دکتۆر کامه‌ران محه‌مه‌د: گرنگیی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزووتنەوە کۆمەڵگەییەکان لە ڕوانگەی شیکاری مێژووییەوە:
توێژینەوە مێژووییەکان دیدێکی ورد دەربارەی ڕەفتاری مرۆڤ و جوڵەی کۆمەڵگەکان پێشکەش دەکەن. مێژوونووسان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ڕووداو و کارلێکەکانی ڕابردووەوە تێڕوانینێکی بەهادار دەربارەی ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکان بەدەست دەهێنن. بۆیە لێرەدا ڕاگوزرییانە ڕۆڵی شیکاریی مێژوویی لە تێگەیشتن سەبارەت بە ڕەفتاری کۆمەڵگەیی و کاریگەرییەکانی لەسەر داڕشتنی یاسا و تیۆرییەکان ئاشکرا دەکەین.

1. هەڵسەنگاندنی ململانێ و ئاشتی.
شیکاری مێژوویی هەلی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت، کە هۆکار و سروشت و جوڵە و دەرئەنجامەکانی ململانێکان هەڵبسەنگێنین، تەنانەت لە قۆناغەکانی ئاشتیشدا. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە جەنگی جیهانی یەکەم دیدێکی وردمان سەبارەت بەو ڕکابەرییە جیۆپۆلیتیکی و هاوپەیمانی و ستراتیژییە سەربازییانەی کە بوونە هۆی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە پێدەبەشێت. لێرەوە بە تێگەیشتن لە ململانێکانی ڕابردوو، داڕێژەرانی سیاسەت دەتوانن ستراتیژێتی بۆ ڕێگریکردن لە دوژمنایەتییەکانی داهاتوو و بەرەوپێشبردنی ئاشتی دابڕێژن.
دواتر لێکۆڵینەوە دەربارەی جەنگی سارد تێڕوانینێک بۆ (ململانێ ئایدیۆلۆژییەکان)، (پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی) و (دیپلۆماسی زلهێزەکان) پێشکەش دەکات. واتە تێگەیشتن لە هاوسەنگیی وردی هێز و ئەو ستراتیژانەی کە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بەکارهێنراون، یارمەتیدەرن لە داڕشتنی سیاسەتێک، کە بتوانێت ڕێگری لە گرژییە هاوشێوەکانی لە ئەمڕۆدا بکات. بە تایبەت (قەیرانی مووشەکەکانی کوبا) چەندەها وانەی بەهادار لە بەڕێوەبردنی قەیران و دانوستاندەکانمان فێر دەکات.
هاوکات لێکهەڵوەشانی یوگۆسلاڤیا و ململانێکانی دواتر لە ساڵانی نەوەدەکاندا، تیشک دەخەنە سەر (مەترسییەکانی نەژاد پەرستی) و (دەمارگیریی ئاینیی) و (ئاڵۆزییەکانی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی). لێکۆڵینەوە لەم ململانێ و جەنگانە (وانە)ی گرنگ لە سەر پێویستی هەوڵی دیپلۆماسی و ئەرکی ئاشتیپارێزیی و ئاوەدانکردنەوەی دوای ململانێ بۆ پاراستنی ئاشتی و ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ململانێی دەمارگیرییانەی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا دەڕەخسێنێت.

2. گەنجینەی زانیارییەکان بۆ یاسادانان و تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان.
مێژوو وەک گەنجینەیەکی زانیارییەکان وایە، کە ڕێنموونی داڕشتنی یاساکان و پەرەپێدانی تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. بۆ نموونە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا بە خەبات و هەوڵەکانی بۆ یەکسانی نەژادیی و دادپەروەری، کاریگەریی لەسەر چاکسازییەکانی یاسادانان هەبووە و تێڕوانینەکانی کۆمەڵگەی بۆ یەکسانی بەپێی یاسا پێکهێنا. بە هەمان شێوە توێژینەوە مێژووییەکان ڕۆڵی پاشەکشە و داکشانە ئابوورییەکانیان لە داڕشتنی تیۆر و سیاسەتەکانی ئابووری و بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانە داراییەکان ئاشکراکرد.
دواتر ئەو گۆڕانە کشتوکاڵییەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بە (شۆڕشی سەوز) ناسرا، بەرهەمهێنانی خۆراکی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد کرد، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی پۆل و جۆرەکانی بەرهەمی بەرهەمدار و تەکنیکە پێشکەوتووە کشتوکاڵییەکانەوە ڕویدا. جا لێکۆڵینەوە لەم ماوە مێژووییە کاریگەرییەکانی داهێنانی تەکنەلۆژی لەسەر کۆمەڵگە و ئابووری ئاشکرا دەکات، هەموو ئەوانەش دەربارەی سیاسەتەکانی ئێستا لەبارەی ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵی بەردەوام و گەشەپێدانی گوندەکان بەرچاوڕوونیمان پێدەبەشێت.
بەمشێوەیە، توێژینەوەی مێژوویی تێڕوانینێکی بەهادار دەربارەی ڕەفتاری مرۆڤ و جوڵە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات. مێژوونووسان بە شیکردنەوەی ڕووداو و کارلێکەکانی ڕابردوو، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکان بەدەست دەهێنن، لەوانەش شێوازەکانی ململانێ، هاوکاری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. ئەم زانینە وەک بناغەیەک بۆ داڕشتنی یاسا و تیۆرییەکان وایە، کە چارەسەری ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان دەکات و ئاڕاستەی کۆمەڵگەکان دیاریدەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین لە ڕێگەی شیکاری مێژووییەوە، بە ئاڵۆزییەکانی ڕەفتاری مرۆییدا گوزەر دەکەین و هەوڵدەدەین جیهانێکی دادپەروەرتر و ئاشتیخوازتر و یەکسانتر دروست بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت