ڕێبوار عابد محەمەد: سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی – بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شێوازە كاریگەرەكانی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی
بۆ سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی كاریگەر چەند شێوازێك هەیە گرنگترینیان:
1- پەیوەندی باش/ سەرپەرشتیار دەبێت پەیوەندی كاریگەرانە لەگەڵ مامۆستاو قوتابی و دایباباندا بكات. سەرپەرشتیار پێویستە ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارو پێداویستیەكانی مامۆستاو خویندكارەكانیان و دایبابانیان.
2- چاودێری هەڵسەنگاندن/ سەرپەرشتیار دەبێت چاودێری وانەكانی مامۆستا بكات، هەڵسەنگاندن بۆ ئەدایان بكات، فیدباك و ئامۆژگاری پێشكەش بكات بۆ باشتر كردن. ئەم پرۆسەیە پێویستە بنیاتنەر بێت و ئاڕاستەی گەییشتن بە ئامانجەكانی فێربوون بێت. ئەمەش بە سەردانی مەیدانی سەرپەرشتیاران دەبێت وەك ئەركی پسپۆڕی.
3- پەرەپێدانی تواناكانی مامۆستایان/ سەرپەرشتیار دەبێت پشتگیری و رێنمایی پێشكەش بە مامۆستایان بكات، لە پەرەپێدانی تواناكانی وانە وتنەوەو بیداگۆجییان.
شێوازە جیاوازەكانی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی:
A- سەرپەرشتیكردنی راستەو خۆ/ سەرپەرشتیار لەم شێوازەدا ڕاستەو خۆ سەرپەرشتی مامۆستا دەكات لە پۆلداو رێنمایی پێشكەش دەكات.
B- سەرپەرشتیكردنی ناڕاستەو خۆ/ سەرپەرشتیار ناراستەو خۆ لە ریگەی پلانی وانەو كەرەستەی پەروەردەیی و سەرچاوەی تر مامۆستا ئاڕاستەدەكات.
C- سەرپەرشتیكردنی گروپ/ سەرپەرشتیار لە رێگەی گروپەوە كار لەگەڵ كۆمەڵێك سەرپەرشتیاری تر دەكات بۆ گفتو گۆكردن لەسەر ستراتیژیەكانی وانە وتنەوەو ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پێشكەشكردنی پاڵپشتیی.
D- سەرپەرشتیكردن لە دورەوە/ سەرپەرشتیار لە دورەوە پەیوەندی لەگەڵ سەرپەرشتیارانی تر دەكات لە رێگەی ئیمەیڵ و پەیوەندی تەلەفۆنی، یان وێبینارەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا مۆدێڵێكی نوێ هاتە كایەوە لە سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی و لە چوارچیوەی پرۆژەی یونیاتنانی تواكان، ئەویش بوونی سەرپەرشتیار بە هاوڕێی ڕەخنەگر لە قوتابخانەكاندا.

كێ هاوڕێیە؟
ئەم شێوازە لە بەریتانیا سەرچاوەی گرتووە و لویس ستۆڵ بەشداری كردووە لە پەرەپێدانی لەكاتی پشتگیری كردنی داهێنانە پەروەردەییەكان و بە دواداچوونی پرۆژەی پێشەنگ. ئەوەی مەبەست لە هاوڕێی رەخنەگرە هاوڕێی چاودێرو پشكنەر نیە. هاوڕێی ئاماژەو هاوڕێیەتی هاوكارە. ئەو هاوڕێی سەرچاوەیە كە هەوڵدەدات یارمەتی ئەو كەسە بدات كە پاڵپشتی دەكات. ئەو حوكمەكان لەسەر ئەدای كاركردن دەرناكات، بەڵكو هەوڵدەدات لە دۆخەكە تێبگات و تێبیینیەكانی خۆی بخاتە ڕوو، لەسەر بنەمای ئەو تێبینیانە دەتوانرێت ئەو بابەتانەی ورووژێنراون تاوو توێ بكرێن. جێگرەوەكان دەتوانن پێشكەش بكرێن. دەسكەوتەكانیش بەرەو پێش ببرێن. ئەوەی كاریگەریی ئەم مۆدێلە زیاد دەكات ئەوەیە كەرێكارەكانی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام دەدرێن و هاوڕێی رەخنەگر جێبەجێكاری پرۆژەكە و مامۆستا، یان تیمی كار بەشداری تێدا دەكەن. هاوڕێی رەخنەگر بەكەسێك پێناسە دەكرێت كەمتمانەی پێبكرێت، پرسیاری سەرنج راكێش دەكات، زانیاری و داتا دەدات بۆ ئەوەی بە چاو بینینیەكانی دیكە پشكنینیان بۆ بكرێت،كاتی پێویست دابین دەكات بۆ تێگەییشتن لەو دەرەنجامانەی كە كەسێك، یان كۆمەلە كەسێك هەوڵی بە دەست هێنانی دەدەن ئەو هاندەرێكیشە بۆ سەركەوتنی ئەم كارە. یان بریتییە لە كەسێك كە بتوانێت هاوكارمان بێت لەكاری پەروەردەیی و لە بڕیاردانی پەروەردەیی. یارمەتیدەرە بۆ پەیوەست كردنی داتاكان بە لێكدانەوەكانمان بۆ بڕیاردانی ئەو بڕیارانەو بینینی زانیاری گرنگ بە لایەنە جیاوازەكانیەوە، هەروەها وریاو وریایە لە رەچاو كردنی هەموو لایەنەكانی چوار چێوەی بابەتەكە پێش ئەوەی فیدباك لەسەری بدات. هەرچەندە ئەركی سەرەكی ئەو پشتگیریكردنە، بەڵام درێغی ناكات لە بابەت گەلێك كە یارمەتیمان دەدە ن توانای زیاترمان هەبێت لە مامەڵە كردن لەگەڵ پێشهاتەكان.

چۆن ببیت بە هاوڕێیەكی ڕەخنەگر؟
لەسەر بنەمای ئەوانەی سەرەوە دەتوانرێت ئەم پێشنیارانەی خوارەوە بكرێت بۆ ئەوەی هاوڕێیەك بین:
1- پێشنیار كردن/ هاوڕێیەكی رەخنەگربە و بەبێ مۆڵەت ئەم كارە مەكە متمانە زۆر گرنگە، ئەگەر بتەوێت كاریگەرییەك بە جێ بهێڵیت. لەبیرت نەچێت كەوشەی سەرەكی (هاوڕێیە) چونكە ئاسانترە رەخنە لە هاوڕێكەت وەربگریت.
2-گوێ بگرەو زیاتر قسە كەمتر بكە، لە بیرت بێت زۆربەی خەڵك ئامادە نین بۆ ئەوەی زۆر گوێت لێبگرن، ئەگەر نا هەست بكە گوێت لەوان گرتووە بە تەواوی.
3- ئەو لایەنانە پیشان بدە كە تەنانەت بونیان نیە، وەك هاوڕێەكی رەخنەگری ئەرێنی بەهاكانت زیاد دەكات، هەروەها لە رێگەی توانایی خۆتەوە بە بەڵگەوە حوكم لەسەر پرسەكان بدە.
4- لە دەرەنجامەكان تێبگە، هەمان بڕگە نیشان بدە كە باسی لێوە دەكرێت و بەڕێزەوە وەڵامی كەسانی تر بدەرەوە بە یەكپارچەیی، نەوەك بڕگە بڕگە.
5- وەك هاوڕێیەكی رەخنەگر خۆت بەدووربگرە لەمەی خوارەوە: رەخنەگرێكی نەرێنی بوون. ناڕوونی لە وەڵامەكاندا بۆ مامۆستایان بەندە بە ئاڕاستەكردنی وشەو بڕگەكانت.
هاوڕێی رەخنەگر چۆن كاردەكات؟
پرۆسەی سەرپەرشتیكردن بریتیە لە بەكارهێنانی ئەم مۆدێلە، ئەم رێكارانەی خوارەوە پەیڕەو بكە:
A- رۆڵی سەرپەرشتیار روون بكەرەوە، چون پەروەردەكاران و مامۆستایان داوای فیدباك دەكەن وەك هاوڕێیەك خۆت ئامادەبكە بۆ ئەو مەبەستە.
B-كە چاوپێكەوتن لەگەڵ مامۆستا دەكەیت، دوای لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەی دەرەنجامەكان هەردوو لا بگەنە رێككەوتن،كەلێن بە جێ مەهێلە.
C- دەربارەی پرسی نوێ پرسیاربكەو چاودێری بارو دۆخەكە بكە بۆ خۆ ئامادە كردن بۆ گفتوگۆی ئەرێنیانە.
D- رەخنە لە پێگەی پەروەردەیی بە شێوازی ئەرێنی پەیڕەو بكە و یارمەتیدەری مامۆستا بەو پاڵپشتیكاری بە.
E- هەردوولا ئەو گریمانانەی كە خراونەتەڕوو لەبەرچاو بگرن و كامیان گونجاون بۆ گەییشتن بە ئامانجەكانی دۆخی پەروەردە ئەوە پەسەندبكەن.
لە تەنیشت پەیڕەو كردنی ئەم مۆدێلە نوێیەدا، دەكرێت هەم هاوڕێی رەخنەگربیت، هەم وەك پسپۆڕیش رۆل ببینیت لە ناو نێوەندەكانی خوێندندا، چون وەك دوانەیەكی لێك دانەبڕاون. سەرپەرشتیاری پەروەدەیی بەئاگا دەبێت لە كۆی پرس و كیشەكان ئەو قوتابخانانەی كە لە ئەستۆیان دەگرێ و دەتوانرێت سەردانەكانیش لە چوار چێوەی یاساو رێنماییەكاندا جێبكاتەوە. سەرپەرشتیار بە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەو فلتەردا تێدەپەڕێت تا ئەو پۆستەی شاییستە دەكرێت. هەر مامۆستایە دەبێت بە سەرپەرشتیار بۆ ماوەی چەند ساڵێك وەك پسپۆڕی لە ناوەندەكانی خوێندن وانەی گوتۆتەوە.
بۆیە كاری سەرپەرشتیاری كۆڵەكەیەكی سەرەكی پرۆسەی پەروەردەیەو بێ ئەو پرسە پەروەردەییەكان كەلێندار دەبن و وەك خۆیان ئامانجەكان ناپێكن. سەرپەرشتیار یارمەتیدەرە لە دەست نیشانكردنی كێشەو هەڵەكان و كاركردن بۆ چارەسەركردنیان، هەروەها كاردەكات بۆ پەرەپێدانی ئاستی ئەدای كاركردن لە ناو قوتابخانەداو ئەو مامۆستایەی كە خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی وانە وتنەوە پێویستی بە كەسێكە بۆ ئاڕاستەكردن و رێنمایی كردن و سەرپەرشتیكردنی تاوەكو شارەزا دەبێت لە شێوازەكانی وانە وتنەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ خوێندكارو قوتابیان. وەك سەرپەرشتیاری پەروەردەیی رۆڵێكی بنەڕەتی و ژیاری هەیە لە رێنماییكردن و یارمەتیدانی ئەندامانی كۆمەڵگەی قوتابخانەو بۆ تێپەڕاندنی ئەو كێشانەی كە ڕووبە ڕوویان دەبێتەوە.
هەر سەرپەرشتیارانی پەروەردەیین دەبنە پردی پەیوەندی نێوان بەڕیوەبەرایەتیەكانی پەروەردەكان و قوتابخانەو گەیاندنی ئاڕاستەو رێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەت، چونكە سەرپەرشتیاران چاوی پەروەردەن.
تەوەرێكی دیكەی رۆڵی سەرپەرشتیاران لە بەرنامەی بونیاتنانی تواناكان بۆ قوتابخانەكان بە گشت قۆناغەكانیانەوە هەر لە باخچەی منداڵان تا قۆناغی ئامادەیی.

بونیاتنانی تواناكان
بەم شێوە پێناسە دەكرێت: پرۆسەی پەرەپێدان و بەهێزكردنی ئەو كارامەیی و بەهرەو تواناو رێكارو سەرچاوانەی كە رێكخراوەكان و كۆمەڵگەكان پیویستیان پێیەتی بۆ مانەوەو گونجاندن و گەشەكردن لە جیهانێكی خێرادا كە لە گۆڕاندایەو بە تێپەڕ بوونی كات لە ناوخۆدا بەردەوام دەبێت لەرێگەی ئەم جۆرە گۆڕانكارییەوە كە لە ئەنجامدانی ئەركەكان تێدەپەڕێت بۆ گۆڕینی ئەقڵیەت و رەفتار.
لەسەر ئاستی دامەزراوەیی بونیاتنانی توانا، توانی رێكخراوێك بۆ گەییشتن بە ئەركەكەی پەرەپێدەدات، لە رێگەی تێكەڵەیەك لە بەڕێوەبردنی دروست و حوكمڕانی بەهێزو خۆ بەخشی بۆ هەڵسەنگاندن و بەدەست هێنانی ئەنجامەكان. هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ژێرخانی رێكخراوەیی. وە سوودەكانیشی بەهەمان شێوە كەمكردنەوەی زۆر پشت بەستن بە پسپۆڕانی دەرەكی وەك سەرچاوەی زانیاری. زاراوەی راهێنان و بونیاتنانی توانا هەندێك جار تێكەڵ دەكرێن، یان بە شێوەیەكی گۆڕاو بەكار دەهێنرێن. راهینان تەنها یەكێكە لە توخمەكانی پەرەپێدانی تواناو بەزۆری گرنگی بە دابینكردنی كارامەیی دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. پەرەپێدانی توانا كۆمەڵەیەكی تەواو لە چالاكیەكانە بۆ بەهێزكردنی تاك و دامەزراوەكان داڕێژراون. لەوانەش شیكاری زەمینەی سیاسەت بونیاتنانی هۆشیاری و دەستكاری كردنی دامەزراوەیی و… هتد.

سەبارەت بەئاستەكانی بونیاتنانی توانا، بەم شێوەیە دابەش دەكرێن:
1- ئاستی تاك/ ئاماژەیە بۆ پرۆسەی گۆڕینی هەڵویست و رەفتارەكان،گواستنەوەی زانیاری و پەرەپێدانی كارامەیی، لە هەمان كاتدا باشتركردنی سوودەكانی بەشداریكردن و هاوبەشكردنی زانیاری و خاوەندارێتی.
2- ئاستی دامەزراوەیی/ گرنگی بەئەدای گشتی رێكخراوو تواناكانی ئەدای كاركردن دەدات، هەروەها توانای رێكخراوەكە بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاریەكان.
3- ئاستی سیستماتیكی/ جەخت لەسەر چوارچێوەی سیاسەتی گشتی دەكاتەوە كەتاك و رێكخراوەكان لەچوار چێوەیدا كاردەكەن و كارلێك لەگەڵ ژینگەی دەرەكیدا دەكەن.
پەرە پێدانی تواناكانی سەركردایەتی دەكەویتە ناو روانگەی بونیاتنانی تواناكانەوە، كە توانای بیركردنەوەو پاشان مامەڵە كردنە بەشێوەیەكی كاریگەر تر لەكاتی ناجێگیری و نا دڵنیایی و گۆڕانكاری خێرادا. ئەو سەركردە كاریگەرانەی كە خاوەنی توانای سەركردایەتین بەشدارن لە بەرز كردنەوەی بەرهەمهێنان و دڵسۆزی كارمەندان بۆ دەزگا، یان رێكخراوەكە. پشتگیری لە ژینگەیەكی كاركردنی ئەرێنی دەكەن و بەشداری دەكەن لە زاڵبوون بەسەر ئاستەكان بە هاوكاری لەگەڵ تیمی كار. (جۆن ماكسوێڵ ) پسپۆڕی جیهانی لە بواری سەركردایەتیدا دەڵێت؛ گەورەترین رێگا بۆ كاریگەری لەسەر هەر رێكخراویك،گرنگیدان بە پەرەپێدانی سەركردایەتیە. بەو پێیەی هیچ سنوورێك بۆ تواناكانی ئەو رێكخراوە نیە كە كەسانی باش رادەكێشێت و وەك سەركردە پەروەردەیان دەكات و بەردەوام پەرەیان پێدەدات.
بە وتەی دەرونناسێكی ئەمەریكی كارۆڵ ئێس نووسەری كتێبی (Mindset Scientists) لەم دواییانەدا بۆیان دەركەوتووە كە مرۆڤەكان توانای فێربوون و گەشەكردنی مێشكیان زیاترە لەوەی بیریان لێدەكردەوە لە پێشوودا.
بەرنامەی بونیاتنانی تواناكان بە(بەرنامەی قوتابخانەكانی یەكێتی ئەوروپا) ناو دەبرێت كەبودجەی 14.7 ملیۆن یۆرۆیە،كەلەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەهاوبەشی دابینكراوە، پرۆگرامی بونیاتنانی تواناكان لە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەلایەن ئەنجومەنی بەریتانیا جێبەجیدەكرێت و لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش چەند ساڵیكە پەیرەو دەكرێت. ئامانجی بەرنامەكە بەرزكردنەوەی كوالێتی سیستەمی پەروەردەیە لە عێراق و ئاسانكاری بۆ دەستڕاگەییشتن پێی. توانای دامەزراوەیی بۆ بەڕیوەبردنی پەروەردە لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوخۆیی بەهیز دەكات. هەروەها لەسەر كارەكانی پێشوو بونیات دەنرێت كە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە نێوان ساڵانی 2011بۆ 2014 بە ناوی (باشتر كردنی كوالێتی پەروەردە) ئەنجام دراون. پرۆگرامەکە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆگرامی گەشەپێدانی نیشتمانی عێراق (2013-2017) و ستراتیژی پەروەردەی نیشتمانی (2012). هەروەها تیشك دەخاتە سەر ئامانجەكانی گەشە پێدانی بەردەوامی مافەكانی مرۆڤ.
لەكۆی ئەم باس و خواستانەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی توێژو بەشێكی هەرە گرنگی پرۆسەی پەروەردەیین و هەر جۆرە پەراوێز خستنێكی راستەو خۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەبێتە مایەی لاوازی پرۆسەكەو لە چەندین بوارەوە ناوەندەكانی خوێندن كەلێنیان تێدەكەوێت. چونكە لە هەموو دونیا ئەم چەمكە پەیڕەو دەكرێت، ماف و ئیمتیازەكانیشیان لە ئاستی زۆر باڵادایە. ناكرێت ناوەندەكانی خوێندن بێ سەرپەرشتیار وەك پێویست بەرەو پێشچوون بە خۆیەوە ببینێت .
لەکۆتاییشدا پرسی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی لە میانەی کۆنفرانسی یەکەمی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی کەلە ڕێکەوتی 8- 6- 2024 لەهەولێری پایتەخت ئەنجامدرا. تیایدا بە وردی باس لەچۆنیەتی ئەرک و کارەکان کراو ڕەشنوسێکی تێرو تەسەل ئامادەکرابوو بۆ گفتوگۆو ڕاپرسی لەسەر تەوەرەکانی.
چەمکی هاوڕێی ڕەخنەگر لەڕێگەی دەنگدانی نهێنییەوە بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووان گۆڕدرا بەسەرپەرشتیاری پەروەردەیی. هەروەها هەندێک ئەرکی دیکە زیاد کرا بۆ کارەکان. بەهیواین بۆ ساڵی ئایندەو ساڵانی دواتر زیاتر ڕۆڵ و کاریگەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەهەند وەربگیرێ و سەرپەرشتیارانیش لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیانەدا سەرمەشق بن.

سەرچاوەكان:
سەرپەرشتی پەروەردەیی: یوسف یعقوب.
رەوتی مۆدێرن لە سەرپەرشتیكردنی پەروەردەییدا:سلامە حسین. سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی:تیمێك لە پسپۆڕانی پەروەردەیی بە سەرپەرشتی:د. نورا احمد الغانم…
سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی: محمد عثمان الهلو …
پرۆژەی بونياتنانی تواناكان لە عێراق: وەزارەتی پەروەردە.
یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ هەولێر..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت