیامبەر و ئیسلام بھێنێت ، بەڵام بەفێڵ و لێزانین و دووربینیەوە توانی ئیسلامبونەکەشی بە شکۆ و کەرامەت و بدەسکەوتی گەورەوە ئاشکرابکات کە جیاواز بێت لەخەڵکانی تر و تەنانەت مەرجەکانیشی سەپاندە سەر پەیامبەر.
بەمەش ئەبوسوفیان وەک دەڵێن،بە ھەنگاوێک دەیویست پێش ھەموو ھاوەڵانی سەرەتای ئیسلام بداتەوە کە ماوەی 23 ساڵی ڕێک خوێن و فرمێسک و سەروەت و سامانی خۆیان لە پێناو سەرخستنی ئیسلامدا بەخشی،بەتایبەتی ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلی و دەیان ھاوەڵی تر و 10 کەسە مژدەپێدەرەکەی بەھەشت و …ھتد. بەداخەوە ئەو کارشی بۆ چووە سەر و لە دواتردا کوڕەکەی ونەوەکانی و خزمەکانی لەبەنو عەبدول زەھرە نەک پێش ھاوەڵانی سەرەتای ئیسلام کەتەوە، بەڵکو بونوە خەلیفەی ھەموو ئیسلام و مسوڵمانان و ماوە 90 ساڵ ((خەلافەتی ئەمەوی)) ئیسلامیان دامەزراند و بەمەش خزمەتێکی گەورەی ئیسلامیان کرد.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئەرێ بەڕاست ئەو جۆرە لە ئەبوسوفیانەکان لە ئێستاشدا بونیان و ئامادەگیان نیە لەناو شۆڕش و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا؟ ئەرێ ئەبوسوفیانەکانی دوێنی و ئێستای کوردایەتی ھەمان ئەبوسوفیانی ئیسلام نین؟ ئەرێ ھێندەی ئەبوسوفیانەکانی ئێستا لەبەری ڕەنج و خوێن و فرمێسکی ھەزاران شەھید و بریندار و زیندانی سیاسی و کەم ئەندام و شۆڕشەکانیان نەخواردوە ؟ ئەرێ کەسە موستەحەق و خۆبەخش و دڵسۆزەکانی کورد وکوردستان دەسکەوت و پلە پۆست و پاداشتی خوێن و فرمێسکی گیانفیداییەکانیان وەرگرتۆتەوە؟
بەکورتی و کرمانجی و ڕاستودروست و بێ گرێ وگۆڵ،نەوەڵا،چونکە ئەبوسوفیانەکانی دوێنێ و ئێستا ھەمیشە یەک بیر وبۆچوون و یەک مەرام و ئامانجیان ھەیە کە ئەوەیە دەبێت لەھەموو قۆناغ و سەردەماندا خۆیان بگونجێنن و بەفێڵ و تەڵەکەبازی و سووک و ڕیسوکردنی خۆیان و بێ ھەڵویسَتی و خۆچەماندنەوەو بوونە کۆیلە و بوکەڵەی پیاوانی دەسەڵات ھەۆدەدەن ببنە نزیکترین کەسەکان و ھەر دەسکەوت و پاداشتێکیش ھەبێت بەرئەمان بکەوێت، ئەبوسوفیانەکانی ئێستا کوردایەتی نەک یەک جار، بەڵکو دەیان جار لە ئەبوسوفیانی ئیسلام گرەویان بردۆتەوە و بونەتە خاوەنی دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار و خانوو و ڤیڵا و کۆمپانیا و دەسەڵاتی گەورە و فراوان لەناوخۆ ودەرەوەی ھەرێمی کوردستاندا،نەک بۆ خۆیان بەڵکو بۆدەیان پشتیان زامنی ژیان و گوزەرانێکی پڕ خۆشگوزەرانیان کردوە.ھەچەندە ئەبوسوفیانەکانی کوردایەتی ناگەنە قولە پێی ئەبوسوفیانی ئیسلام لە خزمەتکردنی کوردایەتیدا.
جا ناسینی ئەبوسوفیانەکان زۆر ئاسانە، چونکە ھەمیشە کەسانی بەرژەوەندخواز و دووڕوو و درۆزن و ھەلپەرست و بێ مۆڕاڵ و چاوبرسی و گوێ لەمشت و ماستاوچی و خۆبەرەوپێشن تەنھا لە پێناو مانەوەی پۆست و پارە و دەسەڵاتیاندا، ئیدی ھیچ گوێ نادەنە کەرامەت و شکۆ و پیاوەتی و کەسایەتیەک ئەگەر ھەیان بێت.
بۆیە گەرەکە کە دەسەڵاتدارانی ئێستای کورد لە حکومەتی ھەرێم و لەناو حیزب سیاسیەکان و ڕێکخراوە پیشەیی و دیموکراتیەکاندا، پەند و عیبرەت لەمێژوو و کەسایەتی ئەبوسوفیانەکان وەربگرن و ڕووی ڕاستەقینەیان بناسن و خۆیانیان لێبەدوور بگرن و کەسانی دڵسۆز و خاوەنی سەرەتای شۆڕش و کوردایەتی و خاوەن شەھیدو ئەنفال و کیمیاوی باران و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەکان لەخۆ نزیک بکەنەوە، چونکە ھەرئەوان زامنی سەرکەوتن و مانەوەیانن و پشتقەنا ڕاستەقینەکە و کوڕانی ڕۆژانی تەنگانەن.
ھەقە حیزبە سیاسیەکان بەچاوێکی ویژدانانە و ھەقخوازانەوە ھەلی کار بۆ ھەموان وەکیەک و بەیەکسانی و داپەروەری بڕەخسێنن و توانا گەنج و نوێکان بێننە پێشەوە وخۆیان بەدوور بگرن لە ئەبوسوفیانەکانی ئێستا و ئایندەش. چونکە ئەو جۆرە لەکەسایەتیەکان لەھەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا بوون و کاریگەریان بەخراپە دەبێت لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ناوەندی بریارە سیایەکان، چونکە ھەمیشە لەھەوڵی دەسکەوتی کەسیدان نەک نەتەوەو نیشتیمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت